“800.000 ساڵ لەمەوبەر چەند مرۆڤێکی دەگمەن رزگاریان بووە”
نزیکەی 800.000 ساڵ لەمەوبەر، زەوی هەسارەیەکی تەواو جیاواز بوو. بە قۆناغێکی مەترسیداری وەرگەڕانی جەمسەریی و چاخی سەهۆڵبەندان رەت بووە بەربەستی یەکجار مەترسیداری خستووبوویە بەردەم ژیانی سەرەتایی زۆربەی بوونەوەرەکانی زەوی، لە نێوانیشیان داپیرە و باپیرانی مرۆڤی هاوچەرخ. مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە زووە رووبەڕووی قۆناغێکی سەخت بوونەوە و کاریگەری رژدی لەسەر گەشە و پەرەسەندنی مرۆڤایەتی بۆ تا هەتایە دروستکرد. مرۆڤ و دایک و باوکی مرۆڤی دێرین لەو ماوەیە زیاتر بە مرۆڤی “هۆمینیز” ی دێرین؛ “هۆمۆ هێیدلبێرگێنسیز و هۆمۆ ئەنتێسێسۆر” بوونە. ئەمانە مرۆڤی تێکەڵ بوون بە پێی دابەشبوونی جوگرافیا و ژینگەی خۆیان لە نێوان هۆئۆئێرەکتەس، نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ دابەش ببوون.
هۆمۆ هێیدلبێرگێنسیز؛ بە دایک و باوکی هاوبەشی هەر یەکە لە مرۆڤی نیاندەرتاڵ و هۆمۆسێیپیان/مرۆڤی هاوچەرخ لەقەڵەم دەدرێت. ئەوانە بوونەوەری بەهرەمەندی راوکەر بوون، وێڕای ئەوەش، خۆگونجێن و بەکارهێنەری ئامرازی جیاواز بوون. توانستی و بەهرەکانیان وایان کردبوو لە ژینگەی جیاواز خۆیان بگونجێن و ڕەوتی ژیانیان درێژە پێ بدەن و بەرگەی سەختییەکانی ژیانی سەردەمی سەهۆڵبەندانی زوو بگرن. هەرچی هۆمۆ ئەنتیسێسۆر بوون، ئێسکی بەبەرد بووی ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ 800.000 هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە ئاتاپوێرکا لە ئیسپانیا دۆزراونەتەوە. ئەوان زانیاری ورد لەسەر ڕەچەڵەکی مرۆڤی هاوچەرخ بەدەستەوە دەدەن.
کەمتر لە 1500 مرۆڤی دێرین دایک و باوکی مرۆڤایەتین؛ ساڵی 2023، توێژینەوەیەک لە کۆواری زانست بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو، دوای وەرگرتنی زانیاری جینی و بەڵگەی پاشماوەی ئێسکی بەبەرد بوو دەرکەوتووە، باوانی مرۆڤایەتی ئەو سەردەم بۆ ژمارەیەکی دەگمەن کەم بوونەوە بە ڕادەیەک بە 1300 تاکی وەچەخەرەوە مەزەندە دەکرێن. ئەوەش هاتووە رێژەی کەمی مرۆڤەکان تا زیاتر 100.000 ساڵ بەردەوام بووە. کەمبوونەوەی باوانی مرۆڤ لەو مێژووە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەندێک کارتێکار، لەوانە:-
گۆڕانی کەشوهەوا:- سەردەمی پلێستۆسین (سەهۆڵبەندانی سەخت) بە خولی جیای دووبارەبووەوەی سەهۆڵبەندان جیا دەکرێتەوە، بووەتە هۆکاری لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون و کەمیی سەرچاوەکانی خۆراک. پلێستۆسین ئەو سەردەمە جیۆلۆجیەیە کە لە c. 2.58 ملیۆن ساڵ بۆ 11 هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کە دوایین ماوەی دووبارەبوونەوەی سەهۆڵبەندان لەسەر زەوی دەگرێتەوە. مرۆڤە سەرەتاییەکان دەبوو خۆگونجێن بن بۆ گۆڕانکارییە ژینگەییە خێراکان، ئەوەش وای کردبوو مانەوە خەباتێکی ئەستەم بێت، ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ:-
یەکەم:- کێبڕکێی سەخت لە نێوان هۆمۆسێیپیان و هۆمینین و گیانلەبەرە دڕندەکان. ئەو کێبڕکێکارییە بەردەوامەش تەواو لاواز و شەکەتی کردبوون و مانەوە بە بێ دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی پێویست و پێداویستییەکانی دیکە ئەستەم کردبوو.
دووەم:- هۆکار بۆ کەمبوون یان قڕبوونی مرۆڤە سەرەتاییەکان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بوو. بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گوێزراوەکان و هاوکات نەبوونی تێکەڵبوونێکی جینی بەربڵاو لەو کات بە کارتێکەری دیکە هەژمار دەکرێن، بەو پێیەی بەهۆی جووتبوون و هاوسەرگیریی نزیکەکان نەخۆشییە بۆماوەییەکانیش سەربار بوون.
سێیەم:- لە بنچینەدا بۆ کەمیی ژمارەی خێزانەکان و توانای کۆمەڵە بچووکەکان دەگەڕایەوە، بەو پێیەی نەدەتوانرا باش پشت بەیەکتر ببەستن و ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سەختییە ژینگەییەکان ببنەوە، لە پێشیان رووبەڕووبوونەوەی ئاژەڵە دڕندەکان و سەختییەکانی کۆچ لە وەرگەڕانە وەرزییەکان.
چوارەم:- بەڵگە شوێنەوارییە بەبەردبووە جینیی و تۆمارە شوێنەوارییەکان دەگمەنن لەسەریان و ئەوەش دیسان دووپاتکەرەوەی بەڵگەی کەمیی ژمارەی دانیشتووان بووە لەو سەردەمە سەختانەدا، چەند شوێنەوارێکی دەگمەن هەن لەوانە:-
أ. شوێنەواری ئاتاپوێرکا، ئیسپانیا؛ بەبەردبووی هۆمۆئەنتێسێسۆر لە ئاتاپوێرکا دۆزراونەتەوە و زانایەی بەنرخ لەسەر ژیانی مرۆڤی سەرەتایی بەدەستەوە دەدەن. پاشماوە بەبەردبووەکان دوو دیوی ژیان و مرۆڤێکی سەرەتایی و پێشکەوتووش دەردەخەن، ئەوەش دەرخەری پەرەسەندن یان ئاوێتەبوونی جۆری مرۆڤە سەرەتاییەکانە.
ب. لە ئەفریقا بەڵگەی مرۆڤەی سەرەتایی “هێیدڵبێرگێنێسیس” دۆزراوەنەتەوە شەڕی دەخەن ئەفریقا ژینگەیەکی لەباری گەشە و پەرەسەندنی مرۆڤ بووە لەو سەردەمە زووە سەهۆڵبەندانەدا. کیشوەرەکە ژینگەیەکی فرەچەشنی لەبار بووە وەکو ئێستا بۆ هەبوونی سەرچاوی پێویستی خۆراک و مانەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان و بژێوی ژیانیان و خۆگونجاندنیان. کەمیی فرەچەشنی ترشەڵۆکی ناووکی دەری دەخات مرۆڤایەتی لە چەند هەزار دایکوباوکێکی کەم دروست بوون! بەڵگە جینییەکان لەمە بەدەر نین و دەریان خستووە مرۆڤی هاوچەرخ لە ترشەڵۆکی ناووکیییاندا هەڵگری بەڵگەن لەسەر کەمی ژمارەی مرۆڤەکان لەو سەردەمە سەهۆڵبەندانەدا. کەمیی فرەچەشنی جینیی ئەوە دەردەخەن تێکڕای مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە وەچەی ژمارەیەکی بچکۆڵەی ڕزگاربووی ئەو سەردەمەن. بیری لێ بکەرەوە هۆکاری هەبوونت دایبابێکی سەرسەخت بوون و بۆ مانەوە جەنگاون. کەمبوونی مرۆڤایەتیش لەو سەردەمە چەند دەرئەنجامێکی لێکەوتنەوە، لەوانە:-
أ. گۆڕانی جینیی:- ئەو مرۆڤە ژمارە کەمانە هەندێک گۆڕانکاریی سنوورداریان لە جینەکان ئافراند کاریگەریان گەورەتر بوو بەو ڕادە بەرچاوەی ئێستا بەرجەستەیە. لەوەی چاوەڕوان دەکرا، تا دەرئەنجام هۆکاری بوونی مرۆڤی هاوچەرخە بەم شێوەیەی ئێستا هەیە. هەربۆیە ممکاتێک دوو مرۆڤی دوور لە ڕووی مێژووی جینیی هاوسەرگیریی دەکەن، لە دۆخە تەندروستییە ئاساییەکاندا، وەچەی بەهێزتر لە ڕووی جینییەوە دەخەنەوە.
ب. پەرەسەندنی سرووشتی و هەڵبژاردنی سروشت:- بارودۆخە ژینگەییە سەختەکان فشاری زۆریان لەسەر مرۆڤی دێرین دروستکرد، بە راددەیەک توانستی وەچەخستنەوە و مانەوەیان بەهێزتر بوون، سەرئەنجام رەوتی پەرەسەندن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە ئاراستەیەکی دیکەدا برد. فشارەکان مرۆڤیان ناچار بە ڕاهاتن بە سەختی ژینگەکەیان کرد، تیایدا کێبڕکێ لەسەر هاوبەشی ژیان، خۆراک و شوێنی مانەوە لە ترۆپکدا بوو.
پێنجەم:- هۆکارێکی دیکە خراپیی لێکدانەوەکان لەسەر مرۆڤە سەرەتاییەکان ئەوە بووە کە گوایا هەموویان لەناوچوون. گریمانەی بەتەواویی قڕبوونی مرۆڤایەتی لە نزیکەی یەک ملیار ساڵ لەمەوبەر بەتەواوی دروست نییە. لەبری ئەمە، بەڵگەکان دەریدەخەن مرۆڤەکان لە ڕووی ژمارەوە زۆر کەم بوون، بەڵام قڕ نەبوون و بە پێداگریی و هەمەچەشنی خۆیان ژمارەیەکی دەگمەنیان لێ مانەوە. ئەمەش وەرچەرخانێکی ناوازە بوو لە ڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤی دێرین، داپیرە و باپیرانمان. ئەمەش بەهۆی:-
أ. پێداگریی و خۆگونجێنی:- مانەوەی ئەو ژمارە کەمە دەرخەری پێداگریی و خۆگونجێنییان بووە و بەڵگەیە لەسەر خەباتی بێوچانیان بۆ مانەوە. ئەوان ئامرازی پێویستیان دروستکرد، پێکهاتەی خێزانیان فراوان کرد، پەرەیان بە ستراتیژ و چۆنایەتی راووشکار دا و سەرئەنجام براوە بوون.
ب. گەشەی فەرهەنگی:- قۆناغی دوای ئەو سەردەمە هەستیارە گەشەی فەرهەنگی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە نێوانیان ئاڵۆز و تۆکمەتر بوونی ئامرازەکان و پشتبەستن بە ئاگر. ئەو داهێنانانە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە مانەوە و فراوانخوازی مرۆڤە سەرەتاییەکان.
شەشەم:- دەرهاویشتەی پەرەسەندنی مرۆڤەکان لە پێداگری و خەباتی مانەوەش بەدەربوون. مرۆڤ دوای ئەو قۆناغە بەرگری جەستەیی و هزریی بەهێزتر بوو. ئەمە دەرخەری خۆگونجێنیی مرۆڤیش بوو لە ماوەی سەردەمی “پلێیستۆسینی” سەهۆڵیی و گرنگیی کارتێکەرە ژینگەییەکانیش لە داڕشتنەوەی مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ دەردەخەن، ئەمەش بە پشت بەستن بە:-
أ. پاشخانی جینی:- پاشخانی جینی مرۆڤی ئەو سەردەم لە مرۆڤی هاوچەرخدا دیارە. سنوورداریی جینیی سەردەمەکە کاریگەری هەیە لەسەر تێگەیشتنەکانمان بۆ تەندروستی، مانەوەی نەخۆشییەکان و مێژوویی گەشە و پەرەسەندی مرۆڤ.
ب. فشارەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ:- فشارە دیاریکراوەکانی سەردەمی کەمبوونی ژمارەی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەر خەسڵەتی مرۆڤی سەرەتاییدا هێنابوو لەنێوانیان قەبارەی مێشک، ئاکاری کۆمەڵایەتی و خۆگونجێنیی جەستەیی و فیزیایی. ئەو ئاکار و خەسڵەتانە رۆلی یەکلاکەرەوەیان بۆ مانەوە و وەچەخستنەوەی ئەو سەردەم هەبوو، لە جیهانێک بەردەوام لە گۆڕاندا بوو.
حەوتەم:- رۆڵی داهێنان و تەکنەلۆجیا؛ گەشەی ئامراز و ئامێری پێشکەوتوو و تەکنەلۆجی رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە مانەوەی مرۆڤەکان لەو سەردەمدا. فەرهەنگی نەریتی ئاکیولی و سەهۆڵبەندانی ئەو سەردەمە بەوە جیادەکرێتەوە لە دروستکردنی تەور و ئامێرە تیژەکان زیرەک بوون، ئەوەش وای کردبوو لە راوکردن و ئاماددەکردنی خواردن بەکاریان بهێنن، ئەمە بێجگە لە بەرگری کردن لە خۆ و لە دروستکردنی شوێنی مانەوە،ئەمەس دەری دەخات ئەوان:-
أ. پێشکەوتن لە بەکارهێنانی ئامێر: بەکارهێنانی ئامێری نووک تیژ وای کرد ببن بە براوە لە. جەنگی ژینگەییدا و لەبەرامبەر ئاژەڵاندا بەهێزتر دەربکەون، تایبەت لە راوکردن. ئامراز و ئامێرەکان هۆکاری ئەوەش بوون دەستیان بە خواردنی فرەجۆردا بگات و لە هەرسکردنیشی راهاتن.
ب. کردنەوە و جڵەوکردنی ئاگر؛ جڵەوکردنی ئاگر داهێنانێکی دیکەی ناوازەی مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئاگر هەم گەرمی پێدەدان و هەم بۆ برژادنی خواردن بەکار دەهات و هەمیش خۆپاراستن. ئەوەش وایکرد چۆنیەتی خۆراک و ژیانیان باشتر بێت و پارێزراو تر بن بەراورد بە داپیروباپیرانیان. ئەمە وێڕای ئەوەی دەرئەنجام بەهۆی ئەو هەلومەرجانە، باشتر دەژیان و لە نەخۆشیەکان دوورتر بوون.
هەشتەم:- پەیکەری کۆمەڵایەتی و هاریکاریی مرۆڤەکان. دۆخی سەردەمە ئەوەیش دەخواست کۆمەڵەکان پشت بە ئەندامەکانی خێزان ببەستن بۆ مانەوە لە سەردەمێک مرۆڤایەتی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندا بوو. ئەمە وێڕای پشتبەستن. بەیەکتری بۆ مانەوە، مرۆڤەکان ناچار بە هاوکاریی و هاوئاهەنگییش بوون لەگەڵ یەکتر. بە پێکەوەییان بەهێزتر بوون و باشتر داکۆکیان لە یەکتر دەکرد و سەرچاوە خۆراکییەکانیان هاوبەشیی پێدەکرد. وێڕای ئەوەی لە پاراستن و پەیداکردنی ژەمی رۆژانە هاوکاری یەکتر بوون، بۆ چاودێری منداڵەکان و وەچەکانیش پاڵپشتێکی ناوازەی یەکتر بوون، بە تایبەت لە لایەنی:-
ا. وابەستە کۆمەڵایەتییەکان:- وابەستە کۆمەڵایەتییەکان و هاوەڵیی زامنی مانەوە بوون. هاریکاری لە راوکردن و شکار و چاودێری منداڵان دەرفەتەکانی مانەوەی زیاتر کرد بۆ هەموو خێزانەکە.
ب. پەیوەندییەکان:- گەشە و پێشکەوتنی گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بەردەوام بوون، تەنانەت لە ئاستێکی سەرەتایی دەنگی پێشکەوتووی کاردانەوەکیی سرووشتیش بووبن، دەرگەی پەیوەندییەکانی فراوانتر کردوو بووە هۆی کۆمەڵایەتیبوونێ ی زیاتر مرۆڤە سەرەتاییەکان. شێوازە سەرەتاییەکانی زمان و زمانە ئاماژەییەکان دەکرێت لەو سەردەمە پەرەیان سەند بێت و بووبنە بنچینەی گەشەی فەرهەنگی ئاڵۆز و دەوڵەمەندتر.
نۆیەم:- چوارچێوە پەرەسەندوو و گەشەکردووەکەی دیکە. مرۆڤایەتی دەوربەری 800.000 ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە ئاستەنگەکان کەمبوونی رێژەی دانیشتوان بوون. تێگەیشتن لەو سەردەمە هاوکارمان دەبێت لە تێگەیشتنی پەرەسەندن و گەشەی مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە وەکو داپیرە و باپیرانی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە لە نێو دۆخێکی قەیراناویی:-
أ. چەند قەیرانێکی دیکە؛ بێجگە لە قەیرانی قڕبوونی مرۆڤایەتی لە 800,000 ساڵ لەمەوبەر، نزیکەی 74.000 لەمەوبەریش قەیرانێکی دیکەی هاوشێوە دووچاری مرۆڤایەتی بوویەوە، ئەویش قەیرانی تەقینەوە گڕکانییەکەی توبا چیای سومەترا بوو. کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر مرۆڤایەتی هەبوو.
ب. هۆکارێکی دیکەی کێشە و قەیران گەورەبوونی خێرای مێشکی مرۆڤ بوو لەتەک گەشەی کۆمەڵایەتی. ئەو گۆڕانکارییانەش سەخت بوون و خۆگونجاندنیان لە قەیرانی کەسیی، خێزانی و کۆمەڵەیی بەدەر نەبوو.
بە کورتی:- هەرچەندە مرۆڤایەتی بە تەواوەتی لە 800.000 ساڵ لەمەوبەر قڕ نەبوون ئەگینا ئەم پارچە نووسینە نەدەبوو، بەڵام ڕێژەیان یەکجار کەم بوویەوە. داپیرە و باپیرە دەگمەنە رزگاربووەکان گۆڕانی بۆماوەیی جینییان لەسەر مرۆڤایەتی هێشتەوە. ئەو سەردەمە لێوانلێو بوو لە ئاستەنگ و قەیران، بەڵام ڕزگاربوونی ئەو ژمارە کەمەش دیسان بەڵگەی ئەوەن مرۆڤ لەهەر دۆخێکدا بێت، جینێکی خۆپەرستی بۆ مانەوە هەیە، وەکو ڕیچارد دۆکینز ناوی هێناوە، پێداگرە لەسەر ڕزگاربوون و زاڵبوون بەسەر کۆست و تەگەرەکان. تێگەیشتن لەو قەیرانە نزیک بە لەناوچوونە هاوکارمان دەبێت ئەو خەباتە سەدان هەزار ساڵەیەی مرۆڤایەتی بەرز بنرخێنین ئێمەی بە ئیمڕۆ گەیاندووە. بێجگە لەوەش، نوێکاریی و خۆگونجاندن لەگەڵ سەختییەکانی ئەو سەردەمە بناغە و بنچینەی جینی ڕزگاربوون و خواستی مانەوەی مرۆڤایەتی بوو، مانەوەیەک رەوتی چەرخی مێژوو و پێگەی مرۆڤایەتی بۆ تاهەتایە گۆڕی و لە دۆخە سەختەکانیش بەبیری دەهێنێتەوە، مرۆڤایەتی چەندە خۆپەرستیش بێت، دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون هەر دەهێڵێتەوە.
سەرچاوەکان؛
Little, Becky. 2023 (2025). Did Our Human Ancestors Come Close to Extinction? Published: September 15, 2023; Last Updated: January 29, 2025. History
Handwerk, Brian. (2023). Our Human Ancestors Very Nearly Went Extinct 900,000 Years Ago, Genetics Suggest. August 31, 2023. Smithsonian Magazine
ئامادهكردن؛ د. یادگار ئیسماعیل