فیلمە ژیاننامەییەکان، وەک ژانرێکی سینەمایی بوونی -ئامادەیی- خۆیان لە بەرهەمی سینەمایی جیهانیدا جێگیر کردووە و بەشێکی بەرفراوانی بینەرانی بۆخۆی ڕاکێشاوە. سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو بوو کاتێک هۆڵیوود دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ئەم ژانرە لە فیلم کە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ سەلیقەی خەڵک کە بە خێرایی ژانرەکەیان قبوڵ کرد و لە ئەنجامدا فیلمی ژیاننامەییەکان کێبڕکێیان کرد بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی سینەمایی.
ئەم کتێبەی بەردەستی خوێنەر بانگەشەی ئەوە ناکات کە گشتگیرە لە ڕووماڵکردنی هەموو ئەو فیلمە ژیاننامەییانەی کە سینەما بەرهەمی هێناون، چونکە ئەم هەوڵە پێویستی بە پتر لە کتێبێک هەیە، بۆیە هەوڵمداوە چەقی سەرنجم بخەمە سەر ئەو فیلمە ژیاننامەییانەی کە لەم دواییانەدا بەرهەم هێنراون، بە تایبەتی لە دەیەی ڕابردوودا چونکە ئەم فیلمانە لەگەڵ فۆڕمەکانی ئەو ژیاننامەییانەدا یەکدەگرنەوە. فیلمە ژیاننامەییەکان لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم کارەکتەر یان ئەو کارەکتەر جیاواز بوون لە نێوان ژیاننامەی کڵێشەیی تەقلیدی یان ئەو ژیاننامەیەی کە بەشێک لە مێژووی کەسایەتیەکە وەردەگرێت و چیرۆکی پاڵەوانەکەی لەسەر بنیاد دەنێت، یان گرنگیدان بە چیرۆکی کەسایەتییەکان کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان لەگەڵ کارەکتەری نێو ژیاننامەکە – کارەکتەری نێو فیلمی نابراو -دا هەیە.
دەرهێنەران لە دەستوپەنجە بەرم کرد لەگەڵ ئەم ژانرەدا ڕێبازی جۆراوجۆریان گرتووەتەبەر و ئاڵۆزیی تایبەتمەندییە جەوهەورییەکانی ژیاننامەکەیان لابردووە بە دەربڕینێکی تر ژیاننامەی کەسایەتییەکانیان سادە کردووەتەوە، بۆیە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە هەوڵمان داوە ڕوونی بکەینەوە، دەرهێنەران داوای ڕاستییەکی پاک و بێگەرد و خاڵی لە هەموو کاریگەیی و سۆزێک، لە مێژوونووسان دەکەن. ئێمە پێمان وایە ئەم ڕاستییە لە ئەدگارە گۆڕاوەکانی کەسایەتییە ئاڵۆزەکەدا دەدۆزینەوە و دەبێت بەردەوام بین لە لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا دەتوانرێت ئەم دوو داواکارییە پێکەوە ئاشت بکرێنەوە یان نا بە دەربڕینێکی تر ئایا ئەم دوو خواستە پێکەوە دەگونجێنرێن یان نا ؟ بایەخدان بە هەقیقەتەکان پێویستی بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تەواو هەیە، ئایا ئەوە مەترسی نییە کە کەسایەتییەک لە ژێر شاخێکی وەهادا بنێژرێت؟ کتێبەکەم بۆ سێ بەش دابەش کرد. یەکەمیان باس لە مانای فیلمی ژیاننامەیی و ژیننامە لە فیلمە عەرەبییەکان و تێڕوانینێکی هەمەکی لە گرنگترین فیلمەکانی ئەم ژانرە لە سینەما و ئەو خەڵاتانەی کە بەدەستیان هێناوە. لە بەشی دووەمدا نموونەی ژمارەیەک فیلمی هاوچەرخم هەڵبژادووە کە سەر بەم ژانرەن و بە ئەنقەست کە بە گوێرەی شێوە و فۆڕمی ژیاننامە جیاواز بوون، لە کاتێکدا بەشی سێیەم باس لە دیارترین دەرهێنەرەکان دەکات کە ژانری ژیننامە سەرنجی ڕاکێشاون لەوانە مارتین سکۆرسێزی(Martin Scorsese)، ئۆلیڤەر ستۆن(William Oliver Stone)، یوسف شاهین، ئەلیکساندەر سۆکورۆڤ(Alexander Sokurov).
“دەربارەی فیلمە ژیاننامەییەکان”
فیلمە ژیاننامەییەکان بەشێکی گرنگی بەرهەمهێنانی سینەمای جیهانی داگیرکردووە و لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ئامادەگییەکی بەرچاوی هەبووە، بە تایبەتی لە دوای فیلمی ژیاننامەی گاندی (Gandhi) کە باس لە ژیانی گاندی دەکات، لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەریتانی ڕیچارد ئاتنبۆرۆ(Richard Attenborough) لە ساڵی (1982) کە هەشت خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە. دوو ساڵ دواتر و لە ساڵی (1984) فیلمی ئامادیوس (Amadeus) بەرهەم هێنرا لە دەرهێنانی دەرهێنەر و سیناریستی ئەمریکی میلۆش فۆرمان(Miloš Forman) کە باس لە ژیانی ئاوازدانەری ناوداری نەمسایی ۆڵفگانگ ئامادیوس مۆزارت(Wolfgang Amadeus Mozart) و ئاوازدانەری ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ سالیری(Antonio Salieri) دەکات و هەشت خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە. ئەم فیلمانە بینەرێکی بەرفراوانیان بۆ خۆیان ڕاکێشا و خەڵاتی زۆریان کۆکردەوە کە دیارترینیان خەڵاتی ئۆسکار بوو. فیلمی ژیاننامەیی لقێکە لە ژانری دراما و فیلمی داستانی، هەرچەندە ئەم ژانرە لە سییەکانی سەدەی بیستدا گەیشته لوتکە، لێ تا ئەمڕۆش ژانرێکی بەربڵاوە و بینەرێکی زۆری هەیە. ئەم فیلمانە ناوی خۆی بە خۆیەوەتی و باسی ژیانی کەسایەتییەکی مێژوویی گرنگ لە ڕابردوو یان ئێستا دەکات. هەندێک جار فیلمە ژیاننامەییەکان هەقیقەتی ژیانی کەسایەتییەکان درێژ دەکەنەوە و چیرۆکی ژیانی بەوپەڕی وردێتییەوه دەگێڕنەوە.
فیلمە ژیاننامەییەکان خۆیان لە چەندین کەسایەتیدا دەبیننەوە، واتە ئەو کەسانەی دەبنە پاڵەوانی ئەم ژانرە جۆراوجۆرن و سەر بە یەک توێژ نین، لەوانە ژیاننامەی تاوانبارێک، ئاوازدانەرێک، کەسایەتییەکی ئایینی، سەرکردەی بزوتنەوەیەک، سەربازێکی پاڵەوانی سەردەمی جەنگ، کەسێکی گاڵتەجاڕ، هونەرمەند، داهێنەر، زانا، پزیشک، سیاسەتوان، سەرۆک، پاڵەوانی وەرزشی، کەسایەتییەکی ناودار، یان سەرکێشێک…هتد هەموو بوونەتە ژەمێکی ئامادەی ئەم ژانرە. لە زۆر حاڵەتدا ئەم فیلمانە جەخت لەسەر ڕووداوە گەورەکان دەکەنەوە (کاتی جەنگ، هەلومەرجی سیاسی یان کۆمەڵایەتی) کە دەوری هەموو ژیانی کەسەکە -کەسایەتییەکە- دەدەن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناوبانگ و شکۆمەندی ئەم کەسە، هاوکات دەرهێنەرانیش پێیان باشە سەرنجیان لەسەر دیمەنی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ئەم کەسایەتییە بێت ئەگەر بنەمایەکی واقیعییان هەبێت. بەشێک لەم فیلمانە لە تەمەنی منداڵی کەسەکەوە دەستپێدەکەن و هەندێکی تریش سەرنجیان لەسەر دەستکەوتەکانی ئەم کەسەیە لە گەورە ساڵیدا واتە تەمەنی دوای پێگەیشتن. فیلمه ژیاننامەییەکان لە سەرەتای قۆناغی سینەمای بێدەنگەوە بوونیان هەیە وەک فیلمی ژان دارک(Jeanne d’Arc)ی دەرهێنەری گەورەی فەرەنسی ژۆرژ میلیەس(GeorgeMéliès) لە ساڵی (1900)، فیلمی جوان ژنەکە(Joan the Woman)ی دەرهێنەری ئەمریکی سیسیل بی دیمیل(Cecil B. DeMille) لە ساڵی (1916)، فیلمی جودیزی بتوێل(Judith of Bethulia)ی دەهێنەری ئەمریکی دی دەبلیو گریفیز(D. W. Griffith) لە ساڵی (1914)، فیلمی ناپۆلیۆن(Napoléon)ی دەهێنەری فەرەنسی ئەبێل گانس(Abel Gance) لە ساڵی (1927)، فیلمی جێسی جەیمس(Jesse James)ی دەهێنەری ئەمریکی لۆید ئینگراهام(LIoyd Ingraham) لە ساڵی (1927).
بەپێی هەندێک سەرچاوە (هەرچەندە پشتڕاست نەکراونەتەوە)، ئەو کەسایەتییە مێژووییەی کە زۆرترین ئامادەیی لەسەر شاشە هەیە واتە نوێنەرایەتی ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی مێژوویی دەکات ئیمپراتۆری فەرەنسا “ناپلیۆن پۆناپارت” ە. ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی دیکە کە زۆر جار نیشان دەدرێن بریتین لە “ئەبراهام لینکۆڵن، مەسیح، لینین، هیتلەر، کلیۆپاترا، شاژنە ڤیکتۆریا، هێنری هەشتەم، شاژنە ئیلیزابێس”. هەندێک جاریش کەسایەتییە ڕۆژئاواییەکان نیشان دەدرێن لەوانە (ویلیام فریدریک بوفالو بیڵ، ویلیام هاریسۆن بۆنی ناسراو بیلی کید(Billy the Kid)، جێسی جەیمس، وایڵد بیڵ هیکۆک، جۆرج ئارمسترۆنگ کاستەر، وایات ئیرپ). چەندین ئەکتەر و ئەکترێس خەڵاتی ئۆسکاریان بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی ژانری ژیاننامە بردووەتەوە، لەوانە ڕۆڵە بەهێزەکانیان بۆ ڕۆڵی ئاوازدانەر و سەماکەر و شانۆنامەنووس جۆرج کۆهان لە فیلمی یانکی دوودڵی دانی(Yankee Doodle Dandy) ساڵی (1942)، هەروەها بۆ ڕۆڵی ژەنڕاڵ جۆرج سی سکۆت لە فیلمی پاتۆن(Patton) ساڵی (1970)، هەروەها بۆ ڕۆڵی شاژنە ئیلینۆر ئەکویتن هاوسەری هێنری هەشتەم لە فیلمی شێر لە زستان(The Lion in Winter) ساڵی (1968)، هەروەها بۆ ڕۆڵی خانمە گۆرانیبێژ لۆریتا لین لە فیلمی کچی کانگەری خەڵوز(Coal Miner’s Daughter) ساڵی (1980)، هەروەها بۆ ڕوڵی کریستی براونی ئیفلیج لە فیلمی پێی چەپم(My Left Foot) ساڵی (1989)، هەروەها بۆ ڕوڵی ڕابەری ڕۆحی و کاریزمای ئاشتیخوازی هیندی مەهاتما گاندی لە فیلمی گاندی(Gandhi) ساڵی (1982).
چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی خەڵاتی ئۆسکاردا دەردەکەوێت کە فیلمی ژانری ژیاننامە هەموونیان هەبوو بەسەر کۆکردنەوەی خەڵاتەکەدا، تا نووسنی ئەم کتێبە لە کۆی (89) خولی ئەم پێشبڕکێیە، خەڵاتی باشرین ئەکتەر بەخشرایە (35) فیلمی ژانری ناوبراو کە باس لە ژیانی کەسایەتییەک دەکەن، سەرەتاش بە فیلمی دیزرائیلی(Disraeli) لە ساڵی (1929) دەستپێدەکات کە تێیدا ئەکتەر جۆرج ئارلیس ڕۆڵی بینجامین دیزرائیلی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەگێڕێت کە بۆ دوو خول سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو و بە فیلمی تیۆری هەموو شت(The Theory of Everything) ساڵی (2014) کۆتایی دێت کە تێیدا ئەکتەری ناوداری ئەمریکی ئێدی ڕێدماین ڕۆڵی فیزیازانی ئینگلیز ستیڤن هۆوکینگی بینی. جێگای سەرسوڕمانە کە ئەکتەر بە تاوانا دانیاڵ دەی لویس کە سێ خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ڕۆڵ بەدەستهێناوە، دووانیان بەهۆی نواندنەوەی کەسایەتی بوون ئەوانیش لە فیلمی پێی چەپم و فیلمی ژیاننامەی شازدەیەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەبراهام لینکن بە ناوی لینکن(Lincoln) ساڵی (2013). لە تەمەنی نەوەد ساڵی مێژووی خەڵاتی ئۆسکاردا، (34) فیلم خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فیلمی ژیاننامە بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لە دەیان خەڵات بۆ بەشەکانی تر لەوانە (باشترین جلوبەرگ، باشترین میوزیک، باشترین فیلمی بیانی…هتد).
نووسینی: عەلاء ئەلمەفرەجی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
پێشکەشە بە: ئارام سدیق