زمانەوانیی کۆمپیوتەر بەکارهێنانی زانستی کۆمپیوتەرە بۆ شیکاریکردن و تێگەیشتن لە زمانی نووسین و قسەکردن. وەک بوارێکی نێوەندی زمانەوانی کۆمپیوتەر، زانستی کۆمپیوتەر و زمان و زیرەکی دەستکرد پێکەوە کۆدەکاتەوە، هەروەها گرنگی دەدات بە تێگەیشتن لە زمان لە ڕوانگەی کۆمپیوتەرەوە. ئەو کۆمپیوتەرانەی کە لێهاتوویی زمانەوانیان هەیە، یارمەتی کارلێکی نێوان مرۆڤ و کۆمپیوتەر و سۆفتوێرەکان دەدەن. ئەمەش لە زۆر بواردا بەسوودە هەروەک یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە خێرایی کارەکانیان جێ بەجێ بکەن.
“بەکارهێنانەکانی زمانەوانیی کۆمپیوتەر”
زۆربەی کارەکانی بواری زمانەوانیی کۆمپیوتەر، کە هەردوو بەشی تیۆری و پراکتیکیان هەیە، ئامانجیان گەشەپێدانی پەیوەندی نێوان کۆمپیوتەر و بنچینەکانی زمانە. کە بریتین لە بوونیادنانی ئەو توانا دەستکردانەی کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت لە پرۆسێس کردن و بەرهەمهێنانی زماندا. بوونیادنانی ئەم توانا دەستکردانەش پێویستی بە زانایانی داتا هەیە، بۆ شیکارکردنی بڕێکی زەبەلاح لە داتای زمان بە هەردو شێوەی داتای ڕێکخراو و داتای ڕێکنەخراو. بەکارهێنانەکانی زمانەوانیی کۆمپیوتەر پێکدێت لەمانەی خوارەوە:-
پێواژۆی زمانی سرووشتی:- Natural language processingلقێکە لە لقەکانی زیرەکی دەستکرد،کە وا لە کۆمپیوتەرەکان دەکات بتوانن هاوشێوەی مرۆڤ لە زمان تێبگەن و هەروەها پرۆسێسی بکەن.
ئامێری وەرگێڕان:- Machine translation ئەمەش بریتییە لە پرۆسەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ مەبەستی وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر.
شیکاری هەستی بەکارهێنەران:- Sentiment analysis بریتییە لە پرۆسەی شیکارکردنی تێکستێکی دیجیتاڵی، بۆ بڕیاردان لەسەر تۆنی ئەو تێکستە لە ڕوی هەست و سۆزەوە.ئایا ئەرێنیە، نەرێنیە یاخود بێلایەنە.بۆ نمونە بڕێکی زۆر لە ئیمەیڵ، کۆمێنت یاخود ڕیڤیو.
چات بۆت:- ئەم سۆفتوێرانە هاوشێوەی مرۆڤ گفتوگۆ دەکەن، لە ڕێگەی نووسین یاخود پەیامی دەنگییەوە. دەرهێنانی زانیاری؛ بریتییە لە دروستکردنی زانیاری بەرفراوان لە داتای ڕێکخراو و داتای ڕێکنەخراوەوە. جیاکردنەوەی تێکست:- بریتیە لە پرۆسەی جیاکردنەوەی زانیارییە بەسودەکان لە بڕێکی زەبەلاح لە داتای تێکستی ڕێکنەخراو.
“جیاوازی نێوان زمانەوانیی کۆمپیوتەر و پێواژۆی زمانی سرووشتی”
چەمکی زمانەوانیی کۆمپیوتەر و پێواژۆی زمانی سرووشتی تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەن، چونکە هەردوو بوارەکە پێویستیان بە ڕاهێنانی فەرمی هەیە لە زانستی کۆمپیوتەر، زمانەوانیی هەروەها فێربونی ئامێر(Machine learning)دا،هەردوکیشیان هەمان ئامراز بەکاردەهێنن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان، وەک فێرکردنی ئامێر و زیرەکی دەستکرد، هەروەها زۆربەی ئەرکەکانی پێواژۆی زمانی سرووشتی بریتیە لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی زمان، بەهۆی ئەم لێکچونەیانەوە زۆر کەس هەردوو زاراورکە لە جیاتی یەکتر بەکاردەهێنن. بەڵام سەرەڕای لێکچونیان ئەم دوو چەمکە جیاوازن لە یەکتر. لە کاتێکدا پێواژۆی زمانی سرووشتی مامەڵە لەگەڵ توانای کۆمپیوتەردا دەکات بۆ تێگەیشتن لە زمانی مرۆڤ بەشێوەی قسە کردن یاخود نووسین. بەڵام زمانەوانیی کۆمپیوتەر سەرنج دەخاتە سەر باسکردنی زمان لە ڕوانگەی کۆمپیوتەرەوە وەک سیستەمێک. زمانەوانی کۆمپیوتەر زیاتر بە لای بابەتی زمانەوانیدا دەڕوات هەروەها وەڵامدانەوەی پرسیارە زمانەوانییەکان بە ئامرازە کۆمپیوتەرییەکان. پێواژۆی زمانی سرووشتی، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی تەکنۆلۆجیای زمان وەک چاتبۆت،سیستەمەکانی ناسەرەوەی ئاخاوتن و هەروەها یاریدەدەری مەجازی وەک (Siri)و(Alexa).زمانەوانیی کۆمپیوتەر زیاتر شارەزاییە تایبەتیەکانی دەخاتە خزمەت بابەتەکانی وەک پاراستنی زمانەکان، شیکاریکردنی بەڵگەنامە مێژوویەکان و بنیاتنانی سیستەمەکانی ئاخاوتن وەک گوگڵ ترانسلەیت.
“ئامانجەکانی زمانەوانی کۆمپیوتەر”
لە ڕوی تیۆرییەوە، زمانەوانی کۆمپیوتەر ئامانجی ئەوەیە کە فرەیمۆرکێکی ڕێزمانی و واتایی دابڕێژێت کە بە شێوەیەک زمانەکان تایبەت بکات کە ڕێگە بە کۆمپیوتەرەکان بدا پێکهاتەی واتایی و داڕشتنی دەنگ لێکبدات. هەروەها ئامانجی سەرەکی زمانەوانی کۆمپیوتەر بریتییە لە دۆزینەوەی تایبەتمەندی فێربوون و ئەو شێوازی پرۆسێس کردنانەی کە هەردو لایەنی پێکهاتەیی و ئەژماریی زمان پێکدەهێنن.
“گەڕان بە دوای ڕەگ و ڕیشەی زمانەوانی کۆمپیوتەردا”
زمانەوانی کۆمپیوتەر ڕەگ و ڕیشەی لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی بنیاتنانی زانستی کۆمپیوتەردا هەیە، کاتێک “ئالان تورین” و “نوام چۆمسکی”، هەوڵیاندا بەدوای پەیوەندی نێوان زمان،فێربون هەروەها زیرەکی دەستکرددا بگەڕێن، ئەمەی خوارەوە هەندێک قۆناغی گەشەسەندنی ئەم بوارەیە:-
١- تاقیکردنەوەکەی تورین (١٩٥٠(؛ “ئالان تورین” تاقیکردنەوەیەکی کرد بۆ دیاریکردنی توانای ئامێرەکان بۆ زانینی ئەوەی ئایا توانای فێربونی ئامێرەکان هاوتای توانای فێربونی مرۆڤە. هەروەها بۆ زانینی ئەوەی ئایا ئامێرەکان دەتوانن بە زمانی سروشتی مرۆڤ گفتوگۆ بکەن.
٢- پلەبەندیەکەی چۆمسکی(١٩٥٦)؛ “نۆم چۆمسکی” پلەبەندییەکی فەرمی زمانی خستەڕوو، کە پۆلێنی جۆرە جیاوازەکانی ڕێزمانی دەکرد.کە بناغەیەکی باش بوو بۆ بە ڕەسمی کردنی پێواژۆی زمانی سرووشتی.
٣- پرۆژەی یەکەم ئامێری وەرگێڕان(١٩٥٤) کۆمپانیای (IBM) و زانکۆی (جۆرج تاون) سیستەمێکیان داهێنا کە توانای وەرگێڕانی(٦٠) ڕستەی هەبوو لە زمانی ڕوسیەوە بۆ زمانی ئینگلیزی،کە سەرەتایەک بوو بۆ توێژینەوە دەربارەی ئامێری وەرگێڕان.
“ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی پسپۆرانی بواری زمانەوانیی کۆمپیوتەر”
بەشێوەیەکی ئاسایی پسپۆرانی بواری زمانەوانی کۆمپیوتەر لە زانکۆکان، تاقیگەی توێژینەوەی دامەزراوە حکومییەکان و پرۆژە گەورەکان کار دەکەن. لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانیش کەسانی پسپۆر لەم بوارەدا کار دەکەن بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە دروستی وەرگێڕانی کارە تەکنیکییەکان. هەرچی کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانی بواری سۆفتوێریش هەیە بۆنمونە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، پسپۆرانی ئەم بوارە دادەمەزرێنن بۆ کارکردن لەسەر مۆدێلەکانی پێواژۆی زمانی سرووشتی(NLP)،کە یارمەتی پرۆگرامەرەکان دەدات بۆ دروستکردنی یاریدەدەری مەجازی، بۆ گفتوگۆکردنی مرۆڤ لەگەڵ ئامێرە کۆمپیوتەرییەکان بە شێوەیەک وەک ئەوەی لەگەڵ مرۆڤێکی تردا قسە بکەن. هەرچەندە ڕەنگە پیشەی پسپۆرانی بواری زمانەوانی کۆمپیوتەر لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی تر بگۆڕێت، بەڵام بە گشتی کارەکانیان خۆی دەبینێتەوە لە سۆفتوێرەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن، ئامرازەکانی وەرگێڕان، چاودێریکردنی ڕێزمان، جیاکردنەوەی تێکست و هەروەها ئەپڵیکەیشنەکانی بواری داتای زەبەلاح. هەندێک لە تایتڵ و ناونیشانە پیشەییەکانی ئەم بوارە بریتین لە ئەندازیاری پێواژۆی زمانی سروشتی، پسپۆری بواری قسەکردن، پسپۆری شیکەرەوەی داتا. بەرپرسیاریەتیە باوەکانی زمانەوایی کۆمپیوتەر بریتین لەمانەی خوارەوە:-
١- دروستکردن و بوونیادنانی ئەو ئەپلیکەیشنانەی کە زمانی مرۆڤ لەگەڵ جێبەجێکردندا یەکدەخات.
٢- دروستکردنی فرەیمۆرکی ڕێزمانی و واتایی بۆ تایبەتمەندکردنی زمانەکان.
٣- وەرگێڕانی دەق لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر.
٤- شیکاریکردنی دەق یان زمانی قسەکردن.
٥- وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، بەتایبەت ئەو پرسیارانەی کە پێویستیان بە وەڵامێکی ڕوون و کورت هەیە.
٦- پوختەکردنی دەق.
٧- بوونیادنانی پرۆگرامی کۆمپیوتەر، کە بتوانێت ئەرکی ئاڵۆز جێبەجێ بکات، وەک کڕین، ڕێکخستنی گەشت یاخود دانانی پلانی چاککردنەوەی شتەکان.
٨- دروستکردنی چاتبۆت کە بتوانێت بڕیار بدات ئایا ئاستی زیرەکی مەشینەکان هەمان ئاستی مرۆڤ یاخود نزیک لە ئاستی توانای مرۆڤە.
٩- پێشخستنی مەکینەی گەڕان کە پشت دەبەستێت بە ئینپوتی مرۆڤ.
١٠- گەڕان و ناسینەوەی تایبەتمەندییەکانی فێربوون و تەکنیکەکانی پرۆسێس کردن، کە هەردوو بەشی ئاماری و پێکهاتەیی زمان پێکدەهێنێت.
“چۆن ببین بە زمانەوان لە بواری کۆمپیوتەردا؟”
لە ڕووی لێهاتوییەوە، کەسانی شارەزا لە زمانەوانی کۆمپیوتەر پێویستە باگراوندێکی بەهێزیان هەبێت لە بواری زانستی کۆمپیوتەر و پرۆگرامیندا، هەروەها شارەزا بێت لە فێرکردنی ئامێر(machine learning )،(deep learning )، زیرەکی دەستکرد، (cognitive computing )،زانستی دەمار و هەروەها شیکاری زماندا. هەروەها ئەم کەسانە پێویستە توانای کارکردنیان هەبێت لەسەر داتای زەبەلاح، بەهەمان شێوە پێویستە خاوەن توانایەکی باش بن لە بواری شیکارکردن و چارەسەری کێشەدا. جگە لەوەی پێویستە لە یەک کاتدا لەگەڵ پسپۆرانی تەکنیکی و ناتەکنیکیدا کار بکەن. ئەو کەسانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن لە بواری زمانەوانیی کۆمپیوتەردا، پێویستە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا بن لەو بوارانەی نزیکن لە زانستی کۆمپیوتەرەوە. هەروەها ئەزمونی کارکردن و بوونیادنانی سۆفتوێر و بڕوانامەی پیشەیی داواکراوە، بۆ مەبەستی هەڵسەنگاندنی توانای کەسەکە لە بواری زیرەکی دەستکرد، فێرکردنی ئامێر هەروەها پێواژۆی زمانی سرووشتی و پێکهاتەی داتا دا. ئەمە سەرەڕای شارەزایی لە بواری پرۆگرامین، ماتماتیک،زمانەوانی و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەدا.
سەرچاوە؛ Tech target
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا