رۆژی (٢٣/ئەپریل)ی هەموو ساڵێک،بە(رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) لەجیهاندا ناسراوەو تێیدا یادی کتێب دەکرێتەوە وەک بەرهەمی مرۆڤایەتی، کە ئێستا و ڕابردووی پێکەوە بەستووەتەوە و بەهێزترین پردیشە لە نێوان کەلتوور و کۆمەڵگا جیاجیاکانی ئەمڕۆ و دوێنیدا.
لەهەمان کاتدا شارستانییەکان و پێشکەوتن و داهێنان هەموو لە سایەی بیر و خەیاڵ و ئەندێشەی کتێبەکانی نووسەراندا هاتوونەتەدی. کتێب ئەڵقەیەکە لە نێوان رابردوو و ئەمڕۆدا، پردێکە لە نێوان رۆشنبیرییەکاندا. کتێب و خوێندنەوە شادەماری ژیانی زانيارييهكانى مرۆڤن.
23 نیسان چۆن دیاری کرا.
لەساڵی ١٩٩٥دا ڕێکخراوەی یونێسکۆ بڕیاریدا کە ٢٣ی نیسانی ھەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیھانی کتێب و مافی لەبەرگرتنەوە بناسرێ.23ی نیسان بۆ جیھانی ئەدەبیات، ڕۆژێکی سیمبوولی و ڕەمزیی و بایەخدارە. بۆ ئەم مەبەستە کۆنگرەی گشتی یونسکۆ لە بیست و هەشتەمین دانیشتنی خۆیدا کە لە ٢٥ی تشرینی یەکەم تا١٦ی تشرینی دووەمی١٩٩٥بەڕێوە چوو، لە بڕیارێکدا کە لە ١٥ی تشرینی دووەمی١٩٩٥دا پەسەندکرا، ڕۆژی ٢٣ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی کتێب و مافی نووسەر ڕاگەیاند، ئەمەش وەک گوزارشتکردنێک لە ڕێزگرتن و پێزانین بۆ کتێب و بۆ ڕۆڵی بەرزی نووسەران لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریدا.
ڕێکخراوی یونسکۆ ئەم ڕۆژەی تایبەتکردووە بە بەرزڕاگرتنی پێگەی نووسەران و کتێبەکانیان و هاندانی خەڵک و بەتایبەت گەنجان بۆ خوێندنەوە، تاوەکو سوودمەند ببن لەو بیرۆکە و داهێنانەی کەنووسەران بە مرۆڤایەتییان بەخشیون.ڕۆژی جیهانی کتێب یەکەم جار لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی بڵاوکەرەوەکانەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسپانیا لە بیست و هەشتەمین دانیشتنی یونسکۆدا پێشنیار کرا دواتر بە پێشنیاری فرادسیۆنی ڕووسیا (مافی نووسەر)ی بۆ زیادکرا و لەلایەن دەوڵەتانی بەشداربوی کۆنگرەکەوە ڕاگەیەندرا.
هۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە
شایەنی باسە،هەڵبژاردنی ڕۆژی (٢٣/نیسان) وەکو ڕۆژێکی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر، هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکی و لە خۆوە و بێ بنەما نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێکی وورد و هێمایی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ڕێزلێنانی لە پشتەوەیە، کە سەنگ و پێگەو بایەخیان لە ئەدەبی جیهانیدا هەیە.
یەکەم: هەندێک ئاماژە بەوەدەکەن هۆکارە سەرەکییەکەى ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێوڕەسمێکی ئایینی تایبەت لە ٢٣ى نیسانی ساڵی ١٩٢٣ کەلەم ڕۆژەدا فرۆشیاران وڕیکلامکارانی کتیب لە ئیسپانیا، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا کتێبێک بکڕێت گوڵیکی وەکو دیارى پێشکەش بکرێت، شایانی وتنە بیرۆکەى ئەم ئاهەنگ گێڕانە دەگەڕیتەوە بۆ شارى کەتەلۆنیاى ئیسپانی کە لەم ڕۆژەدا وەک ئاماژەى پێکرا لەگەڵ هەر کتیب کڕینێکدا گوڵێکیان بەدیارى دەدایە ئەوکەسەى کتێبێکی دەکڕى, هەر لەم رۆژەدا، کتێبدۆستان کتێبی تازە و گۆڵ پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. چونکە کتێب بە نرخترین و گرنگترین دیاری و یادگارییە، گوڵیش جوانترین دیارییە و گوزارشتە لە سۆز و ڕێز و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی بەرانبەر.
دووەم: هەندێکی دیکەش ڕایان وایە، لە رۆژێکی وەهاداو لە (٢٣/ئەپریل/١٦١٦) دا، کەڵە نووسەرو شاعیر و رۆماننوس و شانۆنووسی جیهانی(ولیام شکسپیر) کۆچی دوایی کرد، هەر لەم رۆژ و ساڵەدا بوو، نووسەر و شاعیری مەزنی ئیسپانی (میگیل دی تیبانتس) نووسەری سەرکێشییە ئەفسانەییەکانی (دون کیشۆت)، لە ڕۆژی (٢٣/ ئەپریل/ ١٦١٦) کۆچی دوایی کرد. هەر لەم رۆژ و مانگەشدا، چەندین نووسەر و شاعیر و ئەدیب و رۆماننووسی ناسراوی جیهانی، لەدایکبوون یا کۆچی دواییان کرد، لەوانەش: (مۆریس درایۆن،ئینگا گارسیلاسۆ دی لاڤیگا،فلادیمێر نابۆکۆڤ، هاڵدۆرک لاکسنس، جۆزێت بلا، مانۆیل میگیا فاییگۆ) ئەمەش ڕەونەق و بەهایەکی زیاتر بەم یادە دەدات.
سێیەم: هەندێکی دیکەش دەڵێن: هۆكاری دیاریكردنی ئهو رۆژه لهلایهن یونسكۆ بۆ ئهوهیە تا هانی خهڵكی بدات زیاتر كتێب بكڕن و بیخوێننهوه تا زیاتر هۆشیار ببن و زیاتر بزانن.
بەشێوەیەکی گشتی،بەکارھێنانی کتێب وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و بەدەستھێنانی زانست و زانیاری و ئاشنابوون و تێکەڵی کولتوورە جیاوازەکان، ھەروەھا ڕێزگرتن لە مافی نووسەران و داھێنەران لەو ئامانجانەن کە لە ناونانی ڕۆژی جیھانی کتێبدا لەبەرچاو گیراون.
لەمڕۆژەدا لە زۆربەی شوێنە جیاوازەکانی جیهان کتێب لە نێوان خوێنەر و نوسەرەکاندا بە دیاری دەبەخشرێت و پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن، هەروەها لە هەندێک شوێن لەم ڕۆژەدا کاتێک کتێبێک دەفرۆشرێت گوڵێک دەخرێتە نیوان کتێبەکەوە وەک دیارییەک بۆ کڕیارەکه.
ئامانج لەدیاریکردنی ئەمڕۆژە.
بەشێوەیەکی گشتی ئامانجی یونسکۆ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە تایبەتەدا بۆ نووسەران و کتێبەکانیان مایەی دڵخۆشی بوو، بەتایبەت بۆ پاراستنی ماف و کۆپی نەکردنی بەرهەمەکانیان.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا بە بۆنەی (ڕۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەران و هاوڕێیان و عاشقانی کتێب و لە خوێنەرانی کوردزمان بکەم.. هیوادارم زیاتر هۆگر و شەیداو خولیای خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامە و نووسینی کتێب ببین.. تا خوێندنەوە ببێت بەکەلتور و بەپێویستییەکی سەرەکی و بە بەشێکی گرنگ لە کولتوور و لە ژیانمان، تا ئەو ڕادەیەی ڕۆژانە نەتوانین بەبێ خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامە هەڵبکەین. دەبا هاوڕێیان و عاشقانی کتێبی کورد، هەموو ساڵێک لەم بۆنەیەدا، بیکەن بە نەریتێکی دیار و باو، بە دیاری و بۆ یادگاری(کتێب و گوڵ) پێشکەش بە یەکتری بکەن.. منداڵەکانیشمان لەسەر ئەم نەریتە جوان و بەسوودە رابهێنن، وەک وتراوە کتێب نامەیەکی ئەستورە بۆ هاوڕێ.
چەند وتەیەک لەسەر کتێب
- مرۆڤ لهكام شوێن ژيان بهسهردهبات,پێويسته لهو شوێنه كتيبيش ههبێت. ڤيكتۆر هۆگۆ
- من بەبێ پەرتوک ناتوانم بژیم. تۆماس جێڤرسۆن
- لە ژیانم دا لەو کاتانە خۆشتر و شادترم نەبینیوە، کە لە نێوان پەرتوکەکانم دا بەسەرم دەبردن. جێمس شیرلی
- باشترين دۆست و هاوڕێيانى من, باشترين كتێبهكانن. لۆرد جستر فليد
- ماڵی بێ پەرتوک وەکو جەستەیەکی بێ گیانە. تشسترۆن
- پەرتوکە باشەکان هاوڕێی ڕاستن . فرانس باکۆن
- کۆڵەکەی پێشکەوتن لە سەدەی نوێ دا، پەرتوکە. ڕۆزڤێڵت
- پەرتوک مامۆستایەکی بێدەنگە. ئۆلۆس جالینۆس
- كتێب مامۆستايهكى بێدهنگه تهنها ئهو كهسانه سوودى لێدهبينن كهدهيخوێننهوه. د.ئيبراهيم فهقێ
- وا دەزانم هەموو ئەو شتانەی لە ژیانم دا دەیانزانم، لە پەرتوکەوە فێریان بووم. جان پۆل سارتەر
- کاتێک کتێبێکی نوێ دەخوێنمەوە وەک ئەوە وایە کەهاوڕێییەکی نوێ پەیدا دەکەم ،کاتێکیش کتێبێک دەخوێنمەوە کەپێشتر خوێندوومەتەوە وەک ئەوە وایە کەهاوڕێییەکی دێرینم بۆ گەڕابێتەوە. ئۆلیڤەر گۆڵد سمیس
- بەسودترین و هەمیشەیترین هاوڕێ بۆ هاموو کەس کتێبە . کارک تواین