تێکشکاندنی دیواری چوارەم بە شێوەیەکی سیحراوی بینەر و پاڵەوان پێکەوە گرێ دەدات. شوێنپێی مێژووەکەی هەڵبگرە لە شانۆی کۆنەوە تا دەگاتە تەلەڤزیۆن و سینەمای مۆدێرن. دیواری چوارەم، دیوارێکی ئەفسانەییە، هێڵێکی خەیاڵییە کە جیهانی فیلم لە واقیعی ژیانی ئێمە جیا دەکاتەوە، لە ڕاستیدا بوونی نییە. هەرچەندە ڕووکەشە، بەڵام بۆ بینەران وەک پەنجەرەیەکی ڕوونە کە ڕێگەیان پێدەدات بەبێ ئەوەی هەست بە دابڕان بکەن، لەگەڵ چیرۆکەکەدا بژین. لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەکتەران شاراوەیە و ڕێگە نادات پەیوەندی بە بینەرانەوە بکەن. لە ساڵی ١٩٨٧دا، ڕەخنەگری بەناوبانگی شانۆ؛ ڤینسێنت کانبی، یەکەم پێناسەی فەرمیی بۆ دیواری چوارەم خستەڕوو، وەک “ئەو پەردە نادیارە”ی کە هەمیشە بینەر لە گۆڕەپانی شانۆ جیا دەکاتەوە ناوی برد.
“شکاندنی دیواری چوارەم وەک تەکنیکێک”
لە شانۆدا، دیواری چوارەم لەو بۆشاییەدا خۆی دەنوێنێت کە کۆتاییی شانۆ و دەستپێکی ئامادەبووانە. سێ دیوارەکەی دیکە دەکەونە لای چەپ و ڕاست و دواوەی شانۆکە. هاوشێوەی ئەوەش، لە بەرهەمە تەلەڤیزیۆنی و سینەماییەکاندا، دیواری چوارەم بە ڕێک و ڕەوان لە بەردەم شاشەکەدا بوونی هەیە. یاساکان بۆ شکاندن دانراون؛ هەندێک جار ئەوە بەسەر دیوارەکانیشدا دێت. لە شانۆدا، هەروەها لە سینەماشدا، شکاندنی دیواری چوارەم بێگومان ڕەهەندێکی نوێ دەبەخشێت بە چیرۆکەکە. دەرھێنەران ئەم شێوازە تایبەتەی گێڕانەوە بەو ئامانجە بەکاردەھێنن، کە بینەر بە تەواوی ھەست بە ڕووداوەکان بکات و لەگەڵ دیمەنەکاندا بژی، ئەمەش لە ڕێگەی بەھێزکردنی لایەنە کۆمیدی یان درامییەکانی چیرۆکەکەوە دەکرێت. ئەم تەکنیکە تایبەتە وا دەکات ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەراندا بدوێن، سەرنجیان دەخەنە سەر ئەوان و دەربارەی نیگەرانییەکانیان قسە دەکەن، یان تەنانەت لێدوانێک دەدەن دەربارەی پێشهاتەکانی چیرۆکەکە.
کاتێک دیواری چوارەم دەشکێت، مانای وایە کارەکتەرەکان دەزانن خۆیان تەنیا لەناو چیرۆکێکدان و ڕاستی نین، ئەمەش وادەکات شکاندنی ئەو دیوارە یەکێک بێت لە گرنگترین ڕێگاکانی دروستکردنی فیلم. هەرچەندە زۆربەی تەکنیکەکانی سینەما هەوڵ دەدەن ئەوەمان بیر ببەنەوە کە ئێمە سەیری فیلم دەکەین، بەڵام شکاندنی دیواری چوارەم بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە دەکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەوە وادەکات بینەر زیاتر بچێتە ناو ناخی کارەکتەرەکەوە و لە بیرکردنەوەکانی تێبگات. بۆیە، ئەم تەکنیکە وا دەردەکەوێت کە نهێنییەکی قووڵە و بینەران دەبنە هاوبەشی ئەو نهێنییە؛ پەیوەندییەکی بەهێزی هاوبەش لە نێوان کارەکتەر و بینەردا دروست دەکات. شکاندنی دیواری چوارەم کە تەکنیکێکی سینەماییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، گرنگی بە چەند توخمێکی سەرەکی دەدات. ئەم تەکنیکە بەوە دەناسرێتەوە کە بە شێوەیەکی بەردەوام و ستاندارد گاڵتە و ڕاستگۆیی و ئازایەتی بەکاردەهێنێت، هەروەها ڕاستەوخۆ بینەر دەخاتە ناو ڕووداوەکانەوە. لەم سەردەمەدا شکاندنی دیواری چوارەم بووە بە یەکێک لە ڕێگا باوەکانی گێڕانەوەی چیرۆک. کات هەموو شتێکە—هەر ئەمە ئەو کلیلە جادووییەیە کە دێڕە سادەکان دەکاتە ساتە سینەماییە بێوێنە و نەمرەکان.
“سەدەی پێنجەمی پێش زایین؛ کۆرس، سۆفۆکڵس، ئەرستۆفانێس، تراژیدیا دێرینەکان”
لە تراژیدیا و کۆمیدیا کۆنەکانی یۆنان، یان لە شانۆگەرییە گاڵتەئامێزەکانی تردا، زۆرجار گێڕانەوەیەکی سەرەتایی دادەنرێت بۆ ئەوەی بینەر باشتر لە ڕەوتی نمایشەکە تێبگات. کۆرس ڕەگەزێکی جیانەکراوە بوو لە چوارچێوەی گێڕانەوەیی هەموو تراژیدیایەکی کۆندا؛ کە پێکهاتبوو لە گروپێکی یەکدەست، بە دەنگێکی یەکگرتوو ڕووداوە درامییەکانی هەڵدەسەنگاند. دەکرێت کۆرس بەرزترین ئاستی بینەر بێت، کە بتوانێت هەست و بیرکردنەوەکان بە شێوازێکی شیعری و تەنانەت میوزیکییانە بگەیەنێت بە بینەری ڕاستەقینە. ئامانجی کۆرس ئەوە بوو بینەر بەرەو بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی قووڵی ناوەکی ببات. سەرباری ئەوەش، ئەوەی نیشانی بینەر دەدا کە کارەکتەرە سەرەکییەکان نەیاندەتوانی بە دەنگی بەرز بیڵێن؛ نهێنییە شاراوەکان، ترسەکان، و ئەو بیرکردنەوە ڕەشبینانەی کە کارەکتەرەکانیان دەور دابوو. ھەروەھا لە ھەندێک باردا، کۆرس ھەوڵی دەدا کارەکتەرەکانی ناو تراژیدیاکە بە شێوازێکی سیحراوی ھۆشیار بکاتەوە و ڕێگەیان ڕووناک بکاتەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە لە ھەموو کات زیاتر پێویستیان بە یارمەتی بوو. مێژوونووسان سۆفۆکلیس بە شاعیری باڵادەستی تراژیدی دادەنێن لە ڕووی لێهاتوویی لە نووسین و توانای کاریگەری خستنە سەر هەستی بینەران. بەڵام لە بەرانبەردا، گێڕانەوە تەنزئامێز و بەکارهێنانی نوێگەری کۆرس وەک ئامرازێکی سەرەکیی چیرۆک لەلایەن ئەرستۆفانێسەوە لە شانۆی “بۆقەکان”دا، بە کارێکی بێوێنە و داهێنەرانە دادەنرێت.
“سەدەی شازدەهەم؛ شکسپیر”
لە شانۆیە کۆمێدییەکانیدا، شکسپیر گێڕانەوەیەکی فرەچەشن و پڕ تاموچێژی دەخستەڕوو کە بینەرانی بە تەواوی سەرسام دەکرد. لە هەندێک خاڵدا لە نووسینەکانیدا، شکسپیر سەرنجی دەخستە سەر جیاوازیی نێوان ڕاستی و خەیاڵ. ئەمە بە ڕوونی لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە کارەکتەرەکان ڕاستەوخۆ ڕوو لە بینەران دەکەن و دەست دەکەن بە گێڕانەوەی بیروڕا و هەستەکانی خۆیان. بینەران خۆیان هەست دەکەن کە بەشێکن لە شانۆییەکە، سنوورەکان دەست دەکەن بە تەڵخبوون و لە ئەنجامدا پردێکی متمانە دروست دەبێت. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شێوازە لە شانۆی “A Midsummer Night’s Dream” “خەونی شەوێکی هاوین”دا دەبینرێت؛ “سناگ”ی دارتاش لە کاتی وتاردانیدا ڕاستەوخۆ ڕوو لە بینەران دەکات و بە مەبەستی دروستکردنی کارلێک، لە سەرەتای دیمەنی یەکەمی پەردەی یەکەمدا دەستیان دەگوشێت. ئەم جۆرە یارییە کارلێککەرانە زۆرجار لە شانۆ کۆمێدییەکانی شکسپیردا دەبینرێن و وەک توخمێکی کۆمیدی و سەرنجڕاکێش ڕۆڵ دەگێڕن لە پێشخستنی ڕووداوەکاندا.
“سەدەی هەڤدەم؛ مۆلیێر”
لە کۆتاییدا، مۆلیێر شارەزایەکی بێوێنەی کۆمێدیا بوو، تەکنیکەکەی بەکار دەهێنا بۆ زیاتر جەختکردنەوە لەسەر لایەنە کۆمێدییەکانی شانۆیەکانی. بەگشتی وا بیردەکرێتەوە مۆلیێر ئەو کەسە بووە کە تەکنیکی تێکشکاندنی دیواری چوارەمی بەو شێوەیەی ئەمڕۆ هەیە داهێناوە؛ بە زۆری ئیلهامی لە نەریتەکانی شانۆی یۆنانی کۆن و شانۆی ڕۆمانی وەرگرتووە. ئەو باوەڕی وا بوو کە ئەم گێڕانەوە کۆنانە بناغەی شانۆن و ئەرکی شانۆنووس ئەوەیە تەکنیکەکانی گێڕانەوە بەکاربهێنێت، لە هەمان کاتدا ڕێز لە بەهاکانیان بگرێت و بیانگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی نوێ.
“1910-1920؛ سینەمای بێدەنگ”
یەکێک لە سەرەتاییترین تۆمارەکانی شکاندنی دیواری چوارەم لە سینەمادا، دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی بێدەنگی “Men Who Have Made Love to Me”، “ئەو پیاوانەی خۆشیان ویستووم” (١٩١٨)ـی ماری ماکلەین. پرۆتاگۆنیستە نهێنیئامێزەکە گێڕانەوەکە دەپچڕێنێت و ڕاستەوخۆ ڕوو لە بینەران دەکات. لە سینەمای بێدەنگدا، چەندین جار چارلی چاپلینی بێ هاوتا دیواری چوارەمی شکاندووە.
چلەکانی سەدەی بیستەم:- کارتۆنەکان: “بەگس بەنی” وەک ئەستێرەیەکی بێ ڕکابەر؛ لە تەلەفزیۆندا، دیواری چوارەم بە شێوەیەکی بەردەوام و دووبارە لە لایەن بەگس بەنی ناسراو لە زنجیرە کارتۆنی “لونی تونز” دەشکێنرا. “بەگس بەنی”ی پاڵەوان ڕوو لە بینەران یان تەنانەت گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە دەکات بە ئاماژەدان بە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ هەوادارانی. شکاندنی دیواری چوارەم بوو بە نیشانەی سەرەکیی پاڵەوانەکە و توخمێکی گرنگی کەسایەتیی کە لەسەر بنەمای گاڵتە و متمانەبەخۆبوونی دروست ببوو.
هەفتاکانی سەدەی بیستەم:- خۆشەویستی و شوناس؛ ئانی هۆڵ. وودی ئالن بە پێیویستی دەبینی کە بەردەوام تەکنیکی شکاندنی دیواری چوارەم لە فیلمی ئانی هۆڵ (١٩٧٧) بەکاربهێنێت. ئەمە یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین ئەو فیلمانەی کە تێیدا ئەم شێوازە بە شێوەیەکی کاریگەرانە یارمەتیی پێشخستنی چیرۆکەکە دەدات. وودی ئالن وتیشی: “چونکە هەستم دەکرد زۆربەی بینەران هەمان هەست و هەمان کێشەیان هەیە. دەمویست ڕاستەوخۆ قسەیان بۆ بکەم و ڕووبەڕوویان ببمەوە.”
“شکاندنی دیواری چوارەم لەمڕۆدا؛ دەرخستنی کەسایەتییەکی بەهێز”
لە مێژووی فیلمی ئەم سەردەمەدا، شکاندنی دیواری چوارەم لە فیلمی The Wolf of Wall Street “گورگەکەی وۆڵ ستریت”ـی مارتن سکۆرسێزیدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەکارهات. لیۆناردۆ دی کاپریۆ لە یەکەم دیمەنەوە پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ بینەران دروست دەکات. ئەم کەسایەتییە سەرەکییە بە هۆی گاڵتەجاڕی و ڕاشکاوی و قەناعەتپێێهێنانەوە هەموو بینەران دەکات بە بەشێک لە ڕووداوەکان. دەرهێنەر ئەم ڕێگە گێڕانەوەیەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕوون و سەرنجڕاکێش قووڵایی کەسایەتییەکەی دەرخات. بەو شێوازە، مارتن سکۆرسیزی ڕێگەی تێگەیشتن و بیرکردنەوە و ڕەفتاری پاڵەوانەکەی لە هەموو بارودۆخێکدا خستەڕوو. ئەو تەکنیکە بە هەمان شێوە لە زنجیرە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەکە، The House of Cards “ماڵی کارتەکان”، بەکارهات. کارەکتەری سەرەکی، فرانک ئەندەروود ڕاستەوخۆ سەیری بینەر دەکات، و بەبێ بەکارهێنانی هیچ فلتەرێک، تەنیا بە ڕاستگۆییەکی ڕووت، توخمەکانی کەسایەتیی خۆی دەخاتەڕوو.
سەرچاوە: https://www.thecollector.com/breaking-the-fourth-wall/
نووسین: تیۆ کاپێتەناکس
وەرگێران: دانا حەکیم