“پێشەکی”
دەستڕاگەیشتن بە ئاو بە شێوەیەکی متمانەپێکراو مەرجێکی سەرەتایی و بنەڕەتییە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەقامگیری کولتوور و شارستانیەت. لە دونیای ئەمڕۆدا هۆکارەکانی وەک زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتوانی جیهان و ئیستغلالکردن و بەکارهێنانی بێ کۆنتڕۆڵ و لە ڕادەبەدەری سەرچاوە ژینگەییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکان کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاودا هەبووە. بەم شێوەیە، بەپێی ڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسەکانی پەیوەست بە قەیرانی ئاو و بەڕێوەبردنی ئاو وەک دووەم پرسی گەورەی جیهانی دوای کێشەی دانیشتووان ناسێنراون. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ناتوانرێت سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی جیهان زیاد بکرێت و ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت، تاکە کارێک کە دەتوانرێت بکرێت باشترکردنی شێوازەکانی بەکارهێنانیەتی؛ ئەمڕۆ زانایانی ئاو و تەنانەت سیاسەتمەدارانی وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا قەناعەتیان بەوە هەیە کە چۆن سەرچاوەکانی ئاوی جیهان بەکاردەهێنرێن و چۆنیەتی بەکارهێنانی سامانی ئاوی شیرینی جیهان بە شێوەیەکی گونجاو و هاوبەش دەتوانێت دۆخی شەڕ یان ئاشتی لە سەردەمی ئێستادا دیاری بکات. هەر لەبەر ئەمەشە باس لەوە دەکرێت کە تا ساڵی ٢٠٢٦ ڕۆڵی ئاو بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێتە هەمان ئەو ڕۆڵەی کە نەوت لە ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤدا دەیگێڕێت. واتە توخمێکی دەگمەن و بەنرخ کە مەترسی تەواوبوونی لەسەرە. بەڵام جیاوازی گرنگ ئەوەیە کە کۆتایی ئاو واتە کۆتایی هاتنی سوڕی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی.
ئاسایشی ئاو چییە؟ ئاسایشی ئاو واتە دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام بە سەرچاوەی ئاوی پێویست و سەلامەت و گونجاو بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆیی و ژینگەییەکان. ئەم چەمکە بریتییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانی نەوەکانی ئێستا دابین بکات بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی نەوەکانی داهاتوو بکات.
ئاو بەیەکێک لە سەرچاوە ههره گرنگەکانی ژیان دادەندرێت لە جیهاندا هەر ووڵاتێک نەخشە و سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئاسایشی ئاو، چونکە ئاو و ئاسایشی ئاو ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەی هەیە لە ململانێ سیاسی و ئابوورییەکاندا، ئاسایشی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئاسایشی خۆراک و نەوتەوەیی و نیشتیمانی، بەگشتی سەرجەم ووڵاتان و ئاسایشناسانی جیهان لە ماوەی ڕابردوو هەوڵیان داوە گرنگیەکی زۆر بدەن بە چەمک و پێناسەی ئاسایشی ئاو، لەبەر ئەوەی ئاسایشی ئاو پێکهێنەر و بوونیادنەری دەسەڵاتی نیشتیمانی و ئاسایشی نەتەوییە، بە جۆرێک ئاسایشی ئاو پەیوەندیەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەربەخۆی سیاسی و ئابووری چونکە ا ئاسایشی ئاو دەبێتە فاکتەرێکە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی سیاسی و ئابووری لە هەر کیان و ناوچەیەکی سیاسی. زیادبوونی دراماتیکی ژمارەی دانیشتوانی جیهان و ئیستغلالکردنی بێ کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ژینگەییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکان کاریگەریی لەسەر ژینگە هەبووە، لەنێویاندا سەرچاوەکانی ئاو. زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو لە لایەک و کەمی سروشتی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەکی دیکەوە، کێبڕکێ و گرژییە پەیوەندیدارەکانی بۆ زۆرترین بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان زیادکردووە. لەم ڕووەوە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و پێکهاتە پەیوەندیدارەکان هەمیشە لە مەترسیی هەڕەشەی سیاسی و سەربازیدا بوون و ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبووە لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆتایی ململانێکان. هۆکارەکانی وەک پلەی کەمی ئاو، ژمارەی کۆمەڵگاکانی بەشداربوو، هێزی ڕێژەیی کۆمەڵگاکانی بەشداربوو، و بەردەستبوونی سەرچاوەی ئاوی بەدیل، سەرچاوە ئاوییەکان دەکاتە ئامانج بۆ کێبڕکێی نێوان کۆمەڵگاکان.
ڕەنگە بتوانین بڵێین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەستیارترین ناوچەی جیهانن لە ڕووی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و ململانێ پەیوەندیدارەکانەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو دەبنەوە و ئەو وڵاتانەی زیاتر پشت بە سەرچاوە ئاوییە هاوردەکان دەبەستن، زیاتر تووشی قەیران دەبن. ئەوەی کە جێی بایەخ و جەوهەرییە دروستکردنی پلان و کردارێکی جیهانییە بۆ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بۆ هەموو کەسێک لە جیهاندا. هه ڕوه ها داڕشتنی سیاسه تی نیشتمانی و ناوچه یی و زیادکردنی هاوکارییه نێوده وڵه تییه کان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو و دواکەوتوو، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر کاریگەر دەبێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایشی ئاودا.
گرنگی ئاسایشی ئاو:- ئاسایشی ئاو گرنگییەکی زۆری هەیە بەهۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کەرتە جیاوازەکانی گەشەپێدانی بەردەوامەوە. هەندێک لە هۆکارەکانی گرنگ بوونی بریتین لە:-
سامانە سروشتییەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ سەرچاوە سرووشتییەکان، لەوانەش ئاو، نەوت و گاز، لە مێژە بزوێنەر و هۆکاری سەرەکی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتین. ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی زۆریان هەیە، زۆرجار خۆیان لە ململانێی جیۆپۆلەتیکیدا دەبیننەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی سەرچاوەی گرینگیان نییە، ڕووبەڕووی ناسەقامگیری ئابووری و وابەستەیی سیاسی دەبنەوە. لە KRI، کەرتی سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەتی نەوت، ناوەندی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووە. بەڵام ئاو خەریکە دەبێتە سەرچاوەیەکی ستراتیژی بە هەمان شێوە. کۆنتڕۆڵکردن و دابەشکردنی ئاوی ڕووبارە گەورەکانی وەک دیجلە و زابی کەوتۆتە ژێر دانوستان و ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران. هەردوو وڵاتی سەرەوەی ڕووبارەکە بەنداوی گەورەیان دروستکردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو ئێراق کەمدەکاتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەسەر دەستڕاگەیشتن و کۆنترۆڵکردن. بەبێ ڕێککەوتنی دیپلۆماسی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاوی بەردەوام، کەمی سەرچاوە دەتوانێت پەرەبستێنێت و ببێتە پرسێکی جیۆپۆلەتیکی گەورەتر و نەک تەنها عێراق بەڵکو کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر هەبێت.
نمونەی یەکەم:- ناکۆکی لەسەر ڕووباری نیل؛ دروستکردنی بەنداوی گەورەی ڕێنێسانسی گەورەی ئەسیوپیا لەسەر ڕووباری نیل، گرژیی لەگەڵ میسر و سودان دروستکردووە. میسر نیگەرانە لەوەی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی ئاو دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دیپلۆماسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا.
نمونەی دووەم:- ناکۆکی تورکیا و ئێران؛ هەرێمی کوردستان پشت بە ئاوی ئەو ڕووبارانە دەبەستێت کە لە تورکیە و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن. بهڵام پرۆژەی دروستکردنی بەنداو له هەر دوو وڵاتدا وهک بهنداوی ئیلیسو لهسهر ڕووباری دیجله له تورکیا و لادانەوەی لقەکانی ڕووبارەکانی وەک زابی بچووک و ڕووباری ئەڵوەند له ئێران، بە شێوەیەکی بەڕچاو، لێشاوی ئاوی بۆ ناوچەکە کەم کردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی، لە کاتێکدا ئێراق-بە کوردستانیشەوە – ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبێتەوە. بەبێ ڕێککەوتنی دیپلۆماسی، دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی گەورەی سیاسی و ئابووری.
ئاو و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی؛ ئاو توخمێکی بنەڕەتی ئاسایشی نیشتمانییە، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابووری و تەندروستی گشتی و سەقامگیری سیاسی هەیە. دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و پێویست بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزە زۆر گرنگە. بهڵام له و ناوچانهی که ئاو کهمه یان به شێوهیهکی خراپ بهڕێوه دهچێت، دهتوانێت ململانێ دروست ببێت و ببێته هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی و هەڕهشەی ئەمنی. هەرێمی کوردستانیش لەو تەحەددایانە بێبەری نییە. سەرەڕای ئەوەی کە KRI تاڕادەیەک دەوڵەمەندە بە سەرچاوە ئاوییەکان بە بەراورد لەگەڵ باقی ئێراق، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و خراپ بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی تا ڕادەیەک کلاسیکی و ناتەندروست و لاوازی هۆشیاری گشتی بەشێک لە هاووڵاتیان ڕووبەڕووی زیادبوونی فشاری ئاو دەبێتەوە. وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ڕووبارەکان هەڕەشە لە بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات، ئەمەش ناچار دەکات پشت بە سەرچاوەی خۆراکی دەرەکی ببەسترێت و لاوازییە ئابوورییەکان زیاد دەکات. سەرەڕای ئەوەش، دابەشبوونی ئاو بە شێوەیەکی کۆن کە ناسیستێماتیک و کلاسیکی بووە و بۆ ئەسای شارەکان قەبارەیان زۆر بچووکتر و ژمارەی دانیشتوانی زۆر کەمتر بووە لەناو KRI ناکۆکی ناوخۆیی لەسەر تەرخانکردن دروستکردووە، کە جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان ئاسایشی ئاو و سەقامگیری نیشتمانی دەکاتەوە. لە کابینەی نۆدا پلانێکی ستراتیژی تۆکمە بۆ نەهێشتنی گرفتی کەمبوونەوەی ئاو و دابینکردنی ئاوی شیرین بۆ شارەکان داڕێژراوە و بەشێکی ئەم ژێرخانە کە گلدانەوەی ئاو و سەدەکانە خراوەتە بواری جێبەجێکردن و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
نمونەی یەکەم:- دابەزینی ئاستی ڕووبارەکان لە هەرێمدا؛ هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ بەرەوڕووی زیادبوونی فشاری ئاو دەبێتەوە. دابەزینی ئاستی ئاو لە ڕووبارە گەورەکانی وەک دیجلە و زابی بچووک و سیروان مەترسین بۆ سەر بەرهەمی کشتوکاڵی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە هاوردەکردنی خۆراک و ئاو ببەستێت، ئەمەش لاوازییە ئابوورییەکان زیاتر دەکات و ئاسایشی ئاو دەکاتە پرسێکی ئاسایشی نیشتمانیدا.
نمونەی دووەم:- دۆسیەی سوریا؛ شەڕی ناوخۆی سوریا (2011-تاکو ئێستا) نیشانی داوە کە کەمی ئاو چۆن دەتوانێت ململانێکان توندتر بکات. وشکەساڵی درێژخایەن (2006-2010) بووە هۆی کۆچی گوندنشینەکان، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچە شارییەکان. جگە لەوەش کۆنترۆڵکردنی ژێرخانی ئاو وەک بەنداوی تیشرین و تەبقە بوو بە ئامانجێکی سەربازی ستراتیژی بۆ هێزەکانی حکومەت و گروپە یاخیبووەکان.
ڕۆڵی کارایی ئاو لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکدا؛ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ گەشەسەندنی دانیشتوانی جیهان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئاوەوە هەیە. بەکارهێنانی زانستیانە و ڕاست و دروستی ئاو لە کشتوکاڵدا، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات کەمدەکاتەوە و لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی و لە ئەنجامدا ئاسایشی خۆراک. لەگەڵ بەردەوامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، پێویستی بە خۆراک بە خێراییەکی گەورە زیاد دەکات. سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بەکارهێنانی خۆراکی ساڵانە بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا ٢٠ زیادی کردووە و بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێستاش تا ساڵی ٢٠٢٦، بەرهەمهێنانی خۆراک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا پێویستی بە لەسەدا ٧٠ زیاتر لە بەرهەمی ئێستایان دەبێت. بە خستنەڕووی گرنگی ئاسایشی خۆراک لە پۆلی ئاسایشی مرۆیی، دەتوانین لە گرنگی کەرتی کشتوکاڵ تێبگەین و بەو پێیەی کشتوکاڵ گرنگترین کەرتە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکدا، هەموو گرنگییەک لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی پێویست، جا ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا. توێژینەوەکانی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆراک و دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردنی ئاو دەریدەخەن کە لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەی دانیشتوان و شارنشینی و فراوانبوونی پیشەسازی، بڕی ئاوی بەردەست بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە سەرانسەری جیهاندا تا ساڵی ٢٠٢٦ زیاتر سنووردار دەبێت و ئەم کەرتە ڕووبەڕووی زیانێکی زیاتر دەبێتەوە بەهۆی تەرخانکردنی ئاو لە کەرتی ژینگەییەوە بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و ناوخۆیی.
دابینکردنی خۆراک:- کشتوکاڵ کە نزیکەی لەسەدا ٧٠ی سەرچاوە ئاوییەکانی جیهان بەکاردەهێنێت، پێویستی بە ئاوی پێویست و بەردەوام هەیە. کشتوکاڵ، وەک گەورەترین بەکارهێنەری ئاو لە جیهاندا، پێویستی بە سەرچاوەی ئاوی بەردەوام هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەرهەمهێنانی بەروبوومی خۆراک بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی. کەمی ئاو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و بژێوی کۆمەڵگا گوندنشینەکان هەیە.
تەندروستی گشتی:- دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نەخۆشیەکان و بەرەوپێشبردنی تەندروستی گشتی. دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی پاک هۆکارێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو وەک کۆلێرا و سکچوون. کوالیتی دروستی ئاوی خواردنەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە باشترکردنی تەندروستی و زیادکردنی تەمەنی چاوەڕوانکراو.
ئابووری بەردەوام و جێگیر:- پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئابووریش پێویستیان بە سەرچاوەی ئاوی متمانەپێکراو هەیە. سەرچاوەی ئاوی متمانەپێکراو پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کارگەکان. ئاوی پێویست و بەردەوام دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار.
پاراستنی ژینگە:- پاراستنی ئیکۆسیستەمی سروشتی پەیوەستە بە سەرچاوەی ئاوی تەندروست و بەردەوام. ئیکۆسیستەمەکانی وەک تاڵاو و دارستانەکان پشت بە سەرچاوەی ئاوی تەندروست دەبەستن بۆ پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئیکۆلۆژی. لەناوبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەتوانێت مەترسی لەسەر ئیکۆسیستەمەکان دروست بکات و سوڕی ژیانی سروشتی تێکبدات.
“سەرچاوە ئاوییەکان وەک ئامانجی سیاسی و سەربازی”
سەرچاوە ئاوییەکان لە مێژوودا وەک ئامرازی سیاسی و سەربازی بەکارهێنراون. کۆنترۆڵکردنی ئاو لە هەردوو دانوستانەکانی کاتی ئاشتی و ستراتیژییەکانی سەردەمی جەنگدا، کاریگەری دادەنێت و دەبێت. لە هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتن بە ئاو سەرچاوەی گرژیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی ئێراق بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو و تەرخانکردنی ئاو. سەرەڕای ئەوەش، پەرەپێدانی بەردەوامی تورکیا بۆ پڕۆژەی ئاوی بەرفراوان، وەک بەنداوی ئیلیسو لەسەر ڕووباری دیجلە، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆیشتنی ئاوی بۆ ناو ئێراق کەمکردووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و باقی پارێزگاکانی ئێراق دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە تورکیا تا ڕادەیەک کاریگەری سیاسی هەبێت، بەو پێیەی ئێراق دەبێت دانوستان لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئاو بکات. بەهەمان شێوە ئێران ڕێڕەوی چەند لقێکی ئاوی کوردستانی گۆڕیوە و ئاوی بەردەستی کەمکردووەتەوە و بڕی ئاوی ناوخۆی هەرێم و ئێراقی گەورەتر کردووە، کە دەتوانرێت وەک تاکتیکی فشار لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا کەڵک وەربگیرێت.
نمونە:- ململانێی ڕووباری ئوردن؛ ئیسرائیل و ئوردن، سوریا و فەلەستین لە مێژە ناکۆکییان لەسەر گەیشتن بە ڕووباری ئوردن هەیە. لە ساڵانی شەستەکاندا ئیسرائیل بۆردومانی پڕۆژەکانی لادانی ئاوی سوریای کرد، ئەمەش دوژمنایەتییەکانی ناوچەکەی زیاتر کرد و بەشداری کرد لە گرژییەکان کە بە جەنگی شەش ڕۆژە (١٩٦٧) گەیشتە لوتکە.
سیستەمی ئاو وەک ئامرازێکی جەنگ؛ بە درێژایی مێژوو سیستەمی ئاو لە کاتی شەڕەکاندا وەک چەکێکی بەهێز بهکارهاتووە بۆ کۆنتڕۆڵکردن یان لەناوبردنی ژێرخانی ئاو و هەروەها تاکتیکێک بووە بۆ لاوازکردنی نەیاران و تێیدا بەکارهاتووە. لە هەرێمی کوردستانیش ململانێکان و شۆرشەکانی ڕابردووی گەلەکەمان لە دژی حکومەتی ئەوسا لاوازی ژێرخانی ئاویان دروستکردوە. لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن، حکومەت بە ئەنقەست سەرچاوەکانی ئاوی ژەهراوی و دەروخاند و ئاوەڕۆی تاڵاوەکانی بە لارێدادەبرد و تەنانەت زۆربەی بیرەکانی ناوی پر دەکردەوە بە خۆڵ و چیمەنتۆدا وەک ڕێکارێکی سزادان لە دژی گروپە نەیارەکانی و بە تایبەتی دژ بە هێزەکانی پێشمەرگەدا. لەم دواییانەدا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش بەنداو و دامەزراوە ئاوییەکانیان لە ئێراق و سووریا کردۆتە ئامانج بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دانیشتووان بکەن. بەنداوی موسڵ کە دەکەوێتە دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی ستراتیژی سەرەکی بووە لە کاتی داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن داعشەوە. ئەگەر لەناو ببرایە، لافاوێکی کارەساتبار کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دەبوو. ئەمەش گرنگی ستراتیژی پاراستنی ژێرخانی ئاو وەک یەکەمایەتییەکی ئاسایشی نیشتمانی نیشان دەدات.
نمونەی یەکەم:- وێرانکردنی بەنداوی موسڵ؛لە کاتی داگیرکردنی باکوری ئێراق لەلایەن داعشەوە، بەنداوی موسڵ مەترسی لەناوچوونی لەسەر بوو. ئەگەر بەنداوەکە بڕووخێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەرفراوان کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە ئێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە دروست دەکات. ئەمەش نیشانی دا کە چۆن دەتوانرێت ژێرخانی ئاو وەک چەکێکی بەهێز لە شەڕدا بەکاربهێنرێت.
نمونەی دووەم:- ڕەتکردنەوەی سیستەمی ئاو وەک ئامرازێکی شەڕ: سیاسەتەکانی سەدام حوسێن لە دژی کورد، لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن ئاو وەک چەکێک لە دژی دانیشتوانی کورد بەکار دەهێنرا. هەڵمەتی بەعەرەبکردن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وێرانکردنی گوندە کوردنشینەکان و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی و زۆرجاریش لەڕێگەی لادانی سەرچاوە ئاوییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانەوەی لەخۆگرتبوو،. جگە لەوەش ڕژێمی سەدام دەستڕاگەیشتن بە پڕۆژەکانی ئاودێری سنووردار کرد، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر جووتیارانی کورد هەبوو و وەک یەکێک لە هۆکارەکانی فشار و گوشار و تەعریبیش هەژمار دەکرا..
ململانێکانی ئاو لە داهاتوو:- لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕانی کەشوهەوا لە کاریگەری لەسەر شێوازی بارانبارین و بەردەستبوونی ئاو، پێدەچێت ململانێکانی داهاتوو لەسەر ئاو چڕتر ببنەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە تایبەتی بەهۆی کەشوهەوای وشک و پشتبەستنی زۆر بە سەرچاوەی ئاوی هاوبەشەوە و ئاوی ژێرزەوی بەرەوڕووی کەمی ئاو دەبێتەوە. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی درێژخایەن دەبێتە هۆی خراپترکردنی گرژییەکانی ئێستا، بەتایبەتی لەنێوان ئێراق و تورکیا و ئێران. ئەگەر وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان بەردەوام بن لە کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی ڕۆیشتنی ئاو لە ڕێگەی پڕۆژەکانی بەنداوەوە، ڕەنگە ناوچەکانی خوارەوەی ئاو وەک هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕێژەیەکی زۆری کەمیی ئاو ببنەوە، کە ببێتە هۆی ئەگەری ململانێی دیپلۆماسی یان تەنانەت سەربازی. هەروەها ئەگەری جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، ناکۆکی ناوخۆیی لە ناوخۆی ئێراق لەسەر دابەشکردنی ئاو زیاتر دەکات.
نمونە:- ململانێ ئاوییەکانی داهاتوو: ئێران و ئەفغانستان؛ گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان لەسەر ڕووباری هێلمەند بە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی ئاو کە بەهۆی پڕۆژەکانی بەنداوی ئەفغانستانەوە دروست بووە، توندتر بووە. لە ساڵی ٢٠٢٣ پێکدادان لەسەر سنوورەکان ڕوویدا و ئێران ئەفغانستانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەستڕاگەیشتن بە ئاو سنووردار کردووە بە پێشێلکردنی پەیماننامەکانی ڕابردوو.
“چەمکی هایدرۆپۆلیتیک”
هایدرۆپۆلیتیک ئاماژەیە بۆ ڕەچاوکردنی لایەن سیاسی و ستراتیژییەکانی دەورووبەری سەرچاوە ئاوییەکان. بوارێکی گەشەسەندنی لێکۆڵینەوەیە، چونکە کەمی ئاو زیاتر کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت. لە هەرێمی کوردستان، هایدرۆپۆلیتیک ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە کارلێککردن لەگەڵ هەردوو حکومەتی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ. کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بووەتە ئامرازێکی موزایەدە و هێزە، کاریگەری لەسەر دانوستانە دیپلۆماسییەکان و ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و سیاسەتە ئەمنییەکان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەستەبەرکردنی دابینکردنی ئاوی جێگیر بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری زۆر گرنگە. تێگەیشتن لە هایدرۆپۆلیتیک کلیلی بەڕێوەبردنی ئەو تەحەدایە ئاڵۆزانەی پەیوەست بە ئاوە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
هایدرۆپۆلیتیک لەسەر ئاستی ناوخۆیی:- لە ئاستی ناوخۆییدا، ئامارێکی ورد نیە سەبارەت بە کێشە و گرفتی کەم ئاوی لە ناو هەرێمی کوردستان. زۆرجار ناوچە گوندنشینەکان لەگەڵ سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە ئاودا کێشەیان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆچکردن بەرەو ناوەندە شارییەکان، کە لە ئێستاوە خواست لەسەر ئاو زۆرە. ئەم کۆچکردنەی شارەکان ئاستەنگەکانی ژێرخانی گەورەتر دەکات، فشار دەخاتە سەر سیستەمی پاککردنەوە و دابەشکردنی ئاو. سەرەڕای ئەوەش، گرژی لە نێوان کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازیدا دروست دەبێت، چونکە هەردووکیان پێویستیان بە تەرخانکردنی ئاوی گەورە هەیە. بەبێ حوکمڕانی کاریگەرانەی ئاو، ئەم ململانێ ناوخۆییانە دەتوانن پەرەبسەنن بۆ پرسە سیاسی و ئابوورییە فراوانترەکان و هەندێ جاریش شارەکان بە هۆی گەورەبوونی دراماتیکیان لە ماوەیەکی کورتدا رووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە بە تایبەت کە کەمی کارەبای نیشتیمانی هۆکارە بۆ بەکارهێنانی ژمارەیەکی یەکجار زۆری فێنککەرە کە بە ئاو کاردەکەن و و هەروەها بە فیرۆچوونی بڕێکی ئاو بە هۆی کەمی بەنداو و نەبوونی سیستەمێکی ناوەندی بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و بەکارنەهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئادانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و، ئەمانەش بە جۆرێ لە جۆرەکان گرفتێکی تر بۆ حکومەت دێنێتەکایەوە و پێویستە بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە شێوازە ڕاست و درست و زانستیانەی بە کارهێنانی ئاو ڕێگە لە ڕوودانی ئەم کارەساتە یان قەیرانە بگیرێت یا خود گریمانەی ڕوودانی دوابکەوێت.
نمونەی یەکەم:- کەمی ئاو لە بەسرە لە ئێراق. خراپی بەڕێوەبردنی ئاو و پیسبوون و دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری شەتولعەرەب بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سەختی ئاو لە بەسرە. ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا لەسەر پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان ڕوویاندا، کە دەریدەخات کەمیی ئاو دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی.
نمونەی دووەم:- کاریگەری بەنداوی دوکان و دەربەندیخان. بەنداوی دوکان (لەسەر زابی بچووک دروستکراوە) و بەنداوی دەربەندخان (لەسەر ڕووباری سیرڤان) بۆ عەمبارکردنی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی و کشتوکاڵ و…هتد لە کوردستاندا زۆر گرنگن. بەڵام وشکەساڵی و ڕێگریکردن لە بەردانەوەی ئاو بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ئەم بەنداوانە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی وزە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ هەیە. ئەمەش وایکردووە کە بەڕێوەبردنی بەنداوەکان و دابەشکردنی ئاو ببێتە کارێکی سەخت و مەترسی و قەیران و بابەتێکی هەستیار و هەندێ جاریش تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت، بەتایبەتی لە وەرزی وشکەساڵیدا.
هایدرۆپۆلیتیک لەسەر ئاستی نیشتمانی
لەسەر ئاستی نیشتمانی، قەیرانی ئاوی گشتی عێراق کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسە هەرێمی کوردستان هەیە. بێتوانایی حکومەتی ناوەندی لە دەستەبەرکردنی ئاوی پێویست لە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان کاریگەری لەسەر تەواوی وڵاتەکە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی تەرخانکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بە دروستکردنی بەنداوی نوێ و پەرەپێدانی پڕۆژەی پاراستنی ئاو بە شێوەیەکی سەربەخۆ کێشەکانی ئاوی خۆی چارەسەر بکات. بەڵام بەبێ ستراتیژییەکی نیشتمانی هاوئاهەنگ، ڕەنگە ئەم هەوڵانە لە درێژخایەندا بەردەوام نەبن. نەبوونی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ دابەشکردنی ئاو لە ناوخۆی عێراق دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
هایدرۆپۆلیتیک لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی:- لە ڕووی ناوچەییەوە، هایدرۆپۆلیتیک ڕۆڵێکی سەرەکی لە جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت. ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان ئێراق، تورکیا و ئێران لەسەر ڕووبارەکانی سنووربەزێن، تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ئاو. پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی تورکیا (GAP) کە زنجیرەیەک بەنداو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لەخۆدەگرێت، بەردەستبوونی ئاوی لە عێراق و سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. بە هەمان شێوە لایەنگری ئێران لە لقەکانی ڕوبارەکانی کە دەڕژێنە ناو عێراقەوە قەیرانی ئاوی وڵاتەکەی خراپتر کردووە. بەبێ ڕێککەوتنی ناوچەیی، ئەم گرژییانە دەتوانن پەرەبسەنن بۆ ململانێی گەورەتر. لەسەر ئاستی جیهانی، کەمی ئاو دەبێتە پرسێکی گرینگ، زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەشە بۆ سیاسەتی بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ململانێکانی داهاتوو. ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی کەمیی ڕادەبەرزی ئاو دەبنەوە، ڕەنگە زیاتر ڕوو لە دامەزراوە جیهانییەکان بکەن بۆ نێوەندگیری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
نمونەی یەکەم:- کارەساتی دەریای ئارال، لادانی ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی کە دەرژێنە دەریای ئارال (کازاخستان و ئۆزبەکستان)، بۆ پڕۆژەکانی ئاودێری لە سەردەمی سۆڤیەتدا بووە هۆی تێکچوونی سەختی ژینگەیی، ئەمەش بووە هۆی زیانێکی ئابووری لە ناوچەکەدا و گرژییە سنوورییەکان لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئاوی زیاتر کرد.
نمونەی دووەم:- ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. بەهۆی چڕبوونەوەی کەمی ئاوەوە، ئێراق و کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ئاسایشی ئاو ڕوویان لە پاڵپشتی نێودەوڵەتی کردووە. ڕێکخراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی و ئەنجوومەنەکانی ئاوی ناوچەیی داوای هەوڵی دیپلۆماسی لە نێوان ئێراق و تورکیا و ئێران دەکەن بۆ دروستکردنی ڕێککەوتنی دادپەروەرانەی دابەشکردنی ئاو. بەڵام ناسەقامگیری سیاسی و ململانێی ناوچەیی وایکردووە هاوکارییەکان قورس بێت.
هۆکاری جۆراوجۆر دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئاو هەبێت، لەوانە:-
- گۆڕانی کەشوهەوا:- بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ڕێژەی باران دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان.
گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو هەیە لەسەر ئاستی جیهان. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی بەکارهێنانی زیاتر و هەڵمبوونی زیاتری ئاو و کەمبوونەوەی بارانبارین لە زۆرێک لە ناوچەکان. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان و هەروەها گۆڕانی شێوازی بارانبارین لە ناوچەکانی دیکە. لە ئەنجامدا زۆرێک لە وڵاتان ڕووبەڕووی قەیرانی کەم ئاو بوونەتەوە کە کاریگەری گەورەی لەسەر کشتوکاڵ و پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. جگە لە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت ببێتە هۆی لافاو و تۆفان و زریان لە ڕۆیشتنی ڕووبار و دەریاچەکاندا. بۆ نموونە گۆڕانکاری لە شێوازی بارانبارین دەبێتە هۆی لافاو یان وشکەساڵی توندتر، کە دواجار دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە بەردەستبوون و کوالیتی سەرچاوە ئاوییەکان. لە درێژخایەندا ئەم پێشهاتانە دەتوانن ببنە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو لە زۆرێک لە ناوچەکان بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا.
- زیادبوونی دانیشتوان: زیادبوونی دانیشتووان و شارنشینی خواستێکی زیاتر بۆ ئاو دروست دەکات.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان: زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر ئاسایشی ئاو هەیە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، خواست لەسەر ئاو ڕاستەوخۆ زیاد دەکات. هەروەها شارنشینی و فراوانکردنی ناوچە شارییەکان پێویستی بە سەرچاوەکانی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی و تەندروستی دوو هێندە دەکات. لەم هەلومەرجەدا، تەنانەت ئەگەر سەرچاوەی ئاوی پێویست هەبێت، ڕەنگە دابەشکردنیان ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە، چونکە خەڵکی زیاتر پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوانە هەیە. لە لایەکی دیکەوە زیادبوونی دانیشتوان دەبێتە هۆی زیادبوونی پاشماوە و بەرهەمهێنانی ئاوەڕۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی کوالیتی ئاو. لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی دانیشتوانی گەشەسەندوو دابین بکرێت، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی گونجاو بدرێت. ئەمەش پێویستی بە پلاندانان و هاوکاری ورد هەیە لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت و ئەهلیدا بۆ بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو.
- بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوەکانی ئاو:- بەکارنەهێنانی سەرچاوەکانی ئاو بە شێوەیەکی گونجاو بەرهەمهێنانی ئاو کەمدەکاتەوە.
بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوەکانی ئاو:- بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوەکانی ئاو دەتوانێت یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو. زیاد لە پێویست بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو، لێدانی بیرە نایاساییەکان و زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و تەنانەت وشکبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان. جگە لەوەش گرنگی نەدان بە تەکنیکە مۆدێرنەکانی بەڕێوەبردنی ئاو، وەک بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری دڵۆپ دڵۆپ یان ڕیسایکلکردنی ئاو، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر ئاو. لە لایەکی دیکەوە، نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان حکومەتەکان و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگا ناوخۆییەکان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاویشدا بەشدارە لە قەیرانەکانی ئاو. لە زۆرێک لە ناوچەکاندا سیاسەتی خراپ و گەندەڵی و چاودێری نەکردنی دروستی سەرچاوەکانی ئاو دەبێتە هۆی بەکارهێنانی نەشیاو و ناکارامەی ئەم سەرچاوانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پەرەپێدانی سیستەمی کاریگەری بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، وەک ئەولەویەتێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاوی داهاتوو زۆر گرنگە.
- ململانێی سیاسی و ناوچەیی:- ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هاوبەش دەتوانێت ئاسایشی ئاو بخاتە مەترسییەوە.
ململانێی سیاسی و ناوچەیی: ململانێی سیاسی و ناوچەیی دەتوانێت کاریگەری جددی لەسەر ئاسایشی ئاو هەبێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە سەرچاوەکانی ئاویان هاوبەشە. ناکۆکی لەسەر مافی بەکارهێنانی ڕووبار و دەریاچە و سەرچاوە ئاوییەکانی دیکە دەتوانێت ببێتە هۆی گرژی و ململانێی چەکداری لە نێوان وڵاتان یان گروپە جیاوازەکاندا. ئەم جۆرە ململانێیانە نەک هەر دەستڕاگەیشتن بە ئاو سنووردار دەکەن، بەڵکو دەتوانن کوالیتی ئاویش بخەنە ژێر مەترسییەوە. لە لایەکی دیکەوە نەبوونی هاوکاری و دانوستان لە نێوان وڵاتانی سنووردار سەبارەت بە بەکارهێنانی گونجاوی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان دەتوانێت ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئەم سەرچاوانەدا. بۆیە هاوکاریی ناوچەیی و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە. ئەگەر ئەم کێشانە بەشێوەیەکی کاریگەر چارەسەر نەکرێن، دەتوانن مەترسیی جددی بۆ سەر ئاسایشی ئاو و تەنانەت سەقامگیری سیاسی لە ناوچە جیاجیاکان دروست بکەن.
- پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان:- هاتنە ناوەوەی پاشماوە و پیسکەرەکان بۆ ناو سەرچاوەکانی ئاو، لە کوالیتی و بڕی ئاو کەمدەکاتەوە.
پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئاسایشی ئاو. هاتنە ناوەوەی و پاشەڕۆ و پاشماوە جۆراوجۆرەکان و پیسکەرەکان بۆ ناو ڕووبارەکان و دەریاچە و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی دەتوانێت کوالیتی ئاو بە شێوەیەکی جددی تێکبدات. ئەم پیسکەرانە بریتین لە ئاوی پیسی پیشەسازی و کشتوکاڵی و شارەوانییەکان کە دەتوانن ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکان بگوازنەوە بۆ سەرچاوەکانی ئاو. لە ئەنجامدا ئاوی پیس دەبێتە هۆی نەخۆشی و مەترسی تەندروستی بۆ سەر مرۆڤەکان. جگە لە پیسبوون، کەڵەکەبوونی پاشماوە و پلاستیک لە سەرچاوە ئاوییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە ئاوەکەدا و گۆڕانکاری لە ئیکۆسیستەمی ئاوییەکان. ئەم گرفتانە نەک هەر مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکەن، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوی هەیە و هەمەجۆریی زیندوەران کەمدەکاتەوە. بۆیە پێویستی بەکۆنترۆڵی ورد و بەڕێوەبردنی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی کوالیتی ئاو و دڵنیابوون لە سەلامەتییەکەیدا.
“هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ئاو”
ئاسایشی ئاو لەسەرتاسەری جیهان گرنگیەکی ئیجگار زۆری هەیە، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەش بەهۆی کەمی ئاوی شیرین لە جیهان و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواو کەم بوونەوەی ڕێژەی دابارین و زیادبوونی مەترسییەکانی وشکە ساڵی بە تایبەتی لەو ووڵاتانەی کە دانیشتوانی بە شێویەکی بەرچاوە پشت بە کشتوکاڵی و کاری وەرزێری دەبەستن. بێگومان هەرێمی کوردستان وەک بەشێك لە ووڵاتانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێبەش نییە لەم مەترسییەدا، لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆر دراوە بە ژێرخانی ئاسایشی ئاوا، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندی بچوک بە پشت بەستن بە ئاوی باران و ڕووبارەکاندا. گرنگیدان بە ژێرخانی ئاسایشی ئاو کابیەنەی نۆیەمی جیا دەکاتەوە لە کابینەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ژێر خانی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەبیتە فاکتەرێک بۆ پاراستنی سامانی ئاو و هەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی داهات و، بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و، بەهێزکردنی ژێرخانی کشتوکاڵی و، زیادبوونی هەلی کار و، پاراستنی هەرێمی کوردستان لە وشکەساڵی.
“کۆتایی”
دەرەنجام:- هەستیاری و زەروورەت و پێویستی بەڕێوەبردنی ئاو لە کوردستان کەمی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و بەردەستنەبوونی بەربڵاویان، زیادبوونی پیسبوون و زیادبوونی بەکارهێنانی ئەم سەرچاوانە، بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتان ڕووبەڕووی کەمی ئاو ببنەوە. هاوکات کەمیی ئاوی لە ڕادەبەدەر لە ناوچەکانی جیهان، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسی دروستبوونی ناکۆکی و ململانێی لەسەر ئاو زیاد کردووە. ئەم پێکدادان و ململانێیانە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە لەم دۆخەی ئێستادا تێیدا دەژین، سەرچاوەکانی ئاوی شیرین بوونەتە کاڵایەکی گرنگی ئابووری و ئامرازێکی سیاسی کاریگەر لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی. کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە گرنگییەکی تایبەت، دروستکردنی میکانیزمی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بەڕێوەبردنی هەمەلایەنە و یەکگرتووی سەرچاوەکان. بە واتایەکی تر، جێبەجێکردنی بەڕێوەبردنێکی کارا و گونجاو بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتان بە هەنگاوێک بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی دەسەڵاتی نیشتمانی خۆیان دادەنرێت. بە گشتی لەگەڵ ڕێژەی ئێستای زیادبوونی دانیشتوانی جیهان، لە هەزارەی سێیەمدا ململانێ لەسەر ئاو دروست دەبێت. بە جۆرێک کە پرسی حوکمڕانی ئاو لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا، ببێتە یەکێک لە مۆدێلە تەقلیدییە سەرەکییەکان (نەخشەڕێگاکان) و بێ گومان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە یەکەمین هەرێمەکان کە مۆدێلێکی لەو شێوەیەی تێدا جێبەجێ دەکرێت. پێشنیار دەکرێت کە کۆمەڵێک دامەزراوەی باڵای چارەسەری ناکۆکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و هەماهەنگیکردنی سەرچاوە هاوبەشەکان، پێکبهێنرێت، لەوانەش سەرچاوەی ئاوی هاوبەش و نیگەرانییە ستراتیژییەکانی دیکە. لە کۆتاییدا پێویستە بڵاوکردنەوەی زانیاری بە گشت هاووڵاتیان و بنیاتنانی ڕۆشنبیری و هۆشیاری کولتووری لەبەرچاو بگیرێت بە مەبەستی پێشخستن و ڕەچاوکردنی بنەماکانی پاراستنی ئاو و بەکارهێنانی گونجاوی ئاو.
هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبێتەوە، لەوانە کەمی ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا، ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی. ئەگەر سیاسەت و ڕێککەوتنە ناوچەییە کاریگەرەکان جێبەجێ نەکرێن، ڕەنگە کوردستان ڕووبەڕووی دابەزینی ئابووری و نائارامی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکان ببێتەوە. ئاسایشی ئاو دەبێت ببێتە ئەولەوییەتی سەرەکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، بە وەبەرهێنانی بەردەوام لە ژێرخانی ئاو، بەرنامەکانی پاراستنی سەرچاوەکان، و دانوستانەکانی دیپلۆماسی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری درێژخایەن بکرێت.