پرۆسەی سیاسی سوریا پاش ڕاکردنی ئەسەد تاقیکردنەوەیەکی سەختە، کاریگەریی لەسەر زۆر لە هاوکێشەکانی جیهان هەیە، هەربۆیە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو هەمیشە ئەوەمان دوپات کردۆتەوە کە سیستەمی داهاتووی جیهان، بەشێکی زۆری لە سووریاوە نەخشە دەکێشرێتەوە.
سەرەتا بە قۆستنەوەی ناچاریی ئەوروپا و وڵاتانی بەرەی میانڕەوی عەرەبی، ئەردۆغان دەیویست لە ڕێگەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانییەوە کەیسی سوریا بۆ خۆی قۆرخ بکات، جۆلانییش دەیویست تاکڕەویی خۆی بسەپێنێت، بەڵام یەکەمین هەوڵیان کە بڕیار بوو سەرەتای ساڵ بێت، شکستی هێنا. ئەو دەمە ئێمە لە میدیا و کەناڵی داخراوی تایبەتیشەوە، پێمان وابوو پێویستە بەپەلە کوردی ڕۆژئاوا ڕێککەوتن بکەن و بە وەفدی هاوبەش، بکەونە سەردان و دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، هەروەها وڵاتانی عەرەب، بۆ شکستپێهێنانی ئەو هەوڵی قۆرخکاریی و تاکڕەوییە، بەڵام بەداخەوە نەکرا.
“سەردانی شەرع بۆ سعودیە و ئوردن پەیامی ئەوەی یەکلا کردەوە کە کۆنگرەکە دوا بخرێت”
بەڵام ئەمە نەبوە هۆی دەستبەرداربوونی ئەجیندا تاکڕەوییەکە، هەربۆیە پلانەکەیان پارچە پارچە کرد بەسەر، ئەوەی ناویان نا کۆنگرەی سەرکەوتن، کە شەرعی کرد بە سەرۆک و پەرلەمان و دەستووری هەڵوەشاندەوە.
کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە هەموو پێکهاتەکانی پەراوێز خست، کۆمەڵە بڕیارێکی دا لەوانەش، دامەزراندنی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور. دواتریش کە پێکهێنرا وەک چاوەڕوان دەکرا لەسەر هەمان ڕەوتی تاکڕەویی و پەراوێزخستن ڕاگەیەندرا.
بەمجۆرە هەموو خاڵەکانی ئەجینداکەیان تەواو کرد، جگە لە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە تەشریعییەی متمانە بە کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەدات و بڕیارە یاساییەکانی پێویست دەردەکات.
پێشتر ڕامانگەیادبوو کە جۆلانیی بەم کارانەی لە ئاستی ناوخۆییدا نەک هەر شەرعیەتی وەرنەگرت، بگرە خۆشی بچووک کردەوە، بەڵام گرفتەکە لە ئاستی دەرەکییە، چونکە:
وڵاتانی عەرەب نایانەوێ سوریا دوچاری گرژی و شەڕ ببێتەوە، دەشیانەوێت شەرع ئیحتیوا بکەن و لێی نەگەڕێن بۆ تورک و قەتەرییەکان.
ئەوروپا ترسی لە هەڵگیرساندنەوەی جەنگی ناوخۆیە، کە دەبێتە مایەی شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەران، لەکاتێکدا کە ئەوان سەقامگیرییان دەوێت تاکو بتوانن بەشێکی ئاوارە سورییەکانی ئێستا لەوێن بگەڕێننەوە.
ئەمریکاش وێڕای گرفتی داعش، لەم دۆخەی لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل و گرژییەکانی غەزە، کەیسی جەنگی ئۆکرانیی کە ئەولەوییەتی پلە یەکیەتی لەم قۆناغەدا، نەپرژاوەتە سەر ئەوەی تەنانەت سیاسەتی ئیدارەی نوێی ترامپ سەبارەت بە سوریا ڕابگەیەنێت.
هەڵچوونە خوێناوییەکانی ناوچەکانی کەناری میدیترانە، سەرلەبەری پلانەکەی تورک و قەتەرییەکان و جۆلانیی پەکخست، هاوکاتیش شکستی جۆلانیی لە قایلکردنی ئەیمەن ئەسفەری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، دۆخێکی تازەیان هێناوەتە پێشەوە، کە هەوڵ دەدەین وردتر باسی بکەین، بەڵام هەر بەخێرایی، ئەیمەن ئەسفەریی کە تاکە کاندیدی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بوو، سەر بە ئینگلیزەکانە و لەگەڵ گەڕانەوەیدا خۆی پەیوەندی لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدیدا کردوە، سەرلەبەری دۆخەکەی بۆ ڕوون کردۆتەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ناڕەزایەتیی هەنووکەیی ئینگلیزەکانە لەو سیاسەتەی جۆلانیی، کە ئۆفەرەکەی بۆ ئەسفەریی ئەوە بوە کە وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوە و داد و ناوخۆ بۆ کاندیدەکانی خۆی دەهێڵێتەوە، دیارە ئەسفەریش کابینەی لەو جۆرەی ڕەت کردۆتەوە کە تەنها وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی بۆ بمێنێتەوە.
لە ئاستی ناوخۆدا جۆلانی نەک هەر شەرعییەتی وەدەست نەهێنا، بگرە خۆی بچووک کردوە بۆ لایەنێک لەنێوان لایەنەکانی کورد و دورزیی و عەلەویی و مەسیحیی و تەنانەت بەشێکی زۆری سوننەکانیش. واتا لەجیاتی ئەوەی سەرۆکێک بێت هەمووان کۆ بکاتەوە لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیردا کە هەمووان بگرێتەوە، بە پیادەکردنی سیاسەتی قۆرخکاریی و پەراوێزخستنی هەمووان، خۆی بچووک کردەوە بۆ لایەنێک وەک هەر یەکێک لەو لایەنانە، ئەمەش خزمەتێکی گەورەی بە کورد گەیاندوە.
جۆلانیی لەهەموو قۆناغەکانی پێشتری پلانەکەی کە ئێستا بە کردار شکستی هێنا، تەنانەت نەتەوە یەکگرتوەکان و چەتری نێودەوڵەتیشی بەبیانووی ئەوەی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەردەمی ڕژێمە و ئەویش ئێستا ڕووخاوە، ڕەت دەکردەوە. وێڕای ئەوەی جۆلانیی بەمەبەستەوە دەیویست نەتەوە یەکگرتوەکان پەراوێز و بێ ڕۆڵ بکات، گرفتە سەرەکییەکەی لەوەدایە کە دەقی بڕیارەکە باس لە دیالۆگی نێوان ڕژێمی ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆن دەکات، هاوکاتیش هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان دوور دەخاتەوە، بەمجۆرەش خودی بڕیارەکە دژی جۆلانیی و گرووپەکەیەتی. لەم سۆنگەیەوە لە باشترین دۆخدا چەتری نێودەوڵەتیی دوور دەخستەوە، لە خراپترین دۆخیشدا ناچاریان دەکات بڕیارێکی نوێ لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەر بکەن، کە جۆلانیی وەکو سەرۆک و دەسەڵات دانپێدانراو دەبێت و هێڵەکانی پرۆسە نوێکە و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکانیش دوبارە رەسم دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەم هەمووەدا هێشتا باسمان لە ئاڵۆزیی و گرژیی و هاوکێشە تازەکانی هێزی جیهان و ناوچەکە نەکردوە. کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە. لەناو ئەم دۆخەدا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تورکیا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی باکوور و چارەنووسی سیاسیی ئەردۆغان دەبێت، ڕێککەوتنی شەرع و مەزڵووم عەبدی ئیمزا کرا، ئەمەش قسەوباسی تایبەتتر و وردتری دەوێت.
زۆر بەکورتی تا ئێستا زوربەی پیلان و پلانە خراپەکان شکستیان هێناوە و دۆخێکی باش بۆ کورد لە ناوچەکە بەگشتیی و لە ڕۆژئاواش بەتایبەتی هاتۆتە پێشەوە، کە دەبێت بیقۆزینەوە، ئەگینا دیسانەوە لەدەستمان دەردەچێت. لەم چرکەساتە دەگمەن و چارەنووسسازەدا، کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزییەکی کۆنکرێتییە، کە سنوورەکانی پەیوەندی دۆستانە و لێکتێگەیشتن تێپەڕێنێت تا ئاستی یەکڕیزییەک لەسەر بنەمای کاری هاوبەشی دامەزراوەیی، ئێمە پێویستمان بە چوارچێوەیەکی ستراتیژییە، ئەگەر پەلە لە دامەزراندنی بکەین دەبینە هێزێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی ناو دۆخی جیهان و ناوچەکە، ئەگینا دەرفەتەکان لە دەست دەدەینەوە.
ئێستا پاش پەیامی ئاپۆ و پشتگیریی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بەگشتیی و باشووریش بەتایبەتی، و پاش سەردانی جەنەراڵ مەزڵووم بۆ باشوور و دیداری جەنابی کاک مەسعود، کورد لەجاران ئامادەترە، بەڵام ئەمە زۆر کەمە، چونکە هێشتا هەر لە دوای ڕووداوەکانەوە دەبین، لە کاتێکدا دەبێ ئێمە لانیکەم هەنگاوێک بکەوینە پێش ڕووداوەکان و پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکانەوە.