“پێشەکی”
“دەروونناسی” زانستێکی دینامیکی و فراوانە کە بە ئامانجی باشتر تێگەیشتن لە ڕەفتار و زەینی مرۆڤ، پێشکەوتنی بەرچاوی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەدەست هێناوە. دەروونناسی بە پشتبەستن بە توێژینەوەی زانستی توانیویەتی لە چارەسەرکردنی کێشە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت. “دەروونناسیی سیاسی”ش بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری سیاسیی تاک و کۆمەڵگە، لە بنەماکانی دەروونناسی کەڵک وەردەگرێت. لە جیهانێکی پڕ لە چالێنجی سیاسیدا، باشتر تێگەیشتن لە پاڵنەر، تێڕوانین، هەست و سۆزی سیاسیی هاووڵاتییان دەتوانێت ببێتە هۆی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی وشیارتر. بەپێی بەستێنی فیکریم کە بەکالۆریۆسی “دەروونناسیی گشتی”م هەیە، لەم وتارەدا وێڕای پێناسەی “دەروونناسی” و “دەروونناسیی سیاسی”، هەوڵ دەدەم وڵامی ئەم پرسیارەش بدەمەوە کە “بۆچی سیاسەتوانانی کورد دەبێ لە دەروونناسیی سیاسی بکۆڵنەوە؟”
“دەروونناسی چییە؟”
دەروونناسی (Psychology) زانستێکە کە لە ڕەفتارەکان و پرۆسەی زەینیی مرۆڤ و ئاژەڵەکان دەکۆڵێتەوە. ئەم زانستە بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدە زانستییەکان، هەوڵ دەدات کە لە چۆنیەتیی بیرکردنەوە، هەست، فێربوون، تێگەیشتن و هەڵوێستی تاکەکان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا بکۆڵێتەوە. بەپێی پێناسەی “کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمریکا” (APA)، “دەروونناسی بریتییە لە کۆڵینەوەی زانستی لە زەین و ڕەفتار. دەروونناسی بوارێکی فرەلقییە و بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک گەشەکردنی مرۆڤ، دەروونناسیی مەعریفی، دەروونناسیی کۆمەڵایەتی، دەروونناسیی کلینیکی و دەروونناسیی دەمار لەخۆ دەگرێت”.
“لقە سەرەکییەکانی دەروونناسی”
– دەروونناسیی کلینیکی:- لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی تێکچوونە دەروونی و کێشە سۆزدارییەکان.
– دەروونناسیی گەشەکردن:- لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییە دەروونی و ڕەفتارییەکان بە درێژاییی ژیان.
– دەروونناسیی مەعریفی:- لێکۆڵینەوە لە پرۆسەکانی وەک بیرکردنەوە، یاد، فێربوون و زمان.
– دەروونناسیی کۆمەڵایەتی:- لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی کەسانی دیکە لەسەر ڕەفتاری تاک.
– دەروونناسیی دەمار:- شیکاریی کارکردنی مێشک و پەیوەندییەکەی بە ڕەفتارەوە.
بەگشتی “دەروونناسی” ڕۆڵێکی گرنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، لەوانە سیاسەت، پەروەردە، چارەسەر، ڕیکلام، بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان، تەندروستیی دەروونی و تەنانەت وەرزشیش. شارەزایانی ئەم بوارە لە هەوڵدان کە لە ڕێگەی باشترکردنی کردەی تاکەکەسی و گروپی، کوالێتیی ژیان بەرز بکەنەوە.
“دەروونناسیی سیاسی چییە؟”
دەروونناسیی سیاسی (Political Psychology) بوارێکی نێوان زانستەکانە کە کەوتووەتە نێوان دەروونناسی و زانستی سیاسی. ئەم بوارە بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکە دەروونییەکان – لە بەستێنی کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییدا – هەوڵی شیکردنەوەی هەڵسوکەوتی سیاسیی تاک، سەرکردە و گرووپەکان دەدات. دەتوانین دەروونناسیی سیاسی بەم شێوەیە پێناسە بکەین:- “لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن پرۆسەکانی مەعریفی، سۆزداری و کەسایەتی، کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری سیاسیی مرۆڤەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵات هەیە”. ئەم بوارە هەوڵ دەدات وڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە “بۆچی خەڵک بە شێوەیەکی تایبەت یان دیاریکراو دەنگ دەدەن؟ چۆن بڕیاری سیاسی دەدەن؟ چ هۆکارێک دەبێتە هۆی دروستبوونی ئایدیۆلۆجیای سیاسی؟”
“بابەتە سەرەکییەکان لە دەروونناسیی سیاسیدا”
– ڕێبەرایەتیی سیاسی و کەسایەتی:- شیکردنەوەی تایبەتمەندییە دەروونییەکانی ڕێبەر و سەرکردەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان.
– ناسنامەی کۆمەڵایەتی و دەمارگرژی:- لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی دروستبوونی دەمارگرژیی ئێتنیکی، ئایینی و ڕەگەزی لە پرۆسە سیاسییەکاندا.
– ڕەفتاری دەنگدەر:- لێکۆڵینەوە لە هۆکارە دەروونییەکان کە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی سیاسی هەیە، وەک ترس، هیوا، متمانە و پڕوپاگەندە.
– بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەدا:- پشکنینی ڕۆڵی تێگەیشتن، هەستکردن بە هەڕەشە و ناسین لە بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتیدا.
– ئایدیۆلۆجیا و ئاڕاستەی سیاسی:- شیکردنەوەی ڕەگ و ڕیشەی دەروونیی بیروباوەڕەکان، وەک لیبڕاڵ، پارێزکار و تووندڕەو.
بەگشتی دەروونناسیی سیاسی یارمەتیدەرە بۆ باشتر تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ململانێ، توندڕەوی، بێمتمانەییی سیاسی و میکانیزمەکانی کاریگەریدانانی سیاسی. ئەم زانستە ڕێگە بە داڕێژەرانی سیاسەت و توێژەران دەدات کە تێڕوانینێکی قووڵتر لە ڕەفتاری جەماوەر و بلیمەتە سیاسییەکان بەدەست بهێنن.
“بۆچی سیاسەتوانانی کورد دەبێ لە دەروونناسیی سیاسی بکۆڵنەوە؟”
لە زۆرێک لە ناوچە کوردستانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد ڕووبەڕووی چالێنجگەلی مێژوویی و پێکهاتەیی وەک سنووردارکردنەوەی سیاسی، هەڵاواردنی کولتووری و ئاڵۆزیی ناسنامە بووەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، سیاسەتوانانی کورد بۆ تێگەیشتنی قووڵ لە بارودۆخی خۆیان و ئەو کۆمەڵگەیەی کە نوێنەرایەتیی دەکەن، پێویستیان بە زانستێکی دیکە هەیە، ئەویش لە دەرەوەی شیکارییە ئابووری یان سەربازییە باوەکان. لەم ڕێگەیەدا، دەروونناسیی سیاسی دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت.
“ئەو هۆکارانەی کە گرنگایەتیی دەروونناسیی سیاسی بۆ سیاسەتوانانی کورد دەسەلمێنێت”
– تێگەیشتن لە دەروونناسیی سەرکوت و داگیرکاری:- داگیرکاری یان کۆلۆنیالیزم، تەنیا دیاردەیەکی سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵکوو زەین و دەروونی گەلانیش دەکاتە ئامانج. دەروونناسیی سیاسی یارمەتیی سیاسەتوانانی کورد دەدات تا لە کاریگەرییە دەروونییە درێژخایەنەکانی کۆلۆنیالیزم وەک “هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، خۆسانسۆری و قبوڵکردنی نائاگایانەی هەژموون” تێبگەن و لە ڕێگەکانی ڕزگاربوون لەم کۆتوبەندانە بکۆڵنەوە.
– بنیاتنانەوەی ناسنامەی بەکۆمەڵ:- ناسنامەی نەتەوەییی کورد بەردەوام گوشاری خراوەتە سەر و زۆر جاریش پەراوێز خراوە. سیاسەتوانان بە کەڵکوەرگرتن لە دەروونناسیی سیاسی دەتوانن ڕێگەگەلێک دابڕێژن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست ناسنامەی بەکۆمەڵ بنیات بنێنەوە و هەست و هزری یەکگرتوویی و شانازیی نەتەوەیی بەهێز بکەن.
– کۆنترۆڵکردنی ململانێ نیوخۆیی و دەرەکییەکان:- لە کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن و سەرقاڵدا، سیاسەتوانان دەبێ بتوانن لە پاڵنەرەکان، ترسەکان و هیواکانی گرووپە جیاوازەکان تێبگەن. دەروونناسیی سیاسی ئامرازێکی شیکاریی گونجاو بۆ کۆنترۆڵی ململانێی نێوخۆیی (لەنێوان حزب و بزووتنەوە کوردییەکان) و دەرەکی (لەگەڵ حکوومەتە ناوەندەکان یان کەمینەکانی تر) دابین دەکات.
– شیکردنەوە و چاکسازی لە شێوازەکانی سەرکردایەتیکردندا:- لەو کۆمەڵگەیانەی کە لەژێر هەژموون و گوشاری مێژووییدا بوون، ڕەنگە شێوازەکانی سەرکردایەتیی تاکڕەوانە یان تائیفی بەهێزتر بکرێن. سیاسەتوانانی کورد بە ئاگاداربوون لە داینامیکی دەروونیی دەسەڵات، دەتوانن مۆدێلی سەرکردایەتیی هاوبەش و دێموکراتیک و پشتبەستوو بە متمانەی گشتی، بەرەوپێش ببەن.
– بەهێزکردنی ڕای گشتی:- زۆرجار خەڵکی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم تووشی بێمتمانەییی درێژخایەن بە دامەزراوە حکوومەتییەکان و داهاتووەوە دەبن (وەک باشووری کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسدا). بە کەڵکوەرگرتن لە دەروونناسیی سیاسی، سەرکردەکانی کورد دەتوانن ستراتیجی و سیاسەت بۆ وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی دابڕێژن کە یارمەتیی بنیاتنانەوەی متمانەی گشتی و زیادکردنی بەشداریی سیاسی بدەن.
“ناساندنی چەند کتێبێک لەبارەی دەروونناسیی سیاسی (ئینگلیزی)”
بەر لە ئەنجامی وتارەکە، بە پێویستی دەزانم چەند کتێبێک لەبارەی دەروونناسیی سیاسیتان پێ بناسێنم. لە بواری دەروونناسیی سیاسیدا، کتێبی دیار هەن کە بەدواداچوون بۆ پەیوەندیی دەروونی مرۆڤ بە دەسەڵات، ئایدیۆلۆجیا، بڕیاردانی سیاسی و ڕەفتاری بەکۆمەڵەوە دەکەن. لە خوارەوە چەند کتێبێکی بەناوبانگ بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئەم بابەتە دەناسێنم:-
– Political Psychology: Situations, Individuals, and Cases (David Patrick Houghton).
ئەم کتێبە کتێبێکی نایابە بۆ ناساندنی بابەتە سەرەکییەکانی دەروونناسیی سیاسی، لەوانەش نموونەی هاوچەرخ و شیکاریی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ.
– The Authoritarian Personality (Theodor W. Adorno, Else Frenkel-Brunswik, Daniel Levinson, Nevitt Sanford).
ئەم بەرهەمە یەکێکە لە بەرهەمە کلاسیک و بنەمایییەکان لە پشکنینی دەروونناسیی پاوانخوازی و کۆنتێکستەکانی کەسایەتییەکانی.
– Political Ideologies and Political Philosophies (Hans Noel).
ئەم کتێبە هەرچەندە زیاتر دەپەرژێتە سەر تیۆرییە سیاسییەکان، بەڵام گرنگی بە سایکۆلۆجیای دروستبوونی ئایدیۆلۆجیش دەدات.
“ئەنجام”
لە کاتێکدا نەتەوەی کورد هێشتا لە تێکۆشان و خەبات بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و مرۆیییەکانی خۆی بەردەوامە، ئاشنابوونی سیاسەتوانانی کورد بە دەروونناسیی سیاسی نەک هەر پێویستییەکی شیکارییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ سەرکردایەتییەکی وشیارانە، بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و پێشخستنی ئامانجە ستراتیجییەکان.
سەرچاوە (فارسی)
– مبانی روانشناسی عمومی؛ دکتر حمزە گنجی (انتشارات روان)
– روانشناسی سیاسی؛ عبدالملکی (چاپ دانشگاه پیام نور)