“پێشەكی”
لە ساڵی دوو هەزار و دەیەوە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشەی جیدی بووەتەوە. ئەم هەڕەشانە چەندین جۆر بوون و هەر یەك لەم هەڕەشانە تەواوكەری هەڕەشەكانی دیكە بوون. جۆرەكانی ئەم هەڕەشانە بریتین لە هەڕەشەی سەربازی، هەڕەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی. كاتێك كۆمەڵگایەك بە شێوەی سیستەماتیك ڕووبەڕووی ئەم سێ هەڕەشە پێكەوە بێت، ئەوا دەڵێن ئەو كۆمەڵگایە هەڕەشەی هایبریدی لەسەرە. بێگومان وڵاتەكانیش بۆ ڕووبەڕووی بوونەوەی ئەم جۆرە لە هەڕەشە كە بە هایبرید بەناوبانگە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر. كۆمەڵگایەك كە لە بواری ئابوورییەوە كێشەی هەبێت و هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی لە ناوخۆی هەبێت، لە بواری فیكری و كولتوری و پێكهاتەییەوە ئەوا ئەو كۆمەڵگایە كاتێك هێرشی سەربازی بكرێتەسەر توانایی خۆڕاگری نابێت. بەڵام كاتێك دوژمن نەتوانێت هەر سێ هەرەشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازی پێكەوە پێش بخات و هەر یەكیان بەستێنی پێویستان نەبێت، ئەوا پرۆژەكە شكست دێنێت. ئەوەی جێگای دڵخۆشییەوە هەڕەشەی هایبرید لەسەر هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، هەرچەندە توانیویەتی زیانی پێ بگەینێت.
“پێناسەی و شێكردنەوەی هەڕەشەی هایبرید”
دوای ئەوەی شەڕی سارد كۆتایی هات، ژینگەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو ڕێوشوێنانە دووركەوتەوە كە پێشتر بەكاری دەهێنا و قەیرانی ئاسایشی نوێ دیزاین و جێبەجێ كران كە جیاوازییەكی زۆریان لەگەڵ شێوازەكانی پێشوودا هەبوو. ئەم كارەش لە ئەنجامی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و میدیا و هەروەها بەجیهانی بوون بوو كە شێوازیی دروستكردنی قەیران لە ناوچەیەك یان وڵاتێكی گۆڕی. ئەگەر پێشتر دروستكردنی هەڕەشە لە سەر وڵاتێك بە شێوەی هەڕەشەی سەربازی بوو، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی سیاسی و ستراتیژیستەكان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە شەڕ بە تەنهایی قازانجی زۆر كەمتر لە قازانجیەتی. بۆیە پێویستە ڕێوشوێنێك بگیریتە بەر كە قازانجی زیاتر لە زیانی بێت. ئەمەش پێویستی دەكرد كە ستراتیژی فرەڕەهەند بگیریتە بەر. بە مانایەكی دیكە لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدرێت وەكو سەردەمی شەڕی سارد لە ڕێگەی سەربازییەوە شكست بە دوژمن بهێنرێت، ڕێگای ئابووری و كۆمەڵایەتیش بگیریتە بەر و لە ئەنجامدا دوژمن ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی سێ ڕەهەندی سەربازی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بگرێتەوە. ئەم ڕوانگە كە بە هەڕەشەی هایبرید ناودەبرێت لەو باوەڕە دایە كە دەبێت هەموو تواناییەكان و سەرچاوەكانی بەردەست بە شێوەیەكی هەماهەنگ و هاوكاركرد بۆ ئامانجێك بخرێتە كار بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجێكی دیاریكراو و بۆ ئەو كارەش چەندین تاكیكی میدیایی، دیپلۆماسی، سەربازی، سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری لە بەردەست دان.
“هەڕەشە سەربازییەكانی سەرهەرێمی كوردستان”
هەڕەشەی سەربازی یان خود هێرشی سەربازی بۆ لەنێوچوونی هەرێمی كوردستان، لە دوو قۆناغدا جێبەجێ كران. یەكەم هەڕەشە لەلایەن حكومەتی ئیسلامی ئێراق و شام یان خود داعشەوە بوو. كاتێك داعش هێرشی كردە سەر ئێراق و شاری موسڵی گرت، سوپای ئێراق بە هیچ شێوەیەك بەرگری نەكرد و بە بێ جێهێشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ داعش بووە هۆی بەهێزبوونی ئەوان. دوای بەهێزبوونی داعش چاوەڕوان دەكرا ئەو گرووپە تووندڕەوە بەرەو بەغدا هێرش بەرێت و دەست بگرێت بەسەر ئەو شارەدا و حكومەتی ئێراق بڕوخێنێت. بەڵام ئاراستەی هێرشیان گۆڕی بەرەو هەرێم و ڕوون بووەوە كە بەجێ هێشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ داعش بە ئامانجی ئەوە بووە كە هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان و لەنێو بەرن. بەڵام بە هۆی بەهێزبوونی كارتی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە و هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە هەموو بەرەكانی شەڕ ئەوان لە قۆناغی یەكەم ڕێگە لە داعش گیرا كە نەتوانێت دەستی بە شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەولێر و سلێمانی و دهۆك بگات و لە قۆناغەكانی دواتر پاشەكشەی پێكرا و شكستی هێنا. حكومەتی ئێراق كە ئەم بابەتەی بینی و زانی هێرشی داعش نەیتوانیوە شكست بە هەرێم بێنێت، دوای ڕێفراندۆم بە كەڵك وەرگرتن لە هەستی كۆمەڵگای ئێراق و بە یارمەتی ئێران و بە پشتیوانی توركیا گەمارۆی خستە هەرێم و لە دواییشدا هێرشی كردە سەری.
“ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكانی هەڕەشەی هایبرید لەسەر هەرێمی كوردستان”
ڕوون و ئاشكرایە تەنها بابەتێك دوژمن یان لایەنی بەرامبەر لە چوارچێوەی هایبریدا لە بواری كۆمەڵایەتییەوە بە دەستیەوەیە تەنها ڕاگەیاندن و دروستكردنی هێما و وێنە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە. بەڵام لە هەرێمی كوردستان تەنها ئەو بابەتە نەبوو. هەوڵدان بۆ سووك كردن و بێبایەخ كردنی هێما نەتەوەییەكان یەكەم هەنگاوی ڕەهەندی هەڕەشەی هایبرید بۆ سەر هەرێمی كوردستان بوو. هەڵنەستان لەبەر سروودی ئەری ڕەقیب و ڕەخنەگرتنی ڕواڵەتی لەو سروودە، هەروەها سووكایەتی كردن بە ئاڵای كوردستان و سووكایەتی كردن بە مێژووی كوردستان ڕەهەندە زەقەكانی بواری كولتووری و كۆمەڵایەتی هێرشی هایبرید بۆ سەر كوردستان بوون. هەڵبەتە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت، كە زەق كردنەوەی كولتووری ئیسلامی و لاواز كردنی كولتووری كوردی لە ڕێگەی گرووپە جیاواز و جۆراوجۆرەكانەوە بەشێكی دیكە لە هەڕەشەی هایبرید بوو لەسەر هەرێمی كوردستان. پێویستە لێرە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە پەرەپێدان بەوەی كە موسڵمان بوون لە پێشەوەی هەموو بابەتێكە و زەق كردنەوەی ئەو بەشێكە لەم هەڕەشە كۆمەڵا یەتییە.
“ڕەهەندی هەڕەشەی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان”
گۆشەی هەڕەشەی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژی هایبرید، ئەو كاتە بەتەواوی زەق بووەوە كە ئێراق دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاوەستا و لە بەرامبەر ئەوەدا بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی و هەرێمی كوردستانی تووشی قەیرانێكی گەورەی ئابووری كردەوە. ئەم قەیرانە كە هەتا ئێستاش بەردەوامە و ئێراق ئامادە نەبووە بودجەی هەرێمی كوردستان بدات و بەردەوام لەسەر موچەش كێشە دروست دەكات بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت تەنها سیاسەتێكی ئابووری بێت، بەڵكوو گۆشەی سەرەكی هەڕەشەی هایبریدە. بەچاوخشاندن بەو بابەتانەی سەرەوە كە گوتمان و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هەڕەشەی هایبرید لەلایەن زلهێزەكانەوە بۆ سەر وڵاتانێك وەكو ئێران جێبەجێ دەكرێت، چۆنە ئێراق توانیویەتی ئەم هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات و چەندەش سەركەوتوو بووە؟ ڕوون و ئاشكرایە كە جێبەجێ كردنی هەڕەشەی هایبرید لەسەر هەرێمی كوردستان تەنها لە ڕێگەی ئێراقەوە نەبووە بەڵكوو كۆی ئەو وڵاتانەی كە دەستیان بەسەر بەشێكی دیكە لە خاكی كوردستان گرتووە بۆ بە چۆكداهێنانی كورد ڕۆڵیان لەو هەڕەشەدا هەبووە و جیاوازییەكە تەنها لە كەم و زۆربوونی ڕۆڵیان دایە. پێویستە ئەوەش بزانین، پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی گرنگی ئەو لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و ناوچەكە، كارتێكی گرنگ بوو بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان.
بەمانایەكی دیكە دروست بوو لەسەر هەرێمی كوردستان هەڕەشەی هایبرید و هەڕەشەی ستراتیژیك هەبوو و هەیە، بەڵام ڕۆڵێك كە هەرێمی كوردستان لە ئاستی دیپلۆماسی سیاسی لە ئاستی جیهانی هەیەتی و دەتوانێت هەیبێت ڕێگەی نەدەدا كە ئەو هەڕەشانە لەسەر هەرێم ئەنجامێكی هەبێت. جیا لەوەش چۆنیەتی ئێدارەدانی قەیران لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەست كردن بە بەرپرسیایەتی لە هەندێ قۆناغ لەلایەن كۆمەڵگاوە بووە هۆی ئەوەی دوو هێزی سەرەكی بەشدار لە حكومەت كە یەكێتی و پارتی بوون بتوانن باشتر قەیرانەكان چارەسەر بكەن یان خود تێپەڕێنن.
“ئەنجام”
بە چاوخشاندن بە دە ساڵی ڕابردووی هەرێمی كوردستان، بەجوانی دەردەكەوێت ستراتیژی هەڕەشەی هایبرید كاتێك وەڵامدەرە كە هێزی نێودەوڵەتیش لەگەڵی هەماهەنگ بێت، بەپێچەوانە تەنها دەتوانێت ئێمتیاز وەربگریت و هیچ. شتێكی دیكە كە ڕوون بووەتەوە ئەوەیە كە هەڕەشەی هایبرید تەنها بە لایەنێك جێبەجێ ناكرێت بەڵكوو پێویستە فرەڕەهەند بكرێت ئەمەش بە مانای ئەوەیە كە لە بەرامبەریدا پێویستە هەماهەنگ كار بكرێت.