سەرۆکی رووسیا “ڤلادیمیر پوتین” لەوەتەی پێی ناوەتە گۆڕەپانی سیاسیی، چەندین سەرکردە لە ڕۆژئاوا لە ئەوروپا و ئەمریکا جێگۆڕکێ کراون و هەڵبژێردراون، ئەمەش بە قەد ئەوە هەستیار نییە، کە ئەو سەرۆکی روسیا یان زاری روسیا، بە دیپلۆماسیی و زیرەکیی و لێهاتوویی خۆی توانیوویەتی هەر هەموو سەرکردەکانی ڕۆژئاوا لە پشت خەندە و قسەی خۆش هەڵبخەڵەتێنێت. کەم سەرکردە و سەرۆک هەن ڤلادیمیر پوتن لە خشتەی نەبردن؛ ڤلادیمێر پوتین لەوەتەی ساڵی ٢٠٠١ جڵەوی دەسەڵاتی لە روسیا کردووە، بە رزگارکەر، ئازایەتی و پیاوی ورچن و بەشێکیش بە دیکتاتۆر و سەرۆکەکانی رۆژژئاواش بە کەسێکی راشکاو و سادە پێناسەیان دەکرد، بەڵام دوای بیست و چوار ساڵ، دەرکەوتووە، کە هیچ سەرۆکێک نەماوە لە جیهان سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتن لە خشتەی نەبردبێت. لە ماوەی بیست و چوار ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەکان، دیدار و لوتکە نێودەوڵەتییەکان و وتارەکان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان راشکاو و دەم بەخەندە و لە هەمان کات ساددە دەردەکەوت، بەڵام کەسێک وەکو باسی دەکرێت لە لایەن سەرکردەکانەوە، لسەر بابەتەکانی خۆی رژدە و پێداگرە و دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکێک داهاتوو لەسەر وێنەی رابردووی خەیاڵدانی دادەتاشێتەوە؛ پوتن کە خەون بە نوێ کردنەوەی هەژموونی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەبینێت، لە هەوڵدایە ئەو هەژموونە بۆ مۆسکۆ بگەڕێنێتەوە. وێڕای ئەوەش، پاشخانی هزری و کاری سیاسیی و هەواڵگریی پوتن ئەویان تەواو ڕاهێناوە بۆ جیهانێک کە رووسیای سۆڤیەتی سەردەمی گەنجێتی ئەو باڵا دەست بووە. پوتن لە ڕووی دەروونی هەڵگری نۆستالژیای رابردووە و خۆشی، بە تێگەیشتنی خۆی، لە هەڵەکانی ڕابردوو دەپارێزێت. “ڤلادیمیر پوتن” بەوە جیا دەکرێتەوە بەسەر هەست و سۆزی خۆشیی زاڵە و ژیانێکی تایبەتی هەیە. بەڵام ئەوەشی یەکلایی بۆتەوە ئەوەیە، ڤلادی هەژموونگەرا تەنیا پشت بە هاوئاوازەکانی دەبەستێت و کەسە ناکۆکەکانی دوور دەخاتەوە و دژەکانییشی دەخاتە پەراوێز.
پوتن ناوە ناوە هاوڕێی کاتیی لە نێو هاوتا نێودەوڵەتییەکانی دروست دەکات؛ ئەو هاوڕێیەتیەکی سەرنجراکیشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆرج بوش دروست کردبوو و دەچووە ماسیگرتن و سەماکردن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تۆنی بلێر پەسنی دەکرد. پوتن لە ناتۆش نزیک بوویەوە و بە گاڵتەش داوای گۆڕینی ناوەکەی بۆ هاوپیەمانیەتی سۆڤیەت دەکرد. دواتریش سەرۆکەکانی دیکەی رۆژئاوا، ئەنگێلا مێکرل، جاک شیراک، تۆنی بلیر، جێرارد شرودەر، باراک ئۆباما،دێیڤد کامیرن،نیکۆلاس سارکۆزی، باراک ئۆباما تا دەگاتە دواینیان کە لە ئەمریکا ترەمپ و لە بەریتانیا تێرێزا مێی بوون، هەر هەموویان پەسنی پوتنیان دەکرد و کەسەکەیان بە هاوڕیەکی ناوازە دەناساند، وەکو لە زە نیوۆرک تایمز بڵاوکەراوەتەوە، وەها بۆچوونەکە خراوەتە روو، کە ڤلادیمیر پوتن فێڵی لە ەهر هەموویان کردووە و لە خشتەی بردوون و ئەو نە هاورێ دەرچوو نە هاوپەیمان، بەڵکو زیاتر کاتی دەکوشت و ئامانجەکانی لە ژێر پەردە جێبەجێ دەکرد. ئەم براندە لە کاری دیپلۆماسی کەسی هەندێک سەرکەوتنی بەرچاوی ئەمنی بەدەستهێنا. پەیماننامەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک واژۆ کران و پوتین ڕێگەی بە فڕۆکە ئەمریکییەکان دا لە بنکەکانی لە دەوڵەتە مانگی دەستکردەکانی ڕووسیا هێرش بکەنە سەر تاڵیبان.
بووش درەنگ زانی هاوڕێیەتی پوتن زیانی هەبووە؛ بەڵام کاتێک تانکەکانی ڕووسیا لە مانگی ئابی ٢٠٠٨دا چوونە ناو جۆرجیا، بوش زانی هاوڕێیەتی هەشت ساڵەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. وەکو دەرکەوتووە، لە گەرمەی هەر گفتوگۆ و دانوستانێکیش، پوتین چووەتە نێو وڵاتێکەوە و دەستی بەسەر ئەو بەشی داگرتووە لە یەکیتی سۆڤیەتی پێشوو، کە ئارەزووی کردووە، دواینیان بەر لە ئۆکرانیا کرایمیا بووە لەسەردەمی باراک ئۆباما و فرانسوا ئۆلاند و ئەنگێلا میرکل و دییڤد کامیرۆن، کە سەرقاڵی ریککەوتنی جیا جیا بوون لەگەڵی و هەموویان خافڵاند و خەڵەتاند.
دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ڤلادیمیر پوتن هاوڕێی ئەوە؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوایینانە لە خولی یەکەمی کاتێک لە سێی ئایاری ٢٠١٩ گوتی پوتن شتی باشی لەسەر دەڵێت و پێی وانیە پێ بخاتە ئۆکرانیا وە. بەڵام ئەوەندەی نەبرد پوتن چەند باڵەخانەیەکی داگیر کردوو و دواتریش لە دوای ترمپ زیاتر پەلوپۆی هاویشت و بەشێکی بەرچاوی ئۆکرانیای دەست بەسەر داگرت. هەرچەندیشە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆو بایدن هۆشداری دا، کە ئەو کەسایەتییە لە فراوانخوازیی ناوەستێت، بەڵام کەس گوێی بۆ نەگرت.
هاوڕێیەتی پوتن و ترەمپ بە نامۆ و گوماناویی لێکدەدرێتەوە؛ پەیوەندی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین لە خولی یەکەم بابەتێک بوو جێگەی سەرنج و تێبینی بوو. بەشێکیش لە رەخنەگران پێیان وایە دوور نیە ڤلادیمیر پوتن بابەتێکی دژی دۆناڵد ترەمپ هەبێت یاخود دۆسیەیەکی ڕەوشتی لا هەبێت و وەکو بارمتە لە دژەی ترەمپ بەکاری بهێنێت. ئەو کاتیش ڕەخنەگران ترسیان لەوە هەبوو ڕەفتاری دۆستانەی ترەمپ بەرامبەر بە پوتین، وەکو لە هەندێک لایەن روویدا، سازش لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات، بەتایبەتی پەیوەست بە ئۆکرانیا. هەر زوو لێدوانەکانی ترەمپ پەیوەست بە ئۆکرانیا و کارلێکەکانی لەگەڵ پوتن نیگەرانی لێکەوتەوە لەوەی ڕەنگە زۆر نەرم و نیان بێت بەرامبەر ڕووسیا. بۆ نموونە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ دواخستنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن ڕەشبینترین رەخنەگر و شیکاریی سیاسییش پێشبینی نەدەکرا. وێڕای ئەوەش، ترەمپ لە ترسی دەرچوونی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ ئەوەی لە توانای دابوو ئەنجامی دا بۆ فشار خستنە سەر سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی تا لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدن و هەنتەری کوڕەکەی بکات لەسەر هەندێک پرسی بازرگانی تایبەت.
پوتن لەگەڵ بایدن ناکۆک بوون: بایدن خۆی لەو سەرۆکە زیرەکە بەدوور دەگرت؛ لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش هەم نزیکبوونەوە و هەم رووبەڕووبوونەوە هەبووە بەتایبەتی پەیوەست بە ئۆکرانیا. لە لووتکەی ڕووسیا و ئەمریکا، لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، هەردوو سەرۆک لە شاری جنێڤی سویسرا کۆبوونەوە، چەندین بابەتیان تاوتوێ کرد، لەوانە جڵەوکردنی چەکی ناووکیی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و مافەکانی مرۆڤ. لای خۆی جۆو بایدن وەها دەردەکەوت دەیویست پەیوەندییەکی سەقامگیری هەبێت لەگەڵ ڕووسیا. لە بەرامبەر سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتن بەرپرسیارێتی هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی سەر ئەمریکای ڕەتکردەوە و ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و تۆمەتباری کردن بە “سەرکوتکردن”ی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز. لەسەر پرسی ئۆکرانیا مشتومڕو بەریەککەوتن هەبووە. بایدن ڕێگەی بە هێرشی مووشەکی دوور مەودا لە ناوخۆی ڕووسیا دا، ئەو هەنگاوەی پوتن بە بەشداریی ئەمریکای لە شەڕەکە لەقەڵەم دا. ئەمە سزا و گەمارۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، پوتن ڕەخنەی لە سزاکانی بایدن گرت لە ڕووسیا و بە “هەڵەیەکی گەورە” ناوی برد. ئەو دوو سەرکردەیە هەرگیز لەگەڵ یەک هەڵیان نەدەکرد. بە گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی بایدن لەگەڵ پوتین بە گرژی و ناکۆکی بە تایبەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی هەڵپەسێردرا و هیچی لێ نەهاتە بەرهەم.
هەڵوێستەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئۆکرانیا بە دۆستایەتی پوتن دەبەسترێتەوە؛ بۆ دۆخی ئێستا و سەردەمی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کاریگەری پوتین لەسەر ترەمپ دەتوانێت سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا تێکبدات. ڕوانگەی لیبڕال و پارێزگار و دیموکراتە چەپەکانیش لە ئەمریکا ئەوەیە وڵاتەکە دەکرێت لەگەڵ روسیا دژ نەبێت، بەڵام بەهۆی جیاوازیی ڕوانگە و ئاراستەی سیاسیی و دیپلۆماسییان ناکرێت ببنە هاوپەیمان یان دۆستی سیاسیی نزیک، چونکە دەیان دژیەکیی ستراتیژیی و وڵاتە-هاوڕێی دژبەیەکیان هەیە. ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی ئاماژە بەوە دەدات رەنگە پوتن دەست بەسەر ئۆکرانیا دا بگرێت و بە نیاز نییە بکشێتەوە. بێجگە لەوەش، دواین وتەکانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە واتای ناڕاستەوخۆی لادانی ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی و بیجگە لەوەش ئاماژە دان بەوەی رێی تێ ناچێت ئۆکرانیا ببێتە بەشێک لە ناتۆ، لەو کاتەی زێلێسنکی تاکە بژاردەی پەسەندکردنی ئاشتی لەگەڵ روسیای بە ئەندامیەتی وڵاتەکەی لە رێکخراوی ناتۆ بەستەوە، هاوکێشەکان تێکەڵ دەکاتەوە.
بەناوەندکردنی رووسیا لە دانوستانەکانی ئاشتی بە خراپ لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؛ دوایینیان خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ رێککەوتن بە بێ ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا لە سعودیەی عەرەبی زەنگێکی مەترسیدار و هاوکات سەرەڕۆیی و پێشێلێکی یاسایی نێودەوڵەتییە پەیوەست بە سەروەریی وڵاتانی سەربەخۆ. لەوەش خراپتر، رووبەڕووبوونەوە مەکسیکییەکەی ژووری هێلکەیی کۆشکی سپیش، دواتر دمتا گەیشتە وەستاندنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، ئەو هەنگاوە و پێشنیازانەی ترەمپ، کە وا لێک دەدرێنەوە لەژێر کاریگەریی هاوتا رووسەکەیدان، ترسی ڕەوت و خواستێکی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی نوێی بەبیر دەهێننەوە لە کاتێک ئەوە بازرگانی کردن بێت بە وڵاتان، خواستی کڕین دەستبەسەرداگرتنی وڵاتانی دیکەشی نەشاردۆتەوە، لەوانە گرینلاند و پاناما تا دەگاتە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەسەر غەززە. هێشتاش جێگەی سەرنج و تێبینی و جێگەی مشتومڕە ئاخۆ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەیانتوانی پێشبینی ئاسۆی خوێناوی دیدگەی پوتین بکەن، بەڵام ئێستا با لەبارەی یەک شتەوە ڕوون بین ئەویش ئەوەیە هاوڕێیەتی کەسیی سەرۆکەکان خراپ لەسەر دیپلۆماسی دەشکێتەوە. لێرە با گەشتێک بە پەیوەندییەکانی ترەمپ و روسیا بکەین، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. ترەمپ ئەو کاتیش بەدوای هەلی بازرگانی دەگەڕا لە یەکێتی سۆڤیەت. لە ساڵانی نەوەدەکاندا ترەمپ بەردەوام بوو لە بەدواداچوونی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان لە ڕووسیا، لەنێویاندا هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ دروستکردنی تاوەرێکی ترەمپ لە مۆسکۆ.
نێردەکانی ئیدارەی ترەمپ بە ئاشکرا بۆ دەستخستنی زانیاریی پەیوەندیان بە روسیا دەکرد؛ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦؛ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦، ڕاوێژکارەکانی لە نێویاندا پۆڵ مانەفۆرت پەیوەندییان بە ڕووسیا و حکومەتەکەی پوتن دەکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر هەنتەر بایدن و بابەتی دیکە. پێشووتر مانەفۆرت بۆ ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی ئۆکرانیا کە لایەنگری ڕووسیا بوو، کاری کردبوو و بەریەککەوتنیشی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا هەبووە، لەنێویاندا سێرگی کیسلیاک – ی باڵیۆز. پەیوەندی ترەمپ و پوتین خێرا بوون، دوای بوون بە سەرۆک، پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ پوتین، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ترەمپ زۆرجار ستایشی پوتینی دەکرد و یەکەم کۆبوونەوەیان لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا بە سەرکەوتوویی تەماشا کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەی زۆر لە پەیوەندی نێوانیان گیرا بەهۆی ئەوەی زۆر نزیکن لە یەکتر و هەندێکیش ترامپیان تۆمەتبار کرد بەوەی لەژێر کاریگەری پوتندایە.
لێکۆڵینەوە و سزاکان؛ بەهۆی لێکۆڵینەوەکان لە دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦، پەیوەندییەکانی ترەمپ و پوتین کەوتنە ژێر مایکرۆسکۆپی ڕەخنەگرانی سیاسەتی دەوڵەت، سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسی. لە ڕاپۆرتە بەناوبانگەکەی مولەردا دەرکەوتووە ڕووسیا بە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردبوو. دواتر بەو هۆکارە ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو دەستوەردانانەدا سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاند و پوتین ئیدانەی کرد. پەرەسەندنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، هەر لە رۆژی دەستبەکاربوونەوە، ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین، دەستپێکی دانوستانەکانی لەگەڵ ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە لەلایەن هەندێک رەخنەگرەوە بە گومانەوە تەماشا دەلرا، کە پرسیار لە توانای ترەمپ دەکەن بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی لەبار لەگەڵ پوتن لەسەر وڵاتێک کە ترەمپ بە بەرکار تەماشایان دەکات. لەو نێوانە، بە بۆچوونی من، ترەمپ خۆشی بەرکارە و بکەری کارا و ڕەها هەر سەرۆکی روسیا، زار، ڤلادیمیر پوتن – ە، سەرۆکێکی چاپوک و زیرەک و بوێر کە دەخوازێت رابردوو و دەستکەوتەکانی یەکیتی سۆڤیەت لە پلانی داهاتوو و فمداهاتووی روسیا دابتاشێت.