پێشەکی
سەرەتا دەمەوێ بەو وتەی *ناپلیۆن بۆناپارت* دەست پێبکەم کە دەڵێ(سەرکرد فرۆشیاری هیوایە)
مێژووی مرۆڤایەتی و لە هەموو سەردەمە جیاوازەکان لەگشت بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، لە دۆخی ئاشتی بێت یان جەنگ سەرکردە ڕۆڵ و پێگەی بایەخداری هەبووە لەناو کۆمەڵگاداـ
چەمکی سەرکرد و سەرکردایەتی وەک هەر بابەتێکی تری زانستی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە فاکتەرەکانی ئەم گۆڕانکاریانەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرەپێدان و پێشکەوتنی ژیان لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەروەها جێگیربوونی سیستمە سیاسیە دیموکراسیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلان، هەموو ئەمانە وایانکردوە لێکدانەوە و پێناسەی جیاواز بۆ سەکردە بکرێت، بۆیە لێرەدا دەتوانین پێناسەیەکی گشتی بۆ سەرکردایەتی بکەین بەوەی که سەرکردایەتی بریتیە لە؛ بزواندنی کۆمەڵە کەسانێک بەرەو ئاڕاستەیەکی دیاریکراو و نەخشەکێشراو بەمەبەستی هاندانیان بۆ کارکردن بە ڕەزامەندی خۆیان، سەرکردایەتی هێزە هەڵدەقوڵێت لەنێوان سەرکردە و تاکەکان بەڕێگایەکی شاراوە دەبێتە هۆی ئاڕاستەکردنی وزەی تاکەکان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و گونجاوـ
سەرکردە و جەماوەر
لە خەسڵەتە هەرە گرینکەکانی سەرکردە بوونی تواناکانیەتی لە پەیوەندی کردن به لایەنگرانی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لە کومەڵە پەیوەستیەکی ئاڵوگۆڕ لە نێوان تاک و گروپەکانی کۆمەڵ، سەرهەڵدەدات لەبەیەک گەیشتنی هەندێکیان و کارلێکردنی نێوانیان؛
ئەم پەیوەستیه کومەڵایەتیانە سێ مەرجی بنەڕەتی پێویستە:
١- بوونی ڕۆڵە کۆمەڵایەتیەکان کە ئەو تاکانەی پەیوەندیەکان پێکدێنن پێی هەڵدەستن.
٢- بوونی کۆمەڵە هێمایەکی رەفتاری و زمانەوانی کە ئەندامانی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێنن.
٣- بوونی ئامانج لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە.
لەو سێ مەرجەی سەرەوە سێ لایەنی هاوکێشەی سەرکردایەتی بەدەردەکەوێت ئەوانیش بریتین لە؛ سەرکردە، جەماوەر، هەڵوێست و رەفتار.
سەرکردە و جەماوەر دوو رەگەزی سەرەکی ئەو پەیوەندەیە کۆمەڵایەتیەن، بەڵام دەبێ هاوسەنگییەک لە رۆڵ و پەیوەندیان بەدی بکرێت، جەماوەر پێویستی بە سەرکردە هەیە بۆئەوەی یارمەتی بدات لەکاتی کێشە و قەیرانەکان، ئاڕاستەو چاودێری و ڕابەرایەتی ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی بکات بە تایبەت ئەگەر مۆرکی کاری بە کۆمەڵی پێوەدیاربێت زیاتر بەرەو سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەکان دەڕۆن، وە دەبێت سەرکردە ببێتە جێگای باوەڕو متمانەی جەماوەر بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە چارەنووس و دوارۆژی خۆی.
وەهەروەها سەرکردەش پێوستی بە جەماوەرە بۆ ئەوەی بتوانێ بە شیوەیەکی کارا پلان و ئامانج و بریارەکانی جێبەجیبکات، پێویستیشی بەویستی جەماوەرە بۆ ئەوەی لە پلە و پێگەی خۆی بمێنێتەوە چونکە جەماوەر چاودێرە بەسەریەوە، ئەگەر سەرکردە بەرامبەر ویستی جەماوەر لە پاشەکشێدابێت پێویستە رازبێت بە ئاڵوگۆڕکرنی دەسەڵات لەگەڵ سەرکردە نوێیەکان.
سەرکردە پێویستە بیرکردنەوەی لەسەر سێ ئاستی شیکردنەوەبێت؛
١- ئەوکەسانەی کارتێکردنی گەورەیان لەسەر شێوەی کارەکانی سەرکردە هەیە.
٢- ئەو گروپ و تیمە گرینگانەی کە پێویست بەتێکەڵاوبوونیان دەکات بۆ بە ئامانج گەیاندنی کاروبارەکان.
٣- شێوازی کاری دامەزراوەیی و ئەو چوارچێوەیە پیویستە لەناویاندا کاربکات.
هەروەها دەرکەوتنی سەرکردەی سەرکەوتوو لەلایەنی کاتێکردن و دەسەڵاتداریەتیە، سەرکردە بەسەرکەوتوو دەژمێردرێت کاتێ زانیاری بەدەست کەوت لەبارەی دەسەڵات و کارتێکردن بەسەر جەماوەر، بۆیە کۆمەڵێک بوار هەیە پێویستە سەرکردە کاریان لەسەربکات؛
١- کارپێکردن بەشێوازەکانی پاداشت و سزا.
٢- دیاریکرنی ئامانجەکان بەشێوەیەکی بابەتیان کە توانای جێ بەجێکردنی هەبێت و هەموو لایەک ڕەزامەندییان لەسەر هەبێت.
٣- وتار و ئاخاوتنەکان؛ ناوەرۆکەکەی و شێوازەکەی و دروشم و ئامانجەکان، سوود وەرگرتن لە رووداوەکان.
٤- ئاستی هزری و بیروڕا و ئەقڵانیەتی لەڕازیکردن.
لە کۆتایدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرکردایەتیکردن شتێک نییە شوێنێک نییە بتوانین دەستی لێبدەین و بە ئاسانی پێیبگەین، بەڵکو زۆرترین کاریگەری و کاتێکردنە لەسەر جەماوەر و هاوکاریان بێت بۆگەیشتن بە ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران، لەهەمانکاتدا کاربکات بۆ پیشکەوتنی سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگا لەڕووی (ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، خوێندن، سەربازی).