یەکەمین و سەرەکیترین بەڵگە لە ئایینی یەهووددا کتێبی “پەیمانی کۆن”ە. کڵێسەی ئایینی مەسیح لە زمانی فەرەنسیدا ناوی لێ ناوە ((Ancient Testament کە وەرگێڕانی هەڵەی وشەی (Alliance)ە کە بە واتای یەکێتی و یەکگرتن دێت و مەبەست لەم وشەیە یەکگرتن و یەکێتی نێوان خودا و مرۆڤە. بەشی دووەمی کتێبی پیرۆز “پەیمانی نوێ”یە و تایبەتە بە مەسیحییەکان. ئەم دوو بەشە بەسەر یەکەوە پێی دەڵێن (کتێبی پیرۆز – Bible).
بەشی یەکەمی کتێبی پیرۆز بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش دەبێت:-
١-یاسا.
٢-پێغەمبەرەکان.
٣-نووسەرە پیرۆزەکان.
پەیمانی کۆن هەم مێژووە، هەم هۆنینەوە، هەم کۆمەڵێک یاسا، هەمیش کۆمەڵێک غەیببێژیی پێغەمبەران و هەروەها سرووتە ئایینییەکان. پەیمانی کۆن لەخۆگری چیرۆکەکانی سەردەمی سەرەتایی مرۆڤ و یاسای خودا و مێژووی فەلەستین و کۆمەڵێک سرووتی دڵبزوێنن. ئەم کتێبە لە سەدەی سێیەمی پێش زایین وەرگێڕدرایە سەر زمانی یۆنانی و دواتریش وەرگێڕدرایە سەر زمانی لاتین، لە سەدەی چوارەمی زاینیش بەو لاوە بە هەوڵ و تێکۆشانی (سێنت ژێرۆم – Saint Jerom) وەکوو یەکێک لە کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی مەسیح ناسێنرا چونکە مەسیحییەت لە ڕەچەڵەکی بەنی ئیسرائیلە و دەرئەنجامی ئایینی یەهوودە. هەر بەم هۆیە نووسراوەکانی تەورات لە هەموو دنیای مەسیحییەتدا ناوبانگی دەرکرد و بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆرێک لە شاعیر و هونەرمەندەکان، هەر بۆیە نەک تەنها لە ڕوانگەی ئایینییەوە بەڵکوو لە ڕووی هونەر و ئەدەبیشەوە جێگەی سەرنج و تێڕامانە.
کتێبی پەیمانی کۆن هەندێک لە بەشەکانی بە زمانی ئارامی و پاشماوەکەشی بە زمانی عیبرییە. کۆمەڵە فرمان و یاساکانی فەرمیی کتێبی پەیمانی کۆن لە ژێر ناوی (شەریعەت- Canon) دەناسرێت. چاپە کۆنەکەی بە زمانی عیبری ناوی لێ نراوە (ماسووری- Massoretique) کە لە نێوان سەدەکانی حەوتەم بۆ دەیەمی زاینی بەسەر یەکەوە نراوە و ئامادە کراوە. شەریعەتی یەهوود لە خۆگری ئەو کتێبانەیە کە کەنیسەی یەهوود لە سەدەی یەکەمی پێش زایینەوە خاوەندارێتییان لێ دەکات. لە سەد و پەنجا ساڵ پێش زاین زۆربەی دەقەکانی بە زمانی یۆنانی وەرگێڕان تاکوو ئەو میسرییانەی کە زمانەکە نازانن لێی بەهرەمەند بن، ئەم وەرگێڕانە بە هاوکاری حەفتا کەس ئەنجام دراوە. کتێبێکی دیکەی شەریعەت هەیە کە باڵی پرۆتێستانی ئایینی مەسیح پێڕەویی لێ دەکات. ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوانی دیکە کۆمەڵێک جیاوازیی هەیە. هەندێک لە کتێبەکانی وەکوو Tobie و Judith کە جێگەی پەسندی شەریعەتی کاتۆلیکە، لە لایەن ئایینی یەهوود و شەریعەتی پرۆتێستانەوە قبووڵ ناکرێن.
هیچ کام لە کتێبە سەرەکییە پیرۆزەکان ئێستا بە زمانی عیبری نەماون، لەگەڵ ئەمەشدا (دێلاپۆرتێ- Delaporte) لە کتێبی (ڕۆژهەڵاتی نزیکی ئاسیا) باسی چەندین پارچەی نووسینی عیبریی کۆن دەکات کە لەم دواییانەدا دۆزراونەتەوە. کۆنترین نوسخەی خەتیی عیبری کە بەردەستە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دەیەمی زایین بەڵام لە نوسخە زۆر کۆنەکانی دیکە تەنها وەرگێڕانەکان بە زمانی یۆنانی و لاتین بەردەستن. وەرگێڕانێکیش بە زمانی سریانی لە ژێر ناوی (گێڕانەوەی سادە -Peschito) هەیە کە بە ڕای هەندێک دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی دووەمی زایین. وەرگێڕانێکیش بە زمانی گۆتی هەیە کە لە لایەن قەشەی باڵا؛ ئولفیلاس Ulphilas و لە سەدەی چوارەمەوە کراوە. سالومون ڕایناخ دەڵێت: “ئولفیلاس زۆرێک لە حیکایەتیەکانی شەڕ و پێکدادانی سڕییەوە چونکە تێگەیشت کە گۆتییەکان پێویستییان بە ئاوەها نموونەگەلێک نییە”. لە نێوان هەموو ئەم بەڵگانەدا جیاوازیی زۆر هەیە بەڵام لە ڕووێ ئەنجامگیرییەوە گرینگییەکی ئەوتۆیان نییە. وەرگێڕە یۆنانییەکان لە بەشە ئاڵۆز و قورسەکانی دەقە عیبرییەکان و دەقی سێن ژێرۆم لە ڤووڵگاتە “دەقی پیرۆزی کۆن” تووشی خراپ تێگەیشتن بوونە.
لەگەڵ هەموو ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەی کە لەم کتێبەدا بینراوەتەوە (لێژنەی ترێنت Le Concile de Trente) وەکوو بەڵگەی شیاوی پێشت پێ بەستراو پەسندی کرد و کڵێسەی ڕۆمیش وەکوو دەقی متمانەپێکراو بڕیاری لەسەر دا. لە ساڵی ١٩٢٢ی زاینی “لێژنەی قەشەکان” بەپێی تێگەیشتن و ڕوانگەی کڵێسەی پرۆتێستان و لە ساڵی ١٩٢٣ کرامپۆن Crampon بەپێی ڕوانگە و تێگەیشتنی کڵێسەی کاتۆلیکەوە وەرگێڕانێکی تاڕادەیەک نوێیان لە کتێبی پیرۆز بڵاو کردەوە. لە سەرەتای چاخی مەسیحیدا “کتێبی پەیمانی کۆن” لەخۆگری تەورات(یاسا) و کتێبی پێغەمبەران و سەربوردەی ئەولیای دین بوو. تەورات لەخۆگری پێنج کتێبە و دراوەتە پاڵ حەزرەتی مووسا.
گرینگترین کاریگەریی پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل لە سەردەمی خۆیاندا ئەوە بوو کە بوونە هۆی نووسینی تەورات. پێشەوایانی ئایینی یەهوود بیریان لەمە کردەوە کە لە کاڵبوونەوە و نابوودبوونی ئایینەکەیان پێشگیری بکەن و پەیامی خودا بە خەڵکەکە بگەیەنن. یاسا و شەریعەتێک بخەنە ڕوو و بە مەبەستی ئەوەی پشتگیریی پێغەمبەرانیشیان هەبێت، ئەو باوەڕانەی کە کەمتر تووندئاژۆ بوون لە کتێبەکەدا گونجاند. لە نزیکەی ساڵی هەژدەیەمی دەسەڵاتدارێتی پاشا جۆشوا josiah، حێلکیا Hilkiaی کاهین ڕۆشتە لای پاشا و پێی وت کە لە بەڵگە نهێنییەکانی پەرستگەدا نامەیەکی سەیر و سەمەرە دۆزراوەتەوە کە تێیدا خودی حەزرەتی مووسا بە فەرمانی “یەهوە” هەموو کێشە و ناکۆکییە مێژوویی و ئەخلاقییەکان کە بوونەتە هۆی مشتومڕ و مقۆمقۆی توند و تۆڵ لە نێوان پێغەمبەران و کاهینەکان، بەشیوەیەکی لێبڕاوانە و بۆ هەمیشە یەکلا و ڕوون کردۆتەوە. ئەم دۆزینەوە و کەشفە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جووەکان هەبوو. لە ساڵی ٤٤٤ی پێش زاین عەزرا کە یەکێک لە کاهینە چاوکراوە و زاناکان بوو، جووەکانی بۆ کۆبوونەوەیەکی شکۆدار بانگهێشت کرد و لە سپێدەی بەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ “سیفری شەریعەت”ی بۆیان خوێندەوە. لە ماوەی حەوت ڕۆژدا خۆی و “لاویان” کە یاریدەدەری بوو هەموو ناوەرۆکەکانی ئەو نامەیەیان بۆ خەڵک خوێندەوە، و کاتێک لە خوێندنەوەی بوونەوە، کاهینەکان و پێشەوایانی ئایینیی یەهوود سوێندیان خوارد کە ملکەچی ئەو فرمان و شەریعەتە بن و بیکەن بە چاوساغ و ڕێنمای یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان و بۆ هەمیشە پێڕەویی لێ بکەن.
بەدروستی دیار نییە کە ئەو “سیفری شەریعەت”ە یان “کتێبی پەیمان”ە چی بووە؛ بەڵام ڕەنگە بەشەکانی بیستەم تا بیست و سێهەمی “سیفری دەرچوون”بێت. تەنها شتێک کە دەتوانین بیڵێین ئەمەیە کە کتێبە گەورەکە لەخۆگری بەشێکی گرینگ لە سیفرە پێنجدانەییەکانی پەیمانی کۆن بووە کە یەهوودییەکان پێی دەڵێن تەورات و یۆنانییەکانیش پێی دەڵێن (پێنتاتوکو – Pentateuque) یان “سەفەرە پێنج قۆناغییەکان”. تەورات وشەیەکی عیبرییە و بە مانای “هیدایەت”ە، و پێنتاتوکو یۆنانییە و بەمانای “پێنج نامە”یە. دواتر نامیلکەی جۆسوێ Josueەیان زیاد کردووەتە سەر ئەم بەشانە و پێی دەڵێن (هێگزاتوک- Hexateuque) کە بە مانای “سەفەرە شەش قۆناغییەکان” دێت و یەکەمین بەشی کتێبی پەیمانی کۆن پێک دێنێت. بەم شێوەیە تەورات یان یاسا (شەریعەت) لەخۆگری پێنج کتێب بەو ناونیشانەی خوارەوەیە و دەدرێتە پاڵ حەزرەتی مووسا:
١)سیفری داهاتن Genese
٢)سیفری دەرچوون Exode
٣)سیفری ژمارەکان Nombres
٤)سیفری لاویان Levitique
٥)سیفری تەسنیە Deuteronom
بەشەکانی دیکەی کتێبی پەیمانی کۆن لەخۆگری کتێبی پێغەمبەران و سەربووردەی ئەولیاکانی ئایینی یەهوود و سرووتە عیرفانی و دینییەکان، زەبوورەکان و مەتەڵەکان و کتێبی ئەیووب و ئەوانی دیکەیە. لە ساڵی ١٥٤٦ی زاینی “لێژنەی ترێنت” گومان و دوودڵیکردن لەبارەی ئاسمانیبوون و خودایبوونی کتێبی پەیمانی کۆن و نوێی قەدەغە کرد. کنێسەکانی یەهوود و کڵێسەکانی مەسیحی ئەم کتێبە بە وەحی ئیلاهی دەزانن. تاقمێک باوەڕیان وایە کە تەنها ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئایین و ئەخلاقەوە لە لایەن خوداوە دابەزیون، بەڵام کڵێسەی کاتولیک ئەمە قبووڵ ناکات. لەبارەی زیادکردنی ئایەت بە پەیامی ئیلاهی و دەستێوەردانەکان لە تەواراتدا قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: “نەتەوەی بەنی ئیسرائیل هەندێک لەو وەحییانەی کە بۆیان هاتووە لە بیریان کردووە و هەندێکیشیان شاردۆتەوە و شوێنی هەندێک لە وشەکانیان گۆڕیوە و بەلاڕێیان بردووە”. لە سەدەی حەڤدەیەم فەیلەسووفی هۆڵەندیی ناودار؛ ئێسپینۆزا لە کتێبەکەی خۆی واتە “ئایین و سیاسەت” دژوازی و ناکۆکییەکانی ناو کتێبی پیرۆزی باس کرد و ئەو زانستمەندانەی کە پێیان وا بوو ئەم دژوازیانە شتێکی ڕووکەش و ڕواڵەتین دایە بەر گاڵتە و تیتاڵی پێکردن.
ڕیشارد سیمونی فەرەنسی لە ساڵی ١٦٧٨ لە کتێبی “ڕەخنەی مێژوویی لە کتێبی پەیمانی کۆن” نووسی: “لە پێنج کتێبە یەکەمینەکانی پەیمانی کۆن لەوێدا کە باسی مەرگی حەزرەتی مووسا دەکرێت ناتوانین قبووڵ بکەین کە لە لایەن مووساوەیە”.
سەرچاوە؛ آشنایی با دین یهود. مجموعەی شناخت ادیان. مهرداد ایزد پناه.انتشارات محور، تهران ١٣٨١
نووسین: میهرداد ئیزەد پەنا
وەرگێڕان: موحسین عەلیڕەزایی