چەند ڕۆژ پێش ئێستا دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ڕاگەیاند ڕۆژی شەممە 12 مانگی نیسان دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران دەست پێدەكات. ئەم هەواڵە بە هۆی ئەوەی كە پێشتر ویلایەتی فەقیهی ئێران ڕایگەیاندبوو كە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا و بە تایبەت لەگەڵ ترامپ ناكەن، زۆر هەژێنەر بوو، بەڵام بە هەمان ڕادەش ئاسایی بوو. لەبەر ئەوەش ئاسایی بوو كە ئەسڵی پاراستنی كۆماری ئیسلامی لە نێو ئێراندا لەسەرەوەی هەموو بابەتەكانە. ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵی دانوستانیش لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە چەندە هەژێنەر بوو ئەوەندەش زیاتر دەست و باڵی ئێرانی بۆ جێبەجێ كردنی دانوستان بەست. لەبەر ئەوەی ئێرانی خستە دووڕێیانێكەوە كە دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت، یان ئەوەیە دانوستان بكات یان خود ئەگەر ڕەتی بكاتەوە ترامپی دەبردە قۆناغێكی سەرترەوە و لە ڕاستیدا ڕەوتی ڕوودانی ئەگەرەكانی خێراتر دەكرد. بۆیە ئێرانێك كە دژی دانوستانی ڕاستەوخۆ بوو ناچار ئەو كارە و بڵاوكردنەوەكەی پێ باشتر بوو لەوەی ڕەوتی ڕوودانی ئەگەرەكانی دواتر خێراتر ببن.
ئەوەی كە ئێران گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ناچار بێت بەو شێوە لەگەڵ ئەمریكا دانوستان بكات، لەڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغێكی زۆر پێشتر. ئەگەر هەندێ كەس لەو باوەڕەدان كە هەر دیاردەیەك بە سەرهەڵدان و دروستبوونی لەگەڵ خۆی دژی و لەنێوچوونی خۆی هەڵگرتووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە كۆتایی خۆی نزیك دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاوبێت كە هێڵكاریی سەركەوتن و گەیشتنە لوتكە و داكشانی هەر دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتیش بابەتێكی گرنگە. بەپێی تێڕوانی هێڵگاریی سەركەوتن و داكشان بێت، سەرهەڵدانی داعش و پێكهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش هاوكاتە لەگەڵ بە لوتكەگەیشتنی ئێران و لەوە بەدواوە ئێران ناچار بە داكشان بووە. هەڵبەتە پێویستە ئەوە ڕوون بڵێین كە داكشان بەمانای مانەوەی سیستەمی سیاسی و كاركردی ئەو سیستەمە لە ئاستی نێودەوڵەتی بەو مانایەی كە ئێستا هەیە. لەم گۆشەنیگایەوە بە لوتكە گەیشتن بە مانای ئەوەیە كە ئیدی ماناوەی سیستەمی سیاسی ئێران بە هەموو ئەو ڕەخنانەی پێشتر لەسەری بوو، ئیدی مانەوەی مانادار نییە ئەویش لەبەر ئەوەی مانەوەی دەسەڵاتداریەتی ئایینی شیعە بە مانای دیسان گەشەكردنەوەی توندڕەوی سونی لە دونیای ئیسلام بوو.
بە هێرشی حەماس بۆ سەر فستیڤاڵێك لە ئیسرائیل و كوشتن و بە بارمتەگرتنی چەند سەد كەس، سەرەتای هێرش كردنە سەر ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر گرووپە لایەنگرەكانی ئێران دەستی پێكرد. ئەگەر پێشتر بە شێوەیەك لە شێوەیەكان لە ئاستی ستراتیژی دەیانگوت ئێران و ئیسرائیل هاوپەیمانی سرووشتی یەكترن، بەڵام دوای ئەو هێرشە هاوپەیمانی سروشتی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوونی نەما. پێشتر بە هۆی ئەوەی ئێران دژی پانعەرەبیزم بوو و پانعەرەبیزم مەترسی لەسەر ئێران دروست دەكرد، هاوكاتیش ئەم مەترسییە لەسەر ئێسرائیلیش دروست دەبوو، ئەوا جۆرێك هاوپەیمانی سرووشتی لەنێوان دوو وڵات هاتبووە ئاراوە و هیچ یەكیان هەوڵی لەنێوبردنی ئەوی دی نەدەدا. بەڵام شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی و گۆڕانكاریی جیدی لە پێكهاتەی سیاسی وڵاتانی عەرەبی، بووە هۆی ئەوەی كە ئیدی پانعەرەبیزم ئەو هێز و وزەی پێشووی نەمێنێت و ئێران و ئیسرائیل بكەونە بەرامبەر یەكترەوە. بۆ ئیسرائیلیش هێشتا شتێك مابوو كۆنتروڵكردن و ڕێكخستن و پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بوو بۆ ئەوەی مەترسی پانعەرەبیزم و هاوكات ئیسلامی تووندڕەو لەسەر خۆی كەم بكاتەوە. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیلیش پەیمانی ئێبراهیمی لێكەوتەوە كە ئەنجامەكەی بووە دروستكردنی دوو بەرە لە ناوچەكەدا كە بریتی بوون لە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەشدار لە هاوپەیمانی ئیبراهیم و بەرەی دووەم ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی و بەریەككەوتنی ئەم دوو گرووپە لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەتەواوی بەدەر كەوت.
هێرشی تۆڵەكردنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس تەنها بە حەماسەوە نەوەستا بەڵكوو بەرۆكی حیزبوڵلای لوبنانیشی گرت و بووە هۆی ئەوەی بە مانایەك بەتەواوی حەماس لەنێوبچێت و حیزبوڵڵای لوبنانیش بگاتە ئاستێك كە ناچار بێت قەبوڵ بكات چەك دابنێت و بەتەواوی شێعەكانی یەمەنیش كەوتنە نێوان دوو گوشارەوە كە نەتوانن بەپێی پێویست و توانایی خۆیان چالاك بن و ئەگەری هەیە ماوەیەكیتر حكومەتی یەمەن و ئیسرائیل و ئەمریكا بەتەواوی ئەو گرووپەش لاواز بكەن. بەشی چوارەمی پرۆكسییەكانی ئێران كە پردی پەیوەندی ئێران بۆ وڵاتانی دیكەش بوو حەشدی شەعبییە كە بە هۆی ئەو گوشارانەوە ئەمریكا دروستی كردوە دەنگۆی ئەوە هەیە بە زووترین كات هەڵوەشێنەوە و ئەگەریش هەڵنەوەشێنەوە ئەوان ئێراق تووشی شەڕێكی دیكە بكەن كە دەرئەنجامەكانی هەر یەك لە هەڵوەشاندنەوە و شەڕ بۆ عێراق زۆر جیاواز لە یەكتر نین. ڕووخانی حكومەتی بەشار ئەسەدیش لە سووریا و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا، بەشێكی دیكە لە كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی پرۆكسییەكانی ئێران لە ناوچەكەیە هەتا ئەو ئاستە كە ئەحمەد شەرع بە ڕەسمی ڕایگەیاند ئیدی ڕێگا نادەن ئێران دەست لە وڵاتەكەیان وەربدرات.
هەڵبەتە شتێك كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویدا و بەتەواوی دەست و باڵی ئێرانی بەست، ڕێككەوتنی ئێران و وڵاتانی عەرەبی كەنداو بوو. ئەم سیاسەتەی ئەمریكا كە لە ڕێگەی چینەوە جێبەجێ كرا، بە پێی ستراتیژی گرتنی ماری بوا بوو. ئەمریكا بۆ ئەوەی بەستێن خۆش بكات و ئیسرائیل و خۆی بتوانن دوو كار جێبەجێ بكەن، ناچار بوون پەیوەندی نێوان عەرەبستان و ئیمارەت لەگەڵ ئێران ئاسایی بكەنەوە لەبەر ئەوەی بە بوونی هەر جۆرە شەڕ و هێرشێكی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەو وڵاتانە مەترسییان لەسەر دروست نەبێت. بۆیە پێش ڕێككەوتنی ئێبراهیم، لە ڕێگەی چینەوە پەیوەندی نێوان عەرەبستان و ئێمارەتیان ئاسایی كردەوە و هەر سێ وڵات ڕایانگەیاند هیچ جۆرە كێشەیەكیان لەنێواندا نییە و ئامادەن وەك سێ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییان پێكەوە هەبێت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئیدی ئێران نەتوانێت مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و خودی ئەو وڵاتانەش دروست بكات. بۆیە بینیمان ئەگەر پێشتر ئێران ڕایدەگەیاند بە هەر جۆرە ئەگەرێكی هێرش بۆ سەر و ڵاتەكەی ئەوان عەرەبستان و ئێمارەت موشەكباران دەكات، نەیتوانی هیچ كارێك لە كاتی هێرشی ئیسرائیل بكات.
لە پرسی دوورگەكانی ئێران لە كەنداویش كە ئیمارەت بانگەشەی خاوەنداریەتییان دەكات، هەڵویستی ڕووسیا بۆ ئێران ڕوون بووەوە. لەو پرسەدا ڕووسیا پشتیوانی لە ئێمارەت كرد، بەڵام ئەمریكا هیچ هەڵویستێكی نەبوو. ئەمە بە مانای ئەوە بوو كە ڕووسیا ناتوانێت پشتیوان و هاوپەیمانێكی هەمیشەیی بۆ ئێران بێت و ئەمریكاش چرا سەوزی بۆ پێكردووە كە دیدی جیاوازی لەبارەی چوارچێوەی وڵاتی ئێرانەوە هەیە.
بابەتێكی دیكە كە پێویستە باس بكرێت پرسی ئەتۆمی و گوشاریی ئابوورییە. پرسی ئەتۆمی بۆ ئێران بابەتێك بووە كە جیا لە هێنانە ئارای تێچوونێكی زۆر تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئەنجامەی كە حكومەتی ئێران چاوەڕوانی بوو. ئێران دەیوویست بە بنیاتنانی بنكەی ئەتۆمی بەناو بۆ كاروباری ئاشتییانە، جۆرێك هاوسەنگی لە دەسەڵاتی ناوچەكە و جیهانی بێنێتە ئاراوە و خۆی بگەینێتە ئاستی زلهێزە جیهانییەكان هەڵبەتە بە ئایدیۆلۆژیایەكی ئایینیەوە. ئەمەش بەپێی جیوپۆلتیك و ئایدیۆلۆژیای ئێران ئەگەری ئەوەی هەبوو چەكی ئەتۆمی لە داهاتوودا بكەوێتە دەستی گرووپە تووندڕەوەكان و بەتەواوی ئاسایشی جیهانی تێك بدات. جیا لەوەش بنكەی ئەتۆمی بۆ ئێران هەتا ئێستا دوو ئەنجامی بووە یەكەم بەتەواوی لەو بوارەوە ئێرانی بەستەوە بە ڕووسیاوە و دووەم بەشێك زۆر لە بودجەی ئێرانی بۆ تەرخان كرا كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە. جیا لەو كاریگەرییە كە بەشێكی زۆر بودجەی بۆ تەرخان كراوە بووەتە هۆی ئەوەش كە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران دابنرێت و بەتەواوی سیستەمی ئابووری ئێران بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت و نەتوانێت سەرچاوەی پێویست چ مادی و چ مادەی خاو بۆ كارگەكانی دابین بكات و بگاتە ئاستێك بە پێی هەندێ پێش بینی ئەگەر ئێران لە ئێستاوە ساڵانە لەسەدا هەشت گەشەی ئابووری بكات دوای بیست ساڵ دەگاتەوە ئاستی ئابووری دە ساڵ پێشووی. بە مانایەك ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆی ئابوورییەوە سی ساڵ دواكەوتووە. ئەم دواكەوتنەش بە مانای داڕمانی تەواو و كەماڵە. بە شێوەیەك كە ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری زیاتر بەرز دەبێتەوە و زیاتر گوشار لەسەر هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دروست دەبێت.
دەسەڵاتی سیاسی ئێران و بە مانایەكی دیاریكراو حكومەتی ئێران، لە بارودۆخێكی ئاوادایە كە دانوستان دەكات. ڕەنگە باسی ئەوە بێتە ئاراوە كە دانوستان بۆ ئێران لە بارودۆخێكی وەهادا تەسلیم بوونە، بەڵام بە ڕای من ئەوە تەسلیم بوون نییە بۆ ئێران بەڵكوو جۆرێك دەرباز بوونە لە مەترسییەكی گەورەتر. مەترسی گەورە لە سەر ئێران ئەو ستراتیژیە هایبریدیە كە هەڕەشەی سەربازی، ئابووری و كۆمەڵایەتییە لەسەری. بارودۆخی ئابووری ئێران لە خراپترین دۆخی خۆی دایە، بارودۆخی كۆمەڵایەتی لە ئێران بەتەواوی هێماكانی دەسەڵاتی سیاسی لای بێبایەخ بووە و هەروەها ئەگەریش كێشەی ئەتۆمی چارەسەر نەكات، ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەری هەیە. لەم دۆخەدا ئێران نەك تەنها ئەگەری لەنێوچوونی دەسەڵاتی سیاسی بەڵكوو ئەگەری لەنێوچوونی جوگرافیای سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتەی لە سەرە. بۆیە ئێران بە مەرجەكانی ئەمریكا بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ ڕازیی بووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەی دانوستانەوە سێ گۆشەی هایبرید تێك بشكێنێت. بە مانایەكی دیكە دانوستان بۆ ئێران لەم بارودۆخەدا دەرفەتە. بەڵام ئەنجامەكانی ئەم درەفەتە بە چ مانایەكە. بەڕای من بە مانای ئەوەیە كە ئێران ئەگەریش نەتوانێت لەگەڵ ئەمریكا ڕێككەوتنی هەمەلایەنە بكات بەڵام لەسەر هەندێ خاڵ ڕێدەكەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی سیاسی و جوگرافیای سیاسی وڵاتەكەی پارێزێت. لە ناوخۆی ئێرانیش هەندێ لایەن بیر لەوە دەكەنەوە كە دانوستان دەرفەتی ئەوەیان پێدەدات كە بە گۆڕانكاریی لە ڕەفتاری سیاسی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی ئێرانەوە كە خواستی ئێرانە، بتوانن لە ویلایەتی فەقیهی تێپەڕ بن و جۆرێك دەسەڵات سیاسی لە پرۆسەیەكی گۆڕانكاریی بێننە ئاراوە كە بتوانێت لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەعاموڵی هەبێت. (ئەمەش دیدی ڕێفۆرمیستەكان، لایەنگرانی ڕەفسەنجامی و پان ئێرانیستەكانە).
“دەرئەنجام”
ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، دروستە دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمییە بەڵام گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی ئێران خواستی گرنگی ئەمریكایە. بۆ جێبەجێ كردنی ئەو خواستەش ئێران پێویستی بە پرۆسەیەكی زەمەنییە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو هەڕەشە هایبریدە كە لەسەریە خۆی ڕزگار بكات. بە شێوەی گشتی ئەنجامی دانوستان لەچەند حاڵەت بەدەر نییە.
یەكەم:- ئەمریكا و ئێران ناگانە ئەنجام، كە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین ئەمریكا گۆشەی سەربازی هایبرید چالاك بكات و هێرشێكی دیاریكراو بكاتە سەر چەند شوێنی ئێران. ئەم حاڵەتە ئەگەری سەرهەڵدانی ناوخۆیی ئێران بەدواوەیە و ئەگەریش سەرهەڵدان نەكرێت ئێران بەتەواوی لە بواری ئابوورییەوە دادەڕمێت و كاریگەرێی لەسەر وڵاتانی دەرووبەریشی دادەنێت.
دووەم:- ئێران و ئەمریكا لەسەر پرسی ئەتۆمی ڕێدەكەون، كە ئەمەیان گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی ئێرانی لێ ناكەوێتەوە و لە داهاتوودا دیسان ئەمریكا دێتەوە خاڵی سفر. وەكو دانوستان و ڕێككەوتنی پێشووی نێوان ئەوروپا و ئەمریكا و ئێران كە بەشێوەی كاركردی گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی ئێرانی بەدواوە نەبوو.
سێیەم:- ئێران و ئەمریكا ڕێدەكەون كە ئێران لە هەموو بوار و ڕەهەندەكانەوە گۆڕانكاریی لە ڕەفتاریی سیاسی خۆی بكات. ئەمەیان ئامانجی ئەمریكایە. ئەمە پێویستی بە پرۆسەیەكەی زەمەنییە بۆ ئەوەی بكرێت ئێران لە نێو سیستەمی نێودەوڵەتی پێناسە بكرێتەوە. بەڵام ئەمەیان دروستە لە دواییدا سیستەمی داخراوی دەسەڵاتداریەتی سیاسی ئێران تێك دەشكێنێت، بەڵام دەرفەتی ئەوە بە ئێران دەدات بمێنێتەوە و لەگەڵ ئەمریكا ڕووبەڕووی هەڕەشەكانی دیكەی سەری بێتەوە كە پانتوركیزم یەكێك لەوانەیە.