لە ماوەى کارکردنیدا لەگەڵ نازییەکان و لە سەروەختى هۆڵۆکۆستدا لانیکەم (٢٤) هەزار جولەکەى رەوانەى ژوورەکانی غاز کرد، چل ساڵ دواى ئەو رووداوە گوتى: تەنها شتێک کە پەشیمانم ئەوەیە جولەکەى زیاترم نەکوشت. لە میسر بووە دەستە راستى ناسر و لە سوریاش کەسى هەرە نزیکى حافز ئەسەد بوو. دواى نیو سەدە لە تۆمارێکى خوێناوى، بەشێوەیەکى تەمومژاوى مرد و کەس نازانێت گۆڕەکەى لەکوێیە، ئەمە بەسەرهاتى ئالویس برونەرى دەستە راستى ئادۆڵف ئایخمانى ئەندازیارى هۆڵۆکۆستە. ئالویس برونەر (Alois Brunner) لە ساڵی (١٩١٢) لە شارى ڤاس لە هەنگاریا لەدایکبووە، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا پەیوەندی بە پارتی نازییەوە کردووە. پاشان لە ساڵی (١٩٣٣) لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، لەوێ پەیوەندی بە پێکهاتە نیمچە سەربازییەکانى نازییەکانەوە کردووە.
دوای لکاندنی نەمسا بە ئەڵمانیاوە لە ساڵی (١٩٣٨) لەلایەن هیتلەرەوە، خۆبەخشانە کاری بۆ هێزەکانى ئاسایشى تایبەت (SS) کرد، دواتر کرا بە ستافی ئۆفیسی ناوەندی کۆچی جولەکەکان لە ڤییەنا. لە ساڵی (١٩٣٩) بووە بە بەڕێوەبەری ئەم فەرمانگەیە. بەڵام دوای چونە ناوەوەى ئەڵمانیا بۆ چیک، برونەر ڕەوانەی بۆهێمی و مۆراڤیا کرا بۆ ئەوەی بەشداری لە راگواستنى جولەکەکاندا بکات. بەهۆى بەرپرسیارێتى ئەم تیمەى (SS)ەوە بووە دەستە راستى ئەدۆڵف ئایخمان. لە نێوان مانگی حوزەیرانی ساڵی (١٩٤٣) تا مانگی ئابی (١٩٤٤) وەک فەرماندەی کەمپی درانسی دەستنیشانکرا کە دەکەوێتە نزیک پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە دوا وێستگەی جولەکەکان بوو پێش ئەوەی رەوانەى ژووری غاز بکرێن؛ هەروەها بەرپرسى ئۆردوگای کۆکردنەوەى جولەکان بوو لە برێندۆنک لەنێوان ئەنتوێرب و برۆکسل لە بەلجیکا. لە ماوەی کارکردنیدا لە کەمپەکەدا، لانیکەم (٢٤) هەزار کەسی رەوانەى ژوورەکانی غاز کردووە.
“کۆمەڵکوژکردنى جوولەکەکان”
لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا، برونەر سەرپەرشتی راگواستنى نزیکەی (١٥٠٠) جولەکەی لە ڤییەناوە بۆ کەمپێک لە پۆڵەندا کرد. لەگەڵ پێشڕەویکردنی هێزەکانی ئەڵمانیا لە سەرانسەری ئەوروپا، بەرپرسیار بوو لە راگواستنى نزیکەی سەد هەزار جولەکە لە هەریەکە لە (نەمسا، سلۆڤاکیا، فەرەنسا و یۆنان)ەوە بۆ ئۆردوگاکانی مردن لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات. بەگوێرەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان، لەنێو ئەم ژمارە زۆرەی راگوێزراواندا لانیکەم (٤٥) هەزار جولەکەی نەمسایی هەبووە. لە دوایین قۆناغی جەنگدا، برونەر لەڕێگەى چڕکردنەوەی پرۆسەکانى راگواستن بەرەو ئۆردوگاکانی مردن، هەوڵیدا کۆمەڵگەی جولەکەکان لە سلۆڤاکیا لەناوببات. دەستە ڕاستی ئەدۆلف ئایخمان بوو کە ئەندازیارى هۆلۆکۆستە و بەرپرسیار بووە لە ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵی جولەکەکان لە سەرانسەری ئەوروپادا. بەپێی هەندێک خەمڵاندن، برونەر بەرپرسیار بووە لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی (٤٧) هەزار جولەکە لە نەمسا، (٤٤) هەزار جولەکە لە یۆنان، (٢٣) هەزار لە فەرەنسا و چواردە هەزار جولەکە لە سلۆڤاکیا.
بەوتەی ئیفرایم زورۆف لە سەنتەری سیمۆن ڤیزنتاڵ، برونەر بەرپرس بووە لە راگواستنى (١٢٨ هەزار و ٥٠٠) جولەکە بۆ ئۆردوگاکانی مردن، کە (٤٧) هەزاریان لە نەمسا، (٤٤) هەزار لە یۆنان، (٢٣ هەزار و ٥٠٠) لە فەرەنسا و چواردە هەزاریان لە سلۆڤاکیا بووە.
“لە ئەڵمانیاوە بۆ دیمەشق”
پێش ئەوەی هیتلەر لە مانگی نیسانی ساڵی (١٩٤٥) خۆی بکوژێت، برونەر دیارنەما، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی (١٩٨٥) لەگەڵ گۆڤاری “بونتێ”ی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، برونەر باسی لەوە کرد کە هاوپەیمانان بە هەڵە کەسێکی دیکەیان دەستگیرکردوە کە هەر ناوی برونەر بووە، بۆیە پێیانوابووە ئەمە. هەرچەندە برونەرەکەی دیکەش لە کاتی جەنگدا لە ڤییەنا چالاک بووە، بۆیە ئەو برونەرە دواى تاوانبارکردنى بە بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگدا لەسێدارەدراوە. هەر لەو چاوپێکەوتنەدا برونەر ئاشکراى دەکات بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەى ساختە، بۆ ماوەیەکی کورت وەک شۆفێر لەگەڵ سوپای ئەمەریکا کاری کردووە. دوابەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، برۆنەر لە ساڵی (١٩٥٤) بە بەکارهێنانی پاسپۆرتی ساختەی خاچی سوور لە ئەڵمانیا هەڵات. سەرەتا لە ڕۆما نیشتەوە و پاشان خۆى گەیاندە میسر.
برونەر لە میسر بووە میوانی جەمال عەبدولناسرى سەرۆکی ئەوکاتەى میسر. هەرچەندە تائێستا وردەکارییەکانی ئەو یەکتر ناسینە ڕوون نییە، بەڵام ئەوەى ئاشکرایە ئەوەیە ناسر بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا هەتا تۆڵەى کوژرانى (38) سەربازى وڵاتەکەى بکاتەوە، کە لە شوباتی (١٩٥٥) لە ئاکامى هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژرا بوون. جگەلەوەی لەو کاتەدا بانکی نێودەوڵەتی پێشنیارەکەی ناسرى بۆ دابینکردنی پارە بۆ بەنداوی ئەسوان رەتکردەوە. لێرەدا خاڵى هاوبەشى ناسر و برونەر بریتى بوو لە رق و کینە لە زایۆنیزم و جوولەکە. بە وتەی ڕۆژنامەنووس کلۆد پاڵازۆلی، نووسەری کتێبی “سووریا: خەون و پچڕان”، برۆنەر ئەو کاتەى لە میسر بووە، پەیوەندی لەگەڵ عەبدولحەمید سەراج، پیاوە خوێنڕێژەکەى هەواڵگری سەردەمی جەمال عەبدولناسر هەبووە. لە ساڵانی دواتریشدا خەریکی ڕاهێنان بووە بە ژمارەیەک ئەفسەری سووری لەسەر تەکنیکەکانی دژە سیخوڕی و لێپرسینەوە. لە کۆتاییدا برۆنەر وەک ڕاوێژکاری ئەمنی لە میسر دەستبەکاربوو، لەنزیکەوە لەگەڵ سەڵاح ناسر بەرپرسی ئەمنیی وڵاتەکە کاری دەکرد. لە سەردەمی یەکێتی سوریا و میسردا، بۆ ڕاهێنانی سەگی پۆلیسى، برۆنەر ڕەوانەی دیمەشق کرا، ئەو پیشەیەش لە زیندانەکانی هیتلەرەوە فێرى بوو بوو.
ئەو کاتەى برونەر لە دیمەشق بوو، کودەتای (٢٨/ئەیلوول/١٩٦١) روویدا، کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لەنێوان سوریا و میسر هەڵوەشایەوە. فڕۆکەخانەی سوریا داخرا، گەشتەکان بۆ قاهیرە ڕاگیران. برونەر لە سوریا گیری خوارد. وڵاتانی دراوسێی سوریا وەک لوبنان و ئوردن و تورکیا، هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بوون، بۆیە جگەلە مانەوە لە سوریا، هیچ شوێنێکی دیکەى پارێزراو نەبوو هەتا برونەر بۆى بچێت. لەبەرئەوە داوای مافی پەنابەری لە سوریا کرد، ڕژێمی سوریاش داواکارییەکەی پەسەندکرد.
“جۆرج فیشەر لە دیمەشق”
برونەر لە سوریا ناوێکی ساختەی بەکارهێنا و خۆی بە جۆرج فیشەر (Georg Fischer) ناساند، سەرەتا لە شەقامی جۆرج حەداد لە دیمەشق وەک کرێچییەکی کورت فیتزکی ئەفسەری پێشووی ئەڵمانی و دواتر ڕاوێژکاری حکومەتی سوریا نیشتەجێ بوو، بەڵام دواتر بەهۆى هەواڵدانى برونەرەوە، فیتزک دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدرا، برونەر بووە تاکە کەسی نیشتەجێى شوقەکە. برونەر لەو کاتەدا لە پۆلە تایبەتەکاندا وانەی زمانی ئەڵمانی بە منداڵی کاربەدەستانى سوریا دەگوتەوە. لە ماوەی ساڵانی پەنجاکانى سەدەى بیستەمدا، برۆنەر لەگەڵ هاوڕێ نازییەکانیدا کە بەرەو دیمەشق هەڵاتبوون، کاری قاچاخچێتی چەکیان دەکرد، لەنێویاندا لەنێوان یەکێتی سۆڤیەت و بەرەی ڕزگاری نیشتمانیی جەزائیردا، لە کاتی شەڕی جەزائیر دژی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی.
لەکۆتاییدا هەواڵگری سوریا سەرنجی چالاکییەکانی برونەریان دا و دەستگیریان کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرد، دەگوترێت لەوکاتەدا دانی بەوەدا ناوە کە یاریدەدەری ئایخمان بووە، بەو هۆیەوە جولەکەکان بەدوایدا دەگەڕێن، بۆیە بووەتە جێگەى سەرنجى کاربەدەستانى سوریا. دواى ئاشکرابوونى ئەو زانیارییانە، ڕژێمی سوریا مافی پەنابەری و خانوویەک و مووچەیەکی مانگانە بە برونەر دەبەخشن، لە بەرامبەر کارکردنى وەک ڕاوێژکار و گواستنەوەی شارەزایی خۆی لە بواری ئەشکەنجەدان و شێوازی لێپرسینەوە بۆ کارمەندانی ئاسایشی سوریا.
“لە ئامێزى بەعسییەکاندا”
بە گوتەی دانی ئۆرباخ مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی عیبری لە قودس، برونەر لەلایەن سەرکردەکانی بەعسەوە کە لە ساڵى (1963) کودەتایان ئەنجامدا و گەیشتنە دەسەڵات، “ناسراو” بووە؛ ئیمتیازاتەکانی بریتی بوون لە مووچەیەکی بەخشندانە و شۆفێر و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕژێمدا. عەقید عەبدولحەمید سەراج برونەرى بە حافز ئەسەد ناساندوە، کە ئەوکات ئەسەد وەزیری بەرگری بووە. بەگوێرەى ناوەندی سوری بۆ ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، یەکەمین کاری برۆنەر لە بنکەیەکی هەواڵگری تایبەت بە ئەشکەنجەدان بووە لە ناوچەی وادی بەرادە لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا، پاشان لە خولەکانی مەشق و ڕاهێناندا کە برونەر بەڕێوەى بردوە، سەرۆکە بەدناوەکانی هەواڵگری سوریا بەشداربوون، وەک ژەنەڕاڵ عەلی حەیدەر کە بۆ ماوەی (٢٦) ساڵ سەرۆکی هێزە تایبەتەکانی سوریا بوو، هەروەها عەلی دوبا سەرۆکی بەشی هەواڵگری سەربازی و مستەفا تەلاس وەزیری بەرگری ڕژێمی ئەسەد، ئەو کەسەی بەرپرسیار بوو لە سەرکوتکردنى ڕاپەڕینی ئیخوان موسلیمین لە شارى حەمما لە ساڵی (١٩٨٢).
نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم جەبین کە پێداچوونەوەی بە زۆرێک لە سەرچاوەکاندا کردووە کە باسیان لە پەیوەندییەکانی برونەر لەگەڵ ئەسەد کردووە، ڕایگەیاندووە کە ئەسەد لە ڕێگەی محەمەد ئەلخۆلیەوە برونەری ناسیوە، کە ئەو کاتە جێگری ئەسەد بووە لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی. سەرەتاى ئاشنابوونى ئەلخۆلى بە ئەڵمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەى کە لە ئەڵمانیاى رۆژهەڵات لەلایەن دەزگاى شتازی ئەڵمانیەوە مەشقی پێکراوە. هەر ئەوەش وا لە حافز ئەسەد دەکات، ئەلخۆلى رابسپێرێت بە دامەزراندنی “دەزگای هەواڵگری هێزی ئاسمانی” کە سەرپەرشتی دامەزراندنی باقی لقەکانی دیکەى هەواڵگری سوریاى کردوە. لەوکاتەوە برونەر بووەتە ڕاوێژکاری ئەمنی نزیکی هەریەکە لە ئەلخۆلی و ئەسەد. دیدیە ئیبڵباوم، لە کتێبەکەیدا لەبارەى ئالویس برونەر، دەڵێت: برونەر “خزمەتێکی بەنرخی پێشکەش بە حافز ئەسەدی دیکتاتۆر کرد کە لە ساڵی (١٩٧١)ەوە حوکمڕانی سوریای کرد، چونکە زۆر باش دەیزانی چۆن زانیاری بەدەست بهێنرێت و بەکاری بهێنێت، هەروەها چۆن خەڵکى فریوبدات و لە چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگریدا چی شتێک گرنگە”.
ئیبراهیم جەبینى نووسەر، باس لەوەدەکات برونەر شارەزایی خۆی لە دروستکردن و بەڕێوەبردنى بارەگای دەزگا ئەمنییەکانی نازییەکان، بەتەواوی بۆ زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە سوریا گواستووەتەوە. لەلایەن خۆیەوە ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکارى هادى عوەیج دەڵێت: ئەسەد بەیارمەتى برونەر، دەزگایەکى سەرکوتکەرى دەگمەنى دروستکرد، دەزگایەکى ئاڵۆز کە بەسەر چەندین لقدا دابەشکرابوو، ئەو دەزگایانە چاودێری یەکتریان دەکرد و سیخوڕییان بەسەر یەکترەوە دەکرد، لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی وڵات بە بەکارهێنانی تۆقاندێکى لەڕادەبەدەر کاریان دەکرد. دڕندانەترین شێواز کە برۆنەر لە سەردەمی حافز ئەسەددا هێنایە سوریا، ئەو شێوازە بوو کە بە “کورسی ئەڵمانی” ناسرا، کە تێیدا دەست و پێی دەستگیرکراوەکە لەژێر کورسییەکی کانزایی نەرمدا دەبەسترایەوە، کە دەتوانرا بچەمێنرێتەوە تاوەکو فشار بخاتە سەر مل و بڕبڕەی پشتى کەسەکە، ئەمەش دەبووە هۆی ئیفلیج بوون یان مردنى کەسەکە.
“دادگایکردن و هەوڵى تیرۆرکردن”
دواى ئەوەى ئاشکرا بوو کە برونەر لە سوریایە، ئیسرائیل دووجار هەوڵیدا تیرۆرى بکات. جارى یەکەم لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بوو لە ساڵی (١٩٦١)، جارى دووەمیان لەلایەن مۆسادەوە بوو لە ساڵی (١٩٨٠) لەڕێگەى نامەیەکى مینڕێژکراوەوە، کە بووە هۆى ئەوەى چاو و دەستەکانى لەدەستبدات. لەلایەکى دیکەوە بەهۆی ئەو تاوانانەی کە لەکاتى جەنگی جیهانی دووەمدا ئەنجامی دابوو، برونەر لە فەرەنسا بە غیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. هەروەها دادگای فەرەنسا لە مانگی ئاداری ساڵی (٢٠٠١)، بە تاوانی دەستگیرکردن و راگواستنى (٣٤٥) منداڵی بێ باوک لە پاریسەوە، جارێکی دیکە بە غیابی سزای لەسێدارەدانى بەسەردا سەپاند. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمی حافز ئەسەد نزیک بوو لەوەی برونەر ڕادەستی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بکاتەوە، بەڵام بەهۆى ڕووخانی دیواری بەرلینەوە لەو کارە پاشگەز بوویەوە. هەر ئەوەش واى لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کرد لە زیاتر لە بۆنەیەکدا داوا لە دەسەڵاتدارانى سوریا بکەن کە برونەر ڕادەستی دادگا بکات. تەنانەت لە تەمموزی (٢٠٠٧)، نەمسا بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی برونەر، پاداشتێکی پەنجا هەزار یۆرۆیی تەرخانکرد.
لە ساڵانى هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، برونەر چەند چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا، کە تیایاندا بە شانازییەوە باسى لە رۆڵى خۆى لە هۆلۆکۆستدا کرد؛ بەنمونە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤارێکی ئەڵمانی لە ساڵی (١٩٨٥) گوتبووى: “تەنها شتێک کە پەشیمانم ئەوەیە جولەکەى زیاترم نەکوشت”. دەگوترێت لەکاتی ئەو چاوپێکەوتنەدا حەبێکی ژەهراوی لە گیرفانی دەرهێناوە و سوێندی خواردووە کە ڕێگە نادات ئیسرائیلییەکان وەک ئایخمان بە زیندوویی دەستگیرى بکەن. پاشان لە ساڵی (١٩٨٧) بە ڕۆژنامەی شیکاگۆ سەن تایمزی راگەیاند “هەموو [جوولەکەکان] شایەنی مردن بوون، چونکە بەکرێگیراوى شەیتان و پاشماوەى مرۆیى بوون”. هەروەها وتى “هیچ پەشیمان نیم و ئەگەر بتوانم دووبارە هەمان کار دەکەمەوە”.
“مردنێکى گوماناوى”
تا ئەمڕۆ زانیاری دژ بەیەک لەبارەی کاتى مردنی برونەرەوە هەیە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە ساڵی (٢٠٠١) مردوە، هەندێکی دیکەش دەڵێن لە ساڵی (٢٠١٠) مردوە و لە شوێنێکی نادیار لە نزیک دیمەشق لە گۆڕ نراوە. کەناڵى (BBC) لە ساڵی (٢٠١٤) راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت برونەر لە ساڵی (2001) لە تەمەنی (٨٩) ساڵی مردوە، بەڵام بۆ راستاندنى زانیارییەکانى هیچ بەڵگەیەکی پزیشکی دادوەری نەخستەڕوو. لەلایەن خۆیەوە ئەفرایم زورۆف، بەڕێوەبەری ئۆفیسی قودس لە سەنتەری سیمۆن ڤیزنتاڵ کە بەدواداچوون بۆ تاوانبارانی جەنگی نازی دەکات، جەخت لە زانیارییەکانى (BBC) دەکاتەوە. لەلایەکى دیکەوە گۆڤاری فەرەنسی (Revue 21) لە راپۆرتێکدا لە ساڵی (٢٠١٧) بڵاویکردەوە کە برۆنەر لە ساڵی (٢٠0١) مردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، برونەر دوایین ساڵەکانی لە کەمپێک لە دیمەشق بەسەر بردووە و بە بەشەخۆراکێکی کەم ژیاوە کە لەلایەن سوپای سوریاوە بۆى دابینکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى گۆڤارى فەرەنسیەکە، دەسەڵاتدارانى سوریا لە ساڵی (1996)ەوە برونەریان لەژێرزەمینێکی پیسى یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسدا داناوە، بەوتەى یەکێک لە پاسەوانەکانی برونەر “لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا زۆر ئازاری چەشتووە و گریاوە، هەمووان گوێیان لێبووە”.
تێبینى: زانیارییەکانى نێو لە چەند راپۆرتێکى ماڵپەڕەکانى (الجزیرە، العربیە، ایلاف، نون بوست) وەرگیراوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى