“دۆستۆیڤسکی و مرۆڤ”
کارەکانی بە گوزارشتکردن و دەرخستنی ناخی مرۆڤ ناسراوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ هەستی بەرزی مرۆڤایەتی دۆستۆیڤسکی. تۆمەتبارکردنی “سۆنیا” بە دزینی سەد ڕوبڵێ سەر مێزەکە لەلایەن “یوجین”، قیژەی “کاترینا ئیڤانۆڤا” و خۆ دادانەوەی بەسەر کچەکەیدا و لە ئامێزگرتنی و وتەکانی، وشک هەڵاتنی سۆنیا وەکوو شێتێک! ئەم دیمەنانە زۆرجار منیان ڕاگرتووە. لە پڕ ڕوخساری سوور هەڵگەڕا و قریشکاندی. ڕووخساری لەنێو دەستەکانیدا شاردەوە. کە بەرەو کاترینا ئیڤانۆڤنا دەڕۆشت بەشێوەی پچڕ پچڕ دەیقیژاند و دای لە پڕمەی گریان. دەیگوڕاند و دەیوت: “نا، من نیم! من نەمبردووە” کاتریناش وەکوو ئەوەی منداڵێک ژیر بکاتەوە سنگی دەکات بە داڵدەیەک و بە توندی لە ئامێزی دەگرێت و هێوری دەکاتەوە: “سۆنیا! سۆنیا گیان! بڕوا بەمە ناکەم! تۆ دزی دەکەیت؟ دەبێت ئەوان زۆر گەمژە بن کە بڕوا بەم قۆڕیاتە دەکەن؟ دەبینی، دەبینی من بڕوا ناکەم؟ ئای خودایە!”
دۆستۆیڤسکی لێرەدا بە ڕوونی و بێ پەردە سەوڵی خۆی لەنێو ناخی مرۆڤەکاندا لێدەدات. سەر ڕاستانە گوزارشتەکانی لە قووڵایی ناخی مرۆڤەوە سەر دەردێنن و لە ئەدەبێکی باڵا کۆتایی پێ دێت. وا لە خوێنەر دەکات بە خۆی سەرسام بێت و وێنای کەسایەتییەکان بکات و تا قوڵایی ناخیان لەگەڵیاندا بڕوات، بەشێوەیەکی جوان دیمەنەکان و پۆشاک و هەستەکان لە خەیاڵی خۆیاندا داتاشن. ڕۆمانەکانی پڕن لە وێنەی مرۆڤ کە شایەن بە نووسینن. زیادەڕۆی ناکەم گەر بڵێم هەر وشەیەک کە نووسیوێتی ڕەنگدانەوەی ناخی مرۆڤە و هەر ئەمەشە وایکردووە بەرهەمەکانی لە لوتکەدا بن. خوێنەر پێش خوێندنەوەی هەر ڕۆمانێکی، دەبێت خۆی بۆ ئامادەبکات و خۆی کۆ بکاتەوە، تەنیا بە یەک پەڕە و دوو پەڕە لە بابەتەکانی تێناگات و پێویستە بچێتە دونیای نووسەر، خودان هەموو ئامرازەکانی نووسەر بێت و ئەندێشەیەکی دەوڵەمەند و قوڵ و فراوانی هەبێت. ئەوەی لە ئەدەبی ڕووسیدا ڕوویدا، تەنیا لە توانای دۆستۆیڤسکیدا بوو. کارێکی دژوارە دەروون و ویژدانی مرۆڤی مۆدێرن بجووڵێنیت.
دەتوانێت هەستەکانی خوێنەر بەخەبەر بهێنێت و خۆشەویستی پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکانی لای خوێنەر دروست بکات، بە تینەوە وەدووی کارەکتەرەکان بکەوێت و ئومێدی کۆتاییەکی جوانیان بۆ بخوازێت. لە هەندێک دیمەنیشدا ترسی لەدەستدانی کارەکتەرەکان لای خوێنەر دروست دەکات. کاتێک کارەکتەرەکان نەخۆش دەکەون، خوێنەر ئازار دەچێژێت و ئومێدی زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازێت. وامان لێدەکات خەم بۆ خەمەکانیان بخۆین، لەگەڵ کێشەو تەنانەت چیرۆکی خۆشەویستیشیان هاودڵ بین. کاتێک ئەوان لە ترۆپکی خۆشەویستیدان، تۆ بەختەوەر دەبیت. لەکاتی ناکۆکی و بە گژ داچوونەوەکاندا خەم بەرۆکت دەگرێت. کاتێکیش یەکێک لە پاڵەوانەکان کۆتاییەکەیان مردنە، دڵتەنگ دەبیت و دەگەڕێیتەوە سەر ئەو دیمەنانەی کە تیایدا زیندوو بووە و بە دڵێکی پڕەوە دیسانەوە دەیانخوێنیتەوە. کاتێکیش لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەبیتەوە، بیری تاک بە تاکی کارەکتەرەکان دەکەیت. لە “تاوان و سزا”دا خوێنەر خۆشەویستی بۆ ڕاسکۆلینکۆف دروست دەبێت و دژوارە بۆیان ڕێگە بدەن ڕەوانەی کەشی سارد و سەختی سیبیریا بکرێت. بەزەییان بە “پۆلیخیریا ئەلکساندرۆڤنا” دێتەوە. دڵخۆشیش بوون کاتێک “ڕازومیخین” لەگەڵ “ئاڤدۆتیا ڕۆمانۆڤنا” هاوسەرگیری کرد. بەلای شەیدایانی ئەدەب و دەرئەنجامە فەلسەفی و ئەدەبییەکان، هێشتا دووبارە بوونەوەی ناوی دۆستۆیڤسکی و نیچە، بابەتێکی جەوهەرییە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەردووکیان بە مەترسیدارترین زاناکانی ئەخڵاقی و کولتووری سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم دادەنرێن. ئەو دەم کاتی گەشەپێدانی زانستی مرۆڤایەتی و هونەری بوو، بەڵام بە هۆی دوو جەنگە جیهانییەکەوە بە سەرەتای داڕمانیش دادەنرێت، لەوانە: پاشەکشەکردنی هونەری کلاسیکی باو و دەرکەوتنی جووڵە ئەدەبی و هونەرییەکان.
بەرهەمەکانی هەر یەک لە نیچە و دۆستۆیڤسکی بە شێوەیەکی بەرچاو لەیەک دەچن و پرسیاری بنەڕەتی لەبارەی بوونی مرۆڤ دەخەنە ڕوو. هەردووکیان (بەتایبەت دۆستۆیڤسکی) خوێنەر بە پرسیاری بوون و گومان گەمارۆ دەدەن و دواتر بەبێ وەڵام لە سەرلێشێواویدا بەجێی دەهێڵن، لەگەڵ ئەمانەشدا، نیچە لە دۆستۆیڤسکی ڕوونترە. هەردووکیان دەرخەری ئەقڵی ئەو خەڵکانەن لە جیهانی خوارەوەن و لە کۆمەڵگە دابڕاون، یان بە هۆی ئەو دۆخەی بینیوویانە ناتوانن ئاشتەوایی ڕابگەیەنن. هەردووکیان تەقەڵای ئەوە دەدەن هەقیقەتێک بخولقێنن، جیا لەو هەقیقەتەی پێشتر لە ئەقڵەکانماندا چێنراوە. لەوەیە دۆستۆیڤسکی بەشێوەیەکی ڕوون پڕۆژەکەی خۆی بەنەفرەت نەکردبێـت، بەڵام نیچە زۆر بە ڕوونی دەڵێت زەردەشت بۆ جەرگەی بەهاکان گەڕاوەتەوە. نیچە، لە یەکێک لە کتێبەکانی بە ناوی “ئاوابوونی بتەکان” ئاماژەی بە دۆستۆیڤسکی کردووە. وێڕای ئەوەی نیچە لەگەڵ هەموو ڕایەکی دۆستۆیڤسکی نەبووە، بەڵام بە تاکە دەروونشیکاری دادەنێت کە شتێکی لێوە فێر بووبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی گوزارشتکردنی ناخی مرڤەکان لەلایەن دۆستۆیڤسکییەوە. لە سەدەی نۆزدەیەم و لە فەڕەنسا، نیهیلیزمەکان پەیدابوون کە بانگەشەیان بۆ بێ باوەڕی دەکرد. لەم وەختەدا نیچە بە نووسینی کتێبی “هکذا تکلم زردشت” و “العلم المرح” پڕۆژەی “مەرگی خودا”ی ڕاگەیاند. زۆرێک لە خوێنەرە ڕووکەشییەکانی نیچە پێیان وایە داتایەکی ئاهەنگگیڕان بووە، بەڵام خوێنەرانی دیکە لەسەر ئەم ڕایە نین و هاوڕا نین و پێیانوایە بانگەشەیەکی تراژیدییە و ئاماژەیە بە ئاوەژووبوونی ئەوروپا و کۆتایهاتنی شارشتانییەتی ڕۆژاوا. نیچە پێیوایە کۆمەڵگە دەتوانێت واز لە ئایین بهێنێت و بەهایەکی نوێ دروست بکات، مرۆڤ بەرزببێتەوە بۆ شوێنی خودا.
نیچە لە کتێبەکەی زەردەشتیدا باس لە زەردەشت دەکات کە بۆ پەیداکردنی شوێنکەوتوو خەڵوەتی خۆی لە چیا بەجێدەهێڵێت. کە بە دارستانەکەدا دەڕوات چاوی دەکەوێت بە پیاوێکی پیر و پێی دەڵێت: “من مرۆڤم خۆشدەوێت.” پیاوە پیرەکەش بۆ گەڕان بەدوای “خودا” مرۆڤی جێهێشتووە و بەرەو خەڵوەت دەڕوات، پیرە مێردەکە دەڵێت: “مرۆڤ ناکامە و خۆشویستنی بە هیلاکداچوونم دەبات. من مرۆڤم خۆشناوێت و ئێستا خودام خۆشدەوێت.” دواتر دەڕوات تا ئامۆژگاری زەردەشت بکات و بڵێت: مرۆڤ بە کەڵکی هیچ شتێک نایەت. هەموو گوێیەک گوێ لە نیچە ناگرێت و بۆ ئەو گوێیانە دەمێکی باش نییە. خۆی دەبینێتەوە لە نێو مێگەلێک کە هیچی زیاتر نییە. مرۆڤی باڵا: لەسەروو ئەوانەیە و هەوای پیسـی ئەو مێگەلە هەڵنامژێت. مرۆڤی باڵا لەسەرو مرۆڤی ئاسایی یان پێوەرەکانی مرۆڤی ئاساییەوەیە. لەسەرو هەموو بەڵایەکەوەیە و دەبێت باوەش بۆ هەموو ئازار و چەڵەمەیەک بکاتەوە کە ژیان بۆی دەنێرێت. ئەو جووڵە بێ بڕواییەی لە ڕووسیا دەرکەوت، دۆستۆیڤسکی بە زەنگێکی مەترسیداری لە قەڵەم دەدا. دۆستۆیڤسکی لە تاوان و سزا، تیشکی خستووەتە سەر لایەنی دەروونی و ئەخلاقی راسکۆلینکۆف. دۆستۆیڤسکی ویستی کەسایەتییەک دروست بکات کە هەموو پاڵنەرە فەلسەفی و زانستی و ئەخلاقییەکانی تێدایە بۆ ئەنجامدانی تاوانێک. کتێبەکە ئەوەندەی لەسەر قوڵی دەروونی ڕاسکۆلینکۆف و لێکەوتەکانی تاوانێک چڕ بووەتەوە، ئەوەندە لەسەر خودی تاوانەکە چڕ نەبووەتەوە.
ڕاسکۆلینکۆف شانازی بە خۆی دەکات کە لە کۆمەڵگە دابڕاوە. خۆی بە مرۆڤێکی باڵا دەبینێت. لەڕاستیدا خۆی لەسەرو ئەو مرۆڤانەوە دەبینێت کە یاسا ئەخلاقییەکان جڵەوی کردوون. دواتریش ناتوانێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بژی کە ناتوانن سنوور تێپەڕێنن (بەشێوەیەکی گشـتی خەڵکانێک کە بیرۆکەی نوێ دابهێنن و ڕابەرایەتی خەڵکی بکەن بەکەمی لەدایک دەبن) ڕاسکۆلینکۆفیش خۆی بە یەکێک لەم مرۆڤانە دەبینێت. لە ژێر سێبەری دونیایی و بەشێوەیەک لە شێوەکان دەرخستنی ڕەگەزی مرۆڤ، ڕاسکۆلینکۆف سزای دزی و کوشتنەکە تێدەپەڕێنێت. لەگەڵ ئەمانەشدا شتەکان بەوشێوەیە نەڕۆشت کە پیلانی بۆ دانابوو. دوای تاوانە داڕێژراوەکە، ڕاسکۆلینکۆف خۆی لە نێوان پارانۆیا و بێزکردنەوە لە تاوانەکەی دەبینێتەوە. بە ماوەی وڕێنەکردن و جەنگی دەروونی لە نێوان هەستکردن بە تاوان و ترس تێدەپەڕێت. خەونی ترسناک و بێزارکەر دەبینێت. ڕاسکۆلینکۆف لەپاڵ تاوانی کوشتنەکە، بەشێک لە خودی خۆشی کوشت. چیتر نەیتوانی بەپێی چاوەڕوانییەکانی مرۆڤی باڵا بژی. وەکوو ئەوەی نیچە باسیدەکات، نەیتوانی بگاتە ئاستی مرۆڤی باڵا. نەیتوانی ببێتە شتێک لەسەروی ئەو مرۆڤەی لە نێو عەوامدا دەژی.
بەلای دۆستۆیڤسکییەوە خودا باڵاترینە و هیچ مرۆڤێک ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە. گەر خودا بوونی نەبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە و ژیانکردن بەبێ ئومێد مانای وەستانە لە ژیان. یان وەکوو ئەوەی ڤۆڵتێر دەڵێت: “گەر خودا بوونی نەبێت، پێویستە دانەیەک بخوڵقێنین.” هەریەک لە نیچە و دۆستۆیڤسکی لە بوونێکی ترسناک و بە گومان ئاگادارن، لەگەڵ ئەمانەشدا نیچە نایەوێت لە وەهمدا بژی و ناشیەوێــت بە هەڵە لە بوون تێبگات. لەلایەکی دیکەشەوە دۆستۆیڤسکی بە هەمان دیدگا تراژیدییەکەی بۆ ژیان، نایەوێت تەنیا لەسەر بوونیادی ڕاستییەکانی سەر زەمین بژی. ئەو کاتەی کە لە زیندانی سیبیریا بوو و جەستەیەکی ماندوو نەخۆشی هەبوو و بە سەختی بەسەری دەبرد، ئەمانە وایانکرد لایەنی بڕواداری دۆستۆیڤسکی پتەو تر بێـت و ژیانی سەر زەمینیشـی مانایەکی هەبێت. بڕواداری دۆستۆیڤسکی ئەوەندە پتەو بوو، گەر عیساش بوونی نەبێت ئەو هەر لە ڕیزی عیسا دەمێنێتەوە. ئەم بڕوادارییەشی لە کتێبی “برایانی کارامازۆف” دا و لە دیمەنی گفتوگۆی نێوان ئالیۆشا و براکەیدا دەرکەوت.
سهرچاوه؛
https://www.aljazeera.net/blogs
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد