“هەڤپەیڤینی فۆتۆگەرافیک”
ئەم پرۆژەیە چۆن سەریگرت؛ سەردەمانێک مووی سمێڵ لە هەر بەڵگەیەک پتەوتر بوو. باربارۆسا[1] خۆ دەناسن؟ ڕەنگە تەنها مێژووزانەکان لەبارەی سەرکەوتنەکانی ئەم کەسە زانیارییان هەبێت، بەڵام ڕیشە سوورەکەی تەقریبەن بۆ هەمووان شتێکی ناسراوە. وا دێتە بەرچاو کە لەگەڵ مردنی کایزێر ڤیلهێلم[2]، هیتلێر[3]، ستالین[4]، و چارلی چاپلین[5] سەردەمی سمێڵە ناودارەکان کۆتایی پێ هات و سەردەمی دەموچاوە ساف و لووسەکان دەستی پێکرد. بەڵام لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا کاتێک بینیم سمێڵی سالڤادۆر دالی پەیوەستە بە برۆکانییەوە، تێگەیشتم لەم نەهاتە ساڵەی سمێڵدا، دالی بۆشایی سمێڵی پڕ کردۆتەوە. ئەم نیگارکێشە مەزنە، ناودارترین سمێڵداری سەردەمی ئێمەیە. وەکوو وێنەگرێک بە ئاگاداربوون لەم بابەتە دەستبەجێ قۆڵم لێ هەڵماڵی و ئاتێلێرییەکەم تەیار کرد و لە دانیشتنێکی سێ کاتژمێریدا لە یاری و کارامەیی سمێڵی دالی کە وەکوو کرم دەیتوانی بە هەر لایەکەوە بئاڵێت و وەرسووڕێت وێنەم گرت. خۆی لەبارەی سمێڵییەوە دەیوت: “گەشتیارانێکی ئەمەریکیی زۆر لە هاویناندا دێنە سپانیا و لەگەڵم دادەنیشن. ئێوە وا دەزانن ئەوان بۆ دیتنی نیگارەکانی من دێن؟ بە هیچ شێوەیەک! ئەوان تەنها بۆ بینینی سمێڵم دێن. خەڵکی ئاسایی تاسووقێکیان بۆ بینینی بەرهەمە گرنگەکانی بواری نیگارکێشان نییە. ئەوان بەدوای سمێڵی سەرنجڕاکێش دان.”
چەند ڕۆژ دواتر ڕۆشتم بۆ بینینی دیک سیمۆنی خاوەنی بڵاوگەی سیمۆن-شووتێر تاکوو لەبارەی کتێبە تازە بڵاوکراوەکەمەوە کە چیرۆکێکی خەیاڵی بەناوی “پیکۆلی” بوو قسە بکەم. چاوی بە پریاسکەکەی بن هەنگڵم کەوت و پرسی:-
-ئەمە چییە؟
وتم: لەگەڵ سەرنووسەری گۆڤاری لایف مەوعیدم هەیە. دەمەوێت کۆمەڵێک وێنەی پیشان بدەم بحەپەسێنێت.
چاوێکی لە وێنەکان کرد، پێکەنی و لەسەر ناوی دالی کە لەسەر پریاسکەکە بە شێوەیەکی زۆر نەشیاو نووسرابوو، وەستاو و پرسی: بۆچی وەکوو کتێب بڵاویان ناکەیتەوە؟ وەکوو پێشنیارێکی گاڵتەجاڕانە هاتە بەرچاوم بەڵام ختووکەی دام و دواتر بڕیارم دا سەرەتا کتێبی پیاوە فەرەنسییەکە[6] لەگەڵ وێنەکانی فێرناندێل بڵاو بکەمەوە. ئەم بڕیارەم جێبەجێ کرد و کتێبەکە فرۆشێکی باشیشی هەبوو، بەشێوەیەک کە هێشتا لە داهاتی دەخۆمەوە. بەم شێوەیە گەیشتم بە یەکێک لە خەونە بەرزەفڕەکانم واتە ئامادەکردنی ئەم کتێبە بەڕواڵەت نامەعقولە و بە دیکم وت: -ئەم بیرۆکەیە لەسەر دالیش جێبەجێ دەکەم. پاش ئەم بڕیارە بە پارێزەوە لەگەڵ مەزنترین نیگارکێشی سورڕیالیستی جیهان کەوتمە گفت و گۆوە و لە دانیشتنێکدا پێیم وت: تا ئێستە کتێبانێکی زۆر لەبارەی ئێوە و نیگارکێشانی دیکەوە نووسراوە بەڵام هیچ کتێبێک نییە کە تەنها پەرژابێتە سەر بەشێک لە بوونی ئێوە. بۆ نموونە لەبارەی لووتی ڕافائێل یان پێیەکانی پیکاسۆ. من لەگەڵ ڕێزم بۆ هونەرەکەتان دەمەوێت کتێبێک نەک لەبارەی هەموو بوونی ئێوە بەڵکوو لەبارەی بەشێک لە ئێوە واتە سمێڵتان ئامادە بکەم و زیادیشم کرد: ئەمە بیروڕای تاکەکەسیی منە و بەدووری دەزانم کە کەسێک ئاوەها کتێبێک بکڕێت. هەڵسوکەوتی ڕیزدارانەی من لەسەر دالی کاریگەریی دانا و وەڵامی دایەوە: کەس نازانێت سمێڵی من چەندە توانایی و پوتانشێلی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. هەر دوێنێ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بۆ پەخشی دە خولەکە فیلم لە سمێڵم پانسەد دۆلاری پێشنیاز کرد.
“بەرکوڵی دالی”
کاتێک سێ ساڵان بووم دەمویست ببم بە چێشتلێنەر. کە بووم بە شەش ساڵ بڕیارم دا ببم بە ناپلیۆن. لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا چڵێسییەکانی من هیچ بەروبومێکیان بۆ من نەبووە و تەنها گەورەتر بووم. لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵاندا، کاتێک بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین چالاکیی گرووپی خۆم لە ئەمریکا پێم نایە خاکی ئەو وڵاتەوە، وێنەیەکم لە حاڵێکدا کە کورتترین سمێڵی دنیام هەبوو لەسەر ڕووبەرگی گۆڤاری تایم چاپ کرا بوو. لەو سەردەمە تاکوو ئێستا دنیا بە شێوەیەکی سەیر بچووکتر بووەتەوە لە حاڵێكدا سمێڵی من وەکوو هێزی خەیاڵم گەورەتر بووە! چونکە ئەهلی دووکەڵ و جگەرە نەبووم سمێڵم دانا! سمێڵ بۆ تەندروستی سوودمەنترە لە جگەرە! هەر بۆیە هەمیشە قوتویەک جگەرەی بە موورونەخشێنراوی ئادۆلف مێنجوو (Adolphe Menjoue)م لەگەڵدا بوو کە تێیدا لەباتی جگەرە تاڵەکانی سمێڵم دانابوو و بە ڕێزەوە پیشانی هاوڕێکانم دەدا. کەس نەیدوێرا توخنی تاڵەکانی سمێڵم کەوێ و دەستیان لێ بدات، تەنها دەیانوت: سمێڵ؟…سمێڵ؟…سمێڵ؟
کتێبی پیرۆز بۆ شۆڕبوونی مووی مرۆڤ حورمەتێکی زۆری داناوە. دەلیلە[7] وەکوو من باوەڕی بە هەبوونی هێز لە قژی درێژدا هەبوو.لاپورتێ؛ داهێنەری دەزگای جادووی سرووشت لە سەدەی حەڤدەیەم، سمێڵ و برۆی وەکوو وەرگرێکی هەستیار لە وەرگرتنی شەپۆلە ئیلهامبەخشەکانی داهێناندا دەبینی کە وەکوو وەرگرەکانی مێرووەکان بەڵام بە شێوەیەکی بێگەردتر و پاڵاوتەتر ئیش دەکەن. برۆ ئەفسووناوییەکانی ئەفلاتوون و هەروەها لیۆناردۆ داڤینچی کە برۆکانی هێندە شۆڕ بوون پێشی بە چاوانی گرتبوو شایەتن لەسەر مەزنی و شکۆی موو و تووکەکانی دەموچاو. بەڵام لە سەدەی بیستەم هەستئامێزترین و سۆزاویترین دیاردەی تووکاویی مێژوو سەری هەڵدا. سمێڵی سالڤادۆر دالی! لەم هەڤپەیڤینەدا زۆرێک لە کارکردە سەیروسەمەرە و ئیلهامبەخشەکانی ئەم سمێڵە پیشان دراوە. بەڵام من هەر ڕٶژ کارکردی نوێی بۆ دەدۆزمەوە. بۆ نموونە ڕێک ئەم بەیانییە لە کاتی ڕیشتاشین تێگەیشتم سەری سمێڵم وەکوو پەڕەمووچ بەکار بهێنم. پەڕەمووچێکی ناسک و نارین کە لە ڕێگەیەوە دەتوانم تووکە تەنکەکانی زەردەواڵەیەک بکێشمەوە.
لە حاڵێکدا کە من خەریکم نیگاری زەردەواڵە دەکێشم؛ وەکوو فەیلەسووفێک، هەموو کونجکۆڵییەکانی سەردەمی ژیانم بە شێوەیەکی ڕانەگیراو لە سمێڵمدا کۆ بووەتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک کەسێک قووڵایی ئەم ڕاستییە سەیرە وەکوو ئەم سمێڵە ئەفسانەییە بدۆزێتەوە کە سالڤادۆر دالی نیگارکێشیش بوو.
“هەڤپەیڤین”
-بوار دەدەن هەندێ پرسیارتان لێ بکەم؟
-بەڵێ بەڵام هەوڵ مەدەن ڕازەکەم جاڕ بدەن.
-بۆچی سمێڵت داناوە؟
-بۆ ئەوەی خودی ڕاستەقینەم نەبینرێت.
-وەکوو هەمیشە لە مەبەستتان تێناگەم.
-سمێڵەکانی من وەکوو دوو پاسەوانی قیت پاسەوانی لە دەروازەی بوونی ڕاستەقینەی من دەکەن.
-دوو پاسەوان بەسن؟
-تکایە سمێڵ کەم و زیاد مەکەن.
-وادیارە پاسەوانەکانتان هەمیشە لە دۆخێکی بەرگریدان؟
– نا، زیاتر لە دۆخی هێرشبەرانەدان.
-ئەم سمێڵە کێشەتان بۆ دروست ناکات، بەتایبەتی لە کاتی سەفەردا.
-نا، بابەتەکە ئاڵۆزترە لەوە.
– بۆچی تاکوو ئێستە دەروونشیکاریی نەکراون؟
-چونکە هیچ دەروونشیکارێک ناتوانێت من چاک کاتەوە.
-لەم بارەیەوە چەند جار هەوڵتان داوە؟
-کەسێکی جێنتێلمان هیچ کات لەگەڵ کەسایەتییە گرینگەکاندا ناکەوێتە مشت و مڕ.
-بۆچی نیگار دەکێشن؟
-چونکە شەیدای هونەرم.
-کاروکەسابەت لە هونەردا چۆنە؟
(بێدەنگی…!)
-ئەم وردەکارییە سەیر و سەمەرانە لە کارەکانتان چۆن دەقۆزنەوە؟
-سرووشت ئامرازی شیاو دەخاتە بەردەستم.
-وا بیر دەکەنەوە کە شێوازێکی نوێتان داهێناوە؟
-نەخێر، من بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندام.
-دزێوی یانی چی؟
-نەبوونی هاوسەنگی
-ئەی جوانی؟
-ڕێک و پێکی.
-سورریالیزم چییە؟
-سورڕیالیزم واتە من.
– هەمیشە ئاوەها لووتبەرزانە خۆتان دەبینن؟
-ئۆه…من لەگەڵ خۆم لە زۆرانبازی دام.
-با لە نێوان خۆماندا بێت، ئایا ئێوە مرۆڤێکی خۆنوێن و کۆمەڵایەتین؟
-بەهیچ شێوەیەک، من لە بنەمادا مرۆڤێکی دەروونخوازم.
ڕازی سەرکەوتنی ئێوە چییە؟
-دابینکردنی هەنگوینی باش بۆ مێشە ڕاستەقینەکان لە کات و شوێنی شیاودا.
-ئایا هونەرمەندێکی سەرکەوتووی وەکوو ئێوە بەدوای ستایش و پێداهەڵگۆتنی زۆرترە؟
-من ماسیگرێکم کە هەمیشە سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ڕاو دەکەم.
-لەبارەی ڕۆژی دایک ڕاتان چییە؟
(بێدەنگی…!)
-لە ناخی ئێوەشدا وەکوو هەموو سپانییەکان گایەکی تووڕە خۆی حەشار داوە. چ شتێک لە ناخی ئیوە دایە کە دەتانەوێت هەڵیڕێژنە دەرەوە؟
-تەنها یەک شت. پەنێری سویسی.
-حەزتان لە چ عەترێکە؟
-عەتری دالی.
-سەبارەت بە گەشەسەندنی کۆمۆنیزم لە سەد ساڵی ڕابردوودا بیروڕاتان چییە.
-لە ڕووی ڕیش و سمێڵەوە بەرەو نوشوستی ڕۆشتووە!
-وادیارە سمێڵتان پتەو و قاییمە. لە هەمبەر شەپۆلی بیروڕای خەڵکدا چۆن بەرگری لە خۆی دەکات؟
-دەچەمێتەوە.
-چ شتێک ئێوە تووڕە دەکات؟
-تەنها میلەکانی کاتژمێر.
-لە تابلۆی مۆنالیزادا چ دەبینن؟
-پێوەر و پێوانەیەک بۆ جوانی.
:بەڕای خۆتان نیگارکێشێکی وەکوو ئێوە کوڕی چاخی ئێمە واتە چاخی ئەتۆمە؟
-بە دڵنیاییەوە، و منیش خۆم لە تەقینەوە ئەتۆمییەکاندا بەرەڵڵا کردووە.
-من وابیر دەکەمەوە کە ڕازەکەی ئێوەم دۆزیوەتەوە، سالڤادۆر دالی! وا دێتە بەر چاو کە ئێوە مرۆڤێکی عاقڵ نین. خۆتان چۆن بیر دەکەنەوە؟
-من؟! بە دڵنیاییەوە لە کەسێک کە ئەم کتێبە دەکڕێت ئاقڵترم.
سەرچاوە: سبیل دالی. سالوادور دالی و فیلیپ هالسمن(یک گفت و گوی عکسیک). ترجمە افشین شاهرودی. انتشارات چاو. تهران ١٣٩٥
[1] -Frederick Barbarossa (١١٢٢-١١٩٠) پاشای ئاڵمان کە لە ساڵی ١١٥٥دا وەکوو ئیمپراتۆری پیرۆزی ڕٶم تەختی پاشایەتیی لەسەر نا. پیاوێکی بە ڕیشێکی سوور و خەنگاوەرێکی لێبڕاو و بەهێز کە هیچ شتێک دەرەقەتی نەدهات.
[2] -Kaiser Wilhelm II (١٨٥٩-١٩٤١) دواهەمین ئیمپراتۆری ئاڵمان و پاشای وڵاتی نەمسا کە سمێڵێکی بابڕ و گەورەی هەبوو.
[3] -Adolf Hitler (١٨٨٩-١٩٤٥).
[4] -Joseph Stalin (١٨٧٨-١٩٥٣) ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤییەت لە پاش لینین.
[5] -Charles Spencer Chaplin (١٨٨٩-١٩٧٧) بەناوبانگترین ئەکتەری سینەمای کۆمێدی. زۆربەی فیلمەکانی کۆمێدی و بەشێوەی بێدەنگن.
[6] -Frenchman ئەم کتێبە هەڤپەیڤینێکی وێنەییە لەگەڵ فێرناندێل؛ کۆمێدیکاری فەرەنسی کە هالسمەن لە ساڵی ١٩٤٨ لە نیۆیۆرکدا بینی و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی وێنەگەرانە کۆمەڵێک پرسیاری لەبارەی ئەمریکاوە لێ کرد و فێرناندێل تەنها بە حاڵەتەکانی روخسار وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
[7] -سامسۆن و دەلیلە (Samson & Delila) لە چیرۆکە عاشقانە ناودارەکانی تەوراتە، سامسۆن کە دڵی لە لایەن دەلیلەوە برابوو پیاوێک بوو بە هێزێکی سەرسووڕهێنەر کە هێزەکەی لە قژە شۆڕەکانیدا بوو. گەورەپیاوانی فەلەستین بە بەڵێنی ماڵ و سامانی زۆر دەلیلەی دڵداریان هەڵخەڵەتاند و ئەویش بۆ تەماحی ماڵی دنیا بە فێڵ و تەڵەکە، مووی قژی سامسۆنی قاچی و بەم شێوەیە هێزی لێ بڕا. پاش ئەمە سامسۆنیان خستە بەندیخانەوە و چاویان هەڵکۆڵی بەڵام پاش ماوەیەک دیسان قژەکانی شۆڕ بوون و هێزی خۆی وەرگرتەوە. چەندین فیلم لەسەر ئەم چیرۆکە دروست کراون.
نووسین و ئامادەکردن: فیلیپ هالسمەن
وەرگێڕ: سپێدە ساڵحی