مافی چارەی خۆنووسین دیارترین ئەو پرسە سیاسیی و نەتەوەییانە بوو، كە لە پێش سەرهەڵدانی بیروبۆچوونی سۆسیالیستی زانستییەوە پەیدا بووە، ئەم مافە یەكێكی بووە لە مەبەستە سەرەكییەكانی بۆرژوای گەشەسەندوو، كە رووبەڕووی بنەما سەرەكییەكانی موڵكیەتی و بنەماكانی دەرەبەگایەتی بووتەوە، دواتر لە نێو قوتابخانەى بیرى کۆمۆنیزمیی و تێڕوانینی سۆسیالیستانەى هێز و لایەنە چەپەکان زۆرترین مشتومڕی لەسەر بووە، ئەگەر چی لەگەڵ رسکاندنى بیری ناسیۆنالیزمى.
لە دیدی مارکسدا مەسەلەى نەتەوەی لە رووانگەی دیالێکتیکی ماتریالیزمى مێژووییەوە لێکدراوەتەوە واتە بە پێی گەشەی قۆناغە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان راڤە کراوە، بەم پێیە گەل و نەتەوە، مانایەکی کۆمەڵایەتی و رەهەندێکی چینایەتی هەبوو، کە جگە لە زمان و خاکى هاوبەش، بێ بوونى مەرجی یەکێتی ئابوورییانەى هاوبەش نەتەوە دروست نابێت، لە کاتێکدا پرۆلیتاریا کۆمەڵگەیەکی یەکسانى سۆسیالیستى یەک رەنگى بێ چین دروست بکات، بەم پێیە لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەوە نەتەوەو مافەکانى لە تێڕوانینی کۆمۆنیزمدا هەڵگرى ناوەرۆکێکی سیاسیی بوو، بەڵام کۆمۆنیزمى قۆناغی ستالینی بە رووانین لە یەکێتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانى سۆڤیەتدا، پێی وابوو، کۆمەڵە خەڵکێکی جێگیرن بە درێژایی مێژوو زمان، زەوی، ژێرخانى ئابووری و کولتووریان یەکە، بەڵام لە تیۆریی مارکسیزمدا بنەماى ئابووری رۆڵی بنچینەی هەیە لە دروستبوونى نەتەوەدا، بەم پێیە ئەگەر کۆمەڵێکی مرۆیی سەرجەم خەسڵەتەکانى نەتەوەی تێدا بێت، بەڵام ئابووری هاوبەش نەبوو بۆ بەیەکەوە بەستنى ئەندامەکانى ناشێت پێی بوترێت نەتەوە، بەم پێیە دەوڵەت دەبێتە مەرجی سەرەکی لە پێکهاتنى نەتەوەدا، چونکە ئاستەمە لە دۆخى نەبوونى دەوڵەتدا ئابووریی هاوبەش بێتەکایەوە، ئەوە دەوڵەتە وەک یەکەیەکی سیاسیی سێنتراڵ دروست دەکات، بەم هۆیەوە بە واتە ستالینیەکە سەرجەم نەتەوە بێ دەوڵەتەکان یاخود ئەوانەى لە ماوەیەکی مێژوویدا دەوڵەتەکەیان نەماوە، ئەوە راستەوخۆ لە نەتەوەیی بوون دەکەون.
لە تێڕوانینی قوتابخانەى سۆسیالیزمیدا، مافە بنەڕەتییەکانى پێکهاتە نەتەوەییەکان وەک کەمینەیەکی ئیتنیکی بە دابڕین لە شێوەی مافێکی کولتووری لێیان ڕووانیوە، هەرچی هێزە چەپ و مارکسییەکانە، لە سۆنگەى بیرکردنەوەى ئینتەرناسیۆنالییان دەستبەری مافە نەتەوەییەکانیان لە رزگاری گەلان، ئەمەش لە وتاری لینین بە ناونیشانى (ماناى سەربەستى نەتەوەی لە دیاریکردنى چارەنووس) خرایەڕوو، لەگەڵ ئەوەى دووەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەی بە ئاشکرا تیشکییان خستە سەر مافە نەتەوەییەکان، لەم رووەوە پشتیوانى لە ئازادى مافی چارەی خۆنووسینى سەرجەم گەلان کردووە، بەم پێیە کۆمۆنیزم هاوسۆزی بۆ بۆ کرێکارانى هەر وڵاتێک دەردەبڕێت کە لەژێر ستەمى نەتەوەییدا بناڵێنن، لەم سۆنگەیەوە هێزە چەپەکان لە گۆشەنیگاى جیاوازى چینایەتییەوە هاوسۆزیان بەمەبەستى رزگاربوون لە ستەمى سەرمایەداری دەربڕیوە، بەم هۆیەوە پشتیوانى جوڵانەوەى رزگاریخوازیى و نیشتمانییان کردووە، لەلایەن لینینەوە وا پێشنیار کرا، کە (کۆمۆنیزم پشتیوانى لە ئازادی و سەربەستى مافی گەلانى ستەم لێکراو دەکات تا ئاستى ئۆتۆنۆمی یان بەدەستهێنانى سەربەخۆیی)، ئەمەش بەو واتایەی لینین سەلماندویەتی كە كێشەی نەتەوەیی تەنها لەسەر بناغەی شۆڕشی پرۆلیتاریی دێتە چارەسەركردن.
لەم رووەوە (حشع) وەک هێزێکی کۆمۆنیستی، لە سەرەتاوە مافی چارەی خۆنووسینی لە چوارچێوەى کارنامە تیۆرییەکەیدا باس کردووە، بەو پێیەی (حشع) ئەندامی (كۆمێنترن) بوو، كە ئەو یەكێتییە پێشترو لە كۆنگرەی پێنجەمیدا ساڵی 1924 مەسەلەی مافی چارەنووسی كردبووە مەرج بەسەر ئەندامەكانییەوە، بەو هۆیەوە مافی چارەنووس بەلای (حشع)ەوە بووە مەسەلەیەكی چەسپاو، هەر بۆیە لە تەمموزی 1935 رۆژنامەی (كفاح الشعب) لە ژمارەی دوو بەرنامەی حیزبەكەی بڵاوكردەوەو لە بڕگەی (شەش)دا ددانینا بە مافی چارەنووس بۆ گەلی كورد لە ئێراق، هەروەها لە ئابی ١٩٣٥، مافی چارەی خۆنووسینى وەک ڕێگەى ڕزگارى بۆ گەلی کورد پەسەندكرد، دواتر لە زۆرینەى بڵاوکراوەکانیدا جەختی لە لەسەر مافی گەلانى ستەملێکراو تا ئاستى دیاریکردنى چارەنووسیان كردووەتەوە، بە تایبەت بۆ پرسێکی هەستیارى وەک پرسی کورد، کە وەک نەتەوەیەک لە پاش نەتەوەى عەرەب بە دووەم پێکهاتەى نەتەوەیی، بۆ ئەم مەبەستە پێناسەی هەڵوێستەکانى خۆی لە باوەڕە لینینییەكەوە کردووە، لە نێویاندا رەوایەتیدان بە پاڵپشتى تێکۆشانى نەتەوەی کورد بۆ بەدەستهێنانى ئۆتۆنۆمى لە چوارچێوەى عێراقدا، ئەویش لەسەر بنەماکانی خەباتی برایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش، بەو پێیەی دداننان بە پێویستى پێکهێنانى برایەتی نێوان گەلی عەرەب و کورد، كە دەستەبەرکردنى مافی چارەی خۆنووسین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا (حشع) دڵنییایی گیانى برایەتی و چارەسەری پرسە نەتەوەییەکانى لە چوارچێوەى ئینتەرناسیۆنالیزم و بەدیهێنانى سۆسیالیزمدا دەبینی، بەڵام رزگاربوون لە دەسەڵاتى ئیمپریالیزم و رزگاریی نەتەوەیی لەگەڵ پارچەکانى تردا وەک پێشمەرجى ئەم هەنگاوە داناوە، لەم رووەوە خۆی بواردووە لە چەمکەکانى فیدراڵی کە ماناى جوداخوازى دەدا، وێڕاى ئەوە (سەربەخۆیی نەتەوەیی) گۆڕیوە بە (برایەتى و یەکێتی نیشتمانى)، بەم هۆیەوە پشتى بەو دەقە لینینییە دەبەست کە پێشنیاری دامەزراندنى ئۆتۆنۆمی کۆمۆنیزمى دەکرد، لە کاتێکدا (حشع) هەمان هەڵوێستى لەبارەى کێشەی فەلەستینەوە نەبوو، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازى داواى پێدانى مافی سەربەخۆی دەکرد، ئەمەش لە یەکەمین رۆژنامەى (کفاح الشعب)دا بە ئاشکرا پێویستى دداننان بە سەربەخۆیی گەلی کوردی لە ئێراقدا راگەیاندووە، بە رەچاوکردنى ئەو جیاوازییە کولتووریی و زمانی و نەتەوەییانەى گەلی کورد، بەمە خۆی لە دۆخی بێ هەڵوێستی هێنایە دەر، بە ئاشکرا داواى بە فەرمی ناساندنى زمان و فەرهەنگ و ئازادى بڵاوکراوەکانی کردووە و داوای کردووە، کە هەوڵەکانیان لەگەڵ جەماوەری عەرەب یەک بخەن، هاوکات لە باوەڕی مارکسی و پرۆلیتاریانەوە خوێندنەوەى بۆ جوڵانەوەکانی كورد کردووە، بەڵام داواکارییەکانى (حشع) لە حکومەت لە چوارچێوەى سیاسەتى بەخۆدا چوونەوەو ئاگادارکردنەوە بوو نەک رەتکردنەوەى دەسەڵات.
لە کۆنفرانسی یەکەم لە شوباتى ١٩٤٥دا، کۆمیتەى ناوەندى (حشع) پێداچوونەوەى بە هەڵوێستیان لەبەرانبەر پرسی کورددا کردووە، مافی چارەی خۆنووسینی کردووەتە ئامانجى بنچینەیی حیزبەکە، بەڵام ناوەڕۆک و شێوازى بەدیهێنانى ئەم مافەی باس نەکرد، هەر بۆیە خواستى کوردی لە سەربەخۆی نەتەوەیی ئێراقدا دەبینی نەک جیابوونەوە، ئەم لە دەقی ئەو یاداشتەى فەهد دا بەدیار دەکەوێت، کە لە ٢١ى تشرینی دووەمى ١٩٤٥ بڵاویکردۆتەوە و تیایدا رایگەیاندووە: (هەوڵدانى حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بە زەبرو زەنگ حکومى گەلی کورد بکات و بە پێچەوانەوە دەستووری دیموکراتی، دەیانگەیەنێت بەو ئاستەى هەوڵی ئەوە بدەن ئاستەکانى رۆشنبیری، ئابووریی، تەندروستى و کۆمەڵایەتییان بەرنە سەرێ)، هەر بۆیە (حشع) بۆ پیادەکردنى بۆچوونەکانى لە کوردستاندا، لە بڕگەى (چوارەم)ى (ماددەى یەکەم)ی پێڕەوى حیزبەکەدا مافی چارەنووسی بۆ هەر نەتەوەیەک بۆ ئەزموونکردنى ئازادى وەک باوەڕێکی نەگۆڕ داناوە لەگەڵ ئەوەشدا تیشکی خستووەتە سەر بەدیهێنانى یەکڕیزی نێوان کوردو عەرەب، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و یەکسانی تەواوەتى، جیا لەم هەنگاوانە (حشع) لە رۆژنامەى (القاعدە)دا بە فەرمى ئەوەى راگەیاند، (مافی دیاریکردنى چارەنووس خواستى ڕەوای هەموو نەتەوەیەکە و یەکێکە لە ئامانجە جێگیر و بنەڕەتییەکانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان، لەنێویاندا (حشع) داکۆکی لەم ئەرکە کۆمۆنیستییە دەکات).
وێڕای ئەوە، (حشع) لە ژێرکاریگەرى بیروباوەڕی کۆمۆنیزمیدا، هەر گۆڕانێک بەسەر ئۆردوگاى سۆسیالیزمیدا هاتبێت پریشیکى بەرکەوتووە و بە پێی قۆناغە مێژووییەكان جیاوازی بەسەر دید و سەرنجی كۆمۆنیستی و نەتەوەییانەیدا هاتووە.
سەرچاوەكان؛
- ئەحمەد حامد قادر: بڕیاردانی مافی چارەنووس لە روانگەی ماركسییەوە، چاپخانەی كارۆ، سلێمانی، 2018.
- کالتاخشتان: نظریة الامة فی المارکسیة اللینینیة، دار التقدم، موسکو، ١٩٨٨.
- أحمد زاوى و رشید میاد: المدرسة المارکسیة ز تفسیرها للضاهرة التاریخیة، مجلة رؤی تأریخیة للأبحاث و الدراسات المتوسطة، المجلد الأول، العدد (٢)، أکتوبر ٢٠٢٠.
- هوارسن دافییس: القومیة الاشتراکیة النضریات المارکسیة و العالمیة حول القومیة حتى عام ١٩١٧، ط١، دار الحقیقة، بیروت، اب ١٩٧٢.
- د.الیاس تطور الفکر المارکسی عرض و نقد، ط٦، دار الطلیعة للطباعة و النشر، بیروت، ١٩٨١.
- جوزیف ستالین: أسس اللینینیة حول مسائل اللینینیة، القسم الأول، محاضرات ألقیت فی جامعة سفردلوف موسکو فی أوائل نیسان ١٩٢٤، ب.م.ط، ب.س.ن.
- العام و الخاص فی التجربة التأریخیة للحزب الشیوعی السوڤیتى لحل المسألة القومیة، الثقافة الجدیدة (مجلة)، العدد (٤٩)، حزیران ١٩٧٣.
- د.صفاء الحافض: حول مفهوم الحوکم الزاتى و تطبیقاتە فی العراق، الثقافة الجدیدة (مجلة)، العدد (١٥)، تموز ١٩٧٠.
- ماجد عبدالرضا: أضواء على القضیة الکردیة، الثقافة الجدیدة (مجلة)، العدد (٨)، تشرین الثانى ١٩٦٩.
- حیزبی شیوعی عێراق و مەسەلەى کورد، چ ١، لە بەڵگەنامەکانى حیزبی شیوعی عێراق، ١٩٨١.
ئامادەكردنی : د.ژیلوان لهتیف یار ئهحمهد