ئەدەب دەتوانێت دەستکردی مرۆڤ، بەرهەمهاتووی وشیاریی کۆمەڵایەتی یان جیهانبینیی بێت؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا پیشەیە. کتێبەکان تەنها پێکهاتەکانی واتا نین، بەڵکوو هەروەها ئەو کاڵایانەن کە بڵاوکەرەکان بەرهەمی دێنن و لە هەمبەر قازانجدا دەیفرۆشنەوە. نواندن؛ تەنها کۆمەڵێک لە تێکستە ئەدەبییەکان نییە، بەڵکوو بازرگانییەکی سەرمایەدارانەشە کە کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو بەکار دەهێنێت “نووسەران، دەرهێنەران، ئەکتەرەکان، کەسانی پشتەوەی شانۆ” تا کاڵایەک بەرهەم بهێنن کە بینەران لە بری پێدانی قازانجێک لێی سوودمەند بن. ڕەخنەگرانیش تەنها شیکارانی دەق نین بەڵکوو زۆربەی کات ئەو کەسانەی ناو زانکۆن کە دەسەڵات بەکاریان دەهێنیت تاکوو خوێندکاران لە ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژیکییەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ئامادە بکەن. نووسەرانیش تەنها هەڵگرانی پێکهاتە زەینییە سەروو تاکەکەسییەکان نین بەڵکوو هەروەها ئەو کرێکارانەن کە بنکەکانی بڵاوکردنەوە بە کاریان دەهێنن تا کۆمەڵێک کاڵا بەرهەم بهێنن بۆ فرۆشتن.
“کارل مارکس” لە کتێبی “تیۆرییەکانی بەهای زیادە” دەڵێت: “نووسەر بەم هۆیەوە کە کۆمەڵێک ئەندێشە بەرهەم دێنێت، کرێکار نییە بەڵکوو بەم هۆیەوە کرێکارە کە دەزگای چاپەمەنی دەوڵەمەند دەکات و لە بەرامبەردا پاداش و هەقدەستی خۆی وەردەگرێت.” ئەمە بیرخستنەوەیەکی بەسوودە. هەروەها کە “ئەنگێلس” دەڵێت هونەر ڕەنگە لە پەیوەندیی خۆی لە گەڵ ژێرخانی ئابووریدا “نێونجدارترین” بەرهەمی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵام بە دەربڕینێکی دیکە هونەریش بەشێکە لە ژێرخانی ئابووری-هونەریش وەکوو زۆریەک لە کاروبارەکانی دیکە جۆرێک کردەوەی ئابوورییە و شێوەیەک بەرهەمهێنانی کاڵایانەیە. بۆ ڕەخنەگران، تەنانەت ڕەخنەگرانی مارکسیست، زۆر ئاسانە کە ئەم ڕاستییە لە بیر بکەن، چونکە ئەدەب لەگەڵ ئاگامەندی مرۆڤدا سەروکاری هەیە و زۆریەک لە توێژەرانی بواری ئەدەب دەکەونە ئەم داڵغەیە کە هەر بەم پانتایە دڵخۆش بن. ڕەخنەگرانی مارکسیستی کە من لێرەدا مەبەستمە ئەو کەسانەن وا لەو ڕاستییە گەیشتوون کە هونەر شێوەیەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی- هەڵبەت بەپێچەوانەی کۆمەڵناسانی ئەدەبی، هونەر وەکوو واقیعێکی دەرەکی فام ناکەن، بەڵکوو وەکوو واقیعێک لێی تێدەگەن کە ڕێک سرووشتی خودی هونەر دیاریدەکات. لە ڕوانگەی ئەم ڕەخنەگرانەوە-مەبەستم زۆرتر واڵتەر بێنیامین و بێرتولت بێرێشتە- هونەر بە پلەی یەکەم کردەوەیەکی کۆمەڵایەتییە و نەک بابەتێک کە لە دەلاقەی تیۆرییەکانی زانکۆوە ڕاڤە و شرۆڤە دەکرێت. دەکرێت ئەدەب وەکوو دەقێک لەبەرچاو بگرین، بەڵام هەروەها دەکرێت وەکوو چالاکییەکی کۆمەڵایەتیش ببینرێت، واتە شێوەیەک لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە لە تەنیشت شێوەکانی دیکەدا ئامادەیە و لەگەڵیان لە پەیوەندیدایە.
“واڵتەر بێنیامین”
ئەمە لە بنەمادا تێڕوانینێکە کە واڵتەر بێنیامین؛ ڕەخنەگری مارکسیستی ئاڵمانی هەڵیدەبژێرێت. بێنیامین لە وتاری ڕێنیشاندەری “هونەرمەند وەکوو بەرهەمهێنەر” (١٩٣٤) بیرمان دەخاتەوە کە پرسیارێک کە ڕەخنەی مارکسیستی لە بەردەم بەرهەمی ئەدەبی دایدەنێت ئەمەیە:- هەڵوێستی بەرهەمی ئەدەبی بەنیسبەت جۆری پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەمی خۆی چییە؟ لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەو دەخوازێت پرسیارێکی دیکە گەڵالە بکات:- هەڵوێستی بەرهەمی ئەدەبی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەمەکەی خۆیدا چییە؟ مەبەستی بێنیامین لەم پرسیارە ئەمەیە کە هونەریش وەکوو هەر شێوەیەکی دیکە لە بەرهەمهێنان لە سەر شانی کۆمەڵێک تێکنیک و پیشەی بەرهەمهێنانی دیاریکراو ڕاوەستاوە- شێوازە دیاریکراوەکانی نیگارکێشان، بڵاوکردنەوە، شانۆ و لەم چەشنانە. ئەم پیشانە بەشێک لە هێزەکانی بەرهەمهێنەری هونەر و قۆناغێک لە گەشەی بەرهەمهێنانی هونەرین؛ لە هەمان کاتدا پێداویستی کۆمەڵێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن کە لە نێوان بەرهەمهێنەری هونەری و بەردەنگ دا هەیە. لە ڕووانگەی مارکسیستییەوە قۆناغی گەشەکردنی هەر شێوازێکی بەرهەمهێنان، پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوی تایبەت بەخۆی بەدیدەهێنیت؛ گۆڕەپانەکە ئەو کاتە بۆ شۆڕش تەیار دەبێت کە هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەکەونە دژایەتییەوە و لە هەمبەر یەکدی دەوەستن. بۆ نموونە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی فیۆداڵی دەبێت بە لەمپەرێک لە بەردەم گەشەی بۆرژووازیانە هێزەکانی بەرهەمهێنان و هەر ئەم هێزانەش تێکی دەشکێنێت؛ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارانەکانیش لەمپەرێک لە بەردەم گەشەی هەمە لایەنە و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی کۆمەڵگای پیشەیی دروست دەکات و ئەم لەمپەرە لە ڕێگای سۆسیالیسمەوە لا دەبرێت.
ڕەسەنایەتیی وتارەکەی “بێنیامین” لە بەکارهێنانی ئەم تیۆرییە لەبارەی هونەرەوەیە. بەڕای بێنیامین، هونەرمەندی شۆڕشگێڕ نابێت هێزە ئامادەکانی بەرهەمهێنانی هونەری بە شێوەیەکی ناڕەخنەگرانە قبووڵ بکات، بەڵکوو دەبێت ئەم هێزانە بگۆڕێت و بیانکات بە شۆڕشگێڕ. ئەو بەم کارەی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نوێ لە نێوان هونەرمەند و بەردەنگ دێنێتە ئاراوە و بەسەر ئەم دژوازییەدا زاڵ دەبێت کە هێزە هونەرییەکان بەشێوەیەکی هێزەکی دەتوانن لە بەردەست هەموواندا بن، هێزگەلێک وەکوو سینەما، ڕادیۆ، وێنەگریی و تەسجیل، ببن بە دارایی و موڵکی تایبەتی ژمارەیەکی دیاریکراو:- ئەرکی هونەرمەندی شۆڕشگێڕە کە ئەم مێدیایانە گەشە پێ بدات و لە هەمان کاتدا شێوە کۆنەکانیتری بەرهەمهێنانی هونەری بگۆڕێت. بابەتەکە لەسەر بانگەشەی فڵان “پەیام”ی شۆڕشگێڕانە لەڕێگەی مێدیا ئامادەکانەوە نییە؛ بابەتەکە، دروستکردنی شۆڕش لە ناو مێدیاکان دایە. بۆ نموونە، “بێنیامین” ڕۆژنامە بە ئامرازێک دەزانێت کە دەتوانێت دابڕانە ئاسایی و باوەکانی نێوان ژانێرە ئەدەبییەکان، نێوان نووسەر و شاعێر، و تەنانەت لە نێوان نووسەر و خوێنەردا بسڕێتەوە (چونکە خوێنەری ڕۆژنامە هەمیشە ئامادەیە ببێت بە نووسەر).
هەر بەم شێوەیە، لاپەڕەکانی گرامافۆن جێگەی شێوەیەک لە بەرهەمهێنانیان (کە هۆڵی کۆنسێرت بێت) گرتووەتەوە و فڕێیان داوەتە دەرەوەی بازنەکە؛ سینەما و وێنەگریی، شێوە کۆن و نەریتییەکانی وەرگرتن، پیشە و پەیوەندییە کۆنەکانی بەرهەمهێنانی هونەرییان بەشێوەیەکی قووڵ گۆڕیوە. هەر بۆیە هونەرمەندی بەڕاستی شۆڕشگێڕ هەرگیز تەنها لەگەڵ بابەتە هونەرییەکاندا سەروکاری نییە بەڵکوو لە بیری ئامرازی بەرهەمهێنان دایە. “دەروەستی” تەنها ڕووبەری بیروڕا سیاسییە دروستەکان لە بەرهەمی هونەریدا نییە، بەڵکوو خۆی لەم خاڵەدا دەبینێتەوە کە هونەرمەند تا کوێ شێوە هونەرییە بەردەستەکانی خۆی بونیات دەنێتەوە و نووسەران، خوێنەران و بینەران دەکات بە هاوکار.
“بێنیامین” لە وتاری “بەرهەمی هونەریی لە سەردەمی هەلی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکدا”(١٩٣٣) دیسانەوە دەپەرژێتە سەر ئەم بابەتە. بەڕای بێنیامین، دەوراندەوری بەرهەمی هونەریی نەریتی بە “خەرمانە”یەک لە بێهاوتایی، شانازی، مەودا و بەردەوامیی، تەنراوە؛ بەڵام بەرهەمهێنانەوەی تێکنیکیی بۆ نموونە فڵان نیگار لە ڕێگەی چاپکردنی نوسخەکانییەوە جێگەی ئەم بێهاوتاییە دەگرێت و هەر بۆیە ئەم خەرمانەیە لەناو دەبات و ئەم بوارە دەدات بە بینەر کە ئەم بەرهەمە لە کات و شوێنی دڵخوازی خۆیدا ببینێت. سیمای بارزکراوی نیگارەکە مەودای خۆی لەگەڵ ئێمە دەپارێزێت، لە حاڵێکدا کامێرای فیلم هەڵگرتن هەموو شتێک دڕ دەدات و بابەتەکەی خۆی لە ڕووی مرۆیی و فەزاوە نزیکتر دەکاتەوە و بەم شێوەیە ڕازەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە. فیلم هەر کەسێک تا ئاستێک دەکات بە پسپۆڕ-هەر کەسەو دەتوانێت وێنەیەک بگرێت یان لانیکەم وێنەیەکی لێ بگیرێت؛ لێرەوەیە کە دابونەریتی “هونەری باڵا” دادەکەوێت. نیگارکێشیی کلاسیک بواری ئەوە دەدات بە ئێمە کە لە تێڕامانێکی پڕ لە ئۆخژنیدا نوقم ببین، لە حاڵێکدا فیلم بە شێوەیەکی بەردەوام تێگەیشتنەکانی ئێمە دەگۆڕێت و بەردەوام کاریگەرییەکی “ڕاچڵەکێنەر” بەدیدێنێت. لە واقیعدا، “ڕاچڵەکێنەری” یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانە لە جوانیناسیی بێنیامیندا. ژیانی شاریانەی نوێ لە ڕێگەی هەڵسوکەوتی پڕسۆزی لێکهەڵوەشاوە و نابەردەوام و پچڕ دەناسرێتەوە؛ بەڵام جیاوازیی لێرەدایە کە ڕەخنەگری مارکسیستی “کلاسیکی” وەکوو جۆرج لووکاچ وەکوو نیشانەیەکی زەقی خەفەتهێنەری لێکهەڵوەشاوەیی “کۆ-گشتییەت”ی مرۆڤ لە سەردەمی زاڵبوونی سەرمایەداری دەیبینێت، لە حاڵێکدا بێنیامین بەشێوەی گشتی لەم دۆخەدا کۆمەڵێک ئەگەر و بواری ئەرێنی دەبینێتەوە و بە کۆڵەکەی شێوازە هونەرییە پێشەنگەکانی دەزانێت.
بینینی فیلم، گەڕان و پیاسەکردن لە ناو ئاپۆرە و حەشامەتی خەڵکی شار، ئیشکردن بە فڵان مەکینە، هەموو کۆمەڵێک ئەزموونی “ڕاچلەکێنەر”ن کە پەردە لە سەر شتەکان لادەدەن و “خەرمانە”کەیان لە نزیکەوە هەڵدەمسن و دەستیان پێدا دەهێنن؛ هاوتای هونەریی ئەم بابەتە، تەکنیکی “مۆنتاژ” یان پەیوەندییە. لە ڕوانگەی بێنیامینەوە مۆنتاژ-لێک هەڵپێکانی شتە ناهاوئاهەنگەکانە بۆ ڕاچڵەکاندنی بەردەنگ لە پێناو گەیشتنی بەردەنگ بە مەعریفە و ناسینە- و ئەمە بنەمای سەرەکیی بەرهەمهێنانی هونەری لە چاخی تەکنەلۆژیایە.
سەرچاوە: مارکسیسم و نقد ادبی. تری ایگلتون. ترجمە اکبر معصوم بیگی. نشر دیگر. تهران ١٣٨٣
نووسین: تێری ئیگلێتۆن
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەمیدە حەسەن