“دەستپێك”
هەنگاوەکانی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە بواری پەیوەندییە بازرگانییە دەرەکییەکان، لەگەڵ ئەو گوتارەی بەدوای خۆیدا هێنای، پرسیار دروست دەکات لەسەر ئەوەی ئایا گەڕانەوەیەکی بەهێزی ناسیۆنالیزمی ئابووری (Nationalism Economic) کۆتایی بە سیستەمی لیبراڵی (Order Liberal) دەهێنێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی دروستکردن و پەرەپێدانی کردووە دوای جەنگی جیهانی دووەم، کە ناوەندەکەی بریتی بووە لە بیرۆکەی بازاڕی کراوە و بازرگانی ئازاد، لە ڕووی ئابوورییەوە، کە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت کۆمەڵگەی واشنتۆن و سەرهەڵدانی نیۆلیبراڵیزم لە کۆتایی حەفتاکان جەختی لەسەر کرایەوە، هەروەها لە دەوری بەها سیاسییەکانی ئاشتی لیبراڵی و ئەو گوتارە کولتوورییەی کە بەدوایدا هات، وە ئەگەر ترامپیزم دەربڕینێک بێت بۆ قۆناغێکی گواستنەوە یان هەوڵێکی ئەمریکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرهەڵدانی چین لە لایەک، و هەستکردن بەوەی کە دامەزراوەکانی سیستەمی جیهانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی کردوون لە قۆناغی پێشوو، ئێستا بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان کار دەکەن، ئەوا دۆخێک لە پشێوی و داڕمانی هاوپەیمانییەتەکان و دووبارە رێکخستنەوەیان، و ڕەنگە سەرهەڵدانی ملمڵانێ سیاسی، ئابووری و سەربازی نوێ دەربکەوێت لە سیاسەتە ناسیۆنالیزمییە ئابوورییەکان و ڕەوتی بازرگانی بەئەمریکایی کراو لە ئیدارەی ترامپدا.
یەکەم: لێکەوتەی سیستەمی لیبڕالیزم
زۆرێک لە چاودێران ئاماژە بە داڕمانی بناغەی سیستەمی لیبرال دەکەن کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بونیادنرا ، کاتێک کۆمەڵێک دامەزراوە و هاوپەیمانی پێکهێنا و سەرکردایەتی نووسینی پەیماننامە و ڕیکەوتنەکانی کرد، ئەمەش مەرکەزییەتی ئەمریکای بە دامەزراوەیی کرد، لە لایەکەوە ئەوەی پێی دەوترا “پاکس ئەمریکانا” سەردەمی ئاشتی ئەمریکی و یارمەتیدان لە دروستکردنی بنەما بەهاییەکان و مەنزوومەی ئایدیۆلۆژی سیستەمی جیهانی، کە دەسووڕایەوە بەدەوری بنەما سیاسی و ئابوورییه لیبڕاڵییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە سیاسەتی ئەمریکی ناسراو بووه بە دووفاقی لە پێوەرەکان لە کاتی جێبەجێکردندا، وە وازهێنان لە بەها ڕاگەیەندراوەکانی لە زۆر دەرفەتدا، تازەترینیان جەنگی غەززە، ئەوەی ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی تڕامپدا ڕوودەدات لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە جیاوازە. تڕامپ لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ بەهاکانی سیستەمی لیبراڵدا دووبەرەکی و هەڵبژاردەیی پەیڕەو ناکات، بەڵکو بە ئاشکرا وازهێنان لەو بەهایانە ڕادەگەیەنێت و زمانی ناسیۆنالیستی پۆپۆلیستی بەکاردەهێنێت و جۆرێک لە بازرگانیی فراوانخوازی دەگەڕێنێتەوە کە لە هێزە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی وەک کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا دەست پێدەکات.
ئەم گوتارە ناوەخۆییە، کە ئامانجی پیشاندانی “بەئەمریکاییکردن” وەک تایبەتمەندییەک و لابردنی “زیادەکان” کە نوێنەرایەتی دەکرێن لەلایەن توێژەکانی کۆچبەرانی نایاسایی و خۆ دەربازکردن لێیان، و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی لە زمانی ئیدارەی ئەمریکی و لایەنگرانی پێی دەگوترێت کەلتووری وۆک(Woke Cukture) کە تۆمەتبارە بە سەرلێشێواوی ئەخلاقی و بزاڤی نەرمی نواندن لەهەمبەر پرسی جێندەریو لایەنگری کەمینەکان و “لاوازکردنی زۆرینەی سپی پێست” و مرۆڤگەرایی ساویلکانهبە ئامانجی گەڕانەوه بۆ ڕابردوویەکی خەیاڵی کە بەستراوەتەوه بە ئاستەنگ و بەهای جێگیرەوە،، بەهاوتەریبی لەگەڵ گوتاریئاراستەکراو بۆ دەرەوه، کە تیایدا هاوپەیمانان (پێش دوژمنان)تۆمەتبار دەکرێن بە خراپ بەکارهێنانی باشییەکانی ئەمریکا یان (ساویلکەیی و گەمژەیی، وەک ئەوەی ترامپ بەکارهێنانی بەباش دەزانێ)، و دروستکردنی پەیوەندی سیاسی، بازرگانی و سەربازی کە نەک هەر لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان نین، بەڵکو زیانیشی پێ دەگەیەنن .
ئەم ناسیۆنالیزمە ناوخۆییەی کە چەقی بەستووە بەدەوری ڕابردوویەکی گەشاوه و دەربازبوون لە کرێباری بێهێز و “ناتەواو” و “سەرلێشێواوەکان” بەئامانجی دەستەبەرکردنیبەرژەوەندییەک کە دڵنیایی بەهێزبوون بدات،، یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئەم ئارەزووە دەرەکییە بۆ بەکەم سەیرکردنو ترساندنەی بێهێزەکان، و ڕەنگه وایان لێ بکات ببنه “نموونهگەلێک” بۆ ترساندنی ئەو لایەنانەی تر کە لە خۆیانبەهێزترن لەگەڵ مەیلێک بۆ بەسیناریۆگرتن و زیادەڕۆیی لە پیاهەڵدانی خود، ، بەجۆرێک جیاکردنەوەی نێوان ئەوەی ڕاستەقینەیه و ئەوەی تەنها نمایشە زۆر سەخت دەبێت، بگرە نمایش زاڵ دەبێت بەسەر واقیعو کاریگەری دادەنێت لە دووبارە دروست بوونەوەیدا.
ئەوەی توێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا پێی ئاشنان ئەوەیە،كە هەمیشە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوامی هەبووە لە كرانەوە بەڕووی جیهان و پاشان پەڕگیری و خۆ دوورخستنەوەو، هەوڵدان بۆ ڕابەرایەتی كردنی لە ڕێگای نەخشاندنی هەژموونی ئەمریکا و بەبەرداکردنی بەهای گەردوونگەرایی بۆ ڕێگەچارە پێویستەکان لەرێگەی پێوەرگەلێکی پێویست بۆ کۆکردنەوەی زیاترین ژمارەی لایەنگران، هەوڵی دروستکردنی دیوارێکی دەروونی دەدات کە پشت ئەستووربێت بە دەوروبەرەکانی و بازنەیەکی هەژموونی هەرێمی بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ئەمریکاکان؛ بۆ دوورخستنەوەی کێشەکانی جیهان لە ئەمریکا “کە هەمیشە نیشان دەدرێت وەک گەلێکی جیاواز”، ئەم جیاوازبوونە هەندێکجار بەکار دەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوەی سەرکردایەتی و هەندێ جارێ تریش بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پاشەکشەکردن.
ترامپیزم لە یەکێک لە لایەنەکانیدا، ئەو لایەنەی کە بە تایبەتی پاڵپشتی دەکرێت لە لایەن ڕەوتی ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیستییەوە لە هاوپەیمانی پاڵپشتی ترامپ، دەبێتە گرەوێکی بەهێز لەسەر پاشەکشێکردنێکی گوماناوی کە جێگەی نیگەرانی ئەوانیتر دەبێت، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بەڵام لەوانەیە دوورکەوتنەوەیەکی گوتاری بێت نەک واقیعی، چونکە جیهانێک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان کاریگەری هەبووە لە دروستکردنیدا، دوای جیهانگیری و شۆڕشی پەیوەندییەکان، ئاڵۆزترە لەوەی کە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا بوونی هەبوو، هەروەها سروشتی هاوپەیمانی پاڵپشتیکەری ترامپ لە گەڕانەوەی نوێیدا، وا دەکات ئەم پاشەکشێکردنە کارێکی سەخت بێت.
لە لایەکەوە، بەئەمریکاکردنی ناسیۆنالیزمی نوێ بە سادەیی مانای گەڕانەوە بۆ رابردوو نادات، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی ئامرازی کۆنی وەک باج و گومرگ، و پەنابردن بۆ فراوانخوازی جوگرافی (کە بیرۆکەی فەزای زیندەگیمان بیردەخاتەوە)، ئامادەیە بۆ سروشتی پێشبڕکێی ئابووری و تەکنەلۆژی ئێستا و داهاتوو، بە تایبەتی لەگەڵ چین، ئەوەی ترامپ لە بابەتی کەناڵی پەناما دا هەوڵی دەدات سنووردار کردنی بوونی چین ە لە ئەمریکاکان، لە کاتێکدا چاوی لە دوورگەی گرینلاند هەیە نەک تەنها بۆ فراوانی جوگرافی و سەرچاوە سروشتییەکانی (کە لایەنی نەریتیی لە عەقڵیەتی بەئەمریکاکردندا حەزی پێدەکات)، بەڵکو بەهۆکاری ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت سوود وەربگرێت لە تواندنەوەی بەستەڵەک لە ناوچە ئاوییە نزیکەکاندا، بۆ ئەوەی بتوانیت هەژموونی خۆی بسەپێنێ بەسەر جەمسەری باکوور و سنووردار کردنی بوونی دەریایی ڕووسیا کە هەوڵی داوە سوود لە دۆخە کەشوهەواییە نوێیەکان وەربگرێت بۆ چالاک کردنی بەشێک لە بازرگانی و چالاکییە سەربازییە دەریاییەکانی لە ئاوە ساردەکاندا، کە بەستەڵەک ئەم هەوڵەی پەرتەوازە کردووە. بەم جۆرە، لەوە دەچێت ئەمە گەڕانەوەیەک بیت بۆ ڕابردوو لەپێناو بردنەوەی داهاتوو.
لەلایەکی ترەوە، ئەوەی کە هەندێک بە ئۆلیگارشی نوێ ناویان دەبەن، سەرکردەی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی کە لە مەراسیمی فەرمی سوێندخواردنی تڕامپدا ڕیزیان بەستبوو، چالاکی ئابووری بەرفراوانیان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، و بازاڕیان بۆ ئاسان نییە، وە لۆژیکیە کە ترسیان لە دانی باجی شەڕێکی بازرگانی توند هەبێت کە لەوانەیە وڵاتانی تر ناچار بکات دامەزراوەکان و کۆمپانیا و کارگەکانیان سنووردار بکەن، بەڵام لەوانەیە وەبەرهێنان بکەن لەگەڵ ترامپ بۆ بەکارهێنانی هێزی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن و چالاکییەکانیان لە بەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزاری سیاسی و ئابووری بۆ خۆی و هاوپەیمانەکانی.
پێکدادانی ئاشکرای سەرەتایی نێوان ئێلۆن مەسک و تەوژمی پۆپۆلیستی بزووتنەوەی ماگای لایەنگری تڕامپ لەسەر کێشەی ڤیزا و مۆڵەتی کار بۆ ئەو بیانیانەی کە وەک کرێکاری شارەزا پۆلێن دەکرێن، نیشانەیەکی سەرەتایی بوو بۆ ئەوەی ئەستەمە زێدەڕەویکردن لە پۆپۆلیزمی ناسیۆنالیستی بەبێ زیانگەیاندن بە هەندێک لە هاوپەیمانەکانی تڕامپ لە تەکنۆ-ئۆلیگارشییەکان. لە هەمان کاتدا، گرتنەبەری ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئەوروپا لەلایەن مەسکەوە، هەروەها ئەو ڕۆڵە هەستیارەی کە لە ناوخۆدا دەیگێڕێت لە بچووکردنەوەی قەبارەی حکومەتی فیدراڵی و گۆڕینی پێکهاتەکەی، لەوانەیە کاردانەوەی بەهێزی لێبکەوێتەوە کە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی فراوان لە زیانلێکەوتووەکان و لەوانەیە ببێتە هۆی درزێک لە خودی هاوپەیمانیەتییە نوێیەکەی تڕامپدا .
لە کۆتاییدا، ناسیۆنالیزمی ئابووری مەرج نییە بە مانای گۆشەگیری بێت و بە پێچەوانەی هەندێک لە لایەنگران و ئایدۆلۆژیاکانی ناو بزووتنەوەی ماگا وەک ستیڤ بانۆن، ترامپ بۆ خۆی پابەندی تەواوی بیرۆکەی گۆشەگیریی نیە، بەڵکو بە ئاشکرا پاڵپشتی ناسیۆنالیزمی ئابووری دەکات، و ئیدارەکەی بنەمای “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە”ی وەک دروشم وەرگرتووە. لەبەر ئەمە، ئەگەری زۆرە سیاسەتەکانی هەمیشە نەیانگەیەنێتە ڕازیکردنی هەموو ئەوانەی هاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ دروست کردوون، وە لەوانەیە ئەم دژبەرییە لەپێشینەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی بێت، وە ببێتە هۆی ململانێی ناوەخۆیی هاوپەیمانیەتەکە، بەتایبەتی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی حکومەتەکەیدا لەگەڵ سەرهەڵدانی پرسی میراتگری کۆتایی تڕامپ لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی، ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاڕایی نێوان پراگماتیزمی تڕامپ و مەیلی گەڕان بەدوای “باشترین مامەڵە” لەگەڵ هەندێک لە دەمارگیرە سەرسەختەکان، بۆ گۆشەگیرکردن و تێکەڵ نەبوون بە ململانێ جیهانییەکان، کە هەڵوێستی تەوژمی پۆپۆلیستی ناسیۆنالیستە یان ئەوانەی شۆڕشێکی نوێی ڕاستڕەو دەگرنەبەر گوایە کە “ڕۆژئاوا” لە دۆخی پوکانەوەی ڕزگار دەکات، وەک مەسک مژدەی پێدەدات.
دووەم: دەربارەی پلانی ئابووریی تڕامپ
ترامپ لە میانەی دیبەیتەکەی لەگەڵ کامالا هاریسی کێبرکێکار پلانێکی ئابووری تەواو ڕوون و ئاشکرای نەبوو، بەڵکو گوتارەکانی چڕ کردبووەوە لەسەر دەسکەوتە ئابوورییەکانی لە ماوەی خولی یەکەمی دەسەڵاتیدا، کە بەم بۆنەیەوە هیچ جیاوازیەکی نەبوو لەگەڵ ئەو دەسکەوتانەی کە سەرۆکی پێشوو جۆن بایدن بە دەستی هێنابوو، بگرە لە هەندێک بواردا لاوازتریش دەردەکەوت. دۆسییە ئابوورییەکان کە بە بەهێزی ئامادەبوون لە کەمپینی هەڵبژاردنی ترامپ، هەندێکجار هەستی دەنگدەری ئەمریکی و غەریزەکانی پێ دەجووڵاند، بە قسەکردنە لەسەر گەورەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و پێویستی سەرکەوتن لەبواری بازرگانی، بەرهەمهێنان و داهێنان بەسەر وڵاتانی تردا، لەپێش هەموویانەوە چین، کە بە گەورە کێبرکێکاری ئابووری ئەمریکا ناوی دەهێنرا، لە ڕێگەی بەڵێنەکانی بە بڕینی باج و گومرگ لەسەر هەناردەی وڵاتانی کە بە شێوەیەکی زۆر لە تەرازووی بازرگانیدا بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکاندا زاڵبوون، بەجۆرێک ڕێگا بۆ پیشەسازیی ئەمریکی خۆش بکات بۆ فراوان بوون و شوێنگرتنەوەیان.
هەروەها هەندێ جاریتر، بەڵێنی دەدا بە دروستکردنی هاڵەیەک(کەشێکی جیاواز) و لاساییکردنەوەی نیگەرانییەکانی دەنگدەرانی ئەمریکی لە ڕێگەی وروژاندنی توڕەیی لەسەر نرخی سووتەمەنی، کە کەمتر لە ٤٪ سەدی سەرجەم خەرجیەکانی ساڵانەی بەکاربەرانی ئەمریکی پێکدەهێنن. تەنانەت جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لەم بوارەدا وەک بەڵێنی دابوو کە نرخی سووتەمەنی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە بیست ساڵ لەمەوبەر بوو، لەبەر ڕۆشنایی داتاکانی پەیوەست بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕەچاوکردنی خواست و خستنەڕوو بێگومان چاوەڕوان نەکراوبوو.
دوای سەرکەوتنی، تڕامپ پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن دووپات کردەوە، بەڵام هەر زوو گەڕایەوە بۆ ئاشکراکردنی زنجیرەیەک سیاسەت و دەستپێشخەری دوژمنکارانە، هەر لە دەربڕینی خولیای بۆ کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پاناما، وە پێشنیارکردنی ئەوەی کەنەدا ببێتە بەشێک لە ئەمریکا، تا ڕاگەیاندنی بوێرانە کە گرینلاند دەبێت بلکێنرێت بە ئەمریکا. لە کاتێکدا هەوڵدان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکان و ئەولەویەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ڕەفتاری ئاسایی سەرکردە ناسیۆنالیستەکانن، بەڵام بۆچوونی تڕامپ ناسیۆنالیزمی تەقلیدی تێپەڕاندووە. کردارەکانی بریتی بووە لە پشتگوێخستنی ئاشکرا بۆ هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان، لاوازکردنی بنەماکانی سەروەری نەتەوەیی و تەنانەت تێپەڕاندنی چوارچێوەی یاسایی دەستووری ئەمریکا، هەروەها لێدوانەکانی ئەم دواییەی و پێداگریی لەسەر بیرۆکەی ڕاگواستنی فەلەستینییەکان لە غەززە بۆ ئوردن و میسر لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەمریکا بۆ کەرتی غەززەو فشاری سەرەتایی لەسەر هەریەک لە میسر و ئوردن تاوەکو پاشەکشێ بکەن لە بڕیاری توندیان لە هەمبەر دژایەتیکردنی ئەم ئاراستەیە، ئەمیش بە بەکارهێنانی کارتی یارمەتییە دەرەکییەکان، دووپاتی ئەم رەفتارە دەکاتەوە و بە ڕوونی دەریدەخات.
تەنانەت سیاسەتە ئابووریەکانیش کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەوە، ئێستا لە چوارچێوەی گوتارێکدا داڕێژراون کە سەرکەوتنیان دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانیترەوە. سیاسەتی گومرگی تڕامپ هەوڵێکە بۆ سزادانی پرەنسیپەکانی لێهاتوویی و تەرخانکردنی باشترین سەرچاوەکان کە نەک تەنها بازرگانی دەرەکی بەڵکو دابەشکردنی سەرچاوەکانیش لەناو خودی وڵاتەکە لەسەر ئەمە دەوەستێتەوە. ئەگەر ئەمریکا ئەوەندە لێهاتوویی پێویستی هەبوایە بۆ بەرهەم هێنانی ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانەی هاوردەیان دەکات ، ئەوا هەر لە سەرەتاوە پشتی نەدەبەست بە بازاڕەکانی دەرەوە ، وە ئەگەر تڕامپ پلانەکانی بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کەنەدا، مەکسیک و چین جێبەجێ بکات، ئەوا دەرەنجامەکانی کارەساتبار دەبن. زیانەکە بە تەنها ناکەوێتە سەر ئابووری ئەم وڵاتانە، بەتایبەتی مەکسیک کە هەناردەکردن بۆ ئەمریکا زیاتر لە ٧٥٪ لە سەدی کۆی هەناردەکردنیان پێکدەهێنێت و لە کەنەدا ٣٠٪ لە سەدا، بەڵکو زیانی گەورە بەر ئابووری ئەمریکاش دەکەوێت، چونکە هەناردەکردنی داهاتووی ئەم وڵاتانە بەشێکی سەرەکی زنجیرەی بەهای زۆرێک لە پیشەسازیەکانی ئەمەریکا پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، هەر شڵەژانێک رێڕەوی ئەم بازرگانییە کاریگەری یەک لەدوای یەکی لێدەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، هاوردەکردنی هەندێک لە کاڵا تەواوکراوەکانی ئەمریکا پشت دەبەستێت بەو بەرهەمانەی کە لە ئەمریکا دروستکراون، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە مەکسیکەوە بۆ ئەمەریکا نزیکەی لە سەدا 74ی کۆی بەرهەمە بیانییەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کەنەدا دروستدەکرێن و بۆ ئەمریکا دابین دەکرێن، کە تێیدا بەرهەمە دروستکراوەکان بەشێکی گرنگی بەرهەمهێنانیان لە ئەمریکا پێکدەهێنن.5 لەوانەیە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی تر گۆمەکە زیاتر بشڵەقێنێ(دۆخەکە بەرەو خراپتر ببات)، و هێزی کێبڕکێی پیشەسازیەکانی ئەمریکا لە بازاڕە جیهانییەکاندا لاواز بکات، ڕێگە بەم وڵاتانە دەدات بەشێک لە لێکەوتەکانی بەرزی باجی گومرگی بەسەر هەناردەکانیان بۆ ئەمریکا ساخبکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕێوشوێنە تۆڵەئامێزە کە ئەم وڵاتە هاوبەشانەی ئەمریکا لەڕووی بازرگانییەوە ڕایدەگەیەنن لەوانەیە کاریگەری لەسەر پیشەسازیەکانی ئەمریکا هەبێت. کەنەدا گەورەترین هاوردەکاری بەرهەمەکانی ئەمەریکایە، مەکسیک دووەم گەورەترین هاوردەکاری ئەمریکایە و چین سێیەم گەورەترین بازاڕی جیهانییە بۆ هەناردەکانی کاڵای ئەمریکی ئەگەر رێکاری دژبەر بگرێتەبەر دەتوانێت زیان بە پیشەسازی ئەمریکا بگەیەنێت. ئەوەی بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە بازاڕی کار لە ئەمریکا لەڕووی قەبارە و کارامەیی پێویست توانای قەرەبووکردنەوەی پاشەکشێ لە هاوردەکانی ئەم وڵاتانەی نییە. لە کاتێکدا باجی گومرگی لەوانەیە پەراوێزی پێویست بۆ گەشەی پیشەسازی ناوخۆیی دروست بکات، بەڵام نادڵنیایی لە هەڵچوونی تڕامپ بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئەگەری زۆری شکستهێنانی ئەم سیاسەتانە لە بەدیهێنانی ئامانجە ئابوورییەکانیان، متمانە بە توانای ئەمریکا بۆ بەردەوامی ئەم سیاسەتە پارێزگارییانە لاواز دەکات. لە ئەنجامدا، ئەم ستراتیژە نەک تەنها هەڕەشە لە سەقامگیری داینامیکی بازرگانی جیهانی دەکات، بەڵکو زیان بە داینامیکی ئابووری ئەمریکاش دەگەیەنێت.
ئەگەر سەرۆک تڕامپ جددی بێت لە پشت بەستن بەم سیاسەتانە، وە بە سوودبەخشی بزانێت بۆ ئابووری ئەمریکا، ئەوە دەریدەخات کە بە مەبەست یان بێ مەبەست ئەزموونی پێشووی ئەمریکای پشتگوێ خستووە. باجی گومرگی سەپێنراو بەپێی یاسای سموت هاولی و بەدوایدا هەنگاوی هاوشێوە لەلایەن هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکاوە ئازاری ئابووری ئەمەریکا قوڵتر کردەوە و زیانێکی گەورەی بە بازرگانی جیهانی گەیاند. تڕامپ تەنانەت لەو سەرکێشییەی کە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا ئەنجامیدا، فێر نەبوو، کاتێک چین باجی گومرگی سەپاند لە وەڵامی سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر ژمارەیەک بەرهەمی چینی، کە بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و بزوێنەر، وە راستتر بڵێین بۆ سەر هەناردەکردنی سۆیا بۆ چین کە لە ساڵی 2018 دا 75٪ دابەزی، لە میانەی دوو ساڵ پاش ئەوەی ترامپ چووە کۆشکی سپی.6
ناسیۆنالیزمی ئابووری تڕامپ بەرامبەر جیهانی دەرەوە هاوتەریبە لەگەڵ ئاژاوەی ناوخۆیی. کێشەکە تەنها لە چڕبوونەوەی ئۆلیگارشی نیە لە دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا ، بەڵکو لە وەرگرتنی دەسەڵات و مامەڵەی باڵای لەگەڵ سیستەمی دامەزراوەیی و سیاسی و ئابووری ئەمریکادایە، کە هەمیشە زەمینەیەکی پتەو بووە بۆ سەقامگیری و هێزی نەرمی وڵات. ئەمڕۆ، ئەو ڕێبازێکی توندتر دەگرێتەبەر و هەنگاوەکانی ئیدارەکەی بۆ لاوازکردنی دامەزراوە سەربەخۆ و حکومییەکان هەڕەشەی یاسایی دروست دەکات و مشتومڕ لەسەر سنوورەکانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەو زیاد دەکات،لە کەمتر لە مانگێکدا پاش گرتنە دەستی دەسەڵات، سەرۆکی نوێ دەستی کرد بە راگرتنی کاری دەزگای ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و خستییە ژێر چاودێری وەزارەتی دەرەوه، ئەمەش گورزێکی کوشندە بوو بۆ سەربەخۆیی ئەم دەزگایە کە لە ساڵی 1998 بە یاسایەکی کۆنگرێس بڕیاری لەبارەیەوە درابوو؛ ئەم دەزگایه بریتییه لە دیمەنێکیگەشەپێدان و سیاسی ئەمریکی لە جیهانی دەرەوه ،توانیویەتی پەیوەندیەکی پتەو لە گەڵ کۆمەڵێک وڵاتی جیهاندا دروست بکات و ئەم پەیوەندیانه بخاتە خزمەت بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوه.
تڕامپ دەسەڵاتی تەواوی بە ئیلۆن مەسک بەخشی کە بەرپرسە لە دۆسیەی کارامەیی حکومەت بۆ چوونە ناو سیستەمی پارەدانی فیدرالی، کە بەرپرسە لە گواستنەوەی زیاتر لە 5 تریلیۆن دۆلار ساڵانە بە پشتگوێخستنی هەموو ئەو پەیڕەو و دەسەڵاتانەی کە کاری ئەم سیستەمە ڕێکدەخەن.7
تڕامپ توڕەیی و تۆڵەی خۆی ڕشت بەسەر دەزگای فیدرالی لەرێگەی راگەیاندنی پرۆگرامێکی فراوان بۆ لێبوردنی کارمەندان بە بیانووی کۆنتڕۆڵکردنی خەرجی گشتی و کەمکردنەوەی سستی ئەدای کارگێڕی، بەڵکو پرۆگرامەکە دەزگای سی ئای ئەی(CIA) یشی گرتەوە، لێبوردنی خۆویستانەی خستە بەردەم هەموو کارمەندەکانی لەڕێگەی پێدانی هاندان(حوافز). هەندێک هەن وایدەبینن کە لێبوردنی سەربازی بەم ڕێژە فراوانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ خاڵیکردنەوەی دەزگای فیدراڵی و دامەزراوەکانی سەر بەم دەزگایەیە لە یادەوەری دامەزراوەیی کەڵەکەبوو، بەجۆرێک کە ڕێگردەبیت لە دووبارە گێڕانەوەیان لە داهاتوودا.9
سێیەم: ترس لە ڕاڕەوەکانی ئیلیتی ئەمریکا لەزیاد بووندایە
سەرەڕای پاڵپشتی حزبی کۆمارییەوه بۆ سیاسەت و هەنگاوەکانی ترامپ، دەنگەکانی توێژە هەڵکەوتووەکانی ئەمریکا دەستیان کردووه بە هەڵبڕین و ئاگادارکردنەوه لە مەترسییە بنەڕەتییەکانی پشت ئەم سیاسەت و هەنگاوانە، کە ئێستا وەک لەناوبردنێکی سیستماتیکی سیستەمی دامەزراوەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێناسە دەکرێن، و پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری وڵات و یاساکانی، بە زیادکردنی گواستنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە چەسپاوەکان بۆ کۆمەڵێک تاکی بێ ئەزموونی سیاسی و دامەزراوەیی.10 هەندێکی تریش پێیان وایه ماوەی دەسەڵاتی ئێستای ترامپ و بەرزبوونەوەی دیاردەی ئۆلیگارشی تەنها کۆتایی قۆناغی گەشەی زانست و تەکنەلۆژیایه کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی دەکات.11
ئەوەی ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهان بە گشتی پێیدا گوزەر دەکەن، لە دەرەنجامی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترامپ و داڕماندنی ئەو بنەما جێگیرانەیە کە سیستەمی جیهانی لەسەری دامەزراوە، هەروەها ئەو پەیماننامە و نەریتە نێودەوڵەتییانەی کە لە پێشووتردا دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان بە بوێرییەکی کەمتر و شەرمنانەتر لێیلایان دەدا، دەکرێت سیستەمی جیهانی تەواو بگەیەنێتە لێواری کارەسات، و ببێتە هۆی دابڕانێکی بێ پێشینە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.ئەم دابڕانە لە پاڵ ئەو شەڕەی کە ترامپ دژی دەستوور و پەیڕەو و دامەزراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیکات، دەکرێت پێکەوه پێگەی جیهانی ئەم وڵاتە لاواز بکاتو پاشەکشەی پێبکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕێکكارانە ڕەنگه تەنها لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتیدا بمێننەوه، بەڵام دۆخی ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا لاوازی سیستەمی دیموکراسی و دەستووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی نیشاندا، لەڕێگەی ئەو کردارانەی کە جاران لکێنرابوون بە سیستەمە سیاسییەکانی جیهانی سێیەم، وەک دەرباز بوون لە دەستوور، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت و لاوازکردنی دامەزراوەکان..
سەرچاوە:
حارث حسن – حازم رحاحلة، ما بعد الليبرالية: الترامبية وصعود القومية الاقتصادية، منشورات : وحدة الدراسات الاقتصادية، المركز العربی للابحاث ودراسة السیاسیات، دوحة، 06شباط/ فبراير 2025
نووسینی:- حارس حەسەن و حازم ڕەحاحلە
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە:- شەڤین محمد علی