لەدواى دروستکردنى دەوڵەتى ئێراقەوە، دەسەڵاتە جیاوازەکان نیشتیمانێکى دیکەیان بۆ هاووڵاتیانى ئەم وڵاتە لەژێر خاکدا دروستکرد کە بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناسراوە، لە دەورانى پاشایەتیەوە هەتا ئێستا گۆڕى بەکۆمەڵ لە ئێراق نەبڕاوە، بۆیە تائێستا بە دروستى ژمارەى گۆڕەکان و ژمارەى قوربانییەکانى ناوى نازانرێت، بەڵام ئەوەى ئاشکرایە ئەوەیە کورد پلەى یەکەمى لە قوربانییەکانى ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هەیە. رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕى بەکۆمەڵ بەهەر گۆڕ یان چاڵێک پێناسەدەکات کە تەرمى سێ مرۆڤ یان زیاترى تێدابێت و دواى لەسێدارەدانیان نێژرابن. هەرچى پارلەمانى ئێراقە لە یاساى ژمارە پێنجى ساڵى (2006)دا گۆڕى بەکۆمەڵى بەو گۆڕە ناساندوە کە تەرمى زیاتر لە کەسێکى تێدایە و بەبێ رەچاوکردنى حوکمەکانى شەریعەت و بەها مرۆییەکان لە ناشتنى مردواندا نێژراون، بە ئامانجى شاردنەوەى ئاسەوارى کۆمەڵکوژییەکە.
“مێژووى گۆڕى بەکۆمەڵ لە ئێراقدا”
دواى نزیکەى دە ساڵ لە دروستکردنى دەوڵەتى ئێراق، یەکەم کۆمەڵکوژى لە سەردەمى شافەیسەڵى یەکەم لە کابینەکەى رەشید عالى گەیلانى ئەنجامدرا، کاتێک سوپاى ئێراق بە فەرماندەیى بەکر سدقى سوپاسالار لە ناوچەى (سمێڵ) لە پارێزگاى موسڵ بەتۆمەتى جوداخوازى پەلامارى ئاشورییەکانیان دا، دەستیانکرد بە گرتن و کوشتنیان و شاردنەوەیان لە گۆڕى بەکۆمەڵدا. لە دواى ڕووخانى رژێمى پاشایەتى و راگەیاندنى کۆمارى ئێراق، لە ساڵى (1963) بەعسیەکان کودەتا دەکەن و حکومەتەکەى “عەبدولکەریم قاسم” لەناودەبەن. بەعسییەکان لەڕێگەى هێزى حەرەس قەومییەوە پەلامارى کوردستان دەدەن و کوشتارى هاووڵاتیانى کورد دەکەن. بەجۆرێک لە ساڵى (2010) گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە قەزاى کفرى دۆزرایەوە کە تەرمى (28) کەسى تێدابوو، ئەو کەسانەش کورد و پێشمەرگە بوون و لە ساڵى (1963) کۆمەڵکوژ کرابوون. مێژووى دەسەڵاتدارێتى بەعسییەکان لە (1963 – 2003)، قۆناغێکە پڕ لە تاوانکارى و گۆڕى بەکۆمەڵ. بەجۆرێک هیچ شار و ناوچەیەکى ئێراق نییە کە گۆڕى بەکۆمەڵى تێدانەبێت. بەپێی ئاماری ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ساڵی (1979) تا رووخانی رژێمی بەعس یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار ونبوو هەیە، کە ژمارەیەكی زۆریان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندان.
بەعسیەکان تا دوا ساتەکانى دەسەڵاتیان بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژى، بەجۆرێک بەگوێرەى تۆمارەکانى وەزارەتى مافى مرۆڤى ئێراق، مێژووى ناشتنى قوربانیانى دوایین گۆڕى بەکۆمەڵى سەردەمى بەعسیەکان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژى (4/4/2003)، واتە تەنها چوار رۆژ بەر لە روخانى رژێمى بەعس، لە ناوچەى مەدائین لە باشوورى رۆژهەڵاتى بەغدا.
“رۆژێک بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان”
رۆژى (9/نیسان/2003) کۆتایى بەدەسەڵاتى بەعسیەکان هێنرا، دواى یەک مانگ لە ڕووخاندنى رژێمى بەعس و بە دیاریکراوى لە (16/ئایار/2003) یەکەم و گەورەترین گۆڕى بەکۆمەڵ لە قەزاى مەحاویل لە باشورى پارێزگاى بابل دۆزرایەوە. هەر بەو هۆیەوە ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراق لە کۆبوونەوەى رۆژى (14/ئایار/2007)، بڕیاریدا بە دیاریکردنى رۆژى (16/ئایار)ى هەموو ساڵێک وەکو رۆژى نیشتیمانى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ئێراقدا. بەگوێرەى راپۆرتێکى رێکخراوى “هیومان رایتس ۆچ”، گۆڕە بەکۆمەڵەکەى قەزاى مەحاویل کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دۆزرایەوە، تەرمى زیاتر لە (2000) هاوڵاتى لەخۆگرتبوو کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و بەتەمەن بوون. هەر ئەو رێکخراوە ئاشکراى دەکات لەدوورى نزیکەى پێنج کیلۆمەتر لەو گۆڕە، گۆڕێکى دیکە هەیە کە تەرمى سەدان کەسى تێدایە و پێدەچێت گۆڕى سێیەمیش هەبێت. بەگوێرەى راپۆرتەکە تەواوى تەرمەکانى ئەو ناوچەیە، هەموویان بەیەک وەجبە بە خاک سپێردراون.
بەپێى زانیارییەکانى ئەو رێکخراوە، لە ساڵى (1991) ژمارەى پێوانەیى لە کۆمەڵکوژى هاووڵاتیان تۆمارکراوە، بەجۆرێک پێشبینى دەکرێت لەدواى سەرهەڵدانى راپەڕینى هاوڵاتیان لە ناوچە شیعە نشینەکانى باشوورى ئێراق، زیاتر لە (350) هەزار کەس لەو ساڵەدا کوژرابن و لە زیاتر لە (200) گۆڕى بەکۆمەڵدا نێژرابن. بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانى ئێراق “زیا کەریم”، ڕایدەگەیەنێت دوو جۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، یەکەمیان بۆ تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەو شوێنە دیارانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە، بیابانی سەماوەیە کە گۆڕی بەکۆمەڵی زۆری تێدایە، هەموویان ئافرەت و منداڵن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی جینۆساید بە شێوەیەکی زۆر قێزەون کراوە، بەجۆرێک ئێسکەکان تێکەڵاوی یەکتر بوون”. بەوتەى ناوبراو کۆی گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێش و دوای ساڵی (2003) گەیشتووەتە (221) گۆڕ، کە (96) گۆڕیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس، هەروەها (125) گۆڕیش هی سەردەمی ڕێکخراوی داعشە. لەو ژمارە گۆڕەش تائێستا (134) گۆڕ هەڵدراونەتەوە کە هەشتا گۆڕی بەکۆمەڵیان هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە، (54) گۆڕی بەکۆمەڵیش هی سەردەمی داعش بووە، واتە تائێستا (87) گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە کە (16) گۆڕیان هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و (71) گۆڕی بەکۆمەڵیش هی داعشە. لە تەواوى ئەو گۆڕانەى هەڵدراونەتەوە، تائێستا (7709) تەرم دەرهێنراون کە (4451) تەرمى بۆ سەردەمى ڕژێمی بەعس و (3258) تەرمیشى بۆ سەردەمی داعش دەگەڕێتەوە.
“دوو یاسا و سێ کۆنگرە”
بەهۆى زۆرى ژمارەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پێویستنى پاراستنیان و دادگایکردنى سەرانى بەعس و قەرەبووکردنەوەى قوربانیان، پارلەمانى ئێراق لە ساڵى (2006) یاساى ژمارە پێنجى تایبەت بە پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى پەسەند کرد، ئەوەش یەکەم یاسایە لە مێژووى ئێراقدا کە تایبەت بێت بە گۆڕى بەکۆمەڵ. لە دواى سەرهەڵدانى رێکخراوى داعش و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەى گۆڕى بەکۆمەڵ، پارلەمانى ئێراق لە ساڵى (2015) بە یاساى ژمارە (13) یاساى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى هەموارکردەوە و ناوى یاساکەشى بۆ یاساى کاروبار و پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان گۆڕى. بەدەر لە لایەنى یاسایى، تائیستا سێ کۆنگرەى تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان سازکراوە، یەکەمیان لە (16/ئەیلول/2006) لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیا، دووەمیان لە (8/ئۆکتۆبەر/2008) لە شارى نەجەف، سێیەمیان لە (17/نیسان/2011) لە شارى هەولێر.
هەرچەندە گەلى کورد پشکى شێرى لە قوربانیانى گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا لە کوردستان یاسایەکى تایبەت بە گۆڕى بەکۆمەڵ نییە، تەنانەت لە یاساى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى ژمارە هەشت لە ساڵى (2006)، لە هەیکەلى وەزارەتدا هیچ بەڕێوەبەرایەتیەک بەناوى بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نییە. تەنها لە بڕگەى دەیەم لە ماددەى دووەمى یاساکە کە باس لە ئامانجەکانى وەزارەت دەکات، دەڵێت: گەڕان بەدواى چارەنووسى ئەنفالکراوان و دۆزینەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گێڕانەوەیان بۆ زێدى خۆیان. سەربارى هەموو ئەوانە هاوشێوەى عێراق، رۆژێک لە کوردستان وەک رۆژى گۆڕە بەکۆمەڵەکان دیارى نەکراوە.
“گۆڕ غەریبانى کورد”
لەدواى ڕووخانى رژێمى بەعسەوە لە ساڵى (2003)، واتە لەماوەى (22) ساڵى رابردودا تەنها چل گۆڕى بەکۆمەڵى تایبەت بە قوربانیانى کورد هەڵدراونەتەوە، کە (24) گۆڕى تایبەت بووە بە قوربانیانى تاوانى ئەنفال، کە دوو گۆڕیان لە ساڵى (2005) لە پارێزگاى موسڵ، دوو گۆڕیان لە ناوچەى حەیدەرییە لە پارێزگاى نەجەف لە ساڵى (2008)، سێ گۆڕیان لە ناوچەى تۆپزاوا لە پارێزگاى کەرکوک لە ساڵى (2009)، شەش گۆڕیان لەناوچەى مەهارى لە پارێزگاى دیوانییە لە (2011)، شەش گۆڕیان لە ناوچەى حەمرین لە (2011)، سێ گۆڕیان لە نوگرە سەلمان لە (2013)، دوو گۆڕ لە ناوچەى تەلشێخە لە پارێزگاى سەمماوە لە ساڵەکانى (2019 و 2025) هەڵدراونەتەوە. بەدەر لە قوربانیانى ئەنفال، تائێستا بە سێ قۆناغ پێنج گۆڕى بەکۆمەڵى تاوانى جینۆسایدى بارزانییەکان لە ماوەى ساڵانى (2005 – 2022) لە پارێزگاى سەمماوە هەڵدراونەتەوە.
لەکۆى ئەو گۆڕانەى هەڵدراونەتەوە تائێستا روفاتى (2711) هاووڵاتى کورد دەرهێنراوە، لەو ژمارەیە (1900) روفاتیان تایبەتن بە دۆسیەى ئەنفال کە دەکاتە (1%) کۆى قوربانیانى تاوانەکە، (696) روفاتیان تایبەتە بە جینۆسایدى بارزانییەکان و (115) روفاتیان تایبەتن بە دۆسیەکانى دیکە. تەواوى ئەو تەرمانەى دەرهێنراون و لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستان بە خاک سپێردراون، تەنها کۆدیان بۆ دانراوە و بەفەرمى نەناسراونەتەوە، چونکە پشکنینى ((DNA بۆ تەواوى کەسوکارى قوربانیان نەکراوە. لە مانگى شوباتى (2024)ەوە شەش هەڵمەتى وەرگرتنى سامپڵى خوێن بۆ کەسوکارى قوربانیان لە ماوەى (33) رۆژدا کراوە، بە کۆى گشتى سامپڵى خوێن لە (2214) کەسوکارى ئەنفالکراو بۆ ناسینەوەى تەرمى (2545) جینۆسایدکراو وەرگیراوە.
سەرچاوەکان:
1. کۆمەڵێک نووسەر: عێراق وڵاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چاپى دووەم، (2025)
2. عەدالەت عومەر: گۆڕە بەکۆمەڵەکان و چۆنیەتى شیاندن و قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى قوربانیان، گۆڤارى ئەنفالناسى، ژمارە حەوت، (14/4/2025).
3. ماڵپەڕى مۆسسە الشهداء، ماڵپەڕى الحرە العراق، ماڵپەڕى کوردیو.
ئامادەکردن: بارام سوبحى