لەماوەی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی؛ دەوڵەتی عوسمانی لە قۆناغی لاوازی و پارچەپارچە بووندا بوو، لە مانگی ئابی ١٩١٤ لە چەند ناوچە و هەرێمێکی ئەنادۆڵی ڕۆژهەڵاتدا بەتایبەت لە ویلایەتی وان چەند کۆمەڵە و کۆمیتەیەکی کوردی کەوتنە سەردەرهێنان و پڕوپاگەندە کردن بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوەیی بەناو کوردەکاندا و خۆیان ئامادەکرد بۆ ڕاپەڕینێکی گشتی. ئەگەرچی لە ساڵانی یەکەمی جەنگدا ناوڕۆکی بزووتنەوەی کوردی بریتی بوو لە دەربڕینی هەستی ناڕەزایی جەماوەری کورد لەبەرامبەر جەور و ستەمی تورکەکان و هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی هەموو کوردستان لە جەنگ و زۆرداری تورک، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەم ماوەیەدا زیاتر پێگەشتبوو گەرچی لەبنەڕەتدا نەتەوەیی بوو، بەڵام بزوتنەوەکە بەزۆری عەفەوی بوو بەرژەوەندی سەرکردەکان لەپێش بەرژەوەندی گشتی کورد بوو.
لەگەڵ ئەوەی ناسیۆنالیستە کوردەکان پەرۆشی دوورخستنەوەی هێزی دەرەبەگەکان و ڕابەرە ئایینیەکان بوون، بەڵام ناسیۆنالیستی عەلمانی هەڕەشە گەورەکە نەبوو، بەڵکو ڕابەرە ئایینیەکان بوون، ئەم سەرکردە تەقلیدیانە لە هەوڵەکانیان بۆ درێژەدان بە تێڕوانینی خۆیان لەبەر ناسنامەی کوردی ئاماژەیان پێدەدا و بەرپەرچی ئەو مەترسیە ئەمنیانەیان دەدایەوە، کە لە ئەگەری هاتنە کایەی دەوڵەتێکی ئەرمینی مەسیحی لە هەرێمەکە ڕووبەڕوویان دەبونەوە. کاتێك ساڵی ١٩١٩ ئەفسەران زیاتر و زیاتر بەرەو ئەنادۆڵ دەڕۆشتن جوڵانەوەی بەرگریکاری خەریكبوو دەستی پێدەکرد، ئەوەبوو مستەفا کەمال بە پشکنەری سوپای سێیەم لە رٶژهەڵات دامەزرێنرا، لێرەشەوە هاوڕێکانی لەوەزارەتی جەنگ ڕێنماییان کرد کە چی بکات ۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتێکی فراوانیان پێدا لەوانەش مافی پەیوەندی کردنی ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتدارە سەربازی و مەدەنیەکانەوە لەو ناوچەیەی وەك پشکنەر تیای دامەزرابوو، کە هەموو ناوچەکانی ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی دەگرتەوە، بەڵام مستەفا کەمال بەو دەسەڵاتە فراوانەیەوە چەککرا هەربۆیە لەگەڵ دەستەیەکی ئەرکاندا ئەستەمبوڵیان بەجێهێشت و لە (١٩/مایۆ/١٩١٩) گەیشتنە بەندەری ساسۆن لە دەریای ڕەش و لەویوە چالاکیەکانی خۆی لەچوارچیوەی پەرەسەندنی ڕووداوکانی ئەنادۆڵدا بەباشی بردە پێش.
مستەفا کەمال بەگەیشتنی بۆ ئەنادۆڵ هێزی بە ئۆپۆزسیۆن بەخشی و لەوێوە دەسبەجێ دژایەتی داگیرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی کرد، پڕۆژەی دانانی ئینتیدابی ئەمریکای بۆسەر ئیمپڕاتۆریەت ڕەتکردەوە کە هەندێك لە ناسیۆنالیستەکان پێیان وابوو تاقە چانسە بۆ مانەوەی نەتەوەی تورك. هەربۆیە لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩١٩ لە ئەماسیاوە بانگەوازی یاخی بوونی خۆی دژ بە حکومەتی ئەستەمبوڵ ڕاگەیاند، کە زۆر بە خۆشحاڵیەوە لەلایەن زۆربەی دامودەزگا ئیداریەکانی هەرێمی ئەنادۆڵ پێسوازی لێکرا. مستەفا کەمال ماوەی چەند ڕۆژێك لە گوند و دێهاتەکانی دەوروبەردا دەگەڕا، لە قسەکانیدا باسی لە زەرورەتی موقاوەمەت لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکاندا دەکرد، بەڵام هەمیشە تێبینی ئەوەی دەکرد بە خراپ ناوهێنانی سوڵتان خەڵکی لەخۆی دەورۆژێنێت، چونکە هێشتا خەڵکی ئەو ناوچەیە بڕوایان بە پیرۆزی سوڵتان هەبوو هەربۆیە مستەفا کەمال دەیوت: ”سوڵتان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەند کراوە، هەروەها پەیتا پەیتا دەیوت خەڵکی تورکیا بەرلەوەی هێزی هاوپەیمانان لەناوتان ببات خۆتان ڕزگار بکەن” کوردیش وەك نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکە دەیتوانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە ڕووداوەکانی دوای جەنگ و دەیویست ببێتە خاوەن کیانی نەتەوەیی خۆی، هەربۆیە جێی خۆیەتی کەباسی خەبات و تێکۆشانەکانیان بکەین.
گەر سەرنج بدەین دەبینین قۆناغی نێوان تشرینی یەکەمی ١٩١٨ تا حوزەیرانی ١٩١٩ بۆ کورد لەبارترین قۆناغ بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانی و دروستکتدنی دەوڵەتی نەتەوەیی، چونکە لەم کاتەدا بۆشاییەکی زۆری دەسەڵات لەناو سنوری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست ببوو، لەشکری ئینگلز، فەڕەنسی، ئیتاڵی و یۆنانی سێ چارەکی خاکی عوسمانیان داگیر کردبوو، هەروەها ئیتیحادیەکانیش دەسەڵاتیان بەجێهێشتبوو، دەسەڵاتی عوسمانیش پایتەختی تێپەڕ نەدەکرد و لەشکری عوسمانی هەڵوەشابوەوە. ئەم قۆناغە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان زۆر لەباربوو گەر کەسانی کارامە و چالاك هەبوونایە، کە بیانتوانیایە ئینگلزەکان و فەڕەنسیەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام کورد ئەو دەرفەتەی لەدەستدا و مستەفا کەمال توای ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ خزمەتکردنی تورك و بنیادنانی کۆماری تورکیا ناوبراو وتاربێژێکی کارامە و لێهاتوو بوو توانی سەرکەوتوو بێت لە ڕاکێشانی کوردەکان بەلای خۆیدا، هەروەها لەبەرئەوەش کە هێشتا خەڵکی بە نوێنەری سوڵتانیان دەزانی و بڕوایان بە قسەکانی دەکرد. مستەفا کەمال دەیوت:- سوڵتان منی بۆ یارمەتیدانی ئێوە ناردووە، هەربۆیە خەڵکی فەرمانەکانیان جێبەجێ دەکرد و باج و خەراجیان نەدەناردە ئەستەمبوڵ، هەروەها سەرکردە سەربازیەکانیش بەڕێنمایی مستەفا کەمال چەکەکانیان ڕادەستی هاوپەیمانان نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا ناوهێنانی ئەرمەنی مەسیحی بە هەڕەشەی سەرەکی لە هەرێمەکەدا دەرفەتی بۆ مستەفا کەمال ڕەخساند سەرکەوتوانە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی کورد دەستنیشان بکات و لە پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیدا بیانکات بەهاوڕێ و پشتیوانی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە وای نیشانی ڕەگەزە ئاینیەکان دا، کە کورد و تورك لەم پڕۆژەیەدا هاوبەش و یەکسانن، هەروەها ڕایگەیاند کورد و تورك بەردەوام وەك برا لەناو دامەزراوەی خەلافەتدا دەژین.
لەماوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا کەمالیزم پشتی بە بەگزادەی هەرێمەکان دەبەست، ئەوەبوو بەشی زۆری زانایانی ئایینی پەیوەندیان بە مستەفا کەمالەوە کرد بەناوی (ئازادکردنی خەلیفەی زیندانی) لە دەستی گاورەکان و پاراستنی ئیسلام شەریعەتیان بە شەڕەکانی مستەفا کەمال دەدا. دواجار زۆرینەی زۆری سەرۆك هۆز و زانا ئایینیە کوردەکانیش لەماوەی شەڕی جیهانیدا هاوکاری ئیتیحادیەکان بوون و لەناو ڕیزی كەمالیدا بەرچاوبوون، نامەکانی مستەفا کەمال زامنی پاراستنیانی دەکرد دژ بە دەوڵەتی ئەرمەنی و بەڵێنی برایەتی (تورک و کورد)ی پێ دەدان، کە دەتوانێت ببێتە پتەوکردنی ئەم پەیوەندیە هاوپشتیە. هەربۆیە لەسەر ئیدارەیەکی هاوبەشی برایانە لەگەڵ کوردەکان ڕێکەوت، بەمجۆرە (ئەنجومەنی میللی گەورە) دروستبوو کە زۆربەی کوردەکان تیایدا بوونە ئەندام، هەروەها کۆششی کورد و تورك یەکخرا بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە. ئەوەبوو هەموو پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەستەمبوڵ بچڕی و پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ ڕوسیا بەست.
لەڕاستیدا بانگەشەی مستەفا کەمال بۆ شوناسی ئاینیانەی کورد لەماوەی ساڵە سەختەکانی دامەزراندنی تورکیادا سەرکەوتنی خۆی بەدەستهێنا، ناوبراو ڕابەرانی کوردی دڵنیا کردەوە کە بەیەكڕیزیان لەگەڵ تورکیادا مەترسی و هەڕەشە بۆسەر ناسنامەی کوردی دروست ناکات، هەروەها خاڵێکی هاوبەش لە نێوان شوناسی تورکی و کوردیدا هەبوو، کە بریتی بوو لە شوناسی(موسوڵمانی-سونی) کە لە دامەزراندنی خەلافەت پێکەوە گرێی دەدان ئەمەش بایەخی زۆری هەبوو لە بەرەنگاربونەوەی مەترسی ئەرمەنی مەسیحی و کۆکردنەوەی کورد و تورك لە دەوڵەتی تورکیدا. ئیتر زۆرێك لە ڕابەرە خێڵە کوردەکان یارمەتی سوپای تورکیایان دەدا لە دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشانەی لەلایەن گروپە اسیۆنالیستە کوردەکانەوە بەرپا دەکران. مستەفا کەمال چوار ڕۆژ بەر لە دابەزینی یۆنانیەکان لە ئیزمیر دەستی کرد بە پەیوەندی کردن بە فەرماندە سەرەکییەکانەوە و هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆکردنەوەی ڕێکخراوە هەرێمە جیاوازەکان لە یەك ڕێکخراوی نیشتیمانیدا دەسپێکرد، لەگەڵ هاوڕێکانیدا (ڕەئوف، عەلی فوئاد و ڕەفعەت بێلی) کە ئەندامانی باڵای ستافەکەی خۆی بوون لە ١٢ی ژونیە کۆبونەوەیەکیان کرد و بڵاوکراوەیەکیان راگەیاند کە تیایدا هاتبوو وڵات لە مەترسیدایە و حکومەتی ئەستەمبوڵ ناتوانێت بیپارێزێت و تەنیا ویستی نەتەوە دەتوانێت ڕزگاری بکات.
کۆنگرەی ئەرزەڕۆم لە ٢٣ی ژونیە لە یازدەمین داڵیادی شۆڕشی دەستووری لە ئەرزەڕۆم بەسترا، کە ڕاگەیەندراوێکی دە خاڵیان پەسەند کرد و پێداگیریان لەسەر یەکێتی خاك و سەروەری نەتەوەیی هەموو ئەو زەویانەی دەکرد کە لەکاتی ئاگربەستی مۆدرۆس بەدەست تورکەکانەوە بوون، هەر لەوێش کۆنگرە کۆمیتەی نوێنەرایەتیان بەسەرکردایەتی مستەفا کەمال پێکهێنا. هەروەها کۆنگرەی سێواس لە نێوان (٣-٤/٩)دا بەسترا کە تەنها ٣١ نوێنەر توانیان بگەنە سێواس، بەڵام ژمارەیەك لە دەسەڵاتدارانی سەربازی و مەدەنی کە بە فەرمی وەك نوێنەر دانرابوون ئامادەی کۆبونەوەکە بوون بەمەش ژمارەی ئەندامەکان گەیشتە ٣٨ ئەندام. ئەمانیش جەختیان لەسەر هەمان ئەو بڕیارانە کردەوەکە لە کۆنگرەی ئەرزەڕۆمدا دەرچووبوون، هەروەها سەرلەنوێ کۆمیتەی نوێهەڵبژێردرایەوە کە دیسان مستەفا کەمال بەسەرۆك هەڵبژێردرا، لێرە بەدواوە ئەم کۆمیتەیە وەك دەستەی جێبەجێکاری جوڵانەوەی نەتەوەیی تێدەکۆشا.
بەمجۆرە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩١٩ و سەرەتای سالی ١٩٢٠ کەمالیستەکان وەك هێزێکی بەرچاو وەدیار کەوتن لەم بارەیەوە بێشکچی دەڵێت: ”لەساڵانی ١٩٢٠ کیشەی کەمالیستەکان لەگەڵ زەوتکردنی پارچەیەکی گەورەتر بوو لە کوردستان، ئەم کێشەیە کێشەیەکی کۆڵۆنیایی بوو، کێشەکە لەسەر بەتورککردن و کۆڵۆنی کردنی کوردستان بوو، هەربۆیە کێشەی کەمالیستەکان هیچ ناوەڕۆکێکی دژ بە کۆڵۆنیالیستی و ئیمپڕیالیستی نەبوو، کەمالیەکان هەوڵیان دەدا سود لەو مەترسیانە وەربگرن کە سۆفیاتیەکان چیان کردبوو. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت چەندێك ململانێ نێودەوڵەتیەکان بەگوڕتر دەبوو ئەو هێزە ناوچەییانەی کە خەریك بوو سەریان هەڵدەدا هێندە زیات و زیاتر بەرزدەبونەوە بە ئارتەقای ئەمەش دۆزی کورد کپ دەکرایەوە و پشتگوێ دەخرا.”
دوای ئەوەی مستەفا کەمال سەرکەوتوانە هەموو هێز و لایەنەکانی خستە پاڵ خۆیی و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا لەبەرەنگاربونەوەی هێزی هاوپەیمانان بەهۆی لاوازی مەرکەز و حساب نەکردن بۆ بڕیارەکانی سوڵتان و هاوپەیمانان ئیتر خۆی بووە هێزی باوەڕپێکراوی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێزیش هەوڵیاندا لەگەڵیدا ڕێکبکەون. سەڵتەنەتی عوسمانی هەڵوەشاوە بوو، وڵات لەلایەن ئەنجومەنی نەتەوەیەوە بەڕێوەدەبرا کە تەنها سەرۆکی هەڵنەدەبژارد بەڵکو ڕاستەوخۆ هەموو وەزیرەکانیشی دەستنیشان دەکرد، هەروەها پەیوەندییە دەستورریەکانی نێوان ئەنجومەن و خەلیفە عەبدولمەجید ڕوون نەبوو، خەلیفە تەنها ئەرکێکی ئاینی هەبوو. مستەفا کەمال لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامە تورکیەکاندا ئاماژەی بەوە دابوو، کە خوازیارە ئەو هەلومەرج و شێوازە بگۆڕدرێت بۆ سیستمێکی کۆماری. ئەوەبو ناوبراو لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ لە ئەنجومەنی نیشتیمانی تورکیادا بابەتی جیاکردنەوەی سەڵتەنەتی لە خەلافەت پێشنیار کرد، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنەکەوە ڕتکرایەوە، لەبەرامبەریشدا مستەفا کەمال گوتارێکی توندی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە پێشکەش کرد و تیایدا باسی لەوەکرد، کە سەروەری لە ڕێگەی هێز و بگرە توندوتیژیەوە دەچەسپێنرێت نەوەك لەڕێگەی مشتومڕی ئەکادیمیەوە، هەروەها باسی لەوەش کردبوو، کە عوسمانیەکان لەڕێگەی تووندوتیژیەوە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بۆماوەی شەش سەدە درێژەیان بەدەسەڵاتیان داوە.
بەلای مستەفا کەمالەوە خەلافەت شتێك بوو لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوودا دەگونجا، بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو کۆتایی پێ بهێنرێت، هەربۆیە ناوبراو وتبوی بوونی خەلیفەی دەسەڵاتدار لەگەڵ بوونی حکومەتێکی بەهێزی دەسەڵاتدار یەك ناگرێتەوە و خەلیفە وەك جاران ئەو دەوەڵاتەی پێشووی نەماوە بەسەر وڵاتانی تری ئیسلامیدا هەروەکو چۆن(پاپا) تەنها دەسەڵاتی هەر لەناو وڵاتانی کاتۆلیکدا ماوە، جگە لەمە بوونی خەلافەت شتێکە لە ڕژێمی عەرەبیەوە وەرگیراوە و ئەگەر پیاوانی ئاینی لە دەسەڵاتی ئاینی بەولاوە دەسەڵاتی دیکەیان هەبێت ئەوا ڕێگە لە هەموو جۆرە پێشکەوتنێکی وڵات دەگرێت. ناوبراو ئامانجی وابوو، کە تورکیا لەڕووی جوگرافیا و فەرهەنگ و ژیارەوە ببەسترێتەوە بە ڕۆژئاواوە ئەمەش پاش ئەوەی دەستی دایە کۆمەڵێك ڕێ و شوێن بە ئامانجی لاوازکردنی ئیسلام وەك هێزی بزوێنەر لە کۆمەڵگا و سیاسەت لە تورکیادا، ئەو بڕوای وابوو ژیاری ڕۆژئاوا باشترین مۆدێلە لەڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە لە پێناو بنیادنانی کۆمەڵگای نوێی تورکیدا. ئەوەبوو بابەتی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت خرایە بەردەم ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەگەرچی بەشێك لە نوێنەرانی ئەنجومەنەکە بەرهەڵستی ئەم هەنگاوەیان کرد، بەڵام لەلایەن مستەفا کەمالەوە هەڕەشەی توندیان لێکرا. هەربۆیە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت بەزۆرداری بەسەر ئەنجومەنەکەدا سەپێنرا.
لەڕاستیدا بە عەلمانی کردنی تورکیا خواست و ویستی هەموو تورکەکان نەبوو، بەڵکو خواست و ئاواتی ئینگلزەکان بوو، مستەفا کەمالیش بەدیهێنەری ئەو خواست و ئاواتە بوو، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش کاتێك بڕیاری ڕەتکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە عەلمانیکردنی تورکیا درا بەئاشکرا ئەندامانی پەرلەمانی تورکی کە دۆست و هاوڕێ و هاوخەباتی مستەفا کەمال بوون دژی ئەو بڕیارانە وەستان تا کار گەشتە ئەوەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کەمال بدەن، چونکە دژی خواست و ئیرادەی زۆرینەی گەلەکەی بوو. لە (١/مارت/١٩٢٢)دا لە دانیشتنی نوێی ساڵانەی پەرلەماندا خەلافەت هەڵوەشێنرایەوە و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی عوسمانی فەرمانیان پێدرا، کە وڵات بەجێبێڵن. ئەوەبوو لە (٢٣/ئۆکتۆبەر/١٩٢٣) کۆماری تورکیا ڕاگەیەندرا. ئیتر مستەفا کەمال دەستی کرد بە پڕۆسەی هاوچەرخکردنی دەوڵەت، لەو ڕووەوە ڕای خۆی خستە ڕوو، وتی: ”ئەو ژیارەی کە پێویستە نەوەی نوێی تورك دروستی بکات ژیاری ڕۆژئاوایە لەڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، چونکە تاکە ژیارێك هەیە کە ئەویش ژیاری ڕۆژئاوایە ژیاری پێشەنگ و ژیاری گەیشتنە بە هێز و دەستگرتن بەسەر سروشتدا، ژیاری مرۆڤی سەروەر و نەتەوەی سەروەرە تەواوی گەلانی جیهانیش ناچارن جاو لە ژیاری ڕۆژئاوا بکەن تاوەکو ژیان و سەنگ بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.”
ئیتر تورکیا گۆڕانکاری بەخۆوە بینی لەچوارچێوەی عەقیدەی کەمالیزمدا، کە لە شەش پرەنسیب پێکهاتووە و بۆتە دروشمی پارتی گەلی کۆماری کە بەشەش هێما ئاماژەی پێدراوە ئەوانیش: کۆماری، ناسیۆنالیزم، سیکۆلاریزم، جەماوەری، کودەتایی کە بەواتای(شۆڕشگێڕی) و دەوڵەتی یاخود دەوڵەتگەرایی دێت. هەردوو پرەنسیبی یەکەم و دووەم بونە دیارترینی ئەو بنەمایانەی کە کۆماری تورکیای لەسەر پایەدار دەبوو، چونکە بەپێی تێڕوانینی کەمالی هەرنەتەوەیەك جگە لە تورك ڕەتدەکاتەوە، هەروەها دوژمنێکی سەرسەختی ئاینگەرایی بوو لە وڵات.
سەرچاوەکان:
- ئیریل جەی زوجەر، مێژووی هاوچەرخی تورکیا، وەرگێڕانی یاسین سەردەشتی، چاپی دووەم، سلێمانی
- بەیار مستەفا سەیفەدین، سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە تورکیا و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان، وەرگێڕانی سەرمەد ئەحمەد، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٠.
- خەلیل عەلی موراد، پاسەوانانی کەمالیزم، وەرگێڕان:بەرزانی مەلا تەها و سەلام عەبدولکەریم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ٢٠١٥.
- محەمەد ڕەسوڵ هاوار، کورد و باکوری کوردستان لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە هەتا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، چاپخانەی خاك، ٢٠٠٦.
- م.ئە حەسرەتیان، یاسا دەستوریەکانی تورکیا و کورد لەسەردەمی نوێدا، وەرگێڕانی دلێر ئەحمەد، چاپی یەکەم، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠٠٧.
- فەرۆز ئەحمەد و چەند نوسەرێکی تر، تورکیای نەبەرد لە پیناوی مانەوەدا، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، سلێمانی، ٢٠٠٦.
- ئەفراسیاو هەورامی، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤێت، بەشی یەکەم، چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٣.
- م.س لازاریف، کێشەی کورد، وەرگێڕانی کاوس قەفتان، بەرگی یەکەم، مطبعة جاحض، بغداد، ١٩٨٩.
- حەمید بۆز ئەرسەلان، تورکیای هاوچەرخ، وەرگێڕانی نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر، ٢٠١٢.
- نوێل باربەر، فەرمانڕەوایانی قۆچ زێڕین، وەرگێڕانی ڕێبوار کەریم وەلی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠١.
- محمد نورالدین، ترکیا الجمهوریة الحائرة” مقارنە الدین و السیاسة و العلاقات الخارجیة” مرکز الدراسات الستراتیجیة و البحوث و التوثیق، بیروت، ١٩٩٨.
- گۆڤاری کوردۆلۆجی، ژمارە(١) سلێمانی، ٢٠٠٨.