“کتێب چییە؟”
کتێب بوونێکی کاغەزیی بێگیانە، واتە بە بەراورد لەگەڵ بوونەکانی دیکەی وەکوو مرۆڤ، ئاژەڵ، گژوگیا و هەموو ئەو داهێنراوە ئیلاهی و سرووشتییانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەندن بە ژیانێکی مادی و مەعنەوییەوە بێگیانە، بە مانایەکی دیکە ئەگەر مەبەستەکەم زیاتر ڕوون بکەمەوە بەراورد بە ئێمەی مرۆڤ و ئاژەڵە ناسراو و نەناسراوەکانی ناو سرووشت و گیا و ڕووەکە دۆزراوە و نەدۆزراوەکان کە خاوەنی جۆرێک لە سیستەمی ئۆرگانیکیی ژیان و زیندەورییانەین کتێب بێگیانە. بەڵام بێگومان ئەمە لایەنە مادی و جەستەییەکەی کتێبە.
دەتوانین لە مرۆڤ وەکوو ئاڵۆزترینی بوونەوەرەکان و وەکوو داهێنەری کتێب بخەینە دەرەوەی بازنەی ئەم بەراوردکارییەوە چونکە مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی تایبەتی خاوەن زمان و هۆش هەر ئەوەندەی جەستەی سرووشتی و ئاسایی بێت ئەوا گیانێکی نەناسراو و نەسرەوتیشی هەیە کە تا ئێستە وەکوو مرۆڤی بیرکەرەوە ئێمە لەگەڵ سڕ و نەناسراوەکانیدا دەستەویەخەین. بە بارێکی دیکەدا کتێب بەهۆی ئەوەی کە بەشێکە لە تەجەلاکانی مرۆڤ، تەجەلای دنیای زەین و ڕۆحی مرۆڤ، ناساندنی بەهۆی دەستەواژە ئاساییەکانی ناو بوونە ئۆرگانییەکان نەگونجاو و نالۆژیکییە. بۆیە دەتوانین بڵێین کتێب گیاندارێکی بێگیانە و بێگیانێکی گیاندارە! بەو واتایەی کە گیانخستن بە جەستەی کاغەزیی کتێب پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەرکی خوێنەرە، پێشتر کتێب خەلق کراوە، گیانی وەبەر کراوە، نووسەر و داهێنەرێک بە ڕۆحی وشە و پیت و ماناکان، لە جەستەی کاغەزی و درەختییانەی کتێب دەمیوە و گیانی وەبەر ناوە، بەڵام ئەم گیانە داسەکناو و ئارامگرتووە، گۆشەنشین و پەراوێزکەوتەیە تا کاتێک دیسان دەستێک بێت و ڕووبەرگ و لاپەڕەکان هەڵداتەوە و بە چاو و زەین و ڕۆحەوە لەگەڵ پیت و وشە و ڕستەدا بکەوێتە تەعامول و مامەڵەیەکی ئینسانی و ڕۆحیی ئاوەزمەندانە و سۆزایانەوە. ئەگەر ئەم تێڕوانینە کورتتر و چڕتر بکەمەوە دەڵێم کتێب گیانێکی سەرگەردانە بە جەستەیەکی بێ پەساپۆرت کە دەکرێت بە بچووکترین خشە و ئاساییترین ختووکەدان لە هەر چرکەساتێکدا لە هەناوی خوێنەردا لەنگەر بگرێت و بێتە دوان و قسەکردن. لێرەدا ئیتر نەک تەنها کتێب گیانی زیندوو دەبێتەوە یان با بڵێین بێدار دەبێتەوە بەڵکوو دەکەوێتە جۆرێک پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ گیان و زەینی مرۆڤیش، گیان لەم پرۆسەیەدا بە ناوەرۆک و مانای خۆیەوە دەکەوێتە جۆرێک دۆنادۆن و گیانگۆڕکێی ڕەمزییەوە.
“خوێنەر کێیە؟”
ڕەنگە ئەگەر مانا ئاساییەکەی “خوێنەر” بکەینەوە پێناسەی ببێت بە کەسێک کە توانایی خوێندنەوە هەیە واتە پیت و ڕستەکان و ماناکان دەناسێت و لێیان تێدەگەت لە سەرەتاییترین و ئاساییترین پلەیدا. بەڵام بێگومان ئەمە کرچ و کاڵترین پێناسەیە بۆ خوێنەر. چونکە خوێنەریش وەکوو کتێبەکان پلەبەندیی خۆی هەیە، ئێمە دەتوانین کتێبەکان بەپێی ناوەرۆک، قەبارە، شێواز، تەوەر و مەبەست و زۆر شتی دیکە پۆکێنبەندی بکەین. بۆ نموونە کتێبێکی ئایینی جیاوازە لە کتێبێکی زانستی واتە خوێنەر دەتوانێت بە تێڕوانینێکی ئاساییەوە هەر کامەیان بخوێنێتەوە و وەکوو خوێنەرێکی ئاسایی بمێنێتەوە، بەڵام خوێنەرێک بە ڕوانگەیەکی زانستییەوە کتێبێکی پیرۆز بخوێنیتەوە ئەو پلەیەکی باڵای هەیە لە خوێندنەوەدا، یان خوێنەرێک کە بە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە زانست لێک بداتەوە دیسان هەر پلەیەکی جیاوازی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. کەواتە خوێنەر بەپێی ڕوانگە و جۆری ئەقڵی خۆی دەتوانێت بیر و مەعریفە بەرهەم بهێنێت یان نا، تەنها دەتوانێت جۆرە پەیامێک وەرگرێت و لە مێشکیدا خەزنی کات و ئەوکاتیش ئەم پەیامە ئیتر مەرج نییە مەعریفە و بەرهەمهێنان بێت بەڵکوو زیاتر باوەڕ و ئایدۆلۆژیایە! لەم جیاکارییە دایە کە سنووری ناسکی نێوان خوێنەری بەرهەمهێنەر و خوێنەری نابەرهەمهێنەر دیاری بکرێت. خوێنەری خاوەن هۆش و زیرەکی بە ئاسانی دەتوانێت زانستیش بە چالێنج بکات و ببێتە هۆی سوودمەندیی بۆ مەعریفەی زانستیش و ئەمە بۆ کتێبە ئایینیەکان و کتێبانی دیکەش هەر ڕاستە و لەگەڵ ئەم جۆرە خوێنەرەدا پرۆسەیەک لە بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت.
بەڵام خوێنەری نابەرهەمهێن واتە ئەو خوێنەرەی کە خووی کنە و پشکنینی ورد و بە چالێنجکردنی تێدا نییە ئەوا خوێندنەوەی کتێبەکان بەر لە هەر شت دەیکات بە مرۆڤێکی داخراوتر، ئەگەر زەینیەتی ئایینی هەبێت ئەوا بە خوێندنەوەی کتێبێکی زانستی زیاتر ڕقی لە زانست دەبێتەوە و ئەگەریش زەینییەتێکی زانستی هەبێت و کتێبێکی ئایینی بخوێنێتەوە ئەوا دەکەوێتە کەشێکی توندئاژۆیانەی ڕادیکاڵ و توندڕەوییەوە. ئێمە نموونەی دینداری سەلەفی و توندڕەومان هەیە کە لە ئاوەها نەریتێکی خوێندنەوەوە لەدایک بووە و هاوکاتیش بێباوەڕ یان ئاتیئیستی توندڕەومان هەیە کە لە ناو بازنەیەکی هاوشێوەدا دەخوێنێتەوە و بیر دەکاتەوە. پێویست بە گوتن ناکات کە هەر دوو لا لە جۆرێک داخراویدا دەژین و بۆ دەربازبوون لەم دۆخەش دەبێت زیاتر زەینیان بکەنەوە، کتێبی جۆراوجۆتر بەتایبەتی لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکاندا بخوێننەوە تاکوو لە ئاوەها جۆرە قەناعەتێک دەرچن. دەبێت بڵێین تەنها لەو کەسانە مەترسن کە کتێب ناخوێننەوە بەڵکوو زیاتر لە کەسانێک بترسن کە کتێبخانەیەکی گەورەیان هەیە بەڵام تەنها یەک کتێب دەخوێنێتەوە! ئەو مرۆڤەی کتێبخانەیەکی گەورەشی هەبێت و هەزاران کتێبیشی تێدا بێت بەڵام تەنها بە یەک یان چەند کتێبێکەوە گیرسابێتەوە بەدڵنیاییەوە لە ناو بازنەیەکی داخراو و ترسناکدایە و درەنگ یان زوو پریشکی زیانەکانی بەر خۆی و دەوروبەرەکانی دەکەوێت. دەڵێن جارێک لە فەیلەسووفی فەرەنسی جاک دریدایان پرسیوە ئەو هەموو کتێبە لە کتێبخانەکەتدایە ئایا هەموویانت خوێندۆتەوە، ئەویش دەڵێت تەنها سێ دانەیان! لێرەدا دریدا خوێنەرێکی فەیلەسووفە و پێدەچێت وەڵامێکی ڕەمزیی دابێتەوە کە چۆنێتی خوێندنەوە دەتوانێت سنوورەکانی ژمارەی کتێبە خوێنەراوەکان ناگرینگ کات، واتە تۆ ئەگەر فەیلەسووفانە بخوێنیتەوە ڕێژەیەکی کەمی کتێب بۆ کتێبخانەکەت تەواوە.
بەڵام ئایا لە کولتووری ئێمەدا ئاوەها کەش و زەمینەیەک بۆ خوێندنەوە و بیرمەندبوون هەیە؟ بێگومان وەڵامەکەمان ڕوونە. ئێمە دەبێت لە دەرگای گومانەوە بدەین لە زەین و زانیارییەکانی خۆمان تاکوو بتوانین پاش هەر کتێبێک دەست بۆ کتێبی دیکە بەرین و هێندە بخوێنینەوە کە عەقڵڵی شیکارانەمان باڵا بکات، بەڕادەیەک کە نە لە ناو دنیای کتێبەکاندا ون بین و نە لە ناو دنیای داخراوی زەینیشماندا زیندانی بکرێین. نوکتەیەک هەیە لە هەندێ شوێندا لەسەر خوێنەرانی ڕووکەش و ڕووکارخواز دەیگێڕنەوە کە زیاتر بەها بە کتێبخانە وەکوو شوێنیک بۆ ڕازاندنەوە و خۆنواندن دەبینن. دەڵێن جارێک کەسێک خۆی دەکات بە کتێبفرۆشییەکدا و دەڵێت بێزەحمەت کتێبکم دەوێ کە ڕووبەرگەکەی سوور بێت و بارستاییەکەشی حەوت بۆ دە سانیتیمەتر بێت! کابرای کتێبفرۆشیش پرسیویەتی لە چ بوارێکدا و بە چ ناوەرۆکێکەوە؟ کڕیارەکەش وتوویەتی گرنگ نییە چ ناوەرۆکێکی هەبێت تەنها ڕووبەرگەکەی سوور بێت و بارستاییەکەشی ئەوەندە بێت وا وتم! ئەم نوکتەیە دەرخەری ئەو دۆخە مەسرەفی و مەکیاجکردنە مرۆڤەکانە کە هیچ سنوورێک ناناسێت و لە سەردەمی ئێستامان دا کتێب و دیاردە کلتوورییەکانیش گرتووەتەوە.
“نووسەر کێیە؟”
بێگومان پێناسەی نووسەریش وەکوو کتێب و خوێنەر هەم فرەلایەنە و هەمیش بە کورتی و نوقسانی لێرەدا دەخرێتە ڕوو چونکە لە مەجالێکی کورتی ئاوادا ناتوانم هەموو لایەنەکانی بخەمە بەر باس و بێگومان بە تەنیا بە منیش ناکرێت. بەڵام لە دەربڕین و پێناسەیەکی ڕەمز و هێماییدا دەتوانم بڵێم نووسەر بە جۆرێک لە جۆرەکان خودایە یان با بڵێین ئافرێنەر و بەدیهێنەرە. ئەم پێناسەیە لە نووسەر لەخۆگری ڕەگەزێکی فەلسەفی-میتافیزیایی هەیە و ڕەنگە بۆ سەردەمانی زۆر کۆن پێناسەیەکی تەواو بایا بۆ واقیعی گرنگبوونی کتێب و خوێندەواری و نووسەر و نووسراو. لەم سەردەمەی ئێستامان ئەم پێناسەیە زیاتر لە حەز و خواستێک دەچێت کە مرۆڤەکان لایان ئایدیالە کە ئەگەر بڕیارە نووسەرایەتی بکەن بە پیشە ئەوا حەز دەکەن لە ئاستێکی خوداییانەدا بن. جیاواز لەوەی چەندە ئەم خواست و حەزە جێگەی مشت و مڕ بێت واقیعی سەردەمی ئێمە لە ڕۆژهەڵات و وڵاتانی پێشنەکەوتوو و بێگومان کوردستانیش ئەوەیە کە نووسەران بە زۆری لە ناو ئەو خەون و خەیاڵە پڵاوەدا دەژین کە پلەیەکی ئاوەهایان هەبێت، وەکوو وتم خودا لێرەدا ڕەمز و میتافۆڕێکە بۆ باڵابوونی نووسەر و بەرهەمهێنانەکانی، نەک شتی دیکە. بەڵام ئێمە ڕۆژ دوای ڕٶژ لە نووسەرانی بلیمەت و مەزنمان دوور دەکەوینەوە، ڕیژەی نووسەری باش و دانسقە لە کورتیی داوە و لەگەڵ ئەوەی هێشتا دەیان و سەدان و بگرە هەزاران قەڵەم ڕەنگە هەبن کە دەرنەکەوتوون بەڵام زۆربەی ئەوانەی دەرکەوتوون(نەک هەموویان) هێندەی خۆیان کردووە بە بانگەشەکاری بەرزی و باڵابوونی بەرهەمەکانی خۆیان لە داڵغەی مانا و خەمی وڵات و پەرۆشیی کۆمەڵگادا نین.
من وەکوو خوێنەرێک کە هەندێ جار شتانێک دەنووسم دەڵێم نووسەر قەیناکات بەرهەمی خۆی بناسێنێت، کێشەی نییە بڕێکیش بە باڵای خۆیدا هەڵبڵێت! بەڵام ئەمەی کە خۆی لێ ببێت بە خودایەکی وەهمی و زۆربەی نووسەران و قەڵەم بە دەستانی دیکە لە پەراوێزی مانا باڵاکانی خۆی ببینێت و تا ئاستی تەشهیر و سووکایەتیپێکردنی نووسەرانی ناسراو(ئەوەی کە نووسەرە ناسراو و ناوبانگدەرکردووەکان نووسینیان چاکە یان خراپە باس و بابەتێکی دیکەیە و ئەگەر مەجالم هەبوو لە دەرفەتی دیکەدا دێمە سەری) و خوێنەرانی خۆنەگرتوو و تازە دەسپێکردوو دەڕۆن و لەگەڵ ئەوەی کە خۆیشیان لە سەرەتای ڕێگەدان بەڵام زیاتر لە پانزە بۆ بیست کتێبیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە و چونکە زۆر و بۆریان کردووە خوێنەریان کەمە ئەیانەوێت حوکمی جەهل و گەمژەبوونی دنیا دەربکەن، بەداخەوە ئەمە خەریکە لە ناو بەشێکی زۆر لە نووسەرە گەنجەکاندا دەبێت بە دیاردە و ئەمەش بێگومان یەکێک لە تایپ و فیگەرەکانی نووسەرەوە و من وەکوو خەسارناسیی ئەم تیپە باسم کردووە، ئەگینا نووسەرانی دیار و کاریگەری ئێمەش کەم نین و تەنانەت بە هەموو ڕەخنەیەکیش کە لە سەریانە بەشێكن لە دنیای جوان و درەوشاوەی ئێمە و نەوای نەمرییان بەڕادەی خۆیان تۆمار کردووە.