“ئەرکی بزۆزی میدیا”
میدیا هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تاکوو ئێستە ئەرکی گواستنەوەی پەیام و چاودێریکردن بەسەر دەسەڵات و ڕەخنەگرتن بە مانا بەرفراوانەکەی لەسەر شان بووە. بێگومان بە درێژایی تەمەنی و ئەو مێژووەی کە تۆماری کردووە (کە لێرەدا مەبەستی من وردەکاریی مێژوو و سەرهەڵدانی نییە) ڕۆڵی فرەڕەهەندتر و جیاوازتر و قورس و قایمتریشی وەرگرتووە، بەڵام لە هەموویاندا ئامانجی ڕۆشنگەریی بۆ کۆمەڵگا و ڕەخنە لە ناوەندەکانی دەسەڵات و چاکترکردنی دۆخی ژیان، بابەتێکی جێگیر و نەگۆڕ بووە و ئێستەش هەر وایە. ئەم بەرەوپێشهاتنە و بەرکەستن لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و زانستیییەکانی سەردەم وای کردووە میدیا ڕۆڵی ئاڵۆزتر و بگرە ترسناکیش وەرگرێتە خۆی. سەردەمانێک پێش ئەوەی سەتەلایت و ئەنتەرنێت لەدایک بوون و تەنها شاشەیەکی بچووک بە ناوی تەلەڤیزیۆن هەبوو، چەندین بیرمەندی ڕٶژئاوایی لەسەر ئەمە هاتنە دەنگ کە میدیا ڕۆحی ڕەسەنایەتی و بنیامین وتەنی خەرمانەی پیرۆزی(بەرهەمی هونەری) ناهێڵێت و بابەتی پیرۆز و موقەدەس دەسڕێتەوە.
دیارە پیرۆزی سڕینەوەش یەکێک لە ئەرکەکانی میدیا بووە، بەڵام ئەم ترسە میتافیزیکییەی “بنیامین بێهۆ” نەبووە و ئێستە دەبینین میدیا لە زۆر حاڵەتدا نەک تەنها پیرۆزی سڕینەوە (کە ئەرکی بیرکردنەوەی ڕۆشنگەرانەی مۆدێڕنە و ئێستە لای هەمووان بابەتێکی ئاساییە) بەڵکوو خەریکی مانا سڕینەوە و بێ ماناکردنی زۆرێک لە جومگەکانی ژیانی مرۆڤە، سەرباری ئەمە و لە تاکتیک و ڕۆڵێکی ڕازاوی و ڕەشدا بووە بە ڕووبەری نومایشکردنی تووندوتیژی و بگرە ستایشکردن و لۆژیکی نواندنی شەڕە خوێناوییەکان. بێگومان لەم دۆخەی میدیادا ئایدۆلۆژیا ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی و نائینسانیی دەگێڕێت، چونکە میدیا دەبێت لە پێناوی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بێت نەک ببێت بە تریبۆنی ئایدۆلۆژیا و ڕێکخراو و دامەزراوەی سیاسیی جۆربەجۆر. بەڵام مخابن ئەمە پێناسە و چاوەڕوانییەک بوو لە میدیا کە دەکرێت بڵێین وەکوو بیرەوەرییەک بە بیرماندا دێتەوە، ئەگەرچی لێرە و لەوێ ڕۆڵی میدیای سەربەخۆ(نیوەسەربەخۆ!) و میدیاکاری بوێر و حەقیقەتبێژ دەبینین کە لە گوتنی ڕاستییەکان و بەرگری لە دوا سەنگەرەکانی کەرامەتی مرۆڤایەتیدا خۆنەویست و ورەبەرزن، بەڵام وەکوو مامۆستا “شێرکۆ” دەڵێت؛ ئەمە وەکوو ئەوە وایە کۆمەڵێک چۆلەکە بە دەنووک ئاو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێکی گەورەی دارستانێکی مەزن ببن.
بەداخەوە دیمەنەکە چەندە جوان و شاعیرانەیە دە ئەوەندە نالۆژیکی و نائومێدکەرە. دیارە مەبەست تێڕوانینەکەی مامۆستا نییە بەڵکوو دۆخێک کە میدیاکار و میدیا و کۆمەڵگای سەردەمی تێدا دەژێت مەبەستە. ئەمە قەیرانێکی جیهانییە کە ئێمە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ژێر مەترسیی شکستی ئەرکەکانی میدیایی داین، هۆکارەکەش وەکوو وتم بەشێکی ململانێی ئایدۆلۆژیایی ناوخۆی وڵاتان و زۆرانبازیی نێوان گوتاریی لە ئاستێکی بەرینی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە و بەشێکی دیکەشی نەبوونی سەرچاوەی پشتگیری مادی و مەعنەوییە بۆ ئەو هەوڵە میدیاییانەی کە ئەرکی پیشەیی خۆیان وەکوو ڕیزلێنان لە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی و بژاردەکانی دەیانەوێت بەجێ بهێنن. ئێمە لە کوردستان نەک تەنها لە لایەن هێزانی ڕەق و لەشکری چەکداری ئەم دیو و ئەو دیو و خوار و ژوور گەمارۆ دراوین بەڵام لە ناوخۆ و لەو دیو شاشەکانەوە شەڕێکی گەرم و گوڕ هەیە، شەرێک دژی هێمنی و ئاسوودەیی و ئارامیی خۆمان و هاووڵاتیانمان، شەڕێک کە تا مۆخی ئێسقانمان دەڕوات و مزگێنیی هیچ ئاشتییەک تەنانەت لە ژێرنووسی هەواڵەکانیشدا بەدی ناکرێت! شەڕی غەزە و ئیسرائیلە بەڵام ئێمە دابەش دەبین بەسەر چەند بەرەدا و لەباتی دروستبوونی دیالۆگی سازێنەر بۆ ڕەتدانەوەی هەر جۆرە جەنگێک بانگوازێک لێمان ڕاست دەبێتەوە کە دەبێت بڕۆین بۆ غەزە و یەکی دیکە دەڵێت فەلەستین مافی خۆیەتی کاول بێت! ئەگەر میدیاکان نەتوانن مامەڵەیەکی ژیانە لەگەڵ ئاوەها دۆخێکدا بکەن جگە لە بەرهەمهێنانی تووندوتیژی و پەرتپەرتکردنی زیاتری کۆمەڵگا هیچی دیکەی لێ شین نابێت! بۆیە ئێمە چ وەکوو ڕٶژنامەنووس و چ وەکوو تاک و هاووڵاتیی وشیار دەبێت لە پێناوی گەڕاندنەوەی هەموو جۆرە سەربەخۆیی و کەرامەت بۆ میدیا و میدیاکاران هەوڵ بدەین. گرتنی مایکێک بە دەستەوە و خۆنواندن و لارولەنجە و گەڕان بە کانیاو و گوندەکاندا کاری میدیاکار نییە بەڵکوو کاری دەرهێنەر و سیناریۆنووس و کامێرامانی پڕۆفیشناڵە کە وێنە و ئیماژی سرووشتی جوانی کوردی بگوازنەوە، نەک خاتوون یان کاکێک کە تەنها بەهرەی بەرهەمهێنانی پرسیاری بێمانا و مایک گرتنە بۆ کۆمەڵێک پیرەپیاو و پیرەژنە کە تەمەنێکیان لێ ڕۆشتووە و ناتوانن دوو شتی ڕێک لە بەردەم کامێرادا بڵێن ئەمە بێڕێزییە بەوان و بە میدیا و میدیاکار و بە کلتووری کوردیش.
“گەمەی میدیاکان و یاری تاکەکان”
بمانەوێ و نەمانەوێ جیهان ئێستاکە لەسەر دەستی میدیا گشتییەکان و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە دەبرێت، میدیا دەتوانێت ئایدیایەکی ناڕاست و چەواشە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی زۆر و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕاست و دروست بنوێنێت. میدیاکان چەندە دەتوانن ڕۆڵی باش و ئەرێنی بگێڕن بە هەمان ڕادە و بگرە زیاتریش دەتوانن ڕۆڵی نەرێنی بگێڕن و لە باتی خستنەڕووی پرس و کێشە واقیعییەکانی ناو کۆمەڵگا، پرسی دۆرزنانە و بەراوەژوو بکەن بە بنێشتە خۆشەی سەر زاران و کێشە و قەیرانەکان پەردەپۆش بکەن. سەردەمێک تەتەر و نامەبەرەکان فۆرمی پێشمۆدێڕن و شاخاوییانەی گواستنەوەی پەیامەکان بوون، میدیا و گەیەنەرەکانی زانیاری بەم ڕادەیە گشتگیر و سەرانسەریی نەبوو، ئەگەر تەتەرێک پەیامێکی بە نامەیەکی مۆرومۆمکراودا دەبرد ئەوا دەیگەیاندە لای تاکەکەسێک یان ئەوپەڕەکەی کۆڕێک لە ناو خێڵ، دەسەڵاتی میری و ئەوان دەیانتوانی بڕیار بدەن کە چۆن بجووڵێنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە لە پەیامگەیاندن و پەیامخوێندنەوە کێشە و خەساری تایبەتی خۆی هەبوو بەڵام بە ئانوساتێک هەموو شتەکە و ڕووداوەکە نەدەگوازرایەوە بۆ ناو ماڵ و مێشک و زەینی هەمووان.
ئەم نموونەیەم بۆیە هێنایەوە کە سەرنجی دیاردەی نەمان یان کاڵبوونەوەی کات بدەین وەکوو توخمێک لە توخمەکانی ئەزموونی مرۆڤ لە ناو بوون و کۆمەڵگادا. ئەم “ناکات”ییە خۆی لەگەڵ خۆیدا دیاردەی دیکە دەهێنێت، یەکێک لەوانە شیکاریی ئانوساتە، واتە ئێمە بەهۆی هەواڵێک یان پەیامێکەوە دەمودەست دەگلێین بە سۆز و عاتیفەوەوە و بە بێ ئەوەی قووڵایی و هۆکارەکانی پشتەوەی بزانین لەڕێگەی ئەکاونتەکانی خۆمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان لانیکەم لە باسوخواسی ڕۆژانەمان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانماندا هەڵوێست دەردەبڕین و دەکەوینە ناو زنجیرەیەک لە کردار و پەرچەکردارەوە کە ڕەنگە دەرئەنجامەکەی بەڕادەی هۆکارە باسنەکراوەکانی پشتەوەی تاریک و لێڵ بێت. مردنی کات لە نێوان ڕوودانی ڕووداوێک و گەواستنەوەی خێرای سەرباری ئەوەی دەمانخاتە ناو ئەم هاوسۆزی و عەتفە بیرلێنەکراوە یان کەمتر بیرلێکراوەوە، هاوتایە لەگەڵ کاڵبوون یان پاشەکشەی بیرکردنەوە و بەگەڕکەوتنی توانایی شیکاریانەی مرۆڤ. هەمدیس ئەمەش وەکوو هۆکاری زنجیرەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دنیایەک هەڵوێستی سۆزاوی و ئانوسات دەرببڕدرێت و پشتگیریی هەواڵ یان پەیامێک بکات کە بن و پشتەوەی جارێک نادیار و تاریکە. خودی ئەم پرۆسەیە شێوازێک لە نووسین و بیرکردنەوەی قەڵب و ناڕەسەنی دروست کردووە کە بەر لەوەی لە سەر بنەمای ئاوەز و هزر بێت بەپێی ئەکتێکی پۆپۆلیستی و خواستێکی سۆزاویی و هەستەکییە. ئەم جۆرە یادداشت و هەڵوێستۆکە-نووسییە خەسارێکی گەورەیە لە بەردەم پەرەپێدانی ڕۆشنگەری و بەرچاوڕوونیی بە کۆمەڵگا و تاکەکان، بە مانایەکی دیکە سۆزاویبوون زیاتر شۆڕ دەبێتە و لادان لە بیرکردنەوە زیاتر دەبێت بە ئەکتێکی کۆیی و بەهۆی ئەوەش کە ئیپیدیمیک و گشتگیر دەبێت وا دەنوێنیت کە هەڵە نییە و دروست و تەواوە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین باوەڕی بە “مەل بە گەل خۆشە” هەیە، واتە لە ناو کۆمەڵێک نەریتدا مێشکمان زاخاو دراوە گریمانەی دروستبوونی ئەکت و کردارێک، ئەگەر لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە ئەنجام بدرێت، بۆ بەرزترین ئاستی خۆی هەڵدەکشێت.
ئەمە ئەو پرۆسەیەیە کە لە وڵاتێکی وەکوو ئەوەی ئێمەدا بە دنیایەک ڕۆژنامە و میدیا و پەیجەوە لەباتی ناسینی ڕاستەقینەی قەیران و خستنەڕووی پێشیاری چارەسەری، قەیرانی ساختە و درۆزنانە بەرهەم دێنێت. بەدڵنیاییەوە من ئەمە بە ڕەهایی ناڵێم و مەبەستیشم هەموو هەوڵ و چالاکییە هەموو میدیاکان نییە، بەڵکوو باسم ڕێژەی زۆر و فەزای دەسەڵاتگرتووی ناو کایەکەیە. ئەگینا لە ناو ئەم بشێوە و دۆخە لێڵەدا زۆر میدیا و ماڵپەڕ و دەزگای ڕۆشنبیریی و…هەن، لەگەڵ ئەوەی کە بەردەنگێک و خوێنەرانێکی کەم بەدواداچوونیان دەکەن بەڵام ئەرکی ڕاستەقینە و پیشەییانەی خۆیان(ئەگەر لە ئاستێکی زۆر باڵاشدا نەبێت) ئەوا لە ئاستێکی شیاوی بەرگریدا بەجێ هێناوە و بەڕای من ئەم تریبۆنە کەم بەردەنگ و کەم بینەرانە بواری چاند و کولتوور و ڕۆشنبیریی ئێمە دەبووژێننەوە، ڕەنگە بڕێک کات ببات بەڵام ئاسۆی ئەمانە ڕوونە و من بەش بە حاڵی خۆم هەمیشە هاوکار و هاوبیری ئەو ماڵپەڕ و دەزگایانە بووم کە ناو ئاوەها هاوکێشەیەکدان و بە ئاوەها ستراتیژ و پلانێکەوە ئیشیان کردووە. ڕاستە ڕێژەی بەردەنگ گرینگە بەڵام لەوە گرینگتر کوالێتی و چلۆنایەتیی بەردەنگە، بەردەنگی زۆر و بۆر درەنگ یان زوو دەوەرێت و دەڕوات، بەڵام بەردەنگی ئەهلی تێڕامان و بیرکردنەوە دەمێنێتەوە و دەخوێنێتەوە و پێشنیار و ڕەخنە دەخاتە ڕوو.