“پێشەکى”
هەر لە کۆنەوە، زانست بزوێنەری سەرەکی گەشەسەندنی کۆمەڵگا مرۆییەکان بووە، بەو پێیەی زانست و تەکنەلۆجیا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و دابینکردنی پێداویستییە زیادبووەکانیان. لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە کە بناغەکانی زانستیان دانا تا شۆڕشە تەکنۆلۆجییەکانی سەردەمی مۆدێرن، مەعریفەی زانستی بەردەوامییەکی داهێنان و خوڵقاندنى پێکهێناوە. لەم بابەتەدا گەشتێک بە گەشەسەندنی زانستدا دەکەین بە درێژایی سەردەمەکان، تیشک دەخەینە سەر گرنگترین بەشدارییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
1. زانست لە شارستانییەتە کۆنەکاندا:-
أ. میسری کۆن؛ میسری کۆن بە یەکێک لەو شارستانییەتە دیارانە دادەنرێت کە میراتێکی زانستی گەورەی بەجێهێشتووە بۆ مرۆڤایەتى. میسرییە کۆنەکان بە بیر و ئەندێشەى هەزاران ساڵى لەمەوبەریانەوە توانیان داهێنانێک بۆ مرۆڤایەتى بونیاد بنێن کە ڕەنگە لە مەعریفەى زانستیى مۆدێرندا پشتى پێ ببەسترێت و وەک بناغەى پێشکەوتنە زانستییەکان دابنرێت. بۆ نمونە، لەبوارى “پزیشکى”دا ئەوان نزیکەى ١٥٠٠ ساڵ پێش زایین (بردیة ایبرس Ebers Papyrus) پاپیرۆسى ئیبەرسیان داهێنا کە بۆ ئێستا ڕەچەتەى پزیشکیى بەڵگەدار دەکات. ئەم داهێنانە بەناوى زاناى شوێنەوارناسى ئەڵمانییەوە (ئیبەرس) ناونرا کە ساڵى ١٨٧٣ لەکاتى کنەو پشکنیندا دۆزییەوە. ئەو بەڵگە پزیشکییە لە نزیکەى ٢٠ مەتر پێکدێت کە تیایدا زیاتر لە ٧٠٠ چارەسەرى نەخۆشى جۆراوجۆرى تیادا تۆمار کراوە.
جگە لە گرنگییە مێژووییەکەى کە بۆ زانستى پزیشکى ئێستاش سوود لێ وەرگیراوە و بەشێکە لە مێژووى شارستانیەتى مرۆڤایەتى، بۆ کاتى خۆى کاریگەرى لەسەر شارستانییەتەکانى تریش بەجێهێشتووە. سەرچاوەیەکى باشى شارستانییەتەکانى یۆنان و گریک بووە کە بۆ زانستى پزیشکییان لەدواتردا سوودیان لێ وەرگرتووە. وەک نمونە لەیەکێک لە چارەسەرە ئاماژە پێکراوەکانى ناو ئەو پاپیرۆسەدا، ڕێگاى پزیشکى بۆ ڕێگرتن لەمنداڵبوونى لەلاى ژنان دیاریکردووە. کە بریتییە لە: تێکەڵکردنى خورما، ئەکاسیا و هەنگوین و پاشان ڕاخستنى لەسەر پارچە خورییەک و دواتر هەڵگرتنى بەشێوەى (تەحامیل). ئەمە جگە لە دۆزینەوەو دیاریکردنى دەیان چارەسەرى تر بۆ نەخۆشییەکانى مرۆڤایەتى. جگە لە بوارى پزیشکى، میسرییەکان لەبوارى ئەندازیارییشدا شوێن دەستیان لەشارستانییەتى مرۆڤایەتیدا ون نییە. ئەوان لە دیزاینکردن و درووستکردنی هەرەمەکاندا سەرکەوتوو بوون بە بەکارهێنانی ئەندازەیەکى ورد، جگە لە بەکارهێنانی فەلەکناسی بۆ دیاریکردنی وەرزەکانی کشتوکاڵ و ئاهەنگگێڕان.
ب. میزۆپۆتامیا؛ میزوپۆتامیا بە لانکى شارستانیەتى مرۆڤایەتى دادەنرێت. ئەم شارستانییەتە کە دەگەرێتەوە بۆ نزیکى ٣٥٠٠ ساڵى پێش زایین خاوەنى کۆمەلێک دەستکەوتى، زانستى، مێژوویى، ئەندازیاری و شارستانییە. لێرەوە یەکەم شار بوونیاد نراوە و یەکەم سیستەمەکانى حوکمڕانیش ڕێکخراوە. مەڵبەندى گواستنەوەى هۆشمەندیى بووە بۆ سەرانسەرى جیهان. شارستانییەتى میزۆپۆتامیا لەشارستانییەتەکانى هەر یەک لە (سۆمەرى، ئەکەدى، بابلى و ئاشوورییەکان) پێکدێت. لە میزۆپۆتامیادا یەکەم نیشانەکانی نووسین و ڕێکخستنی زانستی دەرکەوت. بۆ نمونە: نووسینی مێخی یارمەتی کۆدکردنی زانست و هۆشمەندى دا، ئەمەش گواستنەوەکەی لە نێوان نەوەکاندا خستە ئاستێکى بەرزەوە. لەبوارى زانستى (بیرکارى)دا شارستانیەتى میزۆپۆتامیا خاوەنى داهێنانى سیستەمی (شەستى)یە، کە تا ئێستاش بۆ پێوانەکردنی کات و گۆشە بەکاردێت. هەر ئەوان، یەکەم بناغەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هەسارەکان و جوڵەی ئەستێرەکان دانا.
ج. شارستانییەتی یۆنانی؛ یۆنان میراتێکی دەوڵەمەندی زانستی و فەلسەفی بەرهەمهێناوە. شارستانییەتى یۆنانیى کۆن کە نزیکەى (یەک هەزار ساڵ ١٢٠٠ پ.ز-١٤٦ پ.ز) بەردەوامى هەبووە، دەتوانێت شانازى بەوەوە بکات کە لەکۆنترین شارستانییەتەکانى مرۆڤایەتییە و کاریگەریى دیارى لەپەرەپێدانى مرۆڤایەتیدا هەبووە. تا ئێستاش ئەو بیرکردنەوە زانستى و توێژینەوە فەلسەفییانەى کە بەرهەمى بیرى فەیلەسوفانى وەک (ئەرستۆ) و (ئەفلاتون)ن، بناغەى فەلەسەفە و زانستیین.
(ئیکلیدس، ئەرخەمیدس و فیساگۆرس) نمونەى ئەو زانایەن کە بەشدارییان لە بنیاتنانی ئەندازە و ئەندازیاری و تیۆرى بەناوبانگى (سێگۆشە)دا کردوە.
٢- سەردەمی زێڕینی زانست لە شارستانیەتی ئیسلامیدا:-
لە ماوەی سەدەی هەشتەم تا سێزدەیەمی زایینی، زانست لە جیهانی ئیسلامیدا گەشەی کرد، بەو پێیەی زانایانی موسڵمان پێشەنگ بوون لە بوارە جیاجیاکاندا. لەم ڕوەوە نمونەى ئەو (ماڵى دانایى-بیت الحکمة)یەى کە لەسەردەمى خەلافەتى عەباسیدا لەسەدەى هەشتەمى زایینى لەسەر دەستى خەلیفە (هارون ڕەشید) دامەزرا و لەسەردەمى (خەلیفە مەئمون)ى کوڕیدا گەیشتە ترۆپکى گەشەکردن، بەناوەند و دامەزراوەیەکى زانستى و مەعریفى گەورە لە مێژووى ئیسلامى و جیهانیدا دادەنرێت. لەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەدا زانایان کتێبی یۆنانی و هیندی و فارسییان وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی و زانایانى وەک: (ابن الهیثم، بناغەکانی بینایی لە کتێبی “المناظر”دا داناوە، کە تێیدا میکانیزمی کارکردنی چاو و یاساکانی ڕەنگدانەوەی و شکاندنی ڕوون کردووەتەوە)، (خەوارزمى، زانستى جەبرى دامەزراندووە و پەرەی بە لۆگاریتم داوە، کە بنەماکانی بیرکاری مۆدێرنن)، (ابن سینا، ئینسایکلۆپیدیست بووە لە بواری پزیشکی و فەلسەفەدا و کتێبی “القانون فی الطب” بۆ چەندین سەدە وەک ئاماژەیەکی جیهانی ماوەتەوە)، (البیرونى، بەشداری لە لێکۆڵینەوەى فەلەکناسی و جوگرافیادا کردووە و تیۆری وردی سەبارەت بە خولانەوەی زەوی پەرەپێداوە). بەدەر لەم دەستکەوتە زانستییانە، ئەم ناوەندە هۆشمەندییە بازنەیەکى پەیوەستبوون بووە لەنێوان هۆشمەندیى کۆن و ڕێنیسانسى ئەوروپیدا. بەو پێیەى لەڕێگاى ئەندەلوس و سەقلییەوە وەرگێڕان و زانستەکانى جیهانى ئیسلامى بۆ ئەوروپا گواستراوەتەوە.
3. ڕێنێسانس و شۆڕشی پیشەسازى:-
أ. ڕێنێسانس کە لەنێوان سەدەى چواردەیەم بۆ حەڤدەیەمى زانستیدا بووە، بەیەکێک لە کاریگەرترین ڕووداوەکانى جیهان دادەنرێت بۆ زیندووکردنەوە و گۆڕانکارى لە بیر و زانست و فەلسەفە و هۆشمەندیى مرۆڤایەتیدا. ئەم شۆڕشە زانستییە لە ئیتالیاوە سەرچاوەى گرت و بەهەموو ئەوروپادا پەخش بوو.
گەشەکردن و پەرەسەندنى زانست و هۆشمەندى لەم سەردەمەدا ڕوون دەرکەوت. چیتر پشتبەستنەکان بە زانستى کۆن و ئاسایى وەلا خرا و گۆڕانکارى و داهێنانى گەورە لەزانستدا بەرهەم هات. لەنمونەى: تیۆرى خڕێتى زەوى و سوڕانەوەى بەدەورى خۆردا لەلایەن (کۆپەرنیکۆس و گالیلۆ) کە ئەمەى دواییان داهێنەرى (تەلەسکۆب)یشە و شۆڕشى گەورەى لە فەلەکناسیدا کرد. (ئەندریاس فیسالیۆس) گەشەى بە زانستى پزیشکى و توێکارى دا. (ئیسحاق نیوتن)یش یاساکانی جوڵە و کێشکردنی دامەزراند، کە بوونە بەردی بناغەی فیزیای کلاسیکی. ئەم گۆڕانکارى و گەشەکردنانە لەپاڵ دەیان تیۆریاى و داهێنانى ترى ئەندازیارى و فەلسەفى و هونەریدا بەشدارى لە بونیادنان و پەرەپێدانى زانستدا کرد لە ئەوروپا و گواستنەوەى بۆ لایەکى ترى جیهانیش. دەتوانرێت بووترێت، سەرەڕاى ئەوەى لە ڕێنیسانسدا بیر و داهێنانى نوێ و خۆدوورخستنەوەى لە دەقە زانستییەکانى چاخى کۆن کرابوو بە پێوەرى گەشەکردن، بەڵام بنەماکانى زانستى کۆن و شارستانییەتە کۆنەکان بەشێک بوون لە پایەى ئەم گەشەسەندنانە.
ب. شۆڕشی پیشەسازی لەسەدەى هەژدەیەم و نۆزدەیەمى زایینیدا لە بەریتانیاوە دەستى پێکرد و بە دنیادا بڵاوبوەوە. ئەم شۆڕشە گۆڕانکارییەکى ڕیشەیى لەشێوازەکانى بەرهەمهێنان و گەشەدان بە پیشەسازى و دروستکراوە زانستییەکان دا. شۆڕشى پیشەسازى دەتوانین بڵیین بە دوو قۆناغى سەرەکى ئەنجامدرا:-
–شۆڕشى پیشەسازیى یەکەم ((1760-1840 کە چاو خرابووە سەر پیشەسازیى خەڵوز، چنین و ئاسن. هەروەها، بەکارهێنانى وزە میکانیکییەکان لەڕێگاى ئامێرە هەڵمییەکانەوە.
–شۆڕشى پیشەسازیى دووەم (1870-1914) کە تیایدا کارەبا و پێترۆل وەک ئامرازى وزە دەرکەوتن، پیشەسازییە کیمیایى و ئەندازەییەکان گەشەیان پێدرا و تەلەگراف و تەلەفۆن و ئۆتۆمبێلیش داهێنران.
ئەوەش دەوترێت، کە ئەم شۆڕشە پیشەسازییە-زانستییە سەرەڕاى دەستکەوتە بە بایەخەکانى بۆ مرۆڤایەتى لەنمونەى ئەوەى کە بناغەى بۆ چەرخى نوێگەرى و تەکنەلۆجیا دانا و دەرگاى بەڕووى دۆزینەوە و داهێنانە زانستییەکانى سەدەکانى دواتردا کردەوە، بەڵام کاریگەرى نەرێنیشى لەسەر ژینگە و دروستکردنى جیاوازى چینایەتى نێوان کۆمەڵگا پیشەسازییەکان و ناپیشەسازییەکاندا درووستکرد.
4. سەردەمی مۆدێرن، شۆڕشی تەکنەلۆجی:-
قۆناغ و سەردەمێکى گەورەى گۆڕانکارییە لە ژیانى مرۆڤایەتیدا. لەکۆتاییەکانى سەدەى بیستەمەوە سەر هەڵدەدات و لە سەدەى بیست و یەکەمدا زیاتر پەرە دەسێنێ. بەدرێژکراوەى شۆڕشەکانى پیشەسازى و داهێنانە کۆنەکان دادەنرێت و هەتا بێت پەرە دەسێنێ و ژیانى مرۆڤایەتى و سەر گۆى زەوى دەباتە قۆناغى نوێترەوە. بەخێرایى ئاماژە بە داهێنانەکانى نیکۆلا تێسلا و تۆماس ئەدیسۆن دەدەین کە بەشدارییەکی نایابیان لە پەرەپێدانی سیستەمی کارەبادا کرد و بنەمای ژێرخانی مۆدێرنیان پێکهێنا.
هەروەها لە شۆڕشى دیجیتاڵیدا (ئالان تورینگ) یەکەم کۆمپیوتەری دیزاین کردووە و بناغەی زیرەکی دەستکردی داناوە. لەپاڵ ئەوانەدا، ئەمڕۆ ئەوە لەبەرچاوە کە ئینتەرنێت شۆڕشێکی گەورەی لە پەیوەندی جیهانیدا کردوە و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی کرد بە شێوەیەکى یەکاویەک. ئەمە جگە لە بەکارهێنانە تەکنەلۆجییەکان بۆ بوارى پزیشکى و پەرەپێدانی (MRI) و نەشتەرگەری ڕۆبۆتى و دەستکەوتەکانى (زیرەکى دەستکرد) و بەکارهێنانی لە ئۆتۆمبێلی خۆ لێخوڕین و شیکاری داتاکان. هەموو ئەو پێشکەوتنە زانستى و شۆڕشە تەکنەلۆجى و دیجیتاڵییانە مرۆڤایەتییان بردوەتە قۆناغێکى نوێ. ئەتوانین ئەوەش بێژین کە شۆڕشى تەکنەلۆجى تەنها قۆناغێک نییە لە گشەسەندن، بەڵکو پرۆسەیەکى بەردەوامە و بە ڕێگایەک ژیانمان پێکدەهێنێتەوە کە پێشتر خەیاڵمان بۆى نەچووە.
“کۆتایى”
زۆرێک لەو بناغانەی کە ئەم شارستانییەتانە لە بیرکاری و پزیشکى و ئەندازیاریدا دایانناوە، بە درێژایی سەدەکان وەرگیراون و پەرەیان پێدراوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بوونیاتنانی ئەو بناغانەی کە تەکنەلۆجیای مۆدێرن وەک کۆمپیوتەر، ئەندازیاری، پزیشکی پشتی پێدەبەسترێت. بۆ نموونە ئەو سیستەمە ژمارەییەی کە لە لایەن بابلییەکان و هیندۆسەکانەوە پەرەی پێدراوە، بنەمای کۆمپیوتەری سەردەمی مۆدێرن بووە. ئەو بناغە ئەندازەییانەی کە میسری و یۆنانیەکان پەرەیان پێداوە، تا ئێستاش لە دیزاینی ئامێر و بیناکاندا بەکاردەهێنرێن. دەگەین ئەوەى بێژین: بەپێى فەلسەفەى مێژوو کە وردبوونەوە و سوود وەرگرتن لە ئەزموونى ڕابردوو بۆ جێبەجێکردنى لە ئێستادا گرنگە و لەپێناو پێشبینى و داهێنانى ئاییندەشدا گرنگترە. کە، ئەم فەلسەفەیە لە گەشەکردنى زانست و تەکنەلۆجیا لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ و دواتریش بۆ سبەینێ بەرجەستە بووە.
بەڕاى ئێوە ئاڵەنگارى و مەترسییەکانى ئەم شۆڕشە تەکنەلۆجییە بەردەوامە لەسەر مرۆڤایەتى چییە؟
سەرچاوە؛
١-بکر محمد ابراهیم: موسوعة تاريخ الحضارات القديمة، مرکز الرایة للنشر و الاعلام، ٢٠٠٤.
٢-الدکتور هاشم عبود الموسوي: موسوعة الحضارات القدیمة، دار الحامد للنشر و التوزيع، الطبعة الاولى، ٢٠١٣.
٣-د.کەمال مەزهەر: ڕێنیسانس، وەرگێڕانى: فوئاد مەجید میسرى، چاپى سێیەم، ٢٠٠٦.
٤-المسیو شارل سنیوبوس: تاریخ حضارات العالم، ترجمة: محمد کرد على، الطبعة الاولى، ٢٠١٢.
٥-د.بلواسع ناصر: مستقبل الانسان و الحضارة فی عصر التکنولوجیا، مجلة الحکمة للدراسات الفلسفیة، المجلد ١٢، العدد ٠٢(٢٠٢٤).
٦-BBC History of Science
٧- الجزيرة نت- علوم وتكنولوجيا
٨- کۆمەڵێک وتار و سایتى ئەلیکترۆنى