شۆڕشی چوارەم
ئەو وڵاتانەی دەتوانن ” حکوومەتی باش” دابمەزرێنن، ئەوا دەرفەتێکی باشیان بۆ دێتە پێش تا پێوەرێکی باشی ژیانکردن بۆ هاوڵاتییەکانیان دابین بکەن، ئەوانەشی ناتوانن ئەم کارە بکەن، بەر نەفرەتی هەرەسی لەناوچوون دەکەون. پێویستە ڕۆژئاوا بگۆڕی، چونکە بەرەو لەناوچوون دەچێ. ئەم جیهانە نوێیە دروست دەبێ پێویستی بە چاکسازییە تا لە گەشەسەندن و پەرەسەندن بەردەوام بێت.
ئەمە سەرەتایە کە ئێمە قوڵ بووینەوە بۆ جەوهەری پەرتووکەکەمان لەو باسەی سەرەوەدا کە هەریەکە لە ” جۆن مێکلسوەیت ” و ” ئەدریان وڵدریج” لە درێژای پەرتووکەیان چەندین باسی جیاواز و گرنگ پێشکەش بە جیهان دەکەن. لە سەدەی بیستەمدا دیموکراسی سەرکەوت، لە ١٩٠٠ هیچ وڵاتێک نەبوو هەڵبژاردنی تیا بکرێ و ڕێگە بە هەموو هەرزەکارەکانی بدات دەنگ بدەن، بەڵام تا ساڵی (٢٠٠٠)، سەد و بیست وڵات هەبوون کە هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام دەدرا، ئەم ڕێژەیەش ٦٣٪ی جیهانی دەگرتەوە، بەهەرحال، لەو کاتە بەدواوە، دیموکراسی چی دیکە پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە نەبینیوە و تەنانەت لە کزبووندایە. لە میسڕی دوای شۆڕش، ئاژاوە شوێنی ئەوهیوایانەی گرتەوە کە دیموکراسی هەیبوون. وڵاتانێک کە دیموکراسی تێدا جێگیر کرابوو، نموونەش وەک باشووری ئەفریقا بەرەو گەندەڵی چوو، وڵاتانی دیکەی وەک ڕووسیا، تورکیا و هەنگاریا کرانەوەی دیموکراسیان سنووردار بوو.
جۆن مێکڵسوەیت و ئەدریان وڵدرج لە سەرەتای پەرتووکی ” شۆڕشی چوارەم” باس لە چەند شتێک دەکەن، لەوانەش ململانێ جیهانی لە پێناو دووبارە دروستکردنی دەوڵەت و نیشاندانی وێنەیەک لەسەر وڵاتی چین، ئەو قوتابخانە چینییەی کە کاربەدەستە دەستەبژێرەکانی وڵاتی لێوە بەرهەم دەهێنێت، ئەم دووانە ئەنووسن ” لەو کاتەی کە چین بە دەستی ئەنقەست هەوڵی دا جارێکی دیکە ببێتە ڕابەری هونەری سەرمایەداری لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئێستە هەوڵ دەدات جارێکی دیکە ببێتە مامۆستا و ڕابەری هونەری حوکمڕانی. لەگەڵ ئەوەی هێشتە قوتابییەکان تەنها فێری سەرمایەداری ڕۆژئاوایی دەکرێن نەک حوکمڕانی ڕۆژئاوایی، بەوپێیەی حوکمڕانی ڕۆژئاوای بێکەڵک، ڕژد و نغرۆی نێو قەرز دەبینێت، ڕێنموییکارانی وڵاتی چین پشتگیری لە سەنگاپوورە دەکەن وەک مۆدێلێک، چونکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی تێکەڵ بە بازاڕی ئازاد کردووە.
هەر شوێنێک بێ، چێن یان ئەمریکا، ئەفریقا، ئەم دوو نووسەرە پێیان وایە کە گەورەترین ئاڵنگاری لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە بریتییە لە ڕێکخستنی حکوومەت. لە ڕۆژئاوای دەوڵەمەند، زۆربەی خەڵک یەک جۆرە مۆدێلی حکوومەت ئەناسن: ئەویش دەوڵەت ( حکوومەتێکی) چاکەکار و دابینکەری ئاسایشە (welfare state) بۆ هاوڵاتییان و لەوەتەی جەنگی جیهانییەوە، ئەم جۆرە حکوومەتە باڵادەستە. لەسەر ئەو شێوەی ئێستا هەیەتی جێگیر نییە، مەسەلەی ئەنجامدانی چاکسازیش، گەورەترین تاقیکردنەوە دەبێ لەنێو مۆدێلی دیموکراسییەتی لیبڕاڵدا. ئایا گونجاوە و دەکرێ ئاسانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی ئابووری و ئازادییە کەسییەکان تێکەڵ بکرێن!
مێکڵسوەیت و وڵدریج پێیان وایە کە باڵادەستی ئابووری و سیاسی ڕۆژئاوا لە دوو سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەتی ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا، شۆڕبووتەوە بۆ کرانەوەی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر بیرۆکە نوێیەکان لە حکومڕانیدا و ئامادەگی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکانە، هەر لە لیبڕاڵیزمی ( جۆن ستوارت میل)ەوە کە تیایدا دەوڵەت وەک سیخۆرێک ئەبینرێت.
یەکەم شۆڕش لە حوکمڕانیدا بۆ سەدەی حەڤدە دەگەڕێتەوە کاتێک نەتەوەکانی ئەوروپا ڕاگوزەریان کرد لە هەبوونی کاربەدەست و شانشینەکانەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتگەلێکی مەرکەزی. ئەمانە چونکە لە ململانێکی سەختی سەربازی و ئابووریدا بوون لە دژی یەکتر، هەر بوویە کاریگەریشیان زیاتر بوو. ” ئەم دەوڵەتانە تەواو بەهێز بوون بۆ دابینکردنی نیزامێک، بەڵام تەواو بێ تواناش بوون لەوەی ڕێگە بدەن نوێگەری بکڕی” زەروورەتی باشتر ڕوانین لەو دەوڵەتانە لە بەردەم هەندێ لە دەوڵەتانی بەشەکانی دیکەی جیهان قیت بوویەوە. هێزی هزری پشت ئەم شۆڕشە ” تۆماس هۆبس” بوو، ناوبراو باوەڕی وابوو کە تەنیا وەڵامێک بۆ ئاژاوە و توندوتیژی بریتییە لە هەبوونی دەوڵەتێکی هەرە بەهێز، یان ئەو پادشایەی کە دواتر باسی لێوە کرد کە هیچ پرسیارێک لەسەر دەسەڵاتەکی نییە.
دواتر لە شۆڕشی دووەم و لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەم، هەیەجانی شۆڕشگێڕی لە فەڕەنسا و ئەمریکا شێوازی نوێی حکوومەتی بەرپرسیار و لێهاتووی هێنایە کایەوە. لە بەریتانیا، جەختکردنەوەی تازە بۆ سەر کارامەی و ئازادی، بووە هۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی مەدەنی پشت بە بەها ببەستێت. تا سەدەی نۆزدە هەبوونی دەوڵەتێک کە کەمترین لیبڕالییەتی تێدابوو، پێ دەچوو چی دیکە بەس نەبێ و شایەتحاڵی سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرنی چاکەکار و دابینکەری ئاسایشین.
شۆڕشی سێیەم کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر نایەکسانی و شەڕێکی سەختیش لە بەرامبەردا کرا، بە گشتی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی بەریتانیا، پڕۆگرامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمانە بوونیان ساز بوو، کە بوونیان هەبوو، بوونیان بۆ مانەوە بوو. مێکلسوەیت و وڵدریج دەنووسن ” حکوومەت ببو بە هاوبەشێکی کاتی لە ژیاندا، کەچێ ئەمڕۆ وەک (دایەن)ێکە کە لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە”
مێکڵسوەیت و وڵدرج پێیان وایە ” ڕۆژئاوا متمانەی بەو ڕێگەیە نەما کە بۆ حوکمرانی بەکاری دەهێنا” لە باسی پێویستە چی بکرێت، لە وڵاتانی ئەسکەندەماڤیا ئێمە نموونەی تایبەت ئەبینین کە ئەکرێت وەک چارەسەری چاوی لێ بکرێت، بەمجۆرە ئەتوانین بڵێن وا باشترە بۆ دەوڵەت خۆپی ببێتە بەخشەری سەرەکی نەوەک دابینکەری خزمەتگوارییەکان. هەردوو نووسەەکە هەندێک ڕێگا باس دەکەن کە پێویستە چاکسازییان تێدا بکرێت: یەکەم، پێویستە حکوومەت ئەم موڵکانە بفرۆشیت کە هیچ بزنسێکیان تێدا ناکرێ و وەستاون. دووەم، پێویستە حکوومەتەکان کۆمەکی دارایی کەم بکەنەوە کە لە بەرژەوەندی کەسانی دەوڵەمەند یان ئەوانەیە کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکوومەت هەیە. سێیەم، پێویستە چاکسازی لە سسیتەمی دەستکەوتەکانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بکرێت، بەمەش تەنیا سوود لەو خەڵکانە وەردەگرن کە بە ڕاشکاوانە پێویستیان پێیانە.
کۆتایی
ئەلفرێد مارشیاڵ ” دەوڵەت بەنرخترینی ئەو شتانەیە کە مرۆڤەکان هەیانە”
سەرچاوەکان
- پوختەی ٥٠ کتێبی گرینگی سیاسی، تۆم بۆتڵەر ـ باودۆن، وەرگێرانی ـ هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣، ٤٠٥ـ٤١٥.