هێرش و پەلامارەکانى ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانى کەرتى غەزە لە فەڵەستین، کە دەیان هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە، مشتومڕی لەنێوان زانایان، پارێزەران، چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و کەسانی دیکەدا دروستکردووە، بەڵام رۆژنامەیەکى ئیسرائیلى دەنووسێت: ئیسرائیل بەڕاستی کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام دەدات. رۆژنامەى هائارێتزى ئیسرائیلى لە راپۆرتێکدا بەدواداچوون بۆ پەلامارەکانى سوپاى وڵاتەکەى لە فەڵەستین دەکات، کە لەدواى پەلامارەکانى حەماس لە (7/ئۆکتۆبەر/2023) ئەنجامدراون، لەبارەیانەوە دەڵێت: دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە و درک بە قووڵایی ئەو ترسناکییە بکەین کە دروستمان کردووە. ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، هۆلۆکۆست نییە، بەڵام تاوانی جینۆسایدە.
“جینۆسایدەکانى ئەمەریکا و فەرەنسا”
لەسەرەتاى راپۆرتەکەدا، رۆژنامەکە ئاماژە بە بۆچوونى مێژوونووس “شلۆمۆ زانید” دەکات، کە رەتیدەکاتەوە ئەو دڕندەیی و تاوانە جەنگییە ترسناکانەی کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی داوە بە جینۆساید بناسێنێت، بە پاساوى ئەوەى ئەو دڕندەیییانەى سوپای فەرەنسا لەماوەى ساڵانى (1954-1962) لە جەزائیر و سوپاى ئەمەریکا لە ڤێتنام لە (1965-1973) ئەنجامیانداوە، بەجینۆساید وەسف نەکراوە، هەرچەندە “کەمتر نەبوون لەو دڕندەییانەی لە غەززە ڕوودەدەن”. بۆ رەتکردنەوەى بۆچونەکەى زانید، رۆژنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ کتێبى “خوێن و خاک: مێژوویەکی جیهانی جینۆساید و قڕکردن لە سپارتاوە تا دارفۆر” کە لەلایەن “بن کیرنان” یەکێک لە توێژەرە دیارەکانی بوارى جینۆساید لە جیهاندا نووسراوە، تیایدا دەڵێت: ئەوەى لە جەزائیر روویدا جینۆسایدە، چونکە لەنێوان (٥٠٠) هەزار بۆ یەک ملیۆن جەزائیری لە ئەنجامی برسێتی و نەخۆشی و کوشتنی بەئەنقەست گیانیان لەدەستدا یان کوژران.
لەلایەکى دیکەوە “لیۆ کوپەر” کە یەکێکە لە توێژەرە دیارەکانی جینۆساید، لە کتێبی “بەکارهێنانی سیاسیانەى جینۆساید لە سەدەی بیستەم”دا دەڵێت: ئەو دڕندەییانەی فەرەنسییەکان لە شەڕی جەزائیردا ئەنجامیاندا، بە “جینۆساید” دادەنرێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ پێناسەی تەواوەتی جینۆسایدیشدا نەگونجێت”. سەبارەت بە جەنگی ڤێتنامیش، لە ساڵی (١٩٦٦) لەلایەن فەیلەسوفی بەریتانی بێرتراند ڕاسڵەوە دادگای ڕاسڵ دامەزرا، کە فەیلەسوفی فەرەنسی ژان پۆڵ سارتەر سەرۆکایەتی دەکرد. مەبەست لێی لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگ بوو کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە جەنگی ڤێتنامدا ئەنجامدرا. ئەو دەستەیە جگەلە سارتەر، چەندین بیرمەند و سیاسەتمەدار و چالاکوانى دیاری لەخۆگرتبوو، لەوانە سیمۆن دی بۆڤوار و لیۆ باسۆ و ڤلادیمێر دیدێر. ئەو دادگا جەماوەرییە بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ساڵی (١٩٤٨)، بڕیاریدا کە ئۆپەراسیۆنەکانى سوپای ئەمەریکا لە ڤێتنام کە بریتی بوون لە: کوشتنی بەکۆمەڵ، دەستدرێژیکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دیلەکانی جەنگ، لەناوبردنی شوێنە کولتووری و مێژووییەکان، بە جینۆساید دادەنرێت.
هاوشێوەى دۆسیەی ئیسرائیل و حەماس، دادگاکەى راسڵ بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە چاوپۆشى کردوە لە باسکردنى تاوانەکانی بەرەی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی ڤێتنامی باشوور کە بە “ڤێت کۆنگ” ناسراوە، هەروەها لە تاوانەکانى ڤێتنامی باکوور لەدژی خەڵکی مەدەنى لە باشوور. بەڵام رۆژنامەکە دەنووسێت: داننان بەو دڕندەییانەی کە لەلایەن ڤێت کۆنگ و حەماسەوە ئەنجامدراون، نابێتە هۆى نکوڵى کردن لەو تاوانانەى سوپای ئەمەریکا لە ڤێتنام و سوپای ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامى دەدەن”.
“هێرۆشیما و غەززە”
لە ساڵى (١٩٤٥) ئەمەریکا بۆمبى ئەتۆمى بەسەر هەردوو شارى هێرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆندا بەردایەوە و بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتى مەدەنى کوژران، هائارێنز ئاشکراى دەکات عەمیحای ئەلیاهۆى وەزیری کولتوورى ئیسرائیل پێشنیاری کردوە هاوشێوەى ئەو بۆردومانە، بە بۆمبى ئەتۆمى لە غەززە بدەن. بەڵام داواکەى رەتکراوەتەوە، هەرچەندە “ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا ئەو کۆت و بەندانەى بەزاند، کە لە ڕابردوودا سور بوو لەسەر پێشێل نەکردنیان”. بۆ بەڵگاندنى زانیارییەکانى، رۆژنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامى دوو لێکۆڵینەوە، کە یەکەمیان لەلایەن رۆژنامەنووسى بنکۆڵکارى ئیسرائیلى یوڤاڵ ئەبراهام ئەنجامدراوە و تیایدا هاتووە:- سوپای ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی غەززەدا زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان لەنێو هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاواندا. بەجۆرێک هەندێکجار تەنها لەپێناوى لەناوبردنى کەسایەتییەکی پلە باڵای حەماسدا، ڕێگە بە وێرانکردنی تەواوی گەڕەکێک دراوە و بەهۆیەوە (300) کەس کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە نەبووە کوژراون”.
لێکۆڵینەوەى دووەمیش لەلایەن دکتۆر لی مۆردەخای ئەنجامدراوە و تیایدا هاتووە: دەتوانرێت مەزەندە بکرێت کە لەنێوان (60 – 80%) قوربانییەکان لە غەززە، کەسانێکن کە لە شەڕەکەدا بەشدار نەبوون، ئەو رێژەیەش زۆر لەو رێژەیە زیاترە کە لە ڕابردوودا ئیسرائیل ڕێگەی پێدابوو”. هەروەها رۆژنامەکە نووسیویەتى: “ئەو رێژەیە لە هەر شەڕێکی دیکە زیاترە کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا روویداوە”.
“نیاز لە کردەى جینۆساید دا”
لە ماددەى دووەمى ڕێککەوتنامەی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید کە لە ساڵى (١٩٤٨) دەرچووە، جینۆسایدى بەو جۆرە پێناسە کردوە: هەر کارێک دەگرێتەوە کە نیازى لەناوبردنى هەموو یان بەشێک لە گروپێکى دیاریکراوى هەبێت، ئیدى گروپەکە نەتەوەیی، ئایینی، نەژادى یان جوگرافی بێت. لە دواى دەرچوونى ئەو یاسایەوە، یەکێک لە لەمپەرە سەرەکییەکانی بەردەم پێناسەکردنی جینۆساید بە شێوەیەکی یاسایی، سەلماندنی مەبەست (نیاز: نیەت)ە. لەبەرئەوە ئایا لە دۆسیەی غەززەدا دەتوانرێت نیازى جینۆساید بسەلمێنرێت؟ لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا، رۆژنامەکە چەندین لێدوانى سیاسەتمەداران و سەرکردە سەربازییەکان و ڕۆژنامەنووسانی ئیسرائیلى بە نموونە هێناوەتەوە، کە رایانگەیاندوە “هیچ کەسێکی مەدەنی بێتاوان لە غەززەدا نییە”، “نەکبەی دووەم ئەنجام دەدەین”، “دەبێت زەبەلاحەکان قڕبکرێن”، سەربارى ئەو لێدوانانە لە راپۆرتەکەدا هاتووە: بەڵام هێشتا چەمکی نیاز وەک کێشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە ویلیام شاباس قانونزانى ناسراو لە بواری جینۆسایددا، دەڵێت: لە دۆسیەى غەززەدا ئەو سکاڵایەى لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە دژی ئیسرائیل بەرزکراوەتەوە و چواردە دەوڵەتی دیکەش بەشدارییان تێداکردووە، زۆر بەهێزە، بەهۆی چەندین لێدوانی بڕیاردەرانی ئیسرائیلەوە، هەروەها بەهۆی سروشتی خودی تاوانەکانەوە، وەک برسیکردنی سیستماتیکی دانیشتوانی غەززە، پاکتاوکردنی نەتەوەیی بەشی باکووری کەرتەکە، بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەى کە بە ناوچەى “پارێزراو” دانراون.
“جینۆساید لە غەززە”
هەموو ئەو دەوڵەت و زلهێزانەى تاوانى جینۆساید ئەنجام دەدەن، کارەکانیان وەکو کاردانەوە و بەرگرى لەخۆکردن ناودەبەن، بۆیە بەرپرسانى ئیسرائیل لە لێدوانە فەرمیەکانیاندا دەڵێن ئەوەى لە غەزە ئەنجامى دەدەن، کاردانەوەى پەلامارەکانى حەماسە لە حەوتى ئۆکتۆبەر. لە بەرانبەر لێدوانى بەرپرسانى ئیسرائیلدا، هائارێتز نووسیویەتى: کوشتنی منداڵان، برسیکردن، وێرانکردنی ژێرخانی سیستمی تەندروستی، خاپورکردنى زۆربەی ماڵەکان لەوانەش سڕینەوەی تەواوەتی گەڕەک و ناوچەکانی وەک جەبالیا و بەیت لاهیا، پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە باکووری کەرتی غەززە، وێرانکردنی هەموو زانکۆکان و زۆربەی دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان و مزگەوتەکان، لەناوبردنی ژێرخانى حوکمڕانی و ڕێکخراوەیی، گۆڕی بەکۆمەڵ، لەناوبردنی ژێرخانی بەرهەمهێنانی خۆراکی ناوخۆیی و کۆگاکانى ئاو؛ هەموو ئەم شتانە وێنەیەکی ڕوونی جینۆساید دەکێشن. لێرەوە دەکرێ بڵێین غەززە وەک کۆیەکی مرۆیی و نەتەوەیی بەکۆمەڵ ئیتر بوونی نییە و جینۆساید ڕێک بەم شێوەیەیە.
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، تائێستا زیاتر لە پەنجا هەزار کەس لە غەززە کوژراون، ژمارەى بریندارانیش زیاتر لە (١١٠) هەزار کەسە. بەڵام ژمارەی ئەو کەسانە نازانرێت کە لەژێر داروپەردوى خانووە روخاوەکاندان. زۆرینەی ڕەهای قوربانییەکانیش خەڵکی سڤیلن. بەدەر لە قوربانیانى راستەوخۆى شەڕەکە، نزیکەى (90%) دانیشتووانی غەززە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون و لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا دەژین، بەمەش ڕێژەی مردن زیاد دەکات. لەکۆتایى راپۆرتەکەى هائارێتزدا هاتووە: دوای تەواوبوونی شەڕەکە، ناچار دەبین لە ئاوێنەدا سەیری خۆمان بکەین. ئەوکاتە وێنەی کۆمەڵگایەک دەبینین کە نەک هەر وازی لە کوڕ و کچە ڕفێنراوەکانی هێنا و هاووڵاتیانی خۆی لە دڕندەیی حەماس نەپاراست، بەڵکو ئەم کارە ترسناکەشی لە غەززە ئەنجامدا. جینۆسایدێک کە مێژووی جوولەکەکان بۆ هەمیشە لەکەدار دەکات. دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە و درک بە قووڵایی ئەو ترسناکییە بکەین کە دروستمان کردووە. ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، هۆلۆکۆست نییە. لێرە هیچ کەمپێکی قڕکردنی ئاوشڤیتز و ترابلینکا نییە. بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ تاوانێک دەکەین کە دەکەوێتە ژێر هەمان پۆلەوە: تاوانی جینۆساید.
* ئەم راپۆرتە بەشێکە لە راپۆرتێکى رۆژنامەنووسى بنکۆڵکارى ئامۆس گۆڵدبێرگ، کە لە رۆژنامەى هائارێتزى ئیسرائیلى بەناونیشانى: لەنێوان غەززە و ئاوشڤیتزدا، لێکچوون لە جینۆساید و جیاوازی لە بارودۆخدا، لە (19/1/2025) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى