بەر لە هاتنە سەر باسی فکری کەمالیزم و دامەزراندنی تورکیای هاوچەرخ، وای بە باش دەزانین کە هەڵوێستەیەك لەسەر بیرو باوەڕی ئیتحادیەکان بکەین لە دەوڵەتی عوسمانیدا، چونکە مستەفا کەمال ئەتاتورك دواتر فکر و ئایدیای ئەو کۆمەڵەیەی لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا چەسپاند، هەربۆیە پێویستە لەو بارەیەوە بدوێین و کورتەیەكی مێژوویی بخەینە پیش چاو. هەوڵ دەدەین دوو باسی تر لەبارەی دامەزراندنی تورکیای هاوچەرخ و ناساندن و جیهانبینی کەمالیزم، هەروەها دۆخی گەلی کورد لەسایەی دەوڵەتی کەمالیزم بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە لە بەشەکانی داهاتوودا. ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە باسی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەوی بکەین ئەوا دەبینین، کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی یەکەمین پارتی سیاسییە کە لە هەناوی دەوڵەتی عوسمانیدا لەدایكبووە، لەساڵی ١٨٦٥ لەلایەن ژمارەیەك لاوی ڕۆشنبیر، کە نازناوی تورکە لاوەکان یاخود عوسمانیە لاوەکانیان لە خۆ نابوو دامەزرێنرا، ئەمانە ڕازی نەبوون بەو چاکسازیانەی کە پیاوانی ڕێکخستنەکان لە ساڵی ١٨٣٩ دا خستبویانە بەرنامەی کارەوە و بنەما ڕەوشتی و عەقیدەییەکانی لە کۆمەڵگای عوسمانیدا لاواز کردبوو بەبێ دانانی بەدیلێکی گونجاو، کە ئەمانەش بووە هۆی دەستێوەردانی دەرەکی ئەمانە بانگەشەیان کرد بۆ دەسەڵاتێکی دەستوری پەرلەمانی دامەزراو لەسەر بنەمایەکی ئیسلامی کە هەوڵیان دەدا بۆ دروستکردنی هاوئاوازی لە نێوان سیستەمی سیاسی ڕۆژئاوای و پرەنسیبی شورای ئیسلامی، بەمەش توانیان پەرلەمانێك بێننە ئاراوە لە ساڵی ١٨٧٦، بەڵام دواتر سوڵتان هەڵیوەشاندەوە و دەسەلاتی خستەوە دەستی خۆی، ئەم بزاڤەش ئیتر بوو بە بزاڤێکی نهێنی و هەوڵی دەدا بۆ کودەتا.
لەپڕۆسەی چاکسازیدا ئیتحاد و تەرەقی پشتی بە تەواوی قبووڵکردنی دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا دەبەست بەبۆچونی ئەوان شارستانیەتێکی جیهانی و هاوچەرخە، لەلایەکی دیکەوە بەتەواوتی کولتووری ئیسلامی ڕەتدەکاتەوە بەو پێیەی کۆسپی بەردەم پڕۆسەی چاکسازیە. “عەبدوڵڵا جەودەت” دەڵیت: ”تاکە شارستانیەتێکی هاوچەرخ و جیهانی شارستانیەتی ڕۆژئاوایە جگە لەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە دەبێت بەهەموو دڕکێك و گوڵێکەوە قبوڵی بکەین، چونکە ڕۆژئاوا شارستانیەتی خۆی لەسەر بنەمای ڕابوون و بوژانەوەی زانستی و شۆڕشی هزری بوونیاد ناوە، لە کاتێکدا موسوڵمانان لە بەڕەتدا هیچ جۆرە بیرۆکەیەکی هزری لەو شێوەیەیان نیە بۆیە جگە لە قبوڵکردنی شارستانیەتی ڕۆژئاوا هیچ ئەلتەرناتیڤ و بژاردەیەکی ترمان نییە”
لەڕووی دیدگا و ئامانجەوە ئیتحاد و تەرەقی بەسەر دوو ئاڕاستەی هزری و سیاسیدا دابەش ببوون: باڵی یەکەمیان “ئەعمەد ڕەزا” سەرکردایەتی دەکردن و باوەڕیان بە مەرکەزیەتی ڕەها هەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش بەشێوەیەکی بنەڕەتی تەنها پشتی بە تورکەکان دەبەست، بەڵام باڵی دووەمیان باوەریان بە لامەرکەزی دەوڵەت هەبوو بە پێویستی دەزانی هەموو ڕۆڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی بەیەکسانی مامەڵەیان لەگدا بکرێت و هەریەك لە کورد، عەرەب، ئەرمەن و ئەلبانی ڕۆڵی خۆیان هەبێت ئەم باڵەش (سەباحەدین جەلالەدین) سەرکردایەتی دەکرد، بەڵام دواتر بوو بە ئۆپۆزسیۆن و لە ئیتحاد و تەرەقی جیا بوەوە، کە دواتر ئەندامانی ئەم باڵە پارتی ئازادی و ئیتیلافی لامەرکەزیان دامەزراند.
لە ڕاستیدا باڵی یەکەم خاوەنی هیچ پڕۆگرامێکی سیاسی نەبوون بەڵکو تەنیا شەپۆلێکی بیرۆکەی ڕیفۆرم و بە ئەندام بوو، کە بەتەواوی هاودەنگ نەبوون لەگەڵ پۆزەتەڤیسمی ئاینی، لەساڵی ١٩٠٦ بەولاوە لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی سەربازان لە ناو ڕیزی ئەندامان و بە گەیشتنی دکتۆر نازم و بەهادین شاکر ئیتر کۆمەڵە بەرەو ناسیۆنالیزمی تورك یان بەرەو پان تۆرانیزم هەڵخلیسکا، کە ئامانجی کۆکردنەوەی بە بنەچە تورك بوو. تێڕوانینی تۆتالیتاریانەی بیرمەندانی ئیتیحاد و تەرەقی نەزعەیەکی ستەمکارانەی دروستکرد، ئەم نەزعەیە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە پاش کودەتای ساڵی ١٩٠٨ بەڕوونی دەرکەوت، لەدوای کودەتا هەوڵیان دەدا سەسوڵاتی تەواوەتی خۆیان بەسەر دوڵەتدا بسەپێنن، بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتەکانی سوڵتان سنوردار کران و کۆمەڵێك فەرمانبەری سەر بە ئیتیحادیەکانیش لەناو کۆشکی سوڵتان دامەزرێنران. بەئامانجی جێگیرکردنی دەسەڵاتیشیان کۆمەڵێك ڕێ و شوێنیان گرتەبەر لە مانگی ئابی ١٩٠٩ هەردوو یاسای کۆمەڵەکان و یاسایەکی تریان بەناوی یاسای هەڵگەڕانەوە و ئاژاوە بڕیاریان لەسەر درا و پەسەند کران.
بەپێی یاساکە هاوڵاتیانی دەوڵەتی عوسمانی ناتوانن هیچ ڕێکخراوێکی ئاینی یاخود نەتەوەیی دابمەزرێنن، لەماوەی چەند مانگێکدا کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی هەموو لاوازەکانی پلۆرالیزمی عوسمانی لەناوبرد و خۆی وەك “ڕۆحی دەوڵەت” پێشان دەدا بە نوێنەرایەتی ئەفسەران هەر زوو بووبە زمانحاڵی سیستمێکی تازەی داپڵۆسێنەر. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەنوسێکی سەربە ئیتیحادیەکان بەناوی حوسێن جاهد دەڵێت: ” کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی بەتەواوی خۆی لەگەڵ تورکیزم دەناسێتەوە و لەئەنجامدا ناتوانێت بیرۆکەی دەسەڵات لەدەستدان لەڕێگای یاری هەڵبژاردنەوە قبوڵ بکات” ئیتیحادیەکان لە بناغەی تێڕوانینی ئاسۆییانەیان هەوڵیانداوە بە توندی شوناسی ئیسلامی لە جەماوەر دابماڵ بۆئەوەی تەواو ئامادەبن بۆ قبوڵکردنی بەڕۆژئاوایی کردن و گرتنەبەری ڕێ و شوێنەکانی دژ بە ئیسلام و شەریعەت هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی خەتی تۆرانی لەناو ئیتحادییەکان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی تواندنەوەی گەلانی ناتورك لەبۆتەی نەتەوەی تورکدا. ئەم ڕێکخراوە ژمارەیەك ڕووناکبیری ناسیۆنالیسی بەدەوررەوە بوو لەوانە(تۆکین ئاڵپ، یوسف ئاکچورا و زیا گۆك ئاڵپ) کە ئەمانە هەمان ڕوانگەی پیاوانی سەربازی کۆمەڵەیان هەبوو کە دایانووت ئەنادۆڵ دەبێت تورکیزە بکرێت و بکرێتە بنکەیەك بۆ یەکگرتنی تەواوی تورکەکان، هەربۆیەش بە دنەدان و پارێزگاریکردنی کۆمەڵە ڕێکخراوێك دروست بوون کە ڕێکخراوگەلێکی نەتەوەیی تورکی بوون لەوانەش:-
- کۆمەڵەی نیشتیمانی تورك ١٩١١
- ماڵی تورکان ١٩١٢
- هێزی تورك(ڕێکخراوێکی نیمچە سەربازی بوو) ١٩١٣.
هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئیتیحادیەکان هەر لەسەرەتاوە بنەماو پەیڕەوی کاریان لەسەر بنەڕەتی تورکچولوك کاریان کردووە بۆ خزمەت کردن بە نەتەوەت تورك، لێرەوە دەتوانین بڵێین بیرو بنچینە کۆمەڵایەتیەکانی کەمالیزم پێشینەی خۆیان هەبوو، چونکە ئەگەر دان بەوەدا نەنێین کە سەردەمی ئیتیحاد و تەرەقی دەستی لە گەڵاڵەکردنی ئەو ئایدۆلۆجیایە هەبووە ئەوا دەکەوینە هەڵەیەکی مێژووییەوە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەو ڕاستیەی کە لەو سەردەمەدا هەندێك لە بیروبۆچونەکانی مستەفا کەمال بۆ یەکەمینجار خرانە بەر چاو و گفتوگۆشیان لەسەر کرا، چونکە ناوبراو ئەندامیکی بەرایی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی بووە و یەکێك بووە لە ئەفسەرە چالاکەکانی ئەڵقەی نێوخۆیی کە لە کودەتای ساڵی ١٩٠٨دا بەشدار بووە. بەمشیوەیە دەستەبژێری کەمالیستەکان لەڕیزەکانی ئیتیحادو تەرەقیەوە کەوتبوونەوە، هەروەك مێژوو نوس(ئیریل-ژان زور شیر) ئاماژەی پێ دەکات، کە گومانی ئەوە هەیە مستەفا کەمال یەکێك بوبێت لە ئەندامە باوەڕ پێکراوەکانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی ئەگەرچی هەرگیز پۆست و پلەیەکی نەبوو لە کۆمەڵەدا، بەڵام خۆی دان بەو ڕاستیەدا دەنیت لەساڵی ١٩٢٣دا و دەڵێت ئێمە هەموومان ئەندامی ئیتیحاد و تەرەقی بووین.
کەواتە داڕشتنی دەستوور و بنەمای دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ پاشخانە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامە و پەیڕەوی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی سەرچاوەی ئیلهامی مستەفا کەمال بۆ ئایدۆلۆجیای تورکیزم.
سەرچاوەی سود لێوەرگیراو:-
- ئە.حەسرەتیان، یاسا دەستورییەکانی تورکیا و کورد لەسەردەمی نوێدا، وەرگێڕانی دلێر ئەعمەد حەمەد، چاپی یەکەم، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠٠٧
- ئیریل جەی زوجەر، مێژووی هاوچەرخی تورکیا، وەرگێڕانی یاسین سەردەشتی، چاپی دووەم، سلێمانی.
- حەمید بۆز ئەرسەلان، مێژووی تورکیای هاوچەرخ، وەرگێڕانی، نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر، ٢٠١٢.
- نوێل باربەر، فەرمانڕەوایانی قۆچ زێڕین، وەرگێڕانی ڕێبوار کەریم وەلی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠١.
- معەمەد ڕەسول هاوار، کورد و باکوری کوردستان لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە هەتا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، چاپخانەی خاك، ٢٠٠٦.
- کامەران ئەعمەد معەمەج ئەمین، کوردستان لە نێوان ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا(١٨٩٠-١٩٣٢)، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، ٢٠٠٠
- م.س لازاریف، کێشەی کورد، وەرگێڕانی کاوس قەفتان، بەرگی یەکەم، مطبعة جاحض، بغداد، ١٩٨٩.
- گۆڤای کوردۆلۆجی، ژمارە(١)، سلێمانی، ٢٠٠٨.