پێشەواش بە سەرسووڕمانەوە سەیری هەموومانی کرد و وەها کە پێی وا بێت کە شتێکی ناخۆش ڕوویداوە، وەک هەمیشە لەبری گریان قاقا پێکەنییەوە. “دوکتۆر نەماوە نەمانبردبێت” دایە پەری بە هەر کەسێک یەکەم جار پێشەوای دەبینی و بە لایەوە سەیر بوو، منداڵێک لەبری گریان پێدەکەنێ، ئەمەی دەوت و ئاوا درێژەی پێ دەدا:- “ئەڵێن لە سکوماوە وا بووە و هیچی لەگەڵ ناکرێت”. دوکتۆرەکان دەیانوت:- “پێکەنین دەرمانی هەموو دەردێکە”. دەرمانی دەردی پێشەوا پێکەنین نەبوو، بەڵکوو خودی دەردەکە بوو، دەردی بێدەرمان، دەردێک کە هەموومانی ئازار دەدا، بەتایبەت مەحیا. مەحیا دەیوت: “دەنگی ئەو دیارییە ناپاکە ببڕن”. کاوان نەهایی، پێشەوا قاقا پێدەکەنێ، رۆمان، ل 13
هەمیشە لام پرسیار بووە کە پیاوێک لە پلەی گێڕەرەوە چەندە دەتوانێ باسی ژن و ئازارەکانی لە کۆمەڵگایەکی وەکوو کۆمەڵگای کوردیدا بکات؟ ئازارەکانی ژن وەکوو ئەو واقیعەی هەیە نەک وەکوو ئەو وانوێنراوە زمانی و درووشم و قسە بە بریق و باقەی کە خەیاڵدان و نەریتە شیعراوییەکانی ئێمە باسی دەکەن، واتە ئێمە بە ئەدەبێکەوە کە بەردەوام پیاو تیایدا سالار و باڵادەست بووە دەتوانین وەکوو پیاو ئازارەکانی ژن بگێڕینەوە؟ ئەگەر بنەماییتر پرسیارەکە بخەمە ڕوو ئێمە بە بوونێکی پیاوانەوە چەندە دەتوانی بۆ ناخی بوونی ژن شۆڕ بینەوە و پرسەکانیان فام بکەین و لەوەش گرینگتر بیگێڕنەوە و زمانێک بەکار بهێنین کە نوێنەری ئەو جیهان و ئازار و چێژ و…انە بێت؟ لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر یەکێک لەو ڕۆمانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە ئاوەها کەڵکەڵەیەکەوە نووسراوە واتە کەڵکەڵەیەک کە جیهانی ژن لە دووتوێی دەقێکی ئەدەبیدا بنوێنیتەوە.
“پێشەوا قاقا پێدەکەنێ” لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە گێڕەرەوەی ئازار و “ڕابردوو”یەکە کە لە ئێستادا لە کۆڵ “مەرجان” نابێتەوە و “داهاتوو”ش دیار نییە چی دەدا بە کۆڵیدا. لە 225 لاپەڕەی ئەم ڕۆمانەدا جگە لە چەند شوێن کە باسی پێنجشەممە و سێشەممە دەکرێت “کات” ونە و لەکیس چووە یان جۆرە دەرکەوتەیەکی هەیە کە جۆرێک لە ئەبەدییەتە بەو واتایەی کە مانایەکی نییە، ڕابردوویەک(کات) هێندە دووپات بۆتەوە کە ئیتر کات(زەمان) نییە و شێوازێکە لە جەبر و قەدەر. ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە قورسایی خستۆتە سەر ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی-خێزانیی لە سەردەمێکی دیاریکراودا و بۆ سەردەمێکی دیارینەکراوی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیاریکراو لە قۆناغ و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و دیارینەکراو وەکوو ئەو “داهاتوو”ەی کە لە بەردەم هەر کام لە کارئەکتەرەکان و بەتایبەتی مەرجاندا دەکرێتەوە و ئێمە ئەمانە لە “ئێستا”ی گەڕانەوەی کاتیی مەرجان بۆ ماڵی باوەپیارەکەی و سەردانی دایە پەری فام دەکەین. ئەگەرچی وەکوو بەروار و ڕێکەوت هیچ ڕەهەندێکی زەمانی ورد دەستنیشان ناکرێت بەڵام رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گیران و کوشتنی ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و کۆچە گەورەکە بەرەو مەریوان و… ئاڕاستەیەکی زەمانیی چیرۆکانەمان بۆ دیاری دەکەن.
کەم نین ئەو دەقە چیرۆکانەییانەی کە خەم و ئازارە نادیار و دوونیا تاریکەکانی ژن لە کۆمەڵگای کوردییدا بگێڕنەوە، نموونەی کارەکانی “عەتا نەهایی” (کە باوکی نووسەری ئەم ڕۆمانەشە و پێدەچێت لەم ڕووەوە کاریگەریی لە ڕۆمانەکانی وەرگرتبێت) کە لەو ڕووەوە زەق و دیارن ئەگەرچی فۆرمی گێڕانەوەیی “عەتا نەهایی” جیاوازە و ئەوەندە بە زەقی خۆی نەخستۆتە جێگەی ڕەگەزی مێوە و نەبووە بە زمانی جیهان-ژینەکانیان، باکوو لە ڕوانگەی ئەوانەوە ڕوانیبێتە گوڵ، عەشق، ئازار، جوانی، خەنجەر و قەدەر…بەڵام فۆرمی گێڕانەوەیی “پێشەوا قاقا پێدەکەنێ” لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە کە کچێکە، دەست پێدەکات و بە شێوەی فلەش بەگ لە نێوان “رابردوو” و “ئێستا” بە هەناوی کۆمەڵێک دیالۆگ و پێوەندی و مشت و مڕ و ڕووداودا تێدەپەڕێ و بەرەو داهاتوویەک دەچێت کە ڕابردوو وەکوو دۆڵپا و مۆتەکەیەک سواری بووە. ئەم ڕۆمانە پڕە لە دیالۆگی ورد و ناسک و منداڵانە و لە زۆر شوێن تەنز و تەوسێکی منداڵانە و لە زۆر شوێنیش زبری و تووندوتیژیی زمانی گەورەکان و کولتووری کوردی بە زەقی پێوە دیارە، تەوسیفاتێکی زۆری تێدا نییە و شوێن و کەسەکان و ڕووداوەکان بۆ خۆیان خۆیان مانیفێست دەکەن و لە چەندین شوێن کە مۆنۆلۆگی مەرجان لەگەڵ خۆیە خەیاڵکردنی مەرجان تەوسیفات و خۆ وێناکردنێکی تایبەت و ورد و ناسکی پێوە دیارە کە خاڵێکی گەش و سەرکەوتووی ڕۆمانەکەیە.
ڕۆمانەکە زمانێکی ڕەوان و نەرمی هەیە و ڕستە و دیالۆگی زیادەی تێدا نابینیتەوە، بووتیقای ئەم بەرهەمە زۆر پتەو و پێکەوەبەستراوە، لێرە دا و لەڕێگەی ئیستاتیکای گێڕانەوەوە ژانەکان جاویدان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی برینی نیگایەک…لە برینی چەقۆیەک…برینی ئایدیا و نەریتێک لە برینی زللەیەک، جوێ کرێنەوە و و ئەم بەرهەمە ئەوەی کردووە. خاڵێکیتری جیاواز و سەرنجڕاکێش کە لێرەدا هەیە و دەتوانم بڵێم لە کاری کاک عەتا نەهاییشدا هەیە وەکوو ناوەرۆک، گێڕانەوەی شکستە لە ناو ڕوابردوویەک کە ئێستە تێیدا دەژین و لە ئێستایەک کە دواتر دەبێت بە رابردوو و داهاتووش، کەسایەتییەکان بە جۆرێک سێبەر و چرنووکی چەشنێک لە قەدەریان بەسەرەوەیە، کە هەمان ڕابردوویە، دەتوانین ناوی بنێین شکستە سیاسییەکان، دواکەوتووییە کۆمەڵایەتییەکان، نەریتەکان، یان هەرچیتر، “پێشەوا” نیشانەی زەقی قەدەرێکە کە لەباتی گریان پێدەکەنێ، لەباتی هاوار پێدەکەنێ، لەباتی چێژ پێدەکەنێ، ڕەنگە پێشەوا ئەو قەدەرە نەگریسە بێت کە داهاتووی مەرجان لە ڕوابردوویەکدا قەتیس دەکات کە قەت نابێ بە ئێستە و ناچنە باوەشی داهاتوویەکی تازەشەوە، ئاڵقە و داوێکی زەمانیی کە سەرێکی لە ژیانی منداڵیی مەرجان و هاوڕێیەتی و پێکەوەژیانی لە گەڵ بەدری و دایە پەری و نەنە حۆری و مەحیا و هاجەر و ئازاد و، پوورە مەلەک و مەلیعا و باوە عەبە و کاکە سوارە و کاکە سەیوان و، دەست پێدەکات و بە گەڕانەوەی وەکوو دواهەمین سەردان بۆ ماڵی باوە پیارەی و سەردانی گۆڕستانی شار و گەڕان بە دوای کتێب فرۆشیی سەرایی دەگاتە ئەو سەرەکەی و دادەخرێت، ئەگەرچی هەڵهاتن و سەرهەڵگرتنی مەرجان لە کۆتایی ڕۆمانەکە شکاندنی ئەم بازنە و ئەڵقەی زەمانییەیە بەڵام ئەوە داهاتوویەکە ئێمە لە دەرەوەی دەق دەتوانین وێنای بکەین و بۆ خۆمان بیگێڕینەوە سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانین حاشا لەوەش بکەین کە سەرهەڵگرتنی مەرجان یان بڕیاری سەرهەڵگرتنەکەی بۆ خۆی ئەکت و کردەیەکە دژی ڕابردوو و ئەو قەدەری پێکەنینەی کە بازنەیەکی زەمانیی بە دەوری خەون و خولیا و حەز و منداڵی و کچێنی و هەموو شتێکیدا کێشاوە و زەمانی لێ ون کردووە.
لەڕووی ناوەرۆکەوە خاڵێکیتری سەرنجڕاکێش و تاڕادەیەکیش ڕەخنەیی دژیی ئەو واقیعەی لە ئێستای ئێمەدا هەیە گەڕانەوەی مەرجانە لە شاخ و هاوسەرێتی لەگەڵ هاوڕێ مەتین. مەرجان پاش لێدان و بن پژان و تکانی خوێنی پاکیزەیی بەهۆی لێدانی باوە پیارەیەوە(مەحیا) وەکوو تارماییەک ڕێگای لە شاخ و شۆڕش دەکەوێت، لەوێ هاوڕێ مەتینی شۆڕشگێر گیرۆدەی دەبێت و پشت دەکاتە شۆڕش و شاخ و مەرجان هەڵدەبژێرێت و هاوڕێ مەتین دەبێت بە ئاغای مودیر واتە جۆرێک لە تەواب (تۆبەکاری سیاسی) و هەڵگەڕاوە و، کاسبێکی سەرکەوتووشی لێدەردەچێت و ژیانێک بۆ خۆی و مەرجان پێکەوە دەنێت و منداڵێکیشیان بەناوی “باران” دەبێت، بەڵام مەرجان لەم ژیانەش هەڵدێت، شوناسی مەرجان لە نێوان پینۆکیۆ و بزن و مینی بووس و کەلانە و، حاجی لەق لەق و فڕیندا گەمارۆ دراوە و ڕۆشتن و هەڵهاتن بەرەو داهاتوویەکی نادیار چارەنووسێتی، داهاتوویەک کە هیچی دیار نییە بەڵام ڕابردوو جێ دەهێڵێت، ئاسۆی وردی چارەنووسی مەرجان لەم ڕۆمانەدا هەڵهاتن لەو شکست و ڕابردوویەیە. ئەگەرچی کاتی سەرهەڵگرتن و پشت کردنە ڕابردوو لە پەنجەرەکەوە دەبینێ کە “پێشەوا قاقا پێدەکەنێ” ڕەنگە ئەگەر بە تێڕوانینێکی شکستناسانە و نیهیلیستیەوە ڕۆمانەکە بخوێنینەوە چاوەڕوانیمان زیاتر بێت لەوەی کە ڕووداوەکان کارەساتاویتر و تراژیکتر لەوەی هەن (لانیکەم لە ڕووی فۆرم و جەمسەری رووداوەکانەوە- کێشەکان زۆر کەسیتر بکرێنەوە و تەنها لە چەقی خێزان و بنەماڵەوە یەخەی تاکەکەس نەگرێت) دەربکەون. هەر چەند پێم وایە ئێمە زۆر ناتوانین تێڕوانین و ڕوانگەی نووسەر بخەینە ژێر پرسیار ئەوەندەی کە دەتوانین لە سەر فۆرم و بیچمبەندی کار و دەقەکەی بدوێین. ئەگەر بە دیدی بەراورکارانەشەوە هەڵیسەنگێنین ڕەنگە نەتوانین وەکوو ڕووداوێکی تازە لانیکەم لە ئەدەبی چیرۆکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی بکەین.