له پاش شۆڕشی پیشه‌سازی و ڕێكه‌وتننامه‌ی وێستڤالیا و شۆڕشی فه‌ره‌نسی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ركه‌وت، له ئه‌نجامدا ده‌یان ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه ده‌ركه‌وت، به‌ڵام پاش شۆڕشی په‌لشه‌فی له ڕووسیای قه‌یسه‌ری و ده‌ركه‌وتنی ته‌وژمی شیوعیه‌ت و دروستبوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌رده‌می جه‌نگی سارد و ده‌ركه‌وتنی ته‌وژمی ئیسلامییه‌كان له جیهاندا، كه سه‌رجه‌میان بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان لاواز كرد و سه‌رجه‌میان باوه‌ڕیانی به بیرۆكه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بوو كه دژایه‌تی هزری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی نیشتمانیشیان ده‌كرد، بۆیه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له جیهاندا به‌ره‌و لاوازی هه‌نگاوی ده‌نا له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ندین هزری دیكه وه‌كو پاڵپشتی له هاریكاری نێوان گه‌ڵان و هزری ئیسلامی به‌هه‌ردوو لقی سوونی و شیعی كه باوه‌ڕییان به بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاینی هه‌بوو جیگره‌وه بوون بۆ هزری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو جیهاندا.
به‌ڵام پاش ده‌ركه‌وتنی په‌تای كۆر‌ونا ولێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر هه‌موو جیهان بیری نیشتمانی وده‌وڵه‌تی نیشتمانی یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دووباره گه‌ڕانه‌وه و ڕێوشوێنی ده‌وڵه‌ته‌كان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه دووباره سنووری قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانی تۆخ كرده‌وه زیاتر له جاران، به‌ڵام هزری ده‌وڵه‌تی نیشتمانی بنچینه‌ی بۆ پێشتر ده‌گه‌رێته‌وه كه له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ڕه‌وته ڕاسته‌ره‌وه‌كانی له ئه‌وروپا كه دژایه‌تی كۆچبه‌ر و بیانییان ده‌كرد و ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا كه هه‌موویان ئاماژه بوون بۆ دوورباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نیشتمان و نه‌ته‌وه له ئه‌وروپا به‌ڵام په‌تای كۆر‌ونا ئه‌و ئاراسته‌ی زیاتر به‌هێزتر كرد.
له‌گه‌ڵ هاتنی دۆناڵد ترامپ جاری یه‌كه‌م و جاری دووه‌م له 2025 ناوبراو بابه‌تی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی زۆر زه‌ق كرده‌وه له گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ت له جیهاندا له ڕووی سه‌ربازی و ئابووری و سیاسی، له هه‌رسێ هه‌ڵبژاردن له ئه‌مریكا كه ناوبراو به‌شداری تیایدا كرد به‌شێك له دروشمه‌كانی هه‌ڵبژاردن جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و دژایه‌تی كردنی كۆچبه‌ر و به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا و بڕینی یارمه‌تی بۆ وڵاتانی دیكه و هاریكاری نێوده‌وله‌تی وكاركردن له پێناو به‌هێز كردنی ئه‌مریكا له ڕووی ئابووری وخزمه‌تگوزاری وجه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر هاووڵاتی ئه‌مریكا، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سرووشتی كۆمارییه‌كان بوو كه هه‌میشه بایه‌خیان به ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌دا، به‌تایبه‌تی بواری هه‌ژموونی ئه‌مریكا و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرور ودوژمنه‌كانی ئه‌مریكا، و دیموكراته‌كان زیاتر بایه‌خیان ده‌دا به پرسی ناوخۆیی ئه‌مریكا ، به‌ڵام دۆنالد ترامپ به‌پێچه‌وانه‌ی سرووشتی كۆمارییه‌كان زیاتر جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر به‌هێزكردنی ئه‌مریكا له ناوخۆ وخزمه‌تكردن به تاكی ئه‌مریكی و ڕێگری كردن له هاتنی كۆچبه‌ر.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م ته‌وژمه له ئه‌ورپاش زیاتر گه‌شه‌ی كردووه و له ئێستادا كه‌سێك به‌ناوی “ڤیكتۆر ئۆربان” سه‌رۆكی وه‌زیرانی هه‌نگاریایه كه پاڵپشتی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپایه به‌ڵام به سه‌رۆكێكی ڕاستڕه‌و له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پارته ڕاستڕه‌وه‌كان له هه‌موو ئه‌ورپا ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بن و هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رجه‌م وڵاته ئه‌وروپیه‌كان ئاماژه بۆ زیادبوونی ژماره‌ی ده‌نگ و كورسی ڕاستڕه‌وه‌كان ده‌كه‌ن له سه‌رجه‌م وڵاته ئه‌ورپییه‌كان بێ جیاوازی، پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌وژمه به‌رده‌وام بێت ئاوا له داهاتوویكی نزیكدا ڕاستڕه‌وه‌كان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن له چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپی، پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت یه‌كێتی ئه‌وروپا له داهاتوودا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه ودووباره ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ونیشتمان له ئه‌ورپا دروست بێته‌وه. به‌مه‌ش پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت له داهاتوودا ته‌ژمی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی دووباره له‌هه‌موو جیهاندا دروست بێته‌وه له‌به‌رامبه‌ردا ته‌وژمه ئایینی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه ڕوو له لاوازی بكه‌ن و ئه‌م ته‌وژمه پاش گه‌یشتنی به ئه‌مریكا وبڵاوبوونه‌وه‌ی له هه‌موو ئه‌وروپا دووباره له هه‌موو جیهاندا بڵاوبێته‌وه كه هه‌ندێك له نووسران ناویان ناوه ترامپیزم.
بێگومان ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست به‌ده‌ر نابێت له‌و ته‌وژمه و پێشبینی ئه‌وه ده‌كریت هه‌موو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وناوچه‌كه‌ش بگرێته‌وه وكاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌وژمی ئاینی و ئیسلامی شیعی وسوونی له ناوچه‌كه، وده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی له ناو گه‌لانی ناوچه‌كه به‌گشتی و به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كانی گه‌لی كورد كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت (ئێراق وتوركیا وسوریا وئێران) بۆیه دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وژمه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دۆزی گه‌لی كورد له ناوچكه، به دوو ئاراسته؛ لایه‌نی یه‌كه‌م به‌هێزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو گه‌لی كورد پاش چه‌ندین ده‌یه له بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌په‌كان، ئیسلامی سیاسی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ناو گه‌لی كورد كه كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، له لایه‌كی دیكه‌وه پێشبینی دووباره زاڵبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له ئێراق و ئێران و توركیا و سوریا ده‌كرێت و گه‌ڕانه‌وه‌ی سیستمی هاوشێوه‌ی كه‌مالیه‌كان له توركیا و په‌هڵه‌وییه‌كان له ئێران و به‌عس و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ ئێراق و سووریا. بۆیه پێویست ده‌كات سه‌ركردایه‌تی گه‌لی كورد به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی زۆر به ئاگابن له‌م گۆرانكارییانه و سوود وه‌رگرتن له‌و گۆڕانكارییانه به‌شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد بكات له هه‌رێمی كوردستان وبه‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و سوود وه‌رگرتن له دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو كورددا.