“خوێندنی ئایینی”
بە شێوەیەکی گشتیی، خوێندنی ئایینی لە کوردستان و شاری سلێمانی، لە کۆنەوە تاکو کۆتاییەکانی ساڵی حەفتا بەسەر سێ قۆناغدا دابەشدەبێت:-
قۆناغی یەکەم:- سەرەتایی (قوتابیەتی):- منداڵ لەتەمەنی (٦ بۆ ٨) ساڵیدا دەستی بە خوێندن دەکردو لەسەرەتادا فێری (ئەلفبای) عەرەبی دەکرا، کە بریتیبوون لە پیتەکانی (حینجە)(١) کردن، لە دوای فێربوونی پیتەکان پێویست بوو قوتابی ئەم ھێماو بزوێنانەش فێرببن، وەک (سەر، ژێر، بۆر، دووسەر، دوو ژێر،…،ھتد)، کاتێک ئەم نیشانە و پیت و بزوێنانە فێر دەبوون، دواتر دەستیان دەکرد بە فێربوون و خوێندنەوەی وشەکانی سورەتی (الفاتحة)، بەڵام لەپێشدا بە حینجە وشەکان فێردەکران(٢)، بەم شێوەیە (ئەلف سەرئا…لام زەنە ال…حێ سەرحا…میم زەنە حەم دال بۆر دوو (الحمد)، تا فێری سورەتی (الحمد) دەبوون و ئیتر لەوەوە دەستیان پێدەکرد ھەتا فێری قورئان خوێندن دەبوون(٣)، ئینجا فێری خوێندنەوەی حینجە بەسایە، واتە یەکسەری ئایەت بە ئایەت دەکران و دەیان خوێندەوە تا ھەموو قورئانیان بەسایەوە دەخوێندەوە، دوای خەتمکردنی قورئانیش، قوتابی دەستیدەکرد بە خوێندنی ھەندێ کتێبی وردی وەک (ئیسماعیل نامەو ناگەھان)، دواتر کتێبی (ئەحمەدی) یان دەخوێند کە فەرھەنگێکی عەرەبی-کوردی دانراوی (شێخ مارفی نۆدێ) بوو.
ماوەی خوێندن لەم قۆناغەدا ساڵێک یان زیاتری دەخایاند(٤)، ئەو منداڵانەی کە دەخرانە بەر خوێندن لە حوجرە، لەبەرامبەر خوێندنەکەیان مانگانە بڕێک پارەیان دەدا بە مەلا (٥)، لەم قۆناغەدا ھەندێ داب و نەریتی کوردەواری ھەبوو، کە لەنێوان مامۆستاو قوتابیەکاندا باو بوو، بۆ وێنە، کاتێک قوتابیی لەسورەتی (تبت یدا) دەگەیشتە (حبل من مسد) دەبوایە گوریسێکی ببردایە بۆ مامۆستا، لەسورەتی (اذا جاء) کە دەگەیشتە کۆتاییەکەی دەیوت (توابا) مامۆستاش دەیوت مریشکە ڕەشە سەوابە بۆ مامۆستا کەبابە، دەبوو قوتابییەکە مریشکێکی ڕەشی بۆ مامۆستا ببردایە، لەسورەتی (أرأيت) کە دەگەیشتە (ساھون) مامۆستا دەیوت (قاڵبێ سابوون)، قوتابیەکەش قاڵبێ سابوونی دەبرد بۆ مامۆستا، …ھتد).٦ زمانی خوێندنی حوجرە بە پلەی یەکەم زمانی عەرەبی بوو، چونکە قورئان بەزمانی عەرەبی بوو، ھەر بۆیە ئەو نەتەوانەی کە مسوڵمان دەبوون، بۆ ماوەیەکی درێژ زمانی عەرەبی زمانی خوێندنیان بوو، لە شاری سلێمانیش کتێب و زانستەکانی حوجرە ھەمووی بەزمانی عەرەبی بوو، بەڵام ڕاڤەکردن و قسەکردن و لێکدانەوەی زانستەکان بۆ قوتابی و فەقێکان بەزمانی کوردی بوو، جگە لەوەش بەشێکی زۆری نووسین و بەرھەمی فکری و زانستی زانایانی کورد بەزمانی عەرەبی بوو، زمانی فارسیش لە دوای زمانی عەرەبی بە پلەی دووەم دێت(٧)، سەبارەت بە شێوازی خوێندن و وانەوتنەوە لەناو حوجرەدا، بەجۆرێک بوو، کە لەڕۆژێکدا دوو وانە دەخوێندرا، وانەی یەکەم لە پێش نیوەڕۆدا دەخوێندراو، پێیدەوترا (ڕاستە دەرس)، وانەی دووەمیش دوانیوەڕۆ دەخوێندرا، کە پێی دەوترا (لادەرس)، ھۆکاری ناوانی ئەم وانانەش ئەوەبوو، کە ڕاستە دەرسەکە وانەی سەرەکی بوو، زۆر گرنگبوو نەدەکرا ئەم وانەیە نەخوێندرێ و بفەوتێ، بەڵام لادەرس وانەی فەرمیی نەبوو، زۆرجار نەدەخوێندرا، یاخود ئاسایی بوو بفەوتێ(٨).
قۆناغی دووەم:- سوختەیی(٩):- لە دوای قۆناغی قوتابیەتییەوە دەست پێدەکات و، یەکەم قۆناغی (فەقێ)(١٠)یەتییە، کە پێی دەوترێ قۆناغی (سوختە)، کە ئەمانەش لەلای موستەعیدەکان وانە دەخوێنن، ماوەی خوێندن لەم قۆناغەدا(٥)پێنج ساڵە(١١)، ئەو کتێبانەی کە لەم قۆناغەدا دەخوێندران، لە بواری زانستی (نحو و صرف)دا بریتیبوون لە (عوامل الجرجانى، اجرومية، صمدية، مراح الارواح، تصريف الزنجانى، تصريف مةلا عةلى، انموذج، كافية ابن الحاجب، شرح جامى لةسةر كافيةء شةرحى الفيةابن المالكى سيوطي، شرحى شافية شرحی سید عبداللە) دەخوێندران(١٢)، ھەروەھا کتێبی (مغني المحتاج، سعدالله، اضهار البركوي، الاستعارة)ش دەخوێندران.(١٣) سوختە جگەلە خوێندنی وانەکانی دەبوو، وەک خزمەتکار خزمەتی مامۆستاو موستەعیدەکان بکات و چێشت و چایان بۆ ئامادە بکات(١٤)، ژیانی موستەعیدەکانیش ھەرلە حوجرەی مزگەوتەکاندا بوون، بەم شێوەیە سوختە بەگشتیی تا دەگەیشتە خوێندنی ماددەی (جامىء سعداللهء وضعء الاستعارة)، ھەر سوختە بوو ئیتر دوای ئەوە دەچووە قۆناغی دووەمی فەقێیەتی کە ئەویش قۆناغی موستەعید بوو.(١٥)
قۆناغی سێیەم:- موستەعید:- موستەعید لە ڕووی زمانەوانییەوە لەوشەی (مستعد یاخود استعداد)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، کە بە مانای ساز و ئامادە دێت، لە ڕووی زاراوەییەوە موستەعید ئەو فەقێیەیە کە نیوەی ڕێگای خوێندنی بڕی بێت و پلەیەکی باشی لەخوێندنی حوجرە بەدەست ھێنابێت و، بتوانێت ئەو زانستانەی کە پێشتر خوێندونی بە قوتابی و فەقێکانی خوار خۆی بڵێتەوە، قۆناغی موستەعید بە خوێندنی چەند کتێبێک لە قۆناغی سوختە جیاکراوەتەوە، بەمانای ئەوەی کاتێک فەقێ دەگاتە خوێندنی کتێبی (جامى و سيوطى و المطول)، ئیتر لێرەوە بەموستەعید دادەنرێت(١٦)، فەقێی موستەعید لەلای مامۆستای حوجرە دەخوێنێت، مەنھەجەکەشی بریتی بوو لە کتێبی(فەنناری، عەبدوڵڵای یەزدی، شەرحی عەقایید، شةرحى عةقاييد، مختصر، جمع الجوامع، رسالة الحساب، تهذيب الكلام)(١٧)، ھەروەھا کتێبی سيوطى لە زانستی نحوداو، شافیەی لە صرفدا و، منھجو منھاج لە شەرعدا، ھەروەھا منطق و تفسیرو علومی حەدیس و علومی قورئان و، دواتریش تەفسیرێکی باوەڕپێکراو و زانستی فەلەکیات و ھەندێ زانستی عةروض و بیرکاری دەخوێند، جگەلە کتێبی عەرەبیش جارجار کتێبی فارسیش دەخوێندرا، بۆ وێنە، لە بواری ئەدەبیات و حیکمەتدا (گوڵستانی سەعدی شیرازای) دەخوێندرا.(١٨)
موستەعیدیش دوو جۆری ھەبوو:-
جۆری یەکەم؛ ئەوانەی لە کۆتایی و دواپلەی خوێندندا بوون، موستەعیدی تەواوبوون، کە بەرامبەر قوتابی کۆلێژی ئێستای زانستە ئیسلامییەکانە،
جۆری دووەم؛ نیمچە موستەعیدیان پێ دەوترا، ئەمانەش بەرامبەر قوتابی ئاماددەیی ئێستایە، ئەمجۆرەیان لەو حوجرانەی کە مەلای بەرزی ھەبوو، لای موستەعیدەکان وانەیان دەخوێند و، لەلای مەلاکانی تردا دەبوونە موستەعید و، خۆشیان وانەیان بە سوختەکان دەوت.(١٩)
دوا کتێبی خوێندن لە قۆناغی موستەعیدا بریتی بوو لە (تةهزيب/تهذيب) کە دانەری مەتنەکەی (مامۆستا سەعدی قەفتارانی)یە، شەرحەکەشی ھی (مامۆستا شێخ عەبدولقادری موھاجیری کوردی)ە، ئینجا ئەو موستەعیدە، کە ھەموو زانیارییە ئاینییەکانی تەواو دەکرد و کۆتایی بە خوێندنی ئەم کتێبە دەھێنا، ھەوڵیدەدا، کە لەلای مەلا چاک و وانەبێژێکی ناودار ئیجازەی مەلایەتی وەربگرێ و ببێ بە مەلای (١٢) دوانزە عیلم (٢٠)، ھەم لەلایەن حکومەتیشەوە دەبوو بەفەرمیی (١٢) تاقیکردنەوە ئەنجام بدات و لەماوەی (٢) دوو ساڵیشدا بڕوانامەی وەزارەتی ئەوقافی وەردەگرت و بەمەش لەخزمەتی سەربازیی ڕزگاری دەبوو، بەم شێوەیە فەقێ دەبووە خاوەنی دوو ئیجازەی مەلایەتی، کە یەکیان لەلایەن مەلایەکەوە وەریدەگرت، کە نافەرمیی بوو، ئەوەی تریشیان ھی حکومەت بوو کە فەرمیی بوو، بەڵام ئەمەیان تەنھا بۆ ڕزگاربوون بوو لە خزمەتی سەربازی، ھەتا بۆ دامەزراندنیان لە فەرمانگەکانی حکومەت و بۆ وتاربێژیش سوودی نەبوو.(٢١) ڕۆژی ئیجازە وەرگرتنی مەلایەتی ئاھەنگی تایبەتی ڕێکدەخراو مەلا و فەقێ و خەڵکی گەڕەک بانگدەکران و ھەڵپەڕکێ و گۆرانی و یاری تایبەت ئەنجامدەدرا، پاشان ئیجازەنامەکە لەلایەن مامۆستای ئیجازە بەخشەوە دەخوێندرایەوە و مێزەری مەلایەتی بۆ موستەعیدەکە دەبەستراو بەتەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە و بەستنی مێزەرەکە ناوی فەقێی لەسەر لادەبرا و بە مەلا بانگدەکرا، ئیتر لە مزگەوتێک چ لەشار یان گوند دەبوو بەمەلاو وتاربێژو وانەبێژ(٢٢)، بە شێوەیەکی گشتیی خوێندن لەحوجرەدا نزیکەی (١٠-١٥) ساڵی دەخایاند، بەڵام ئەوەش پەیوەست بوو بەزیرەکی و تواناو لێھاتوویی فێرخوازەوە، کە لە فەقێیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازی ھەبوو، بۆ وێنە فەقێی وا ھەبووە، زۆر زیرەک بووەو توانیویەتی بە ماوەی (٨) ساڵ خوێندن ئیجازەی مەلایەتیی وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا فەقێ ھەبووە دوای (٢٠) ساڵ خوێندن بە شایەنی ئەوە نەزانراوە کە ئیجازەی مەلایەتی پێبدرێ.(٢٣)
سەبارەت بەسەرچاوەی بژێوی فەقێ و مەلاکان لە شاری سلێمانی، دەکرێـت بوترێت، لەبەرئەوەی حوجرەی مزگەوت وەکو قوتابخانە و مەڵبەندێکی گرنگی خوێندن لەکوردستاندا بە بەشێک لەدام و دەزگای بەڕێوەبردن و حوکمڕانی دەوڵەت تەماشا نەدەکرا، بۆیە کەس لەباری ئابووریی و ژیانی فەقێ و مەلاکان خۆی بە بەرپرس نەزانیوە، ھەرچەندە لەسەردەمی میرنشنی باباندا بەشی ھەرە زۆری خەرجی مزگەوت و حوجرە و ناوەندە ئایینییەکان و بژێوی فەقێ و مەلاکان لەئەستۆی میرانی باباندا بوو، بەڵام دوای ڕووخانی میرنشینی بابان، لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی عوسمانی ئەرکی بژێوی و گوزەرانی فەقێ و مەلا کەوتە ئەستۆی خەڵکی گەڕەک، بەجۆرێک ھەر گەڕەکێک بژێوی خوێندنی فەقێو مەلای مزگەوتی خۆیان لەسەر بوو(٢٤)، گرنگترین سەرچاوەکانی بژێوی فەقێ لە شاری سلێمانی بریتیبوون لە (ڕاتبە، دەقنە، جومعانە، وەقف)(٢٥). لە شاری سلێمانی جگەلەوەی حوجرە و مەدرەسەی مزگەوتەکان ھەبوون، جێگایەکی تریش ھەبوو، کە فێرخواز ڕووی تێدەکرد بۆ خوێندنی ئایینی، ئەویش بریتی بوو لە (پەمانگای ئیسلامیی سلێمانی).پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی لە ساڵی١٩٦٧ لەلایەن (شێخ محەمەدی شێخ عومەری قەرەداغی) لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانی دا دامەزراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٣دا بینای ئەم پەیمانگایە بۆ گەڕەکی قالاوە گواستراوەتەوە و لەسەر وەزارەتی ئەوقافیش نەماوەو چووەتە سەر وەزارەتی پەروەردە(٢٦)، دامەزراندنی ئەم پەیمانگایەش لەدوای ئەوەوە ھات، کە لە ھەندێک مزگەوتی شاری سلێمانی و شارەکانی ھەڵەبجە و پێنجوێن و ڕانیە و قەڵادزێ، حوجرەو خوێندنگە ئایینییەکان ھەموویان لە شاری سلێمانی یەکخران(٢٧)، بینای ئەم پەیمانگایە لە(٨) ژوور پێکھاتبوو، ھەروەھا بەشێکی ناوخۆییشی تێدا بوو، بۆ مانەوەی ئەو فەقێ و فێرخوازانەی کە خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانی بوون(٢٨)، خوێندن لەم پەیمانگەیەدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی بوو، پڕۆگرامەکەشی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی بەغدادەوە دادەنرا و، ماوەی خوێندن تێیدا (١٢) ساڵ بوو، واتە لە قۆناغی (١-١٢)ی ھەبوو، فێرخواز لە قۆناغی (١-٦)، واتە شەش ساڵی یەکەمی لەقۆناغی سەرەتایی دەیخوێند، دوای ئەوەش شەش ساڵی دووەمی دەستیپێدەکرد کە قۆناغی ناوەندیی و ئاماددەیی بوو(٢٩)، بەڵام لە ساڵی١٩٧٢دا قۆناغەکانی خوێندن لەم پەیمانگایە گۆڕا، قۆناغی سەرەتایی لە (١-٦) بوو، قۆناغی ناوەندیی و ئاماددەییش کرا بە (٨) قۆناغ، بەڵام جارێکی تر لە ساڵی١٩٧٣دا کرایەوە بە (٦) قۆناغ و ئیتر گۆڕانی بەسەردا نەھات(٣٠)، لەماوەی ساڵانی١٩٧٠-١٩٧٤ سێ کەس بەڕێوەبەری ئەم پەیمانگایە بوون (شێخ محەمەد قەرداغی ١٩٧٠-١٩٧٢)، (د.خالیدی مەلا محەمەدی مەڵکەندی ١٩٧٢-١٩٧٣)، (مامۆستا عەبدولرەحمان سەلیم قەرەداغی ١٩٧٣- دواتر .(٣١)
شێوازی وانە خوێندن لەم پەیمانگەیەدا بەو شێوەیە بوو، کە ھەر وانەیەک دووجار لەھەفتەیەکدا دەخوێندراو، کاتی ھەر وانەیەکیش (٤٥) خولەک بوو، گرنگترین وانەکانیش بریتیبوون لە (فقه المواريث، اصول الفقه، تفسير القران الكريم، الحديث النبوي، تاريخ التشريع الاسلامي، فقه السيرة، النحو والصرف، المنطق، علم الكلام (العقائد الاسلامية، البلاغة، التعبير والاخلاق،(٣٢) خطابة، مينهاج الامام النووي، علوم الحديث، الباعث الحفيث ،…ھتد)، ھەفتانە بەڕێوبەری پەیمانگەکە ھەموو فەقێکانی کۆدەکردەوەو لەسەر سەربانی مزگەوتی گەورە، دەبوو ھەر یەکێک لە فەقێکان بابەتێک ئامادە بکەن و بەشێوەی وتار پێشکەشی مامۆستاو فەقێکانی تری بکات(٣٣)، گرنگترین ئەو مامۆستایانەی، کە لەم پەیمانگەیەدا وانەیان دەوتەوە مامۆستیان (مەلا محەمەدی قەرەداغی- بەڕێوەبەری پەیمانگا، مامۆستا عەبدوڵڵای خاڵ، مامۆستا عەبدوڵڵای خەیاڵ، مامۆستا غەفور مەجید، مەلا جەلالی مەلا عارفی پێنجوێنی، مامۆستا عەبدولرەحمان قەرەداغی(٣٤)، مەلا عەبدوڵڵای چروستانی، مەلا رەحیمی پەرخی، شێخ محەمەد جەلال قەرەداغی، شێخ محەمەدی شێخ خالید، مەلا حسێنی دەشتێوی، مەلا ئەبوبەکری وەجاخی، مەلا سەعیدی بەکرەجۆ،…ھتد.(٣٥)
سەبارەت بە پێشکەوتوویی و ئاستبەرزی خوێندنی حوجرەو پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی، دەکرێت بوترێت، ھەرچەندە لە ڕووی ئەکادیمی و شێوازی نوێوە خوێندنی پەیمانگای ئیسلامیی باشترو پێشکەوتووتر بوو، کە لەسەر شێوازی خوێندنی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە بوو، ڕۆژانە (٥-٦) وانەی جیاواز دەخوێندرا، بەڵام لە ڕووی شۆڕبوونەوەی مامۆستاو فێرخواز بۆ ناوەڕۆکی بابەتە زانستییەکان و گفتوگۆ و لێکدانەوە و تاوتوێکردنی تێرو تەسەلی وانەکان، خوێندنی حوجرەی مزگەوت پێشکەوتووتر بوو، چونکە لە خوێندنی حوجرەی مزگەوتدا، مامۆستا وانەی بە دوو، یان سێ فەقێ دەوت، تاوەکو بە باشی لە بابەتەکان نەگەیشتنایە، وازی لێنەدەھێنان و دەستبەرداریان نەدەبوو، بەڵام لە خوێندنی پەیمانگای ئیسلامیدا بەمشێویە نەبوو(٣٦)، جێگەی سەرنجە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٤ دا لەم پەیمانگایەدا جگەلە فێرخوازی کوڕ، ھیچ فێرخوازێکی کچی تێدا نەبووە، تاوەکو ساڵانی١٩٨٠بەدواوە ئینجا قوتابی کچ لەم پەیمانگەیە وەرگیراوە و خوێندویەتی.(٣٧) سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری١٩٧٠-١٩٧٤ لەسەر ڕەوشی خوێندنی ئایینی لە شاری سلێمانی، دەکرێت بوترێـت، ڕەوشی خوێندنی ئاینیش وەک ھەر لایەنێکی دیکە لە کاریگەری و ڕێکەوتننامەی١١ی ئازار بێبەش نەبووە(٣٨ )، لەم کاتەدا سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد بارزانی بایەخی زۆری بەزانای ئایینی دەداو ڕێزی زۆری لێدەگرتن، بۆیە فەرمانیدا کە (یەکێتی زانایانی ئایینی) و ڕێکخراوێک بەناوی (یەکێتیی فەقێ) دابمەزرێت، ھەر لەسەر داوای ناوبراو لە ساڵی١٩٧١ دوو خولی تاقیکردنەوە بۆ فەقێکانی دەرچووی حوجرەی مزگەوتەکان کرا، بۆئەوەی ئەو کەسانەی کە بڕوانامەی دوانزەی مەلایەتی نەبوو، بتوانێت بڕوانامەی پەیمانگای ئایینی بە دەستبھێنێت، ھەروەھا موچەکەی ھەموار بکرێتەوەو بژێوی ژیانیشی بەرەو باشتر بڕوات(٣٩)، بەمەش ڕێکەوتننامەی ئازار جموجۆڵێکی بەرچاوی دا بەخوێندنی ئایینی، فێرخوازەکان بەگەشبینییەوە دەیانڕوانیە داھاتووی خۆیان و زیاتر خولیای خوێندن و خۆ ڕۆشنبیرکردنیان تێدا بەرجەستە دەبوو، بەنیازی ئاسۆیەکی ڕوونبوون، کە بتوانن خوێندنی باڵاش تەواو بکەن، جگە لەوەش دەرگا کرایەوە بۆ فێرخوازانی پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی، کەدوای دەرچوون لە پەیمانگە بچنە (کۆلێژی خوێندنی ئیسلامیی) لە بەغداد، یاخود (کۆلێژی ئیمام ئەعزەم) کە ئەویش ھەر لە بەغداد بوو، درێژە بەخوێندن بدەن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە فێرخوازان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن، تەنانەت لە تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریۆسی ساڵی خوێندنی (١٩٧٠-١٩٧١) پلەی یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی ئێراق لە پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانیدا بوون، کە ئەوانیش فێرخوازان (د.عەلی محێدین قەرەداغی-سەرۆکی ئێستای یەکێتی زانایانی ئیسلامیی جیھان و مەحمود ئەحمەد محەمەد(مەلا مەحمودی گەڵاڵەیی)بوون.(٤٠)
ھەر لە دوای ڕێکكەوتننامەی ئازارەوە بەشی ناوخۆیی بۆ فەقێکان و فێرخوازانی دەرەوەی شاری پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی کرایەوە و، تەنانەت ھەندێ دەرماڵە دەدرانە فەقێکان و خواردنی سێ ژەمەیان بۆ دابین دەکراو، چاودێریی تەندروستیشیان بێ بەرامبەر بوو، جگەلەوەش بڕوانامەکانی خوێندنی ئایینی یەکسانکران بە قۆناغەکانی خوێندنی فەرمیی و چەندین ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزانستە ئایینییەکاندا بە وانەبێژی پەیمانگا ئیسلامییەکان دامەزران، ئەمانەش وایانکرد، کە خوێندنی ئایینی لە پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی بەرەوپێشبچێت و ئەکادیمیانەتر بێت، دەتوانرێت بوترێت پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی نموونەی ھەرەجوانی پێشکەوتووی سەرجەم پەیمانگا ئیسلامییەکانی عێراق بوو، کەفەقێ و فێرخوازەکانی توانییان خوێندنی زانکۆ و باڵا تەواو بکەن و ڕۆڵی کارایان لە خزمەتکردنی بواری پەروەردەو خوێندندا ھەبێت(.(٤١) لە ڕووی جموجۆڵی سیاسییەوە ھەندێک لە فەقێ یان فێرخوازەکانی ناو پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی ھەڵگری بیروباوەڕی مارکسی بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە نھێنیی لە ساڵی ١٩٧٠دا دامەزرا، چالاکیی و ڕێکخستنی سیاسیان لە ناودامودەزگاکانی شاری سلێمانیدا ئەنجامدەدا، بۆیە ئەم بیرە پەرەی سەند و، ھەندێک لە فێرخوازەکانی ئەم پەیمانگایەشی گرتبۆوە(٤٢)، بەڵام بەشی ھەرە زۆری فەقێکان لە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوون، بەشێکی کەمیشیان سەر بە گروپی ئیخوان ئەلموسلیمون بوون، لە ڕێگەی ئەم گروپەوە فەقێکان بەزۆرێک لە کتێبەکانی ئیسلامیی سیاسیی ئاشنابوون، تەنانەت ئیخوان ئەلموسلیمون لە شەقامی کاوە کتێبخانەیەکیان کردەوە، کە زۆربەی کتێبەکانی کتێبی ئیسلامیی سیاسیی بوون.(٤٣)
ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتننامەی ١١ ی ئازار لەسەر خوێندنی حوجرەی مزگەوت، بە پێچەوانەی خوێندنی ئایینی بوو لە پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی، چونکە ئەم پەیمانگایە سەر بەوەزارەتی ئەوقاف بوو، بۆیە لەلایەن حکومەتەوە سەرپەرشتیی دەکراو گرنگیی پێدەدرا، دواتریش گوازرایەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردە و بەرەو پێشکەوتوویی ھەنگاوی نا، بەڵام حوجرەی مزگەوت لەبەرئەوەی حکومەت خۆی بە بەرپرس نەدەزانی، بۆیە حوجرە جۆرێک لەسەربەخۆیی خۆی ھەبوو، پشتی بە حکومەت و ھیچ لایەنێک نەدەبەست، چونکە تەنھا خەڵکی گەڕەکی ئەو مزگەوتەی کە حوجرەکەی تێدا بوو، ھاوکاری فەقێ و مامۆستاکانیان دەکرد و سەرچاوەکانی بژێوی و گوزەران و پێداویستی خوێندنیان بۆ دابین دەکردن، بۆیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ڕێکەوتننامەی ئازار کەمتر ڕەنگدانەوەی لەسەر خوێندنی حوجرەی مزگەوت ھەبوو.(٤٤)
پێویستە ئەوەش بزانین کە خوێندنی حوجرەی مزگەوت لە شاری سلێمانی ساڵ بەساڵ بەرە و لاوازی و کزی ڕۆیشتووە، دیارە ئەمەش چەند ھۆکارێکی لەپشتەوە بوو، کە ڕیشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەرھەڵدانی جەنگی یەکەمی جیھانی(١٩١٤-١٩١٨) و ھاتنی ئینگلیز بۆ شاری سلێمانی، کە چەند ھەنگاوێکیان گرتەبەر بۆ کەمکردنەوەی پلەوپایەی زانایانی ئایینی و ھەروەھا گرنگیدان بەکردنەوەی خوێندنی فەرمیی لە شاری سلێمانی، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەیەک پەروەردە بکەن کە پەیوەندیی بە خوێندنی ئایینی و حوجرەی مەزگەوتەکانەوە لاوازبێت، ھەروەھا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیزەکاندا (١٩١٨-١٩٢١) لە شاری سلێمانی دا موچەیەکی کەم ھەبوو بۆ مەلاو مامۆستایانی ئایینی، دواتریش لە دوای دروستبوونی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراق (١٩٢١-١٩٥) زۆر لە مەلایانی مزگەوت بە موچەیەکی زۆر کەم بوونە قازی و وەکیلی قازی لەشاردا، لەلایەکی تریشەوە، سەرھەڵدانی گرانی، ڕەنگدانەوەی خراپی ھەبوو لەسەر خوێندنی حوجرە، چونکە زۆرجار فەقێ یان مەلاو مودەریس لەبەر باری خراپی ئابووریی خۆیان وازیان لە خوێندن ھێناوە و کەوتونەتە ڕەنجدان بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و ماڵو منداڵیان، ھەر لەماوەی دەسەڵاتی پاشایەتیشدا بەتایبەتی لەساڵانی پەنجاکاندا خوێندنی حوجرە بەرەو لاوازی ڕۆیشت، ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی قوتابخانە فەرمییەکان، کە بەجێگرەوەی قوتابخانە ئاینییەکان دادەنران، لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزری ١٩٥٨یش چەند خولێکی پەروەردەیی بۆ موستەعیدەکان کرانەوە، کە دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک زۆربەیان کرانە مامۆستای قوتابخانە سەرەتاییەکان، بەم ھەنگاوەش ژمارەیەکی زۆر لە فەقێ و مەلا لەخوێندنی ئایینی دوورکەوتنەوەو بوونە موچەخۆری حکومەت، بەمەش ڕژێمی ئێراق گورزێکی گەورەی لە خوێندنی ئایینی وەشاند، بەجۆرێک کە لە دوای ساڵی١٩٥٨ەوە فەقێ لە شارو لادێکان زۆر کەمبوونەوە و بەرەو نەمان چوون و ھەمووی ڕووی دەکردە قوتابخانەی فەرمیی، جگەلەوەش نەمانی حەز و ئارەز و بۆ خوێندنی ئایینی دوای دروستبوون و گەشەکردنی خوێندنی فەرمیی، ھەروەھا نەمانی حەزو ویست بۆ خوێندن، واتە خوێندن لەپێناوی زانستو فێربووندا نەبوو، بەڵکو خەڵکی بۆ مەبەستی بەدەستھێنانی بڕوانامە و دامەزراندن دەیخوێند و ئامانجی ژیانو گوزەران بوو زیاتر(٤٥)، لە ھەمووشی گرنگتر کردنەوەی پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی بوو لە ساڵی ١٩٦٧، کە زۆربەی ھەرە زۆری حوجرە و مەدرەسەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی پێچرانەوە و لەو پەیمانگایەدا کرانە یەک، ئەمەش کاریگەری زۆر گەورەی ھەبوو لەسەر خوێندنی ئایینی لە شاری سلێمانی، بەجۆرێک فەقێو مامۆستایەکی زۆر چوونە ناو ئەم پەیمانگایە و تاڕادەیەکی بەرچاو حوجرەو مزگەوتەکان چۆڵکران(٤٦)، ھەموو ئەم ھۆکارانەی سەرەوە پێکەوە ڕۆڵیان ھەبوو لە لاوازکردنی خوێندنی ئایینی لە شاری سلێمانی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەبوونە ھۆی لەناوبردن و کۆتایی پێھێنانی حوجرەی مزگەوتەکان، چونکە لەماوەی ساڵانی١٩٧٠-١٩٧٤واتە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا نزیکەی (٧٠) مزگەوت ھەبوو لە شاری سلێمانی کە حوجرەیان تێدابوو(٤٧)، بەلایەنی کەمەوە لەھەر حوجرەیەکدا (٤-٥) فەقێ ھەبوو کۆی ھەموویان نزیکەی (١٥٠) فەقێ بووە، کە زۆربەی فەقێکانیش بەفەرمیی فێرخوازی پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی بوون.(٤٨)