لە نەخشەڕێی تیۆریکی مارکسیسمدا، هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆی هاوکێشەکاندا هەیە. لە مارکسیسمدا کۆمەڵگا بنەما و کۆڵەکەیە و تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگایە. لە ڕوانگەی مارکسدا، مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی ژیانی خۆیاندا، دەچنە ناو هاوکێشەگەلێکی دیاریکراو، پێویست و سەربەخۆ و بەدەر لە ئیرادەی خۆیانەوە، ئەم هاوکێشانەی بەرهەمهێنانیش لەگەڵ قۆناغی گەشەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنانی مادیی ئەواندا گونجاوە. کۆی ئەم هاوکێشانەی بەرهەمهێنان، پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگا پێک دێنن و ئەمە هەمان ئەو کۆڵەکە ڕیال و واقیعییەیە کە سەرخانی یاسایی و سیاسیی لەسەری ڕاوەستاوە. ئەمە لە ڕاستیدا هەمان کۆڵەکەی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگایە لە نەخشەڕێی تیۆریی مارکسیسمدا، کە تێڕوانین و تێگەی لە مارکسیسمی ئورتۆدۆکسیدا هەمان بیردۆزی پێکهاتە یان پێکهاتەخوازییە کە لە پەیوەندیی پێکهاتە و کرداردا، سەرێتی و زاڵبوون دەداتە پێکهاتە و لە هەوڵی ئەوە دایە کە ڕووداوەکان، پرۆسەکان و ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بینراوەکان بەپێی کردەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەبینراوەکان، کە ئەکتەرەکانی ناوی تەنها هەڵگرانی ئەم پێکهاتانەن، ڕوون بکاتەوە.
بەڵام “هێربێرت مارکۆزە” لە کاریگەرییەکانی خۆی لەسەر ڕێبازی فرانکفۆرت و بزووتنەوەی خوێندکاری کەڵکی لە بنەماکانی ئەندێشەی مارکسی لاو کە بە قووڵی لە ژێر کاریگەریی هیگل دایە، وەرگرتووە. لە مارکسیسمی هیگیلیدا سەرنجی مارکۆزە لەسەر ئایدیای هیگیلیی دیالیکتیک و کولتوور، چڕ بووەتەوە و خۆی لە پێداگریی تاکڕەهەند و دۆگماتیستیانە لەسەر هۆکارە ئابووری و مادییەکان دەبوێرێت. ئەو بەم شێوەیە ڕووبەری لێکدانەوە و شیکاریی خۆی لەسەر کۆڵەکەی دوو لایەنی پێکهاتە و کردار و کەڵکوەرگرتن لە سوودەکانیان وەکوو تێڕوانینێکی تیۆریکی گونجاو، بوونیاد دەنێت. کۆمەڵێک نەخشەڕێی تیۆریکی جۆراوجۆر بۆ لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئەندێشەکانی “هێربێرت مارکۆزە” و چۆنێتی کاریگەریدانی ئەو لە سەر ڕێبازی فرانکفۆرت لەئارادایە. بەتایبەت ئەمەی کە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە خوێندنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەپێی بیردۆزەکان ڕوون دەکرێنەوە، و بەم شێوەیە نوسخەپێچان و پێشبینی لە گەڵاڵەی نەخشە سیاسییەکاندا ئاسان دەکات و ئەگەری سوودوەرگرتن لە بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدیدەهێنێت. لێرەدا لەڕێگەی لێکدانەوەی نەخشەڕێی تیۆریکی مارکسیسم، باس لە پێکهاتە و کردار کە تێڕوانینێکی نوێیە لە شیکاریی ئەندێشەی سیاسی، دەکەین و ئاماژە بە سوودە دوولایەنەکانی لە ئەندێشەکانی هێربێرت مارکۆزەدا دەکەین.
“نەخشەڕێی تیۆریکی مارکسیسم”
لە ڕێبازی مارکسیسمدا هەڵگۆستە و تێگەیشتنی ماتریالیستیانەی مارکس و ئەنگێلس لە مێژوو، هەروەها پەیوەندیی نێوان گەشەی ئابووری و تەکنەلۆژیا (کە مارکس و ئەنگێلس زیاتر وەکوو “هێزەکانی بەرهەمهێنان” ناوی دەبەن) و هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو مرۆڤەکان (کە مارکس ناوی لێ دەنێت “هاوکێشەکانی بەرهەمهێنان”) ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە، بەشێوەیەک کە لە بیردۆزی مارکسیستیدا تەنها کۆمەڵگا پێوەر و کۆڵەکەیە و تاکەکەس بە هیچ شێوەیەک پێوەر و بنەما نییە واتە هەموو کەسایەتیی مرۆڤی لەوانە کردەوەکان، کارتێکرانەکان، بیر و بۆچوونەکان، خووخدەکان، هەست و سۆزداری و ئاکار و بەگشتی هەموو تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان، بەشێوەیەک لە دۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەیان گرتووە و بەتایبەتی ڕەنگدەرەوەی تایبەتمەندییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگان، واتە لە ڕاستیدا تاکی کۆمەڵگەی مرۆیی هیچ نییە جگە لە دەرکەوتە و پریشکێک لە دەرکەوتە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بەشێوازێک کە ژیان و دۆخی ئەو تەنها و تەنها دەبێت لە ناو کۆمەڵگادا ڕەچاو بکرێ و بخوێنرێنەوە.
مارکسیسم لەم ڕووەوە، لەڕێگەی پێداگریی لەم بابەتەوە کە مرۆڤ دەرئەنجام و بەرهەمی کۆمەڵگا و مێژووە و شتێک بە ناوی ماهییەت یان زاتی مرۆیی بەشێوەی جێگیر بوونی نییە و هەروەها بە مکوڕبوون لەسەر ئەمەی کە بیرکردنەوە و هەستەکان و دەرکەوتەکانیان، ڕەنگدانەوەیەک لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئامراز و هێزەکان و هاوکێشەکانی بەرهەمهێنانن، بەشێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو لەسەر سەرێتی و سالاربوونی کۆمەڵگا بەسەر تاکدا بڕیار دەدات، بەشێوەیەک کە بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە هەوڵ دەدات تاکوو لەڕێگەی ڕوونکردنەوەی بیرۆدزی چینەکانی کۆمەڵگا، لەم گرووپانە کۆمەڵێک واقیعی بنەمایی و سەرەکیی ڕۆ بنێت و کۆمەڵگا بە بوونێکی پێشتر و سەرتر لە تاکەکەس بزانێت. مارکس لە پێشەکیی یەکێک لە کتێبەکانی خۆیدا بە ناوی (ڕەخنەی ئابووریی سیاسی) لەم بارەیەوە کورتەیەک لە تێگەیشتنە گشتییەکانی خۆی بە ڕاشکاوی ئاوەها دەنووسێت:- (بەشێوەی کورت و پوخت ئەمە ئەو ئەنجامانەیە وا من پێی گەیشتووم و دواتریش بوون بە چاوساغی من لە خوێندنەوەکانی تردا. مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی بوونی خۆیاندا، پەیوەندییەکی دیاریکراو، پێویست و سەربەخۆ لە ئیرادەی خۆیان بەدیدەهێنن، ئەم پەیوەندییەی بەرهەمهێنان لەگەڵ ئاستێکی دیاریکراو لە گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکاندا گونجاوە. کۆی ئەم پەیوەندییانە بنەمای ئابووریی کۆمەڵگا، واتە کۆڵەکەی واقیعیی بینای یاسایی و سیاسیی بونیات دەنێن و هاوکاتە لەگەڵ شێوەگەلێکی دیاریکرای وشیاریی کۆمەڵایەتی. بەشێوەی گشتی، گەشەی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هزری لەژێر هەیمەنەی شێوەی بەرهەمهێنانی ژیانی مادی دایە، و وشیاریی مرۆڤەکان نییە کە گەرەنتیکەری بوونی ئەوانە. بەپێچەوانەوە ئەمە بوونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکانە کە وشیاریی ئەوان دەستنیشان دەکات).
ئەم بابەتە هەروەها لە کتێبی سووڕانەوەکانی ئایدۆلۆژیایەک ئاوەها هاتووە:- مارکس لە پێشەکییە ناودارەکەی خۆی لەسەر ڕەخنەی ئابووریی سیاسیدا دەنووسێت:- “مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی ژیانی خۆیاندا دەچنە ناو کۆمەڵێک هاوکێشە و پەیوەندی دیاریکراو، پێویست و سەربەخۆ لە ئیرادەی خۆیانەوە، و ئەم هاوکێشانەی بەرهەمهێنان لەگەڵ قۆناغێک لە گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنانی مادیی ئەواندا تەبا و ڕەبایە. کۆی ئەم هاوکێشانەی بەرهەمهێنان، پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگا دروست دەکەن، ئەمە هەمان بنەمای واقیعییە کە ژێرخانی یاسایی و سیاسیی لەسەری ڕۆ نراوە”. و ئەمە لە ڕاستیدا هەمان بنەمای ژێرخان و سەرخان لە بیرۆدۆزی مارکسیستی دایە. بە دەربڕینە مارکسییەکەی لە کتێبی ڕەخنەی ئابووریی سیاسیدا: “مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا، لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ئامرازاەکانی بەرهەمهێناندا دەچنە ناو پەیوەندییەکی دیاریکرا و و پێویستەوە کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان دایە”.
لەگەڵ ئەمەشدا و لەم ڕوانگەیەوە هەر وەکوو ئاندرێ پیتێر دەڵێت: تاک تەنها بەشێکە لە گشتی کۆمەڵایەتی، ئەندامێکە لە ئەندامەکانی ناو چەشنی مرۆڤ و بە وتەی مارکس “بوونەوەرێکی ژانەریک”ە واتە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی چەشنمەندە. تاکەکەس تەنها ئەو کاتە دەتوانێت ئاستی کامڵ و چڕوپڕی بوونی خۆی مسۆگەر بکات کە خۆی لەگەڵ کۆی کۆمەڵەکەدا بگونجێنێت. لێرەدا ڕێبازی مارکس وەکوو دژەتاکەکەسخوازییەکی ڕەها دەردەکەوێت. واتە “بەپێچەوانەی ئەو فەلسەفەیەی کە مرۆڤ وەکوو تاکەکەس لەبەرچاو دەگرێت پێش لە هەر شتێک وەکوو ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت مرۆڤ وەکوو پاژێک لە گشتێکی گەورەتر وێنا دەکات”. و ئەمە هەر هەمان ئەو شتەیە کە پێناسەی ئەرتۆدۆکسیانەی مارکسیسمی یەکێتی سۆڤییەتیش پێداگریی لەسەر دەکرد کە نەک تەنها گەشەی سرووشت بەڵکوو گەشەی کۆمەڵگای مرۆییش بەگوێرەی یاسا بەرهەستەکان و لە سەرەوەی ئیرادەی سەربەخۆی مرۆڤەوە ڕوو دەدەن. واتە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە نەک تەنها “بەم شێوەیە یاسامەندیی بنەمایی گەشەی سرووشت و کۆمەڵگا دەبینێتەوە” بەڵکوو “ماتریالیسمی مێژوویی وەکوو بیردۆزێکی زانستیی یاسای گشتیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی پێناسە دەکات” کە بەپێچەوانەی ماتریالیسمی دیالیکتیکی، تەنها لە بازنەی مێژوودا سنووردار کراوە و بابەت و مژاری ماتریالیسمی مێژوویی بەشیوەی گشتیی یاسا کۆمەڵناسانەکانە. واتە ئەو یاسایانەی کە لە هەموو سەردەمەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکاندا متمانەپێکراون و لەم ڕێگەیەوە “کاریگەریی دوولایەنەی ژێرخان و سەرخان لە کۆمەڵگادا لێک دەداتەوە”.
لەگەڵ هەموو ئەم قسە و باسانە کە بە ڕوونی و راشکاوی پیشانی دەدەن مارکسیسم تا چ ڕادەیەک پێداگرە لەسەر ڕەسەنایەتی و پێوەربوونی کۆمەڵگا، هەندێک ڕایان وایە کە مارکسیسم هیچ کات لە پێداگریی لەسەر گرینگیی بنەمایی مرۆڤ وەکوو بەبایەخترین سەرمایە پاشەکشەی نەکردووە. ئەوان دان بەمەدا دەنێن کە ڕاستە مارکسیسم دەڵێت مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵگا و مێژووە بەڵام لەهەمان کاتدا بەهۆی ئەوەی کە مرۆڤ، مێژوو و کۆمەڵگای تایبەت بەخۆی بونیات دەنێت، کۆمەڵگا و مێژووش بە بەرهەمی مرۆڤ دەزانێت. ئەمانە بە ئاماژەدان بە بیردۆزەکانی مارکس کە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری ماهییەتی هەر تاکێک دیاری دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤیش بە ئاگایی لەسەر ئەم بابەتە دەتوانێت لەسەر ئەو هەلومەرجە کاریگەریی دابنێت، باوەڕیان وایە کە تەنانەت خودی ئەم ئایدیایە کە تەکنیکەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، هێزی بزوێنەری گەشەی کۆمەڵایەتین بە مانایەک لە ڕوانینی مارکسدا بەو بارەدا دەشکێتەوە کە لەم گەشەسەندنە گشتییەدا مرۆڤی داهێنەر، کرێکار و ئەندازیار بە سەروەر و سالار دانراوە. واتە دەیانەوێت بڵێن کە ڕاستە لە مارکسیسمدا مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵگا و مێژووە بەڵام کۆمەڵگا و مێژووش دەرهاوێشتەی کردەی مرۆڤن و ڕاستە کە هەلومەرج و دۆخی ئابووریی کۆمەڵگا، ماهییەتی هەر تاکێک دیاری دەکەن بەڵام تاکەکەسیش بە ئاگاییەوە دەتوانێت لەسەر ئەو هەلومەرجە کاریگەریی دابنێت. هەڵبەت و سەیر و سەرنجڕاکێشە کە مارکس لە زۆر حاڵەتدا ڕاو و بۆچوونێکی پێچەوانەی ئەمەی هەیە و خۆی دەڵێت: “مێژوو هیچ کارێک ناکات، خاوەنی سامانی زۆر و زەبەند نییە، شەڕ ناکات. ئەمە مرۆڤە، مرۆڤی ڕاستەقینەی زیندوو کە هەموو کارێک ئەنجام دەدات، خاوەندارێتیی هەیە و شەڕ دەکات”.
ئەمانە لە ڕاستیدا دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم گوزارە و دەربڕینانەوە بە هەر شێوەیەک بووە، ئەندێشەی کۆمەڵناسانەی مارکسیسم وەکوو یەکەمین هەنگاو بە ئاراستەی ئاشتەوایی و یەکانگیرکردنی نێوان دوو ڕەوت و خواستی کۆمەڵگاخوازی و دەروونناسی خوازی (ئەگەرچی بەشێوەیەکی ناوشیار) هەژمار بکەن، لە حاڵێکدا باوەڕیشیان وایە مارکسیسم خواستی بۆ کۆمەڵگاخوازی زیاترە لە خواستی بۆ دەروونناسی خوازی و لەسەر ئەوەی یەکەمیان پێداگر و مکوڕە.
سەرچاوە: هربرت مارکوزە. عبدالرسول خلیلی. نشر چسمە: زمستان ١٣٨٩: تهران.
نووسین: عەبدولڕەسول خەلیلی
و: حەمیدە حەسەن/هونەرمەند