بۆ تێگەشتن لەم پیاوەی دوورەپەرێزی لەسەر خۆی فەرز کردووە، پێویستە لەسەر دروشمە هەمیشەییەکەی (لێکدانەوەی خوودی) چڕ ببینەوە.
“ئەوەندە کاتمان لەسەر زەوی نییە، تا لە کەسانی تردا بەفیڕۆی بدەین.”
وەک دیارە ئەدەب و هونەری پێکێت لەسەر ئەوەی دەبێـت مرۆ خۆی بێت چڕ دەبێتەوە. گەر وشەی “زیرەکی” پێشتر نەدۆزرابایەتەوە، ئەوا بۆ ئەم دەهاتە بوون. هەرگیز پێشتر نەمبیستووە دەربارەی کەسێک بە خراپە بدوێت، کە ئەمەش شێوەیەکە لە شێوەکانی شاهانەیی کە هەمیشە بۆی بە داخ بووم و بەبێ ئەوەی ئاگاداریشبێت بەدەستییەوە ناڵاندوویەتی. لە دونیای خەیاڵیدا دەژیا و لە دونیاکەی ئێمەدا نەبوو، هەر بۆیە هەرگیز پێم وانەبووە ڕۆژێک دا دێـت دەربارەی هەندێک ڕووداو پرسیاری لێ بکەم. یەکێکە لەو مرۆڤانەی وات لێدەکات درک بەوە بکەیت مێژوو تەنیا دوورییەکە کە مرۆ دەتوانێـت بەبێ بوونی بژی. گەر لە پاڵەوانەکانی بچوایە، بەبێ ئەوەی خەسڵەتی خۆی بگۆڕێت وەکوو خۆی دەمایەوە. ئەوەی دەیەوێت دەری بخات ئەوەیە نایەوێت خۆی بەسەر کەسدا فەرز بکات، وەک چۆن پێشوازی لە سەرکەوتن دەکات بەهەمان شێوەش پێشوازی لە دۆڕان دەکات. هەر جارێک بیری لێدەکەمەوە بە خۆم دەڵێم: “چەند دژوارە بزانیت چی لە سەریدا گوزەر دەکات و شوێنکەوتەی چ شێوازێکە.”
لە سووچێکی ئەوروپاوە هاتووم کە جنێو و تووندوتیژی و کێشە بەپێویستیی دەزانن. کاتێک لەبەردەم کورسی دانپێدانانیت و ژیان هاوبەش دەبێـت، ئاشنای هەموو خەڵکی دەبیت. کاتێک لەسەر مێزی شێو بێزار بوو لە پرسیاری ساویلکانەی سەبارەت بە کار و ژیانی، پەنای بردە بێدەنگی و پشتی لێکردین. هێشتا شێومان تەواو نەکردبوو وەکوو ئەوەی بەرەو ئەنجامدانی نەشتەرگەری یان لێپێچینەوە بڕوات، جێیهێشتین. پێنج ساڵ لەمەوبەر لە شەقامی گوێنمەر چاومان کەوت بەیەک. کاتێک لێی پرسیم داخۆ کار دەکەم، وەڵامم دایەوە و وتم: “نووسین ئازارم دەدات، ئارەزووی کارکردنم نەماوە و بە پێویستی نازانم خۆم و بەرهەمەکانم دەربخەم.” سەرسام بوو لەم قسانەم، بەڵام من زیاتر سەرسام بووم کاتێک باسی “خۆشی” هاوەڵیکردنی کتێبی دەکرد. هەر بەڕاست ئەو وشەیەی بەکارهێنا؟ بەڵێ، خاترجەمم لەوەی ئەو وشەیەی بەکارهێنا. رێک لەو وەختەدا، یەکەم دیداری دە ساڵ پێش ئێستامان لە چێشتخانەی گڵۆز دی ڵایڵا بیر هاتەوە، کە باسی بێزاری خۆی لەبارەی کتێبەوە دەکرد و دەیوت هیچ شتێکی نەماوە بیکات بە وشە.
وشەکان، جا کێ هەیە هێندەی ئەو کەیفی بە وشەکان بێت؟ وشەکان هاوڕێگەین. ئەم پیاوە پشت بە هیچ تەکنیکێک نابەستێت، بەڵام کە باسەکە دێـتە سەر وشە دەست بە بیروبۆچوون و ڕای خۆیەوە دەگرێت. گومان لەوەدا نییە کاتێک شەپۆلی خەم بەرۆکی دەگرێـت هاو ساتە لەگەڵ ئەو کاتەی بڕوای بە وشە نامێنێت و لەدەستی دەدات، کاتێک خەیاڵی ئەوە دەکات وشەکان ناپاکی لەگەڵ دەکەن و لەدەستی هەڵدێن و بەجێی دێڵن، لە شوێنی خۆی وشک هەڵدێت.
وشەی “sans”ی فەڕەنسی هاوواتای وشەی “lessness” ئینگلیزییە کە بە مانای “بەبێ” یان “کەمی” دێت. ئەمەش وشەیەکە کە پێکێت دروستیکرد، وەک چۆن هاووتای ئەڵمانی “losigkeit” دروستکرد. وشەی “lessness” بەتەواوی کاری لێکردبووم، تەنانەت ئێوارانێک پێموت ناخەوم تاوەکوو هاوواتا فەڕەنسییەکەی نەدۆزمەوە. پێکەوە هەموو وشەیەکمان بەسەر دەکردەوە کە هاوواتا یان نزیک بێت لە وشەی “sans” و “moindre” بەڵام هیچ وشەیەک نەگەشتە وشەی “lessness” و بێ ئومێدانە لەیەک دابڕاین. کە گەشتمە ماڵەوەش نەمتوانی بیرنەکەمەوە لە وشەی “sans”، کە لەوەدابووم خۆم بەدەستەوە بدەم، بیرمکردوە سەرێک بدەم لە هەگبەی زمانی لاتینی. ڕۆژی دواتر نامەم بۆ نارد و ئاگادارم کردەوە کە وشەی “sine’ite’” ئەو وشەیە بەدوایدا وێڵ بووین، وەڵامی دامەوە و وتی منیش بیرم لەهەمان وشە کردبۆوە، لەوەیە هەر لەو ساتەی من بیرم لێکردبۆوە ئەویش بیری لێکردبێـتەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئەوەشی پێی گەشتین نەگەشتن بە هاوواتای “lessness”. ڕێککەوتین لەسەرئەوەی دەست لە گەڕان هەڵبگڕین و لە زمانی فەڕەنسیدا وشەیەک نییە توانای هەمان گوزارشتکردنی هەبێـت و دانیشبنێین بە هەژاری میتافیزیکی بەرانبەر پیتەکان.
کاتێک لەگەڵ نووسەرانێک دادەنیشیت کە هیچیان نییە بۆ وتن، جگە لە ئەدەب دەتوانی باسی چیتر بکەیت؟ بەڵام ئەمە بە دەگمەن یان دەتوانم هەرگیزیش لەگەڵ ئەودا ڕووینەداوە. بابەتی ڕۆژانە و کێشە داراییەکان سەرنجی ڕادەکێشان، بەڵام بەرگەی پرسیارگەلی وەکوو: پێت وانییە کارەکانی فڵان بەردەوام دەبێت؟ فڵان شایەنی ئەو شوێنەیە؟ گەر فڵان و فڵان بەیەک بەراورد بکەین، کامیان تەرازوویان قورسترە؟ ئەی کامیان گەورەترن؟ نەدەگرت. هەمیشە ئەم جۆرە پێوەرانە دەبوونە مایەی خنکانی. دوای ئێوارە خوانێکی بێزارکەر و وەڕسکەر کە بابەتی گفتۆگۆیان مایەی بێزاری بوو، پێیوتم: “ئەمە یانی چی؟” ئەو بەباشی خۆی دەناسی، خودی خۆی سەرنج و نووسراوی دەربارەی شانۆییەکانی پشتگوێ دەخست. ئەوەی بەلایەوە گرنگ بوو ئەو لەمپەرانە بوون کە تێیدەپەڕێنێت، نەک تێی پەڕاندووە. گەر لەبارەی شانۆییەکانی پرسیارت لێکردبایە، سەبارەت بە ناوەڕۆک و ماناکەی لەگەڵت نەدەدوا، بەڵکوو سەبارەت بە ئەو وێنایەی کە وردترین وردەکارییەکان دروستی دەکەن لەگەڵت دەدوا. هەمیشە بەدوای گۆڕەوە بووم، پێکێتیش بەهەمان شێوە (کورتە چیرۆکی “یەکەم خۆشەویست” ی پێکێت بە تاریفکردنی گۆڕ دەست پێدەکات، هەر ئەوەی کە دەکەوێـتە هامبۆرگ).
“بەلای ئەوەوە کەوتنی بۆمبێک و گەڵای دارێک جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو”
لەو ساتەوەی پێکێت دەناسم، چەندینجار لەبارەی پەیوەندی خۆی و پاڵەوانەکانی و خاڵی هاوبەشی نێوانیان پرسیارم لە خۆم کردووە. کێ ئەوەندە تێدەگات؟ هەر بەڕاست دەکرێـت بوونی کارەکتەرکان و بوونی خۆشی لە “تیشکی خۆڵەمێشـی” کە لە “مردنی ماڵۆن”دا تاریفی کردووە سەرنقووم ببن؟ لاپەڕەکانی لە جۆرە مۆنۆلۆژێک دەچن کە کە کۆتاییەکی گەردوونی لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن. هەستدەکەیت دەچیتە جیهانی پاش مەرگ.
فەلسەفەی فینگشتاین سەرنجم ڕاناکێشێت، بەڵام کاری لێکردووم. ئەو و پێکێت زیاتر لە خەسڵەتێکی هاوبەشیان هەیە: دوو تارمایی دیار و تەمومژاوین کە مرۆ حەز دەکات بە دوو سەرسوڕهێنەترینەکە ناویان ببات. هەمان مەودا لەنێوان خۆیان و بوونەکان و شتەکاندا دادەنێن. هەمان کەللەڕەقی و تووندیان هەیە. ئێرلەندی بوونی پێکێت لەهەمان کاتدا هەم گرنگە هەم گرنگیش نییە، هەڵەکە لە دیدگای فەڕەنسییەوەیە کە بە “ئەنگلۆسەکسیۆنییەکی باو” لە قەڵەمی دەدات هەر ئەمەش بێزاری دەکات. داخۆ ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییە تاڵەکانی پێش جەنگی لە ڵەندەن؟ پێموابێت هۆکارەکەی ئەوەیە بەریتانییەکان بە هیچ دادەنێت، پێکێت پێشتر ئەمەی نەوتووە و من لەبری ئەو دەیڵێم. تەنەنات گەر دوونیاش بڕووخابایە، دەستی لە کارەکەی هەڵنەدەگرت و باسەکەی نەدەگۆڕی. هەرگیز بە شتە جەوهەرییەکان کاریگەر نەدەبوو، بەڵام سەبارەت بە ناجەوهەرییەکان هەروەکوو ئێمە لاواز و بێ دەسەڵات بوو، تەنانەت لە کارەکتەرەکانیشی لاوازتر بوو.
- ئەمیل سیوران (١٩١١-١٩٩٥): فەیلەسوف و ڕۆماننوسێکی ڕۆمانییە. پانزە بەرهەمی بە هەردوو زمانی (فەڕەنسـی – ڕۆمانی) بڵاوکردووەتەوە. لە گوندی ڕازیناری یەکێک لە گوندەکانی ترانسلڤانیای ڕۆمانی لەدایکبووە کە ئەو سەردەمە سەر بە ئیمپراتۆرییەتی نەمساوی بوو. باوکی قەشەیەکی ئەرۆزکسیای بووە لە گوندەکەی خۆیان. کاریگەر بووە بە بەرهەمەکانی: فریدریک نیچە، ئارسەر شۆپنهاوەر، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیمانوێل کانت.
- ساموێل پێکێت: نووسەر و شانۆنووس و ڕەخنەگر و شاعیرێکی ئیرلەندی بوو. لەساڵی ١٩٠٦ لە فۆکس ڕۆکی دبلن لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٨٩ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. یەکێک بوو لە نووسەرە دیارەکانی سەدەی ڕابردوو، چونکە بەهەمان شوێنپێی جەیمس جۆیسدا دەڕۆشت. “لە چاوەڕوانی گۆدۆ” بە گرنگترین بەرهەمی دادەنرێت. بەوە پێناسەی کارەکانی دەکرێت هەرچەندە بەپێی مرۆڤی هاوچەرخ بووە، بەڵام ڕەشبینیش بووە. خودی پێکێت ئەم ڕەشبینییەی بە “کۆمیدیای ڕەش” لەقەڵەم داوە.
سەرچاوە: المجلة المدی
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد