جارێکیان (مارک زوکەربێرگ) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووک، لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: “چیتر تایبەتمەندی مرۆڤ وەک ڕێسایەکی کۆمەڵایەتی نەماوەتەوە”. ئەم گوتەیەی زوکەربێرگ، خوێندنەوەیەکی قووڵ هەڵدەگرێت سەبارەت بە دۆخی مرۆڤی سەردەم کە لەسایەی تەنیک و میدیایی نوێیوە لەناو تۆڕێکی چڕی چاودێری و کۆنترۆڵکردندا دەژی، بەجۆرێک چیتر ڕەهەندە تایبەتەکانی ژیانی بەنهێنی نەماوەتەوە و هەموو ڕەفتار و جووڵە و تەنانەت ئەوەی بیری لێ دەکاتەوە تۆمار دەکرێت و دەبێتە بەشێک لە بانکی داتایەکی زەبەلاح. لە سەردەمی میدیای نوێدا، مۆبایل و زیرەکی دەستکرد و چاتبۆتەکان لە کەسە هەرە نزیکەکانمان باشتر دەمان ناسن.
ئەوان هەموو شتێک دەربارەی ئێمە دەزانن، (ئەوەی کڕیومانە، ئەوەی ئەنجاممان داوە، چوینەتە کوێ، چیمان بینیوە، لەگەڵ کێ قسەمان کردووە، تەنانەت بیر لەچی دەکەینەوە!). وەک (جارێد لەنیەر) نووسەری کتێبی (دە هۆکار بۆ سڕینەوەی هەژمارەکانی میدیای کۆمەڵایەتی) دبێژێت:”سیستەمی ئێستای میدیای کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای مۆدێلی گۆڕکردنی ڕەفتاری مرۆڤ دامەزراوە”. نوها، کۆمپانیاکانی وەک گوگڵ، ئەمازۆن، فەیسبووک، ئەپڵ…هتد بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، ڕۆژانە بڕێکی زۆر زانیاری لەسەر ئێمە تۆمار دەکەن و دواتر دەیانفرۆشنەوە بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان. ئێمە لە دونیایەکدا دەژین کە تێیدا هەموو چالاکییەکانمان بووەتە داتایەک بۆ قازانجی کۆمپانیا گەورەکان. هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە، کاتێک لە چات یان تەلەفوون باسی بەرهەمێک دەکەیت، ڕاستەوخۆ بەڕیکلام بۆت دێتەوە.
دەزانی ڕیکلامەکان بەپێی شوێن و تەمەن و ئەو زانیارییانەی تۆمارت کردوون دێنە بەردەستی تۆ؟ ئەو خزمەتگوزاریانەی بەخۆڕایی بەکاریان دەهێنیت، خزمەتگوزاری کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاحن، کە لە تۆڕێکی پەیوەندی ڕێکخراو لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی دیکەدا لە پەیوەندیدان. لە بنەمادا ئیشی ئەوان فرۆشتنی زانیارییەکانی تۆیە بە بزنسەکانی دیکە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ڕیکلام وەردەگرن. یوڤاڵ نووح هەراری، مێژوونووس و فەیلەسووفی ئیسرائیلی، لە کتێبی (هۆمۆ دیۆس) فڕە قەشەنگ باس لەوە دەکات کە چۆن زانیاری بووەتە سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات لە سەدەی بیست و یەکدا. ئەو دبێژێت: “لە ڕابردوودا، زەوی و ئامێر گرنگترین سەرچاوەی ئابووری بوون. نوها، زانیاری بووەتە بەنرخترین سەرچاوە.” سەیرە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان هەروەک چاودێرێکی نەبینراو وان کە هەموو جووڵەیەکمان تۆمار دەکەن. کەچی ئێمە بە خۆشحاڵییەوە ئەم چاودێرییە قبووڵ دەکەین و زانیارییەکانمانی پێشکەش دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری “بەخۆڕایی” وەربگرین. بێ ئاگا لەوەی لە پشتەوەی ئەم پرۆسەیە، پەیوەندییەکی قووڵ هەیە لە نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان. گلێن گرینواڵد، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کتێبی (هیچ شوێنێک بۆ خۆ حەشاردان نییە)، دبێژێت:
دەزگا هەواڵگرییەکان لەڕێگەی پرۆگرامی PRISM و XKeyscore-ەوە توانیویانە دەستیان بە هەموو ئەو زانیارییانە بگات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیامنێرەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێن. ئەو ئێژێت: “سیستەمی چاودێریکردنی دیجیتاڵ بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە هیچ پەیوەندییەک و هیچ چالاکییەک لە چاوی دەزگا هەواڵگرییەکان شاراوە نییە”. کاتێک ئەمە دەنووسم لێدوانەکانی (حەسەن نەسروڵا) ڕێبەری کوژاروی چەکدارانی حزبوڵای لوبنانم وەبیردەهێنێتەوە، کە بەر لە کوشتنی چەندینجار هۆشداریدا بە لایەنگرانی لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن خۆیان بە دووربگرن، ئەو لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی ڕایگەیاندبوو، گەر لێم بپرسن کێ سیخوڕە، دەڵێم: “سیخوڕ مۆبایلەکانی دەستی خۆتان و منداڵ و هاوسەرەکانتانە”، هەروەها داواشی کردبوو هەموو مۆبایلەکان بخرێنە ناو سندوقێکی ئاسنەوە و بنێژرێن”. ئەمە زۆری نەخایاند، ڕۆژی 15ی 9ی 2024 لە ڕوداوێکی دەگمەن و پێشهاتێکی نوێیدا دەزگای هەواڵگری (مۆساد و شاباک) پەیجەر و مۆبایلەکانی دەستی حزبوڵای تەقاندەوە بووە هۆی کوژارن 37 کەس و برینداربوونی پتر لە چوار هەزار کەس.
مۆژگارییەکانی ڕێبەرە کوژراوەکەی حزبوڵا بۆ لایەنگرانی و جیهانیش لە ڕوانگەیەکی هاوچەرخەوە مانایەکی قووڵی هەبوو، دەکرێت بەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ هەر ئامێرێکی دیجیتاڵی کە بەکاری دەهێنین، لە دژی خۆمان دەوەستێتەوە و وەک ئامرازێکی سیخوڕی کردن کار دەکات کە هەموو چرکەیەک زانیاری لەسەر ئێمە کۆدەکاتەوە. بەگوتەیەکی (ڕۆبەرت مکچیسنی) کۆتایی پێ دەهێنم: “بەخشینی زانیارییەکانمان بە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان وەک دروستکردنی چەکێک وایە لە دژی خۆمان بەکاردەهێندرێن”.
سەرچاوەکان:
:Harari, Y. N. (2017). Homo Deus: A Brief History of Tomorrow, Harper. Greenwald, G. (2014). No Place to Hide: Edward Snowden, the NSA, and the U.S. Surveillance State. Metropolitan Books. Lanier, J. (2018). Ten Arguments for Deleting Your Social Media Accounts Right Now. Henry Holt and Co.
McChesney, R. W. (2013). Digital Disconnect: How Capitalism is Turning the Internet Against