ئادریان سکۆت (Adrian Scott) یەکێک بوو لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی بازنەی فیلمسازانی گەنجی پێشکەوتووخواز، کە لە ساڵانی چلەکاندا لە ستۆدیۆکانی ئاڕ کەی ئۆ (RKO) کاریان دەکرد، بەرهەمهێنەرێکی کەم مووچە و یەکێک بوو لە “سوورەکان”. سکۆت ئەندامی سەندیکای سیناریۆنووسان و کۆمەڵەی دژە نازی هۆڵیوود و گرووپە پێشکەوتووخوازەکانی تر بوو، لە زۆر ڕووەوە دیارترین شیوعی بەرەی جەماوەری بوو: پابەند بوو بە سێ ئەژێندا “دژە فاشیزم”، “دژە ڕەگەزپەستی”، “پشتیوانی لە یەکێتییە پێشکەوتنخوازەکان”، بەڵام پتر لە نەریتی دیموکراسی ڕادیکاڵی ئەمریکی ئیلهامی وەرگرت وەک لە مارکسیزم. هاوڕێ و هاوکارە دێرینەکەی، سیناریست جۆن پاکستۆن (John Paxton)، سەرچاوەی ڕادیکاڵیزمی سکۆتی بە “بێبەزەیی و نالێبوردەیی بەرابەر هەر ستەم و خراپەیەک لە دەرەوەی هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیایەک” پێناسە کرد.
کاری داهێنەرانەی سکۆت و پابەندبوونی بە ئەژێندای بەرەی جەماوەرییەوە بە شێوەیەکی چڕ بەیەکداچوون وەک زۆرێک لەو نەوە گەنجە سیناماکارانە. سکۆت پێی وابوو فیلم هەم فۆڕمێکی هونەری هەیە و هەم ئامڕازێکی ئایدیۆلۆژی بەهێزە. ناوبراو ڕاشکاوانە گوزارشتی لە دیدی خۆی بۆ هێزی فیلم کرد کە و پێی وابوو فیلم ئامڕازێکی گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتییە، سکۆت لە فیلمسازی نەک تەنها وەک کاری خۆی تێگەیشت، بەڵکو وەک میتۆدێکی سەرەکی چالاکی سیاسیش باوەڕی پێی هەبوو. هەرچەندە وەک زۆرێک لە مێژوونووسانی فیلم تێبینییان کردووە، سیستمی ستۆدیۆ بە پێکهاتەی دەسەڵاتی هەڕەمی و پێشخستنی ئەولەویەتی قازانج و سەرگەرمی لەسەر حسابی هونەر یان ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی، ئاڵنگارییەکی گەورەی بۆ ڕادیکاڵەکانی هۆڵیوود لەوانە سکۆت دروست کرد. هەرچەندە ئەوان سنووردارییەتی سیاسی و داهێنەرانەی سیستمی بەرهەمهێنانی گەورەی هۆڵیوودیان ناسیوە و پێی ئاشنان، بەڵام ڕادیکاڵەکان هێشتا خەباتیان دەکرد بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز هەرچەندە گۆڕانکارییەکە بچووکیش بێت. هەر لە هەڵمەتەکانی یەکخستنی پیشەسازی فیلمەوە تا هەوڵە بێوچانەکان بۆ داڕشتنی ناوەڕۆکی جوانینانسی و سیاسی فیلمە سەرەکییەکانی هۆلیوود، ئەوان بەرهەڵستی کۆت و بەندەکان و بێڕێزی و سووکایەتییەکانی سیستمی ستۆدیۆیان کرد. وەک مێژوونووسی سینەما تۆماس شاتز (Thomas Schatz) ئاماژەی پێدەکات ” دروستکردنی فیلم لە ستۆدیۆ ئەوەندەی پڕۆسەیەکی دانوستان و ململانێ بوو، پڕۆسەیەکی هاریکاریی نەبوو، هەندێک جار نزیک دەبووەوە لە لێواری ململانێی چەکداری “.
وەک بەرهەمهێنەرێکی ڕادیکاڵ، سکۆت پشتی بە هێزی باڵادەستی پاڵنەری قازانج لە هۆڵیوود بەستبوو، پێی وابوو فیلمە پێشکەوتنخوازەکان بەڕاستی لە چوارچێوەی سیستمی ستۆدیۆییدا مومکینن بە مەرجێک لە بۆکس ئۆفیسدا سەرکەوتوو بن. ئەمە جەوهەری ستراتیژی وی بوو وەک بەرهەمهێنەرێک:- دروستکردنی فیلمی سەرگەرمی و تەرفیهی هاوکات پاڵنەری بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە گرفتە سیاسییە گرنگەکان، ژیانی پێشەیی سکۆت گەواهی سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی چالاکییە نائەمریکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی (1947) بەیەکجاری جەنگی ساری هێنایە نێو هۆڵیوود، ئەمە نیشانەی سەرەتای کۆتاییهاتنی بەرەی جەوماوەری و ئەگەرەکانی دروستکردنی فیلمی پێشکەوتنخوازیی بوو لە چوارچێوەی سیستمی ستۆدیۆیی.
هەرچەندە چوار ساڵی خایاند تا جارێکی تر هەوڵی سیناریۆنووسی بداتەوە، بەڵام بەشداری کورتی سکۆت لەگەڵ ناوەندەکەدا و بەدوایدا کارکردنی لە گۆڤاری (Stage)، جێ پەنجەی خۆی لە بوارەکە جێهێشت. هەروەها دوو ڕووداوی دیکەش هەبوون کە پێکەوە تەواوی نەوەیەکیان پێناسە کرد ئەوانیش: قەیرانی گەورەی ئابووری و سەرهەڵدانی فاشیزم. لە ساڵی (1938) سکۆت ئارەزووی لە نووسینی فیلمی خەیاڵی نەبوو بەڵکو حەزی لە نووسینی بەڵگە فیلم (دۆکیۆمێنتاری) بوو. دوای خوێندنەوەی کتێبی خەبات لەپێناوی ژیان (The Fight for Life)ی نووسەری ئەمریکی پۆل دی کرۆیف (Paul de Kruif)، قەناعەتی بەوە هێنا کە کتێبەکە دەتوانێت ژمارەکی زۆر بەڵگە فیلمی سەبارەت بە نەخۆشییەکانی وەک پەلاگرا، سیل، ئیفلیجی منداڵان دروست بکات کە لە ماوەی ساڵانی سییەکاندا گەیشتبووە ڕێژەی پەتا. سکۆت پشتگیری گریمانەکەی دی کرۆیف کرد کە دەڵێت مرۆڤایەتی مافی ژیانی هەیە و هەموو شتێک کە هەڕەشە لەم مافە دەکات (وەک هەژاری و نەخۆشی) پێویستە بنبڕ بکرێن. هەروەها هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە خەبات بۆ ژیان شەرێکی جەماوەرییە کە تەنها لە ڕێگای بەرنامەیەکی تەندروستی نیشتیمانییەوە دەتوانرێت سەربکەوێت. دەرەنجامەی دی کرۆیف بوو بە بڕوای ئادریان سکۆت: “باشترین خزمەت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ڕێگریکردن لە مردن ناتوانرێت پێشکەش بە هەموان بکرێت تا ئەو کاتەی هیچ شتێکی دارایی – وەرگرتنی پارە لە بەرابەر شتێک – لە نێوان مرۆڤەکان و ئەوانەی کە بۆ ژیان خەبات دەکەن، بمێنێت”.
ناوبراو سوور بوو لەسەر دەرهێنانی زنجیرەیەک فیلم لەمەڕ خەبات بۆ ژیان، بۆ ئەم مەبەسته پەیوەندی بە کۆمپانیای (RKO) بۆ بەرهەمهێنانی فیلم کرد کە لە ساڵی (1931) هەریەکە لە پاتێ نیوز (Pathé News) و کۆمپانیای دایکی کڕیبووەوە. کۆمپانیای پاتێ هەڵبژاردنێکی لۆژیکی بو بۆ بەرهەمهێنانی زنیجرەیەک فیلمی دۆکیۆمێنتەری چونکە کۆمپانیای ناوبراو بە پێشەنگی بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتەری دادەنرا لە سییەکاندا. سکۆت تەنها کەس نەبوو کە ویستبێتی کتێبەکەی دی کرۆیف بکاتە فیلم، کاتێک کە سەرقاڵی کارکردن بوو لە بەشی یازدەی کتێبەکە بە ناوی نەخۆشی سیل لە دیترۆیت، پێر لۆرێنتز سەرنجی خستە سەر بەشی یەکەمی کتێبەکە کە باسی بارودۆخە ترسناکەکانی خەڵکی هەژار دەکات لە بەشی منداڵبوون. لۆرێنتز سەرکەوتوو بوو لە دەرهێنانی فیلمەکەی بە هەمان ناونیشان لە ساڵی (1939). سکۆت کەمتر بەبەخت بوو، کاتێک سیناریۆکەی خستەبەردەم فرێدریک ئۆڵمان (Frederick Ullman)ی بچووک، سەرەڕای هاوسۆزی ئۆڵمان بۆ بابەتەکە، بەڵام بە بیانووی تێچوون سیناریۆکەی ڕەت کردەوە. سکۆت کۆڵی نەدا، لەگەڵ گەشەکردنی مەترسی فاشیزم، سکۆت پتر بەرەوە چەپگەرایی ڕۆیشت کە لە هۆڵیوود و شوێنەکانی تر ئەمە بە مانای ئەندامێتی لە گروپە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکان بوو یان سەر بە حیزبی شیوعی یان بەرەی جەماوەری بوو کە هەموویانی لەخۆگرتبوو. سکۆت دەستی کرد بە گەشت بەرەو بازنەکانی دژە فاشیزم، لەوێ چاوی بەو کەسانە کەوت کە هەمان دونیابینی ئەویان هەبوو – ئەگەر بیروڕایان هەمیشە لەبارەی مارکسیزم دەرمانێکی چارەسەر وەک یەک نەبێت و، ئەوا لانیکەم هەموویان لەبارەی مەترسییەکانی فاشیزم کۆکن-بەدڵنیاییەوە سکۆت ئەوەی ویستی لە سەندیکای سیناریستاندا دۆزییەوە، کە ڕێکخراوێکی پێشکەوتنخوازانە بوو کە هەم ڕادیکاڵ و هەم لیبڕاڵەکانی لەخۆگرتبوو .
سکۆت کەمترین چانسی هەبوو، هاوسەرەکەی ئان شیرلی، کاتێک ڕەتی کردەوە هاوکاری لیژنەی چالاکییە بکات، لێی جیابووەوە. سۆت تووشی هەوکردنی قۆڵۆن بوو کە بووە هۆی دروست بوونی برینێکی سەخت لە هەناویدا و لە نەخۆشخانە خەواندی، بۆیە دوایین کەس بوو لەو دە کەسەی کە لە (27/ 11/ 1950)دا سزادرا. ترسیناکی نەخۆشییەکەی کەمتر دڕندانەتر نەبوو لە زیندانییەکەی. لە کۆتاییدا بە گرتنەبەری چارەسەری دەروونشیکاریی چارەسەری گرفتی قۆلۆنەکەی کرد. سکۆت وردە وردە دەرگای بەختی کرایەوە کاتێک چاوی بە خانمە نووسەری تەلەفزیۆنی قەشەنگ جوان لاکۆر کەوت، کە پاڵی بە سکۆتەوە نا بەرنامەی تەلەفزیۆنی بنووسێت، پاشان هاوکاری کرد و لە کۆتاییدا بوو بە هاوسەری. سکۆت هێشتا بەرهەمهێنەر بوو و هیچ هیوایەکی بۆ بەرهەمهێنان لە وڵاتەکەی نەبوو. بۆیە خۆی و هاوسەرەکەی ئەمریکایان جێهێشت و لە ساڵی (1961) لە لەندەن نیشتەجێ بوون، لەوێ سکۆت وەک یاریدەدەری جێبەجێکاری لاری باخمان، سەرۆکی بەشی بەریتانی ستۆدیۆکانی ئێم جی ئێم (MGM) پۆستێکی وەرگرت. بڕیار بوو ئەم پیشەیە ببێتە هۆی کاری بەرهەمهێنان، بەڵام لەمیانەی زنجیرەیەک بەدبەختییەوە کە زۆر جار بەرۆکی کەسانی ناشایستە دەگرێت، گشت ئەو پڕۆژانەی کە سکۆت پلانی بەرهەمهێنانی بۆ دڕاشتبوون شکستی هێنا. یەکێک لەو فیلمانەی کە بڕیار بوو بەرهەم بێت فیلمێک بوو وارن بیتی (Warren Beatty) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕا و پاکستۆن وەک سیناریست دیاریکرا بوو. هەرچەندە پاکستۆن شیوعی نەبوو، لێ بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ سکۆتدا بۆ ماوەیەک کەسایەتی لەکەدار کرا، گەرچی پاکستۆن لە نێوان ساڵانی (1947 – 1950) سیناریۆی هیچ فیلمێکی نەنووسی بەڵام دواتر گەڕایەوە بۆ پیشەکەی و سیناریۆی چەندین فیلمی سەرکەوتووی نووسی لەوانە (Fourteen Hours) ساڵی (1951)، (The Wild One) ساڵی (1953). بەڵام سکۆت ئەو شانازیەی لە فیلمەکاندا پێنەدرا بۆنموونە وەک دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فیلمی (Night Must Fall) لە ساڵی (1964) کە شداری تێدا کرد.
پێش مردنی تەنها یەک کاری بەرهەمهێنا – ئەویش نەک لەسەر پەردەی سینەما بەڵکو لەسەر تەختەی شانۆ – بەرهەمێک کە جارێکی دی لەگەڵ پاکستۆنی کۆکردنەوە لەژێر ناوی (Mr. Lincoln’s Whiskers). دواتر پاکستۆن کارەکەی کرد بە فیلمێکی تەلەفزیۆنی و لە ساڵی (1969) وێنەی گیرا. لە پایزی ساڵی (1972) کاتێک سکۆت بەهۆی ژێرپەنجەی سییەوە مرد، داڵتن ترەمبۆ فشاری خستەسەر کۆمپانیای یۆنیڤێرساڵ (Universal Pictures) بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە بۆ ئەوەی سکۆت ناوی خۆی لەسەر پەردەی سینەما ببینێت، لێ سکۆت درکی بەوە کرد کە کارەکە زۆر درەنگ بووە. کاتێک فیلمی (The Great Man’s Whiskers) لە ساڵی (1972) بڵاوکرایەوە، سکۆت لە هەمان ساڵدا و لە تەمەنی (61) ساڵیدا کۆچی دوایی کردبوو. لە بەهاری ساڵی (1947) چاوەڕوانییەکانی ئادیان سکۆت بێ سنوور بوون، وی پێی وابوو کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتەرییانە بەرهەم بهێنێت کە باس لە کەمینەکان و ڕەگەزپەرستی دەکەن کە لەمێژ بوو پلانی بۆ داڕشتبوون. پڕۆژەیەکی گەورە بوو کە ئامانجی لێی کۆکردنەوەی پارە و بەدەستهێنانی ناوبانگ نەبوو، بەڵکو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بوو لەنێو بینەری ئەمریکی. وی قەناعەتی بەوە هەبوو کە کەسایەتییە دیارەکانی پیشەسازی فیلم ئارەزوویان لەم جۆرە فیلمەنە هەیە و تەنانەت ئامادەن پارە بخەنە نێو پڕۆژەیەکی لەو جۆرەوە بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی لەم ژانرە “ژمارەیەک کەسانی بەرهرەمەند ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڕق و قین دژی کەمینەکان بکەن. ئەمە هاندانێکی بەس بوو بۆ ئەوەی پرسیار لە ئەکتەر و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران و سیناریۆنووسان دیکە بکەین کە ئایا ئامادەن خزمەتەکانیان پێشکەش بکەن…هیچ کەسێک ڕەتی نەکردەوە و ڕازی بوون کار لەم پڕۆژەیەدا بکەن و کاتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن تەنانەت ئەگەر سەرقاڵیش بن”. ڕەنگە مرۆڤ گومانی ئەوە بکات کە ئەوان تەنها لەبەرئەوەی کە ئادریان سکۆت داوای لێکردوون ڕازی بوون کار لە پڕۆژەکەدا بکەن.
نووسینی: فەرەح شەرەف
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد