هەنووکە ئێمە بەهۆی وێنە ڕەمزی و هێماییەکان و هەروەها ئوستوورە بەجێماوەکانی سەردەمی کۆن، خەریکی دۆزینەوە و کەشفی مێژووی کەوناراین. هەرچەندێک دێرینەناسەکان زیاتر لە ڕابردوو نزیک دەبنەوە هۆگریی ئێمە بە ڕووداوە مێژووییەکان کەمتر دەبێتەوە و زیاتر بە پەیکەرەکان، نیگارەکان، پەرستگەکان و ئەو هێڵكارییانەی کە باوەڕەکانی مرۆڤی سەردەمی کۆن بۆ ئێمە دەردەخەن، گرێ دەدرێت. هەندێک لە هێما یان ڕەمزەکان لە لایەن فەیلەسووفان و مێژوونووسانی ئایینەوە و لەڕێگەی وەرگێڕانی ئەم باوەڕانە بۆ سەر زمانە ناسراوەکانی ئەمڕۆ دەخرێنە ڕوو. مرۆڤناسان پیشانیان داوە کە هێشتاش شێواز و شکڵە ڕەمزیی و هێماییەکان لە ڕێوڕەسمە ئایینیەکان و هەروەها ئوستوورەکانی خێڵە بچووکەکانی ئەمڕۆش، بە بێ بچووکترین گۆڕانکاری لە درێژەی سەدەکاندا، دەبینرێنەوە.
ئەم توێژینەوانە یارمەتییەکی شیاویان داوە تاکوو ئەو بیردۆزانەی کە لەسەر بنەمایان، گوایە هێما و ڕەمزە تایبەتەکانی خەڵکی کۆن یان خێڵە دواکەوتووەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیانی سەردەمدا نییە، ڕاست بکرێنەوە. دانیشتوانی لەندەن یان نیۆیۆرک وا دەزانن دەتوانن ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە جەژنی ئاوسبوونی مرۆڤی چاخی بەردینی نوێ وەکوو خورافەیەکی کۆن تووڕ دەن و بیخەنە لایەکەوە. ئەگەر کەسێک ئیدعای ئەوە بکات کە وەحی بۆ هاتووە یان هەندێک دەنگی نامۆی بیستووە، ئیدی وەکوو موقەدەس و پەیامهێنێک چاوی لێ ناکرێت و وا تێدەگەن تووشی تێكچوونی دەروونی بووە. ئێمە هێشتاش ئوستوورەکانی یۆنانی کەونارا و ئەفسانەکانی خەڵکی خۆجێیی ئەمریکا دەخوێنینەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم ئەفسانانە و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆمان لەگەڵ پاڵەوان یان ڕووداوە سەیرەکانی ئێستە نابینینەوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەموو ئەمانە پێکەوە لە پەیوەندی دان و ئەو ڕەمز و هێمایانەی کە نوێنەر و نوێنگەیان دەبن، دەبێت بۆ مرۆڤەکان جێگەی کونجکۆڵی و کنە و پشکنین بێت.
ڕێبازی دەروونناسی پرۆفیسۆر “یۆنگ” پشکێکی بەرچاوی لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی نوێی ئەم جۆرە ڕەمز و هێما نەمرانەدا هەیە. ئەم ڕێبازە خاڵی جیاوازیکاری گرێبەستئاسای لە نێوان مرۆڤی بەدەوی “کە ڕەمز و هێماکان بەشێکی جەوهەری و ڕۆژانەی ژیانی سرووشتی و ڕۆژانەیی ئەون” و مرۆڤی سەردەمی ئێستە “کە گوایە ڕەمزەکان بە بێ مانا و بێ پەیوەندی دەبینێت” سڕییەوە. بە هەمان شێوە کە پرۆفیسۆر “یۆنگ” ئاماژەی پێ داوە زەینی مرۆڤ، مێژووی تایبەتی خۆی هەیە و دەروون، کۆمەڵێک نیشانەی هەیە کە دەلالەتن لەسەر گەشە و پەرەسەندنی. هەڵبەت ناواخن و کاکڵی “ناوشیار”یش کاریگەرییەکی سازێنەری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە. و ئەگەرچی ڕەنگە زەینی وشیاری ئێمە ئاگای لە بوون و ئامادەیی ئەم نیشانانە نەبێت، بەڵام زەینی ناوشیاری ئێمە لە هەمبەر بوون و ئامادەییان لە ڕێگەی وێنە و بیچمە هێمایینەکانەوە کە هەندێ جاریش لە خەو و مۆتەکەکاندا دەردەکەون، کاردانەوەی دەبێت. ڕەنگە مرۆڤ وا بیر بکاتەوە کە خەونەکانی لەخۆڕا و بێ سەروبەرن. بەڵام ئەگەر دەروونناس تۆزێک تاقەتی هەبێت، دەستی بە زنجیرەیەک لە هێماکانڕا دەگات و تێدەگات کە هەر هەموو پێکهاتێکی پڕمانایان هەیە. و ئەگەر نەخۆشەکە توانی ماناکانیان هەڵکڕێنێت، دەروونناس دەتوانێت ڕوانگەی ئەو بە نیسبەت ژیانەوە بگۆڕێت. هەندێک لە ڕەمزە پەیوەندیدارەکان بە خەو، لەوەوە هەڵدەخێزێت کە پرۆفیسۆر یۆنگ ناوی لێ ناوە (زەینی ناوشیاری گشتی-Collective unconscious) واتە ئەو بەشە لە دەروون کە میراتی دەروونیی هاوبەشی مرۆڤایەتییە. ئەم ڕەمزانە بەڕادەیەک کۆن و نەناسراون کە مرۆڤی ڕۆژگاری ئێستە ناتوانێت لێیان تێبگات یان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ فامیان بکات. ڕێک ئالێرە دایە کە بوونی دەروونناس بەسوود دەبێت. ڕەنگە پێویست بێت کە نەخۆشەکە لە داوی ئەو ڕەمز و هێما کۆن و پەرتانەی کە زەینیان ئاخنیوە، ڕزگار بکەین. یان بەپێچەوانەوە وا لە نەخۆشەکە بکرێت تاکوو لە بەهایەکی جێگیری هێمایەکی کۆن، بەڵام هێشتا ئامادە کە دەیەوێت بە شێوازێکی نوێ دەربکەوێت، تێ بگات.
پێش ئەوەی دەروونناس بیەوێت-لەگەڵ نەخۆشەکە-بە شێوەیەکی کاریگەر مانای ڕەمزێک لێک بداتەوە. دەبێت سەرەتا ناسیاوەتی و مەعریفەیەکی قووڵی لە ڕیشە و دەلالەتی ئەو مانایە هەبێت. چونکە لێکچوونەکانی نێوان ئوستوورە کۆنەکان و ئەو ڕووداوانەی کە لە خەونی مرۆڤەکانی ئێستادا دەردەکەون نە هەڵکەوتن و نە بێ بایەخیشن. هۆکارەکەش ئەمەیە کە زەینی ناوشیاری مرۆڤی ئێستە توانایی ئافراندنەوەی ئەو ڕەمزانەی کە لە سەردەمی کۆندا لە ئایین و باوەڕەکانی مرۆڤی بەدەویدا دەرکەوتووە، هەیە. و ئەم تواناییەی ئافراندن هێشتاش ڕۆڵێکی دەروونیی گرینگ دەگێڕێت. ئێمە زۆر زیاتر لەوەی وا بیری لێ دەکەینەوە گرێدراوین بە پەیامەکانی ئەم ڕەمزانەوە و ئاکار و کردارمان بە قووڵی لە ژێر کاریگەرییان دایە. بۆ نموونە لە سەردەمی شەڕەکاندا هۆگری و حەزی مرۆڤەکان بۆ بەرهەمەکانی هۆمەر، شێکسپییەر و تۆلستۆی زیاتر دەبێت و مرۆڤ بە تێگەیشتنێکی نوێوە بەشە پەیوەندیدارەکان بە شەڕ و چەمکە هەزارساڵەیی( یان کۆنە چەشن-Archetype)ەکەی دەخوێنێتەوە. و کاریگەریی ئەم بەشانە لەسەر ئێمە زۆر قووڵترن لەچاوەی کەسێکدا کە هەرگیز هیچ خرۆش و هەڵچوونێکی بەهۆی جەنگەوە تاقی نەکردۆتەوە. شەڕەکانی دەشتی ترۆی (Trojan) هیچ هاوبەشییەکیان لەگەڵ پێکدادانەکانی ئاجینکوورت (Agincourt) یان برۆدینۆ (Borodino)دا نییە، بەڵام نووسەرە گەورەکان توانیویانە کات و شوێن ببڕن و پەیام و ناوەرۆکی جیهانیی لەسەر ئەم ڕووداوانە بخەنە ڕوو. و کاردانەوەی ئێمە لە هەمبەر ئاوەها ناوەرۆکان و پەیامانێک ئەمەیە کە لە بنەڕەتدا بەشێوەیەکی ڕەمزی و هێمایین دەیانبینین.
ئێستا نموونەیەکی هەژێنەر دەخەمە ڕوو کە دەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگای مەسیحیدا پەروەردە بوون، ئاشنا بێت. لە جەژنی کریسمەسدا زۆرێک لە ئێمە هەیەجانێکمان ئەزموون کردووە کە لە ژێر کاریگەری ئوستوورەی لەدایکبوونی منداڵێکی نیوە-خودایە، بە بێ ئەوەی وەکوو جەبرێک باوەڕمان بە دووگیانبوونی مریەمی پاکیزە هەبووبێت و یان تەنانەت ئیمانی ئایینیشمان هەبێت. ئێمە بە بێ ئەوەی خۆمان ئاگامان لێ بێت ملمان داوە بە ڕەمزگەرێتیی لەدایکبوونی دووبارە و ئەمەش یادگار و بۆماوەیەکی کۆنە کە دەگەڕێتەوە بۆ جەژنی گۆڕینی زستان لە سەردەمێکی زۆر کۆن و نیشاندەری ئەم ئارەزووەیە کە لە ناخی زستانی بێ بۆن و ڕەنگی زاڵ بەسەر نیوەگۆی باکووری، ژیانێکی دووبارە لەدایک دەبێتەوە و لەگەڵ ئەو گومانەی کە بەسەر ژیانی هەنووکەدا زاڵە دیسان لەم جەژنە ڕەمزییە چیژ وەردەگرین و لە جەژنی ئیستەر( ڕۆژی هەستانەوەی مەسیح پاش لە خاچکێشانی)دا لەگەڵ منداڵانی خۆمان لە ڕێوڕەسمی هێلکە و کەروێشکی ئیستەر(کەروێشکی ئیستەر بوونەوەرێکی خەیاڵییە کە بەپێی چیرۆکە کۆنەکان، هێلکەی جەژنی ئیستەر لەگەڵ خۆی دێنێت. لە ڕٶژی جەژنی ئیستەردا بەتایبەتی منداڵان ئەو هێلکە ڕەنگاوڕەنگانەی کە کەروێشک هێناونی لێرە و لەوێ دەدۆزنەوە و دەیخۆن و) بەشدار دەبین.
بەڵام ئایا بەڕاستی ئێمە لە پەیوەندیی چیرۆکی لەدایکبوون، مەرگ و هەستانەوەی مەسیح لەگەڵ ڕەمزگەرێتیی باوی ناو خەڵک سەبارەت بە جەژنی ئیستەر تێدەگەین؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەزۆری ئێمە تەنانەت ئامادە نین بیریشی لێ بکەینەوە. لە حاڵێکدا ئەمانە تەواوکەری یەکدین. بە سەرنجێکی خێرا لەسەر لەخاچدانی مەسیح و ڕستەی پیرۆزی پێش هەستانەوەی، تێدەگەین کە ئەمە لە نموونەی ڕەمزگەرێتیی دووگیانبوون کە لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا بە بۆنەی “ڕزگارکەران”ی دیکەی وەکوو ئوزیریس، تەمووز، ئورفە و باڵدێردا هەیە، وەرگیراوە. ئەوانیش لەدایکبوونێکی خودایی یان نیمچە خوداییان هەبووە. ئەوانیش بە کام گەیشتبوون و دواتر کوژراون تا دووبارە لەدایک ببنەوە. ئەوان لە ڕاستیدا بەشێک لەو ئایینانەی سەردەمە یەک لە دوای یەکەکانی مێژوو بوون کە لە هەناویاندا مەرگ و لەدایکبوونەوەی خودا-پاشا، ئوستوورەیەکی دووپاتە بوو. بەڵام هەستانەوەی مەسیح لە ڕۆژی یەکشەممەی ئیستەر لە ڕووی بەراورد بە ڕێوڕەسمە باوەکان لە ڕەمزگەرێتیی ئایینەکانی سەردەمانی پێشوو کەمتر قەناعەتهێن و پاساوهەڵگرە چونکە مەسیح بەرەو ئاسمان دەفڕێت تاکوو بکەوێتە لاشانی ڕاستی باکەوە. و هەستانەوەکەی تەنها جارێک ڕوو دەدات و ئیدی دووپاتە نابێتەوە.
هەر ئەم تێگەیشتنە لە تایبەتمەندیی کۆتاییبوونی هەستانەوەی مەسیح هەستانەوەش هەر ئەم مانا (داخراوە)ی هەیە، ئەو لە ئوستوورەکانی دیکەی خودا-پاشا جوێ دەکاتەوە. ڕووداوەکە تەنها جارێک ڕوو دەدات و ڕێوڕەسمەکان سەرجەم هەر ئەم ڕووداوە بەرز ڕادەگرن. هەر ئەم تایبەتمەندییە بە ئەگەری زۆرەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە یەکەمین مەسیحییەکانی سەرەتا کە هێشتا لە ژێر کاریگەریی نەریتەکانی پێش مەسیحییەتدا بوون، وا هەست بکەن بۆ تەواوکردن و کامڵکردنی ئایینی مەسیحییەت پێویستیان بە هەندێک ماک و توخم لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی جەژنی دووگیانبوون و زاوزێکردنی کۆن هەیە. من ئەم دوو نموونە بەتەواوەتی جیاوازەم بەو هۆیەوە هێنایەوە تاکوو پیشانی بدەم چۆناوچۆن مرۆڤی سەردەمی ئێستە هێشتا بە نیسبەت هۆکارە قووڵە دەروونییەکانەوە کاردانەوەی دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە زەینی وشیاری خۆشیدا ئەم شتانە وەکوو ئەفسانەکانی خەڵکی خورافی و بێ کلتوور بە سووک هەژمار بکات. بەڵام دەبێت لەمەش زیاتر تێپەڕین. هەرچەندێک زیاتر لە مێژووی ڕەمزگەرێتی و ڕۆڵیان لە ژیانی کولتوورە زۆر جۆراوجۆرەکاندا ورد بینەوە، زیاتر دڵنیا دەبینەوە کە ڕەمزەکانیش دووبارە دەئافرێنەوە. هەندێک لە ڕەمزەکان پەیوەستن بە قۆناغی منداڵی و مێرمنداڵییەوە. هەندێکی دیکە پەیوەندیدارن بە قۆناغی گەشە و پوختەییەوە و هەندێکی دیکە پەیوەستن بە سەردەمی پیرییەوە، واتە کاتێک کە مرۆڤ خۆی بۆ مەرگی حەتمی ئامادە دەکات.
سەرچاوە: انسان و سمبول هایش. کارل گۆستاو یۆنگ. ترجمە محمود سلطانیە. تهران. نشر جامی ١٣٧٧
نووسین: ژۆزێڤ. ئێل. ئەندێرسۆن
وەرگێڕان: حەبیب ساڵحی