“پێشەكی”
گەشتوگوزاری ڕەش یاخود گەشتوگوزاری تاریك و خەم و پەژارە، جۆرێكی نوێیە لە گەشتوگوزار كە ڕەهەندێكی مێژوویی و ئێستایی هەیە. هەرچەندە توانست و بنەمای ئەم جۆرە لە گەشتوگوزار، هەم سرووشتین و هەم مرۆیی و مێژوویی. خۆ ئەگەر لە ڕابردوودا كارەساتە سرووشتیەكان یەك لەو هۆكارانە بن، كە دەستی مرۆڤی تێدا نەبووە. بە نموونە لافا و گركان و…هتد. بووبێتە مایەی تێرامانی مرۆڤ و كێڵگەی لێكۆڵینەوە و زیارەتكردن. ئەوا لە ئێستادا جەنگ و كاول كارییەكان و دڕندەی مرۆڤ و شوێنەوارەكانی جێدەستی مرۆڤ لەو هۆكارانەن بوونەتە بنەما بۆ جۆرێك لە گەشتوگوزار كە بە گەشتوگوزاری ڕەش و تاریك ناودەبرێت. هەرچەندە لە بنەڕەتدا خودی گەشتوگوزار بریتیەلە گەشت كردن بۆ ئەو ناوچانەی كە چێژ بە مرۆڤ دەبەخشن و كاتە بەتاڵەكانیان بە گەشتەكانیان پڕدەكەنەوە. بەڵام ئەم دیدە بۆ گەشتوگوزاری ڕەش جیاوازە چونكە ئەم جۆرە گەشتوگوزارە خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی ئەو گەشتیارانەش كە گەشتی بۆ دەكەن گەشتیاری هەم جیاوازن هەم تایبەتمەند. خۆ مەرج نییە هەموو گەشتیار حەز بكات گەشت بكات بۆ ئەو ناوچانە كە ناوچەی خەمگینن و پڕ تراژیدین و دڕندەیی و مرۆڤ پیشان دەدات. هەربۆیە پاڵنەری ئەم جۆرە گەشتە بریتیە لە فیئەی جیاواز بە نموونە خوێندكاران و توێژەران و مێژوونووسان و ئەو كەسانەی كە سەركێشی دەكەن و دەیانەوێت ئەزموونی ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ مەرگ ببینن.
ڕەنگە تازەترین نموونە بۆ ئەم جۆرە گەشتوگوزارە لە جیهانی ئەمڕۆماندا زیندانی سیدانایا بێت لە سوریا، كە دوای كەوتنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد نهێنیەكانی ئەم زیندانە جیهانی تووشی شۆك كرد. هەروەك شەڕی غەزە و ئیسرائیل و كاولكاری و كارە دڕندانەییەكانی ئیسرائیل بەرامبەر بە خەڵكی سڤیلی غەزە و وێرانكارییەكانی شارەكە لەو نموونە نوێیانە بن، كە جیهانی شەرمەزار كردووە. دوورنیە لە داهاتوودا ناوچەكە نەبێتە شوێنی ئارەزوومەندانی گەشتیاری ڕەش. بۆ لە نزیكەوە بنینی دڕەندەیی كارە قێزەونەكانی ئیسرائیل. ئەمە جگەلە شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا كە نموونەگەلێكی واقیعی و بەدردەستن بۆ گەشتوگوزاری ڕەش لە داهاتوودا.
“چەمكی گەشتوگوزار”
گەشتوگوزاری تاریک لقێکی گرنگە لە لقەکانی گەشتوگوزار، ھەرچەندە دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام بەکارھێنانی ئەم چەمك و زاراوەیە (ناونانی) نوێیە. گەشتوگوزاری ڕەش یان گەشتوگوزاری خەم و پەژارە، یاخود گەشتوگوزاری سێبەر، وەیان گەشتوگوزاری تاریک لە زمانی عەرەبیدا (السياحة السوداء، السیاحة المظلمة، السیاحة الداكنة) بە ئینگلیزی (Dark Tourism, Black Tourism). بریتییە لە گەشتکردنی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچانەی لە ڕابردوودا دووچاری مەرگەسات و کارەساتێکی سروشتی وەكو بوومەلەزە، تەقینەوەی گڕکانەکان، تسۆنامی، باوبۆران، لافاوتۆفان بوونەتەوە، یان کارەساتێکی مرۆیی چوون ئەو ناوچانەی مافەکانی مرۆڤی تێداپێشێلکراوە وەکو ئازار و ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، زیندانیکردن، جینۆساید و کۆمەڵکوژی و زیندە بەچاڵکردن و…هتد1
سەبارەت بە پێناسەی گەشتوگوزاری ڕەش هەموو ئاماژە و هەوڵە زانستییەكان جەخت لەسەر پێناسەكەی (لینۆن و فۆلی) دەكەنەوە كە بەداهێنەری ئەم چەمكە دادەنرێن و جەخت لەسەر بنەمای مردن و کارەسات و دڕندەیی مرۆڤ دەكەنەوە و ڕووداوەكان تێکەڵەیەکن لە فاکتەرە سەردەمیەكانی وەك بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەکنەلۆژی. ئەو هۆكارانە شوێنی و ڕووداوەكانیان کردووە بە توانستێك بۆ گەشتیوگوزاری تاریک. پاشان هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی گەشتوگوزاری تاریک لەلایەن ژمارەیەک توێژەر و نووسەرەوە بەردەوام بوو. بۆ نموونە: (سیتۆن، جۆن تونبریج و ئاشۆرس)، کە ئەمانیش زیاتر لەسەر بنەمای پێناسەكەی فۆلی و لینۆن، هەوڵەكانی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بە گەشتوگوزاری تاریك. بەم پێیە دەتوانرێت گەشتوگوزاری تاریک بەو شێوەیە پێناسە بکرێت، کە گەشتکردن و سەردانیكردنی شوێنەکانی پەیوەست بە (مردن، ئازار، کارەساتی مرۆیی، جۆرە جیاوازەکانی دڕندەیی و ترسناکی و وێرانکاری و قڕكردن و…هتد). هەروەها کارەساتی سرووشتی، وەك: (لافاو، گڕكان، بوومەلەرزە، تسۆنامی و…هتد). كەواتە مەبەست لەو شوێنانەیە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ مردن و ئازار و توندوتیژی و تراژیدیادا هەیە. وەک گۆڕستانەکان، بەرەكانی جەنگ و گۆڕەپانەكانی كوشتن، شوێنەكانی جینۆساید و كۆمەڵكوژی، شوێنە ترسناكەكان، زیندانەكان و ڕووداوە سروشتیەكان2. ڕەنگە ئەم ئادگارانە یادگاری و بیرەوەری تاڵی لای مرۆڤەكان بەجێهێشتووە و مۆزەخانە و مۆنۆمێنتەكان وەك پارێزەری تابلۆی ڕووداوە خەمناكەكان دەبنە شوناس و مۆركی چالاكی ئەم جۆرە گەشتوگوزارە. هەرێمی كوردستانیش، تابلۆیەكە بۆ گرنگیدان بەم جۆرە گەشتوگوزارە. بەهۆی ئەو ڕووداو و مەرگەساتانەی كە بەسەر گەلی كوردا هاتوون، چەندین مۆنۆمێنت و دیواربەند و گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی گەلەكەمانی تێدایە، كە دەتوانرێت وەك بنەمایەك بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ڕەش پەرەیان پێبدرێت.
“پاڵنەرەكانی گەشتوگوزاری ڕەش”
1. بەدواداچوون و سەركێشی:- مرۆڤ بە سرووشت هەندێكجار حەز بە سەركێشی و بەدواداچوونی ڕووداوە كارەسات بارەكان دەكات. بە نموونە گەڕان و ونبوون لە بیاباندا، ڕۆیشتن لە نێوان پاشماوەی فڕۆکەیەکی تێكشكا و لەكارکەوتوودا، یان بینینی پاشماوەکانی بۆمبێکی ئەتۆمی بە چاوی خۆت- هەموو ئەم دیاردانە. وای لە (پیتەر هۆنهاوس)، كردووە كە ماڵپەڕێکی تایبەت بە گەشتیاری تاریکی بەڕێوەببات، ئەو كاردەكات بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئەم جۆرە گەشتیارییە. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكانێك هەن لە جیهاندا تەواوی ژیانیان بۆ ئەو جۆرە گەشتانە تەرخان كردووە و پارە و کات و ماندوبوونی خۆیان بۆ ئەو گەشتانە بە خەرج دەدەن.
2. ئارەزوی زانینی ڕاستی:- لەوانەیە گەشتیارانێك هەبن حەز بەوە بكەن بچنە شوێنە گەشتیارییە تاریکەکان بۆ ئەوەی دۆخی ڕاستەقینە ڕووداوەكان بە چاوی خۆیان ببینن و ئەوە بزانن، كە ڕووداوەكان چۆن ڕوویانداوە؟ پێشتر مرۆڤەکان چۆن ژیاون؟ مردن چۆن بە ئێرەدا تێپەڕیوە؟ ڕووداوەكە و شوێنەكە چ چیرۆک و حیکایەتێکی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە؟ بەلای گەشتیارانەوە گرنگە وەڵامی ئەم پرسیارانە لە خودی خەڵکی وڵاتە كارەساتبارەكەوە ببیستن و ئارەزوی ئەوە بكەن بگەن بە ڕاستییەکان و گێڕانەوەی مێژوویی ڕووداوەكان بزانن و بەراوردیان بکەن بەو گێڕانەوانەی پێشتر بۆیان باسكراوە. دەرەنجام گەیشتن بە ڕاستی وەڵامی ئەو پرسیارانەی، كە پێشتر كەڵكەڵەی مێشكیانی جەنجاڵ كردبوو.
3. بەریەك كەوتن و ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ مردن:- مرۆڤی مۆدێرن پەیوەندییەکی کەمیان بە مردن و کارەساتەوە هەیە، بۆیە ڕەنگە بچنە ئەو جۆرە شوێنانە بۆ ئەوەی هەست بە نزیکبوونەوە لە مردن بکەن و بەهای ژیان بەرز بنرخێنن. لینۆن ڕوونی دەکاتەوە کە بەرکەوتن و ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ مردن یان بینینی مردن، پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بەردەوام ئاڵنگاری نوێ بهێنێتەكایەوە. وەك ئەوەی هەر جارێك مردن دەبینن پەیامێکی ڕەمزی لەدایکبوونەوەیان بە بیردا دێتەوە. وەک ئەوەی گەشتیاران، بە چوونە ناو شوێنە تاریکەکان، ئامانجیان گەڕانەوەبێت بۆ ڕووناکی3.
4. گەشت كردن بە مەبەستی توێژینەوەی زانستی:- بەشێك لە توێژەرانی بوارەكانی زانستە مرۆڤایەتییەكان، وەك سەردانی مەیدانی گەشت دەكەن بۆ ناوچەكانی گەشتوگوزاری تاریك و ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی كارەسات و ڕووداوەكان بوونەتەوە، وەك تەواوكاریەك بۆ لێكۆلینەوە و توێژینەوە زانستیەكانیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری دروست و لێكۆڵینەوە لە لایەنە جیاوازەكانی ڕووداوەكان.
“بنەماكانی گەشتوگوزاری تاریك”
بنەما سرووشتیەکان:- بریتین لەو بنەمایانەی کە دەستی مرۆڤی تێدا نییە و لە ڕابردوودا ناوچەیەك یان شوێنێك دووچاری کارەساتێکی سرووشتی بوونەتەوە، وەك: (بوومەلەرزو، تسۆنامی، تەقینەوەی گرکانەکان، با، باران و تۆفان) نموونە وەکوو (پۆمپی Pompeii) كە شارێکی ڕۆمانی کۆنە دەکەوێتە نزیك شاری ناپۆڵی لە ئیتاڵیا لە ساڵی (1979) تەقینەوەیەکی گڕکانی لە چیای فیزۆف ڕوویدا و بە تەواوی شاری پۆمپی وێرانکرد، تەقینەوەی ئەم گڕکانە بووە ھۆکاری لەناوچوون و مردنی ھەموو دانیشتووانی شارەکە یان دیاردەی ڕوودانی تسۆنامی لە وڵاتی ژاپۆن.
بنەما مرۆییەکان:- بریتین لەو بنەمایانەی کە لە ڕابردوودا ناوچەیەك یان شوێنێك دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بوەتەوە، وەکو ئەو ناوچانەی مافەکانی مرۆڤی تیادا پێشێلکراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە (گرتووخانە نھێنیەکان و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی گیراوانی گرتووخانەکان، ئەو شوێن و ناوچانەی کە شەڕ و جەنگی تیادا ڕوویداوە و بووەتە مایەی لەناوچوونی سەدان ھەزار سەرباز، گۆڕی بەکۆمەڵ (زیندە بە چاڵ، جینۆساید) گرینگترینیشیان کێڵگەکانی کوشتن لە کەمبۆدیا، سەربازگەکانی دەستگیركردن و لەناوبردن(جینۆساید) لە ئۆشفیتز لە پۆڵەندا، مۆزەخانەی قوربانیانی جینۆسایدی بە کۆمەڵ لە (ڤیلینیۆس Vilnius) لە لیتوانیا4. دەکرێت بە كورتی ئەوە بڵێین ئەو کەسانەی حەزی سەرانی ئەم جۆرە لە گەشتوگوزارەیان هەیە، کەسانی تایبەتمەندن، وەکو (گەشتیاران، نووسەر و توێژەران، هونەرمەندان، مێژوونووسان، قوتابیان و خوێندکاران، شوێنەوارناسان، ئەو کەسانەی ئارەزووی بینینی تراژیدیاکان دەکەن و…هتد). وەلێ ئەوەی لێرەدا مایەیی تێڕامانە گەشتوگوزاری ڕەش، بۆ خۆشگوزەرانی نییە. بەڵكو گەشتیاران تەنها بۆ حەزی بینینی شوێنی قوربانیەكان و زانینی پلەی کاریگەری ڕووداوەکان و هەروەها بۆ پەند لێوەرگرتن سەردانی دەکەن.
“جۆرەكانی گەشتوگوزاری تاریك”
1. گەشتوگوزاری جەنگەكان:- جۆرێکە لە گەشتوگوزاری تاریک، بریتییە لە گەشتەكانی کات بەسەربردن بۆ بەرەكانی جەنگ و ناوچە چالاکەکان یاخود ئەو ناوچەی كە لە ڕابردوودا ڕوبەڕووی جەنگ و كاولكاری بوونەتەوە. بە مەبەستی بینینی جەنگەكان و دەرەنجامەكانی جەنگ و لێکۆڵینەوەی مێژوویی لەسەر جەنگەكان. هەربۆیە بەو كەسانەی كە ئەم جۆرە گەشتە تاریكە دەكەن پێیان دەوترێت گەشتیاری جەنگ. مەبەستی سەرەكیان سەردانکردنی ئەو شوێنانەیە کە شایەتحاڵی جەنگ و جەنگە مێژووییەكانن، لەگەڵ گۆڕستانی سەربازان و مۆزەخانەكانی جەنگ.
2. گەشتوگوزاری گیتۆ:- ئەمەش جۆرێكە لە گەشتوگوزاری تاریك، گەشتیار لەم گەشتەدا سەردانی گەڕەکە هەژارنشینە هەڕەمەكییە زەبەلاحەكان دەكات بۆ بینین و تێگەیشتن لە ژیانی دانیشتوانە هەژارنشینەكان. بۆیە كەمجار ئەم گەشتە لە سەدەی نۆزدەهەمەدا سەری هەڵدا لەو كاتەدا گەشتیاران سەردانی گەڕەکە هەژارنشینە زەبەلاحەکانی لەندەنیان دەكرد و لە ئێستادا زۆرتر گەشتیاران سەردانی گەڕەكە هەژارنشین و هەڕەمەكییەكانی (باشوری ئەفریقا، هیندستان، بەرازیل، پۆڵەندا، کینیا، فلیپین) دەكەن لەگەڵ ناوچە هەژارنشینەكانی ئەمریکا.
3. گەشتوگوزاری خۆكوژی و لە سێدارەدان:- یەکێکە لە نوێترین شێوازەکانی گەشتوگوزاری تاریک و گەشتکردنە بۆ وڵاتێک یان ناوچەیەك، کە لە وڵاتەكەدا بە یاسا ڕێگە پێدراوە و بە هاوکاری پزیشک بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی مرۆڤ. دیارترین شوێنە گەشتیاریەكانی خۆکوژی بریتین لە: (سویسرا و هۆڵەندا و مەکسیک)، ئەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕێگە بەو شتە دەدەن کە ناویان لێناوە كوشتنی میهرەبانی و بە (القتل الرحیم) ناسراوە5. هەروەك لە سێدارەدانیش جۆرێكە لە گەشتوگوزاری تاریك، گەشتیار لەم گەشتەدا سەردانی ئەو ناوچانە دەكات ، كە دیاریكراون بۆ سزای لە سێدارەدان.
4. گەشتوگوزاری گۆڕستانەكان:- ئەمەش جۆرێكە لە گەشتوگوزاری ڕەش گەشتیار لێرەدا سەردانی گۆڕستانەكان دەكات. جا ئەو گۆڕستانانە ژمارەیەكی زۆر گۆڕ و ڕوفاتی لە خۆ گرتبێت، یاخود گۆڕی كەسێكی بەناوبانگی تێدا بێت. هەندێكجار وا ڕێكدەكەوێت لەو ناوچانە مۆنۆمێنتی تایبەت بە قوربانییەكان و كەل و پەل و یادگارییەكانیان لە خۆبگرێت6. بە نموونە گۆڕستانی ئەنفال لەناو مۆنۆمێنتی ئەنفال و گۆڕستانی كیمیابارانی هەڵەبجە لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. هۆڵۆكۆست و مۆنۆمێنت و گۆڕستانی قوربانیانی ڕوەندا و كەمبۆدیا.
5. گەشتوگوزاری شوێنەكانی ئازاردان:- ئەمەش گەشتكردنە بۆ ئەو ناوچانەی، كە لە ڕابردوودا جێگەی بەندی و شوێنی ئازاردان و ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان بووە. بەنموونە زیندانی نوگرە سەلمان لە سەماوە و پارێزگای موسەنا، كە شوێنی ئازاردان و بەندكردنی ئەنفالكراوان و قوربانیانی گەلی كورد بوو بەدەست ڕژێمی بەعسی عێراقی. لە تازەترین نموونەش زیندانەكانی سیدنایا لە سوریا كە لە دوای كەوتنی ڕژیمی بەشار ئەسەد ئەم زیندانە دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكرد لە جیهاندا.
6. گەشتوگوزاری مۆنۆمێنتەكان:- لەكاتێكدا مێژووی مرۆڤایەتی لەپاڵ دەسکەوتە زۆروزەوەندە شارستانیەتیەکەیدا سیخناخە بە هەستی شەڕەنگێزی و بەربەریەت، پڕە لە کوشتن و جینۆسایدکردن، كە ئەمەش بەشێکە لە ڕووە دزێوەکەی شارستانیەتەکەمان. ئەمە وای کرد مرۆڤایەتی بۆ پاراستنی یادەوەری قوربانیەکانی بیر لە مۆنۆمێنت یاخود مۆزەخانەی تراژیدی بکاتەوە، بۆیە مۆنۆمێنتەکان بوون بە دەزگایەکی کولتووری لە کۆنەستی مرۆڤەکاندا بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی مێژووی ڕووداوەکان و کەرەستە و یادەوەری و ڕووفاتی قوربانیەکان هەتا لەلایەک مێژوو لەیادیان نەکات و لەلایەکی تر بۆ ئەوەی جینۆساید و ڕووداوە تراژیدیەکان دووبارە نەبنەوە و دیسانەوە بەرۆكی مرۆڤایەتی نەگرنەوە.
ئەم مۆزەخانانە دەکرێت سنوربەند بن لە بینایەکدا یاخود لەچوارچێوەی شار و ناوچەیەکدا پارێزگاری لێبکرێت. نموونە بۆ ئەم مۆنۆمێنت و مۆزەخانە تراژیدیایانە زۆرە وەک مۆنۆمێنتی هۆڵۆکۆستی جوەکان و شاری گركانی پۆمپی لە ئیتالیا ساڵی (79ز). گەلی کوردیش لە مێژووی دوور و نزیکدا بەزۆر شێوە ڕوبەڕوی جینۆساید و قڕکردن بوەتەوە، گرنگترینیان کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالە، بۆیە خاوەن زۆر تابلۆی یادەوەری و مۆزەخانەی تراژیدی وەک مۆزەخانەی تراژیدی و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و ئەمنەسورەکە لە سلێمانی و مۆنۆمێنتی بەرزانیەکان لە بارزان و چەندین دیواربەند و تابلۆی یادەوەری تر7.
“دابەشبوونی جوگرافی گەشتوگوزاری ڕەش لە جیهاندا”
لە جیهاندا بڵاوبونەوە و دابەشبوونی جوگرافیای شوێنەكانی گەشتوگوزاری تاریك زۆرن، وەك چێرنۆبڵ و ئاوشڤیز و بیركیناو، هێرۆشیما، یادەوەری 11ی سێپتەمبەر وبۆمبی و…هتد. بەڵام دیارترین ئەو شوێنانەی كە لەم دواییانەدا فۆكسی گەشتیاری لەسەر بوو بریتن لە:-
1. ئێرلەندای باکوور:- با لە ئیرلەندای باکورەوە دەست پێ بکەین. بە گرتنەبەریگەشتێکی سیاسی بە تەکسیەكی ڕەشبۆ ڕۆژئاوای بێلفاست. یەکێکە لە بەناوبانگترین چالاکییە گەشتیارییە تاریکەکان. دەتوانیت گەشتێکی کەسی بە دیوارە سیاسییەکان و شوێنەوارەکانی دەوروبەری دیواری هێڵی ئاشتیدا بەدەستبهێنێت. کە تا ئێستاش کۆمەڵگە کاسۆلیک و پرۆتستانتەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە. ئەمەش سەردانیکردنی شوێنە مێژووییەکانی ئاژاوە و تیرۆر و بۆردومانەکان دەگرێتەوە. ئەگەر ئەوە بەس نەبوو، دەتوانیت سەردانی بۆگساید بکەیت لە شاری دێری. ئەمەش بە شوێنی لەدایکبوونی “ئاژاوەکان” و شوێنی “یەکشەممەی خوێناوی” دادەنرێت. كە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بوو بە خوێن کۆتایی هات. کاتێک سوپای بەریتانیا تەقەی لە (14)کەسی بێ چەک کرد و شەهیدی كردن. (مۆزەخانەی دێری ئازاد ( كە بە ناوی (مۆزەخانەی یەکشەممەی خوێناوی) ناوبراوە. هەروەها لە کۆتاییدا هیچ گەشتیارێک كە حەز بە گەشتوگوزاری تاریک دەكات دەرفەتی سەردانی ئەو شوێنە لەدەست نادات، کە کەشتییە بەناوبانگەکەی تایتانیکی لێ دروستکرا. گەڕەکی تایتانیک دەکەوێتە دوورگەی کوینز لە شاری بێلفاست و شوێنی گەشتیاری ژمارە یەکە لە شارەکەدا.
2. ئەفەریقای باشوور:- پیشەسازی گەشتیاری ئەفریقای باشوور بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان و سرووشتە. بەڵام لە دوای کۆتایی هاتنی ئاپارتایدەوە، گرنگیدان بە گەشتیاری تاریک پەرەی سەندووە. شوێنی گەشتوگوزاری تاریک ژمارەیەکزیندانیلە شاری کیپ تاون لە خۆ دەگرێت. هەروەك ئەو زیندانەی زۆرترین ئاسایش و تووندوتۆڵ كرابوو، زیندانەكەی نیلسۆن ماندێلا بوو كە (27)ساڵی تێدا بەسەر برد. ئێستا وەک میراتی جیهانی یونسکۆ، گەشتەکانی ئەو دامەزراوەیە لەلایەن زیندانیانی پێشووەوە سەرپەرشتی دەکرێن. هەروەها لە کیپ تاون مۆزەخانەی ناوچەی شەش هەیە، کە یادی ناوچەیەکی فرە کولتووری دەکاتەوە و لەلایەن حکومەتی ئاپارتایدەوە لە ساڵی(1966)دا تەنها بۆ سپیپێستەکان ناسێندرابوو. جۆهانسبێرگ لە سەردەمی ئاپارتایددا شوێنی کێشە گەرمەكان بوو، زۆرینەی دانیشتوانی ڕەشپێست بە زۆر لە ناوەندی شارەوە گواسترانەوە و لە پیشەسازی کانگادا ئیستغلال کران. لە ئەنجامدا چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی تاریک هەیە لەوانە مۆزەخانەی ئاپارتاید ، مۆزەخانەی کاری کۆچبەرانی لواندل ، گردی دەستوور ، سۆوێتۆ و ماڵی ماندێلا .
3. ئاگدەم لە ئازەرباینجان:- لەساڵی (1993) شاری ئەگدەم بە تەواوی چۆڵ بوو، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتووانەکەی (100)هەزار کەس بوو. دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەرمەنستانەوە لە شەڕی قەرەباخدا داگیرکرا. ئەمڕۆش وەک یەکێک لە گەورەترین شارۆچکە تاریك و جنۆکەییەکانی جیهان ماوەتەوە – كە بە كاولكاری بەرەو ئاسۆ درێژ بووەتەوە. هەرچەندە لە ڕووی تەکنیکییەوە، ڕێگە بە كەس نادرێت سەردانی ئاگدەم بکات، چونکە دەکەوێتە (ناوچەی پارێزراو)ی کۆنترۆڵکراوی ئەرمەنستان. بەڵام ئەمە تەنها وا دەکات ئاگدەم زیاتر خواستراو بێت بۆ گەشتیارانی تاریکی. سەرنجڕاکێشترین شوێنەکە مزگەوتی شارەکەیە، کە تاڕادەیەک وەک خۆیەتی و دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری شارە خاپورەکە پیشان دەدات.
4. كۆریای باكوور:- گومانی تێدا نییە. کۆریای باکور ناوبانگێکی تاریکی هەیە. لە کاتێکدا کە شوێنی گەشتیاری تاریکی فەرمی زۆر نییە، بەڵام سەیر و سەمەرەی زۆر هەیە. سەرەتا ڕێگەت پێنادرێت بە تەنیا گەشت بکەیت. هەموو گەشتەکان بە وردی کۆنترۆڵکراون لەسەر بنەمای پڕوپاگەندە. ئەمەش ئەوەیە کە شارەزایانی گەشتیاری تاریک پێی دەڵێن گەشتیاری (پەرستنی كەسایەتیCult of Personality). ئەگەر سەردانێک بکەیت بۆ گۆڕستانی کۆشکی (کومسوسان ئۆف زە سەن). لێرەدا دەتوانن پاشماوەی پارێزراوی سەرکردەی پێشوو (کیم ئیل سونگ)ی سەرکردەی گەورە و (کیم جۆنگ ئیل)ی سەرکردەی ئازیز ببینن، کە بە کەلوپەلە دڵخوازەکانیانەوە لە وڵاتدا کەوتوون.
5. مۆنتسرایت(ڕۆژهەڵاتی كاریبی):- مۆنتسرات دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کاریبی و دورگەیەکە بە (پۆمپیۆی) مۆدێرن ناسراوە. لە ساڵی (1995) بەشێکی زۆری نیوەی باشوری دورگەکە دوای تەقینەوەی گڕکانی (سۆفریێر هیڵز) بە خاک سپێردرا. (19) کەس کوژران و شارۆچکەی (پلیمۆس) چۆڵكرا. ژمارەی دانیشتوانی دوورگەکە نزیکەی (10 هەزار بۆ 12هەزار) كەس بوو. گڕکانەکە هێشتا چالاکە بەڵام لە ساڵی (2010)ەوە هیچ تەقینەوەیەکی گەورە ڕووی نەداوە. لە کاتێکدا دەروازیەك هەیە بۆ سەردانی ناوچە جێهێڵراوەکان لە باشور، خوازیارانی گەشتیاری تاریک و بە ئیرادە و ئارەزومەندانی کارەساتی سروشتی، ڕەنگە بتوانن لە قۆناغەکانی داهاتوودا کەمێك دەستیان بگات بە چالاکی گڕکانەکە.
6. ڕوەندا:- جینۆسایدی ڕواندا کە لە ساڵی (1994)دا (یەک)ملیۆن کوژراوی لێکەوتەوە، گەورەترین و دڕندانەترین کوشتنی بەکۆمەڵە لە مێژووی ئەم دواییەدا. ئەم جینۆسایدە بەهۆی ڕەگەزپەرستی و دژە توتسیەکانەوە كران بە سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی (هوتۆ)وە بە سەرۆکایەتی (هوتۆ) و هەروەها میلیشیاکانی (ئینتەرهاموێ و ئیمپوزاموگامبی) ئەنجامدرا. سەرەنجام بە شکستی هێزەکانی حکومەت لە لایەن بەرەی نیشتمانپەروەری ڕواندا کۆتایی هات. سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن گەلانی ڕۆژئاواوە پشتگوێ خرا، بەڵام لە ڕواندا گرنگییەکی زۆر بە یادکردنەوەکان داوە. دوو پشووی گشتی ماتەمینی هەیە و ئینکاری لە جینۆساید تاوانێکی گەورەیە لە وڵاتە. لە کاتێکدا شەش شوێنی سەرەکی یادگاری لە سەرانسەری ڕواندا هەیەن، یادگارییەکانی جینۆسایدی (مورامبیونیاماتا) بە دوو لە تاریکترین شوێنەکانی سەر زەوی دادەنرێت. سەردانکەران جلەكانیان ڕووبەڕووی پەڵەی خوێن و جەستەی پارێزراو و کەلەسەر و ئێسک و هەندێک لە چیرۆکە شۆکهێنەرەکانی دڕندەیی مرۆڤ دەبنەوە، کە خەیاڵ تێدەپەڕێنێت.
7. گركانی ئیجن(جاوای ڕۆژهەڵات):- گڕکانی (ئیجن) لە جاوای ڕۆژهەڵات شوێنی گەورەترین دەریاچە ترشەكانی جیهانە. دەریاچەکە پانییەکەی (722)م و قووڵییەکەی (200)م، بە بڵێسەی فەیروزەیی و گازە دوکەڵاوییەکانی بەناوبانگە. کۆگاکانی گۆگردی زەردی گەشاوە، کە بە (زێڕی شەیتانەکان) ناسراوە لەلایەن ئەو کرێکارانەوە دەرهێنراون کە بەرگەی بارودۆخی زۆر مەترسیداریان گرتووە و بە بێ پارێزبەندی و مووچەیەکی کەمیان هەیە. لەگەڵ زیادبوونی گەشتیاران کاتێك سەردانی کانەکە دەکەن، زۆرێک لە کرێکاران پێشبینی ئەوە دەكەن گەشتیاران بە سەردانی كردنیان پارەیەک یان جگەرەیەکیان پێبدەن بۆ وێنەگرتنێك. لە کاتێکدا کە گوایە چوونی گەشتیاران بۆ ناو کانەکە قەدەغەیە، زۆرێک بە سادەیی ئاماژەکان و لەتابلۆی هۆشدریدانەكە پشتگوێ دەخەن کاتێک ڕێگەی خۆیان بە ڕێڕەوی ناجێگیردا دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سەرسام بن بە بڵێسەی شین و شکۆمەند، کە تەنها لە شەودا دیارە.
8. ماجدانێك(پۆڵەندا):- کەمپی پێشووی کۆکردنەوە و مردنی نازییەکانە لە شاری (لوبلین) لە پۆڵەندا. بەقەد شوێنە سەرەکییەکانی هۆلۆکۆست وەک (ئاوشڤیتز یان داخاو) ناسراو نییە. بەهۆی ئەوەی لە ڕێڕەوی سەرەکی گەشتیارییەوە دوورە. ماجدانێک ساڵانە تەنها نزیکەی (100)هەزار سەردانیکەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت بە بەراورد بە (یەک ملیۆن و نیو) لە ئاوشڤیتز. کەمپەکە لە هاوینی ساڵی (1944) لەلایەن سۆڤیەتەکانەوە ئازادکرا، نزیکەی (10)مانگ پێش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی. لە ئەنجامدا نازییەکان کاتێکی کەمیان هەبوو بۆ پەردەپۆشکردنی بەڵگەی دڕندەییەکانی ئۆردوگاکە. بەپێی خەمڵاندنەکان ژمارەی گیانلەدەستدان بە نزیکەی (80)هەزار کەس دادەنرێت. زۆر کەس ماجدانێک بە كارەساتبارترین یادگارییەکانی هۆلۆکۆست دەزانن.
9. مەگادان (سیبریا):– کاتێک باس لە دڕندەکانی سەردەمی ستالین دەکرێت، مەگادان لە هەموویان بەناوبانگترینە. ناوچەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا و ئەوەندە دوورە کە تەنانەت لە دەوروبەری کەمپەکانی زیندانەکەدا سیاجیشی پێویست نەبووە. هەڵهاتووەکان هیچ هیوایەکیان نەبوو کە لەو بیابانە ساردە دڕندانەیەدا ڕزگاریان بێت.گەشتکردن بۆ ئەم بەشەی جیهان بۆ کەسانی بێهێز نییە. تەنانەت سەختترین گەشتیارانیش بۆ ئەم گەشتە كارپێكەرێكی گەشتیاری پسپۆڕ بەکاردەهێنن. بە درێژایی درێژترین ڕێگای جیهان، ڕێگای (کۆلیما) گەشت دەکەن، سەردانی شارۆچکە جنۆکەییە جیاوازەکان و گولاگەکان دەکەن.کاتێک باس لە گەشتیاری تاریک دەکرێت، ئەمە شوێنێکە کە مێژووی تاریکی کۆمۆنیستی و توندڕەویان پیشان دەدات.
10. دورگەكانی مارشاڵ:- هیچ لیستێکی تاریکی شوێنی گەشتیاری بەبێ بژاردەی ئەتۆمی تەواو نابێت. (ئەتۆلی بیکینی) لە دورگەکانی مارشال لە (23) دورگە پێکهاتووە کە دەوری تاڤگەیەکی ناوەندی داوە. بەڕێکەوت ئەمریکا لە نێوان ساڵانی (1946) بۆ (1958) نزیكەی (23) ئامێری ئەتۆمی لە ئەتۆلی بیکینی تەقاندەوە. ئۆپەراسیۆنی (کرۆسڕۆدز) دوو تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بوو و یەکەم تەقینەوەی ئەتۆمی بوو لە دوای بۆردومانی (ناكازاکی)ی یابان لە ساڵی (1945). دەرکەوتنی تیشکدانەوەی دووەم تاقیکردنەوەی ژێرئاوی، کە ناوی کۆدی (بەیکەر) بوو، بە یەکەم کارەساتی ئەتۆمی دادەنرێت لە جیهاندا. دە کەشتی نوقم بوون لەنێویاندا کەشتی جەنگی ئارکانساس و کەشتی هەڵگری ساراتۆگا. دانیشتوانی سەرەتای بەهۆی ئاستی بەرزی پیسبوونی تیشکدەرەوە ئاوارە بوون. ئەمڕۆ، بیکینی ئەتۆل هەندێک لە باشترین غەواسەکانی کەشتی نوقمبوو لە جیهاندا پێشکەش دەکات. بەڵام سەردانکەران تەنها لەو کاتەدا ڕێگەیان پێدەدرێت کە لە کەشتییە خۆبەخشەکاندا بمێننەوە و ڕەزامەندی پێویستیان بەدەستهێنابێت.
11. شیللی:- لە ساڵی (1973)دا (ئۆگستۆ پینۆشێت) لە کودەتایەکی سەربازیی دڕندانەدا، کە گوایە لەلایەن سی ئای ئەیەوە پشتیوانی لێکرابوو. دەسەڵاتی لە حکومەتی سۆسیالیستی شیللی سەندەوە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرابوو. دیکتاتۆری پینۆش (17)ساڵ بەردەوام بوو پێش ئەوەی لە کۆتاییدا لە وڵاتەکەدا سیستەمی سۆسیالیستی بگوازرێتەوە بۆ دیموکراسی. نزیکەی (80)هەزار کەس لە ئۆردوگاکان کۆکردنەوە و زیندانی کران و بە مەزەندە (3)هەزار کەسیان لە سێدارە دران.
بۆ ئەو گەشتیارانەی حەز بە گەشتی تاریک دەكەن کۆمەڵێک یادگاری و شوێن هەیە بۆ گەڕان. لە (سانتیاگۆ دی شیللی)دا، بەناوبانگترین شوێنە سەرنجڕاکێشەکان بریتین لە مۆزەخانەی یادەوەری و مافی مرۆڤ، ناوەندی دەستبەسەرکردنی بە ناوبانگی ڤیلاگریمالدی و شوێنی ئەشکەنجەدانی نهێنی لۆندریس.
12. دورگەكانی فۆكڵان:- نیسانی ساڵی (1982)، ئەرجەنتین لە هەوڵێکدا بۆ ئیدیعاکردنی سەروەری، ئەو خاکانەی لە ژێردەستی بەریتانییەکاندا بوو دوورگەکانی فۆکلاندی داگیرکرد. ململانێکان (74)ڕۆژی خایاند و دوای تەسلیمبوونی ئەرجەنتین دورگەکان گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا. نزیکەی (900)کەس گیانیان لەدەستدا.گەشتیاران دەتوانن گەشتێکی مەیدانی بکەن بۆ شوێنەوارە جیاوازەکانی جەنگ لە دورگەی فۆكلاند، یادگارییەکان، کێڵگە مینەکان، مۆزەخانەکان و شوێنەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە کە دیمەنی زبڵ و خاشاکیان تێدایە. هەروەها شوێنی دوور و تاریکی فۆڵکلاندەکان سەرنجی ئەو گەشتیارانە ڕادەکێشێت، کە بەدوای ئەزموونێکی ناوازەی شوێنێکی تاریك و نادیاردا دەگەڕێن.گەیشتن بە فۆڵکلاند بریتییە لە گەشتکردن لە شیللییەوە، بۆ فۆكلاند کە کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری تاریکیتان پێشکەش دەکات
13. ڤێرجینای ڕۆژئاوا:- لەبارەی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا ئەم شوێنە تایبەتمەندی گەشتوگوزاری تاریکی هەیە. یەکەمجارزیندانی ڤێرجینیای ڕۆژئاوایەلە (ماوندسڤیل)، زیندانێکی شێوازی (گۆتیک) بوو لە ساڵی (1876 تا 1995) لە کاردابوو. هەروەها بە توندوتیژی و یاخیبون و هەڵهاتن و لەسێدارەدان ناسرابوو، ئارەزومەندانی پارانۆرمال وەک یەکێک لە زیندانە جنۆکەییەکانی ئەمریکا ڕیزبەندی دەکەن. پەناگەی شێتەکانی (ترانس ئەلیگنی)، شوێنێکی دیکەی بەناوبانگە بۆ ڕاوچیانی جنۆکە و گەشتیارانی تاریک. بینای (نیوگۆتیک) لە زۆرێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنییە پارانۆرمالەکاندا پیشاندراوە. گەشتی مێژوویی ڕێنمایی کراو هەیە (لەوانەش مۆزەخانەیەک کە چارەسەری پزیشکی ترسناک لەخۆدەگرێت) هەروەها گەشتی پارانۆرمال لە شەودا. لە کۆتاییدا، هیچ گەشتێک بۆ ڤێرجینیای ڕۆژئاوا تەواو نابێت بەبێ سەردانی بنکەی ئەتۆمی (گرینبریر) بە نهێنی لە ژێر هاوینەهەواری گرینبریر لە کاتی نۆژەنکردنەوەکانی لەماوەی ساڵانی(1959 تا 1961) دروستکراوە. ئامانج لەم بنکە گەورەیە بریتی بوو لە دانانی کۆنگرێس لە ئەگەری ڕوودانی هۆلۆکۆستی ئەتۆمی8.
سهرچاوهكان؛
1. مها احمد بدري السیاحة السوداء بین السلب و الإجاب، المجلة الدولیة للتراث والسیاحة والضیافة، المجلد 16، العدد 2، دیسمبر 2022، ، ص255-256
2 . قاسي نجاة، السیاحة المظلمة مقاربة مفاهیمیة، مجلة الاجتهاد القضائي، المجلد 12، عدد1، مارس2019، 239
3 . ایة صبري، سياحة مظلمة: انظروا كيف انتهى الخلق، الموقع: منشور، 3/10/2017، الموقع الكتروني: https://manshoor.com/politics-and-economics/dark-tourism/
4 . كارێز ڕەسول كانەبی، گەشتوگوزاری تاریك، سایتی ماڵپەڕی زانست، 8/9/2023، لینك:
https://zaniary.com/blog/64fb825020ef6.
5 . ایة صبري، سياحة مظلمة: مصدر سابق.
6 . Fonseca.A.P and Searba.C.silva.C, (2016), Dark tourism concepts typologies and sites, journal in tourism research and hospitality, (online).0(2), accessed, February/6/2020
7 . كازم جەباری، مۆزەخانە لە سیمبوڵی شكۆی مرۆڤایتییەوە بۆ بەهای گەشتیاری، ڕۆژنامەی خەبات، 12/6/2023، ل13
8 . 1cover, 13 New Dark Tourism Destinations For 2020, website: https://www.1cover.com.au/media/latest-news/dark-tourism-2020/