چۆن دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بە بیانووی “سیخوڕی سۆڤییەت”بوون، هەستان بە ڕاوەدوونانی ئەلبێرت ئەنیشتاین و چارلی چاپلن و ئەوانی تر. جۆزێف مەکارتی سیناتۆری ناوداری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ویسکۆنسین لە (9/ 2/ 1950) ناوبانگێکی خراپی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە شاری ویلینگ لە ڕۆژئاوای ڤێرجینیا ڕایگەیاند: ” ژمارەی ئەو شیوعییانەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار دەکەن گەیشتووەتە (205) کەس ” .
سیناتۆری جۆزێف مەکارتی؛ ئەمڕۆ جۆزێف مەکارتی غەمگین دەبێت، مەکارتی ئەو سیناتۆرەی کە هەوڵێکی بێ وچانی دا بۆ دژایەتیکردنی دوژمنە سوور و شینەکانی ئەمریکا و نەیارەکانی تری، بە ئاستێک لێبوردەیی مۆدێرنی ڕۆژئاوا لەوانەیە وەک پیلانێکی گەورە دەربکەوێت کاتێک مەکارتی ئەمە بە چاوی خۆی ببینێت. هەرچەندە ئەم سیناتۆرە تۆوی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەتی چاند، بەڵام هیستریای دژە ڕووسیایی ئەمڕۆ لە ئەمریکا وەک یادەوەرییەکی بۆماوەیی ڕووداوەکانی ساڵانی دەیەی پەنجا دەردەکەوێت، جۆرێکە لە پەیکەری یادگاری خودی جۆزێف مەکارتی خۆی.
ئایا دەستوور یاسا نییە؟ چی ڕوویدا کە هەڵوێستی دۆستانەی ئەمریکا بەرابەر یەکێتی سۆڤییەت وەک هاوبەشێک لە شەڕی دژ بە فاشیزم لە چەند ساڵێکدا لە کۆ(پلەس)وە بۆ کەم(ماینەس) گۆڕا و بووە هۆی دروستبوونی بەربەستێکی ئاسنین لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا و کارگەیشتە گەڕانی ماڵ بە ماڵ بە دوای سوورەکاندا ؟ وڵاتێکی کە شانازی بە بەها دیموکراسییەکانییەوە دەکرد، چۆن دەستیکرد بە ڕەوەدوونانی سوورە جادووگەرەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و ئازادییەکان کە لە پێشکەوتووترین دەستووری ئەو سەردەمە دەستەبەر کرابوو؟ لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە هیچ شێوەیەک یەکەمجار نەبوون لە مێژووی ئەمریکادا، ئەم وڵاتە مێژوویەکی هەیە لە دەستگیرکردنی خەڵکانی ناڕازی و گومانلێکراو لە پێناوی بەدیهێنانی ئاسایش بە شێوازی خۆیان. هەروەها دەرکەوتنی “ترسی پاڵمەر” لە ئەمریکا (لە داواکاری گشتی ئەلێکساندەر پاڵمەرەوە ناونراوە)، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەورەی ئۆکتۆبەر “ترسی سوور” لە ئەمریکا بڵابووەوە، چەپە ڕادیکاڵەکان پاکتاوکران لە کاتی ئۆپەرسیۆنی سزادان و زیندانیکردنی بە کۆمەڵی ئەمریکییە – ژاپۆنییەکان لە دوای ڕووداوی پیڕڵ هاربەر.
ئاستەنگەکانی بەردەم زاڵبوون بەسەر جیهاندا؛ تووڕەیی سۆڤییەت لە چەقبەستوویی ستالینیزم دەستیپێکر بەوەی بۆچی ئەم ئایدیۆلۆژیایە ناپەڕێتە ئەوروپا، لێ لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرکەوتووانە تۆوی سۆسیالیزمیان لە ئەوروپادا چاند و بە تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە یەکێتی سۆڤییەت لە مانگی ئابی ساڵی (1949) کۆتایی هات کە قۆرغکایی ئەتۆمی ئەمریکای لەناوبرد. سەرەڕای ئەوەش زیاتر لە ساڵی (1949) ڕوویدا کاتێک شیوعییەکان لە چین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئەمەش ئەمریکای تووشی هێدمە(سەدمە) کرد. ئەم شێوەیە هەموو ئەوانەی دەوروبەرمان وەک دوژمن و سیخوڕ دەردەکەوتن کە دەبێت بدۆزرێنەوە و بێلایەن بکرێن – خاڵی بکرێنەوە لە هەر ئینتیمایەکی دەرەوەی ئەمریکا – جەنگی کۆریا کە لە (25/ 6/ 1950) دەستیپێکرد، کۆتایی بەو هەڵمەتە نەرێنییە هێنا بەرابەر بە هەموو شتێک کە پێچەوانەی ئەمریکا دەجوڵا و گەشەی دەکرد.
سەرەتای ڕەوادوونانەکە؛ لە ساڵی (1947) سەرۆک ترومان فرمانێکی دەرکردبوو بۆ پشکنینی بیروڕای فەرمانبەرانی مەدەنی سەبارەت بە هەبوونی هەر دیدگایەکی چەپڕەوی و هەر هەستێکی نازاڕی و بەرهەڵستکاریی. ئەو کەسەیشی کە سەرپەرشتی پڕۆسەی “ڕاوەدوونانی جادووگەرەکان” دەکات بە و بۆ ئەو پۆستە شیاو بوو بە خێرایی دۆزرایەوە، ئەویش سیناتۆرێکی گومناوی ویلایەتی ویسکۆنسین بوو بە ناوی جۆزێف مەکارتی. مەکارتی تێگەیشت کە هێزی دەریایی کۆن، چانسی سەرکەوتنی زیاتریان هەیە لە داهاتوودا، بۆیە لە ساڵی (1942) پەیوەندی کرد بە هێزی دەریایی ئەمریکا، پاشان ژیانی سەربازی خۆی کەمێک گۆڕی.
درۆکانی مەکارتی؛ زانراوە کە لە ماوەی جەنگدا (12) ئەرکی جەنگی وەک چاودێری تۆپخانە ئەنجامداوە، لێ ئەم ژمارەیە چانسی وەرگرتنی مادالیای شایستەیی(Cross of Merit) پێ نەدا، لەبەرئەوە ژمارەکە لە (12)ەوە بۆ (32) ئاڵوگۆڕ کرا – ساختە کرا. تا ئێستاش گفتوگۆ بەردەوامە لەسەر ئەوەی کە ئایا مەکارتی لە کاتی هێرشێکی دژە فڕۆکەدا ” بریندار ” بووە یاخود نا. بەڵام لە ڕاستیدا وی لەسەر کەشتییەک لە ساتەوەختی ئاهەنگێکدا بۆ دەریاوانەکان کاتێک بۆ یەکەم جار لە هێڵی یەکسان پەڕینەوە، بریندار بوو. مەکارتی بەردەوام بوو لە درۆ و ساختەکاریی. بە تایبەتی لە (9/ 2/ 1950) لە وتارە مێژووییەکەیدا لە شاری ویڵینگ ڕایگەیاند: “وەزارەتی دەرەوە پڕە لە کۆمۆنیست و من لیستێکم لەلایه ناوی (205) کۆمۆنیستی تێدایە”. کاتێک وتارەکە چەند خولەکێک دواتر تۆمار کرا، ئەو ژمارەیە گەیشتبووە (57) کەس. شەپۆلێکی لێوانلێو لە ترس و تۆقین باڵی بەسەر ئەمریکادا کێشا بوو، مەترسییەکە لەوێدابوو بەحساب تەنانەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دووژمن هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لیستەکەی مەکارتی تەنانەت ناوی پاڵەوانی جەنگ و نووسەری پلانی بوونیادنانەوەی ئەوروپای دوای جەنگ و پاککردنەوەی لە شیوعییەکان، ژەنڕاڵ (جۆرج مارشاڵ)ی تێدا بوو. باشە ئەم ژەنڕاڵەش بوو بە خائین! ئیدی لێرەوە لێکۆڵینەوەیەکی سەرتاسەری بۆ بەدواداچوونی چالاکییەکانی ” دژە ئەمریکا ” لەلایەن هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەوە دەستیپێکرد.
دە هۆڵیوودییەکە؛ لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت لە ئەنجومەنی پیران و لیژنەی چالاکییە نائەمریکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بوونە چەکی تۆڵەسەندنەوە لە ئۆپۆزیسیۆن. ئەنجامی کارەکانیان لە مانگەکانی یەکەمدا (800) فەرمانبەری میری لە دەزگای دەوڵەت دوورخرانەوە، (600) فەرمانبەری دیکە ئارەزوومەندانە وازیان هێنا، (140) کەسیش دادگایی کران.
دە هۆڵیوودییەکە:-
- ئەلڤا بیسی (1904 – 1985).
- هێربەرت بیبەرمان (1900 – 1971).
- رینگ لاردنەر جۆنیۆر (1915 – 2000).
- لیستەر کوڵ (1904 – 1985).
- ئێدوار دمیتریک (1908 – 1999).
- جۆن هاوارد لاوسن (1894 – 1977).
- ئەلبێرت ماڵتز (1908 – 1985).
- ساموێل ئۆرنیتز (1890 – 1957).
- ئادریان سکۆت (1911 – 1972).
- داڵتن ترەمبۆ (1905 – 1976).
هەرچەندە حیزبی شیوعی ئەمریکی گەورە نەبوو، بەڵام لە ساڵانی جەنگدا ژمارەی ئەندامانی بۆ (50000) ئەندام بەرز بووەوە. زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی داهێنەر ئەندامی حیزبەکە بوون، ئەمەش ئیدارەی ئەمریکای ترساند. دوای ڕاوەدوونانی فەرمانبەران، دەستبەجێ ڕاوەدووی هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و مامۆستایانی زانکۆ دەستیپێکرد. ئۆپراسیۆنەکان لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکاوە دەستیان پێکرد. پرۆفیسۆرە پێشکەوتووخوازەکان لە زانکۆکان دوورخرانەوە. پزیسکی ئاگرەکە ” ئەدەبیاتی تێکدەر “ی لە سەرانسەری ئەمریکا گرتەوە و بەهۆیەوە (30000) کتێب لە ڕەفەی کتێبخانەکان دەرهێنران – کشێنرانەوە. حیزبی شیوعی ئەمریکی لە ساڵی (1919) دامەزرا، لە ساڵی (1947) کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە چالاکییە نائەمریکییەکان گەیشتە هۆڵیوود. ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە و سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ڕایگەیاند: “شیوعییەکان هەڕەشەیەکی جددی بۆ سینەمای ئەمریکی دروست دەکەن”. “واڵت دیزنی” باسی لەوە کرد کە چۆن لە ساڵی (1937) شیوعییەکان هۆکاری سەرەکی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بوون لە ستۆدیۆکەیدا. لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە دەبوو گەواهی بدەن سەبارەت بە پەیوەندییان بە حیزبی شوعییەوە (43) دەرهێنەری لەخۆگرتبوو و بە گوێرەی هەموواری یەکەمی دەستوور (کە کۆنگرێسی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نابێت ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و گردبوونەوە قەدەغە بکات)، (19) کەسیان ئامادەی گەواهیدان نەبوون، پاشان (11) کەسیان بانگهێشتکران بۆ دانیشتنی گشتی. یەکێک لەوانە “بێرتۆڵد برێخت” بوو (کە لە ساڵی 1941 ئەڵمانیای نازی بەجێهێشت و ڕووی لە ئەمریکا کرد)، ناوبراو لە دانیشتنەکەدا و لەبەردەم ئامادەبووان گوتی: “هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان شیوعی نەبووم”. دواتر برێخت ئەمریکای بەجێهێشت و دوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کرد. (10) کەسەکەی تر – دە هۆڵیوودییەکە – بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە کۆنگرێس تۆمەتبار کران و سزای ساڵێک زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
دوای ئەوە لە هۆڵیوود لیستێکی ڕەش بۆ ئەم دە کەسە ئامادەکرا، کە دواتر لیستەکە فراوانتر کرا. لە ساڵی (1960) ناوی نوێی بۆ زیاد کرا، بەڵام هێشتا هەر بە ناوی “دە هۆڵیوودییەکە” مایەوە. ئەو ناوانەی کە لە لیستەکەدا بوون چالاکی پیشەییان لێ قەدەغە کرا. هەمووان وەک یەک ئامادە نەبوون لە بەرابەر لیژنەکە بووەستنەوە واتە دژی لیژنەکە بەرەنگاریی بکەن، بونموونە ئەکتەری ئەمریکی “لاری پارکس” هاوکاری لیژنەی چالاکییەکانی کردوو و ناوی هاوکارە شیوعییەکانی خستەبەردەم لیژنەی چالاکییەکان کە گومانی مەیلی کۆمۆنیستییان لێدەکرێت، لێ ناوی خۆی هەر لە لیستی ڕەشدا مایەوە. ئیدی دوای ئەوە ژیانی پیشەییشی بەڕەو داڕمان ڕۆیشت. چارلی چاپلن لەگەڵ خێزانەکەی ئەمریکایان بەجێهێشت و بەرەو ئینگلتەرا کۆچیان کرد و مافی گەڕانەوە بۆ ئەمریکای لێ قەدەغەکرا. بۆ گاڵتەکردن بە لیژنەی چالاکییە نائەمریکییەکان، چاپلن بە نیازی ئەوە بوو بە جلوبەرگی دڕا و هەژارانە لەبەردەم لیژنەکە ئامادە بێت، هەر بەم هۆیەشەوە لیژنەکە بانگهێشتنامەکەی چاپلنی هەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی (1954) “یاسای چاودێریکردنی شیوعییەکانی ساڵی (1954)” لە ئەمریکا پەسەند کرا. ئەم یاسایە مافی خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن، کارکردن لە بواری خزمەتی مەدەنی، کارکردن لە کارگە سەربازییەکان و وەرگرتنی گوزەرنامە(پاسپۆرت)ی لە شیوعییەکان، بێبەش کرد. سەرەڕای ئەوەش یاسایەک دەرچوو کە (14) نیشانەی لە خۆگرتبوو بۆ دیاریکردنی شیوعییەکان بە تایبەتی یان ئەوانەی هاوسۆزن بۆیان و پێوەرەکان بە شێوەیەکی ناڕوون داڕێژرابوون. لە ساڵی (1950)دا (2.5) ملیۆن ئەمریکی داواکارییان واژۆ کرد بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و لە ساڵی (1954) هەمووان ملکەچی ئەم یاسایە بوون. تەنانەت سەرۆک “ئایزنهاوەر”یش ترسی ئەوەی هەبوو بکەوێتە داوی جۆزێف مەکارتییەوە “نامەوێت لەگەڵ جۆزێف مەکارتی بکەومە تەنەکەیەڵی زبڵەوە”، بۆیە لەژێر دەسەڵاتی ئایزنهاوەردا هەڵمەتی مەکارتیزم گەشەی کرد نەک تەنها دژی سوورەکان، بەڵکو دژی شینەکانیش. لە هەڵمەتێکی گەورەدا هەموو ئەوانەی دژی یاساکە بوون بە شێوەیەکی بەرفران لە کار دەرکران. پاشەکشێی مەکارتی بە دیاریکراوی لە ساڵی (1954) دەستیپێکرد، کاتێک بۆ یەکەمجار لە تەلەفزیۆن لە پێشچاوی ئەمریکییەکان دەرکەوت لە پەخشی ڕاستەوخۆی دانیشتنی کۆنگرێس بۆ تۆمەتبارەکان. ئیدی لەو کاتەوە خەڵکی درکیان بەوە کرد کە ئەوەی لە وڵاتەکەیاندا ڕوودەدات کابوسێکە و هیچی تر.
نووسینی؛ گالینا لیۆنتیڤا تاینی
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد