وشەی کلاسیک، لە مانا گشتییەکەیدا بەهەموو ئەو بەرهەمانە دەگوترێت کە بە نموونەی زەق و دیاری ئەدەبی وڵاتێک دێنە ئەژمار و مایەی شانازیی ئەدەبیاتی نەتەوەیی ئەو وڵاتەن. بۆ نموونە ئێمە دەتوانین هەموو بەرهەمە نەمرەکانی شاعیرە گەورەکانمان لە ژێر ناوی کلاسیک بناسێنین. بەڵام کاتێک باس بێتە سەر “ڕێبازی ئەدەبی” ئەوە ئیتر ئاوەها مانا و دەلالەتێکی گشتیمان مەبەست نییە و لەم حاڵەتەدا کلاسیک بە ڕێبازێکی ئەدەبی دەگوترێت کە پێش لە سەرهەڵدانی ڕێبازە ئەدەبییەکانی دیکە “لە سەدەی هەڤدەیەم” لە فەرەنسە سەریهەڵدا و شوێنپێی ئەدەبی کۆنی یۆنان و ڕۆمی گرتووە و لاسایی ئەوانی کردووەتەوە. دەڵێم لە فەرەنسە چونکە ئەم ڕێبازە، ئەگەر چاوپۆشی لە مانا بەربڵاو و گشتییەکەی بکەین، تایبەتە بە فەرەنسە و لە بنەمادا ڕێبازێکی فەرەنسییە. لەبارەی سەردەمەکان یان ڕێبازەکانی دیکەی وەکوو بارووک یان ڕۆمانتیسم و یان لە ڕووبەرێکی بەرتەسکتردا لەبارەی سیمبۆلیزم، دەتوانین باسی هەموو کیشوەری ئەورووپا بکەین؛ بەڵام دۆزینەوەی هاوبەشییە نزیکەکان لە نێوان ئەو ڕەوتانەی کە لە سەدەی حەڤدەیەم و سەرەتای سەدەی هەژدەیەم لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوادا ناوی کلاسیکیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، دژوارە. لە ڕاستیدا ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونووسە ئەدەبییەکانی ئاڵمان و ئەورووپای ناوەڕاست و ئیسپانیا و ئیتالیا، ئێستە وای بە باشتر دەزانن کاتێک لەبارەی هونەر و تەنانەت شانۆ و شێعری لیریک و پەخشانی وڵاتەکەیان باس و خواسێک دێتە ئاراوە، لەباتی ڕێبازی کلاسیک باسی سەردەمی بارووک بکەن. تەنانەت ژمارەیەک لە توێژەرە بناژۆخوازەکان باوەڕیان وایە کە کلاسیسیسمی فەرەنسیش دەبێت وەکوو باڵێکی شەرمنۆکانەی بارووک هەژمار بکرێت کە کاژی خستووە و ڕوخساری گۆڕیوە.
بەڵام وشەی کلاسیک، بۆ ماوەیەکی زۆر هەموو هەوڵی خۆی خستبووە گەڕ تاکوو ناوی بارووک لە میژووی ئەدەبدا بسڕێتەوە و یان لانیکەم کاڵی کاتەوە. خودی وشەی کلاسیک لەو تایتڵە زۆر ئاسانانەیە کە بۆ پێسەلماندنی زەینی هۆگرانی ڕەهاگەرێتی و ڕاشکاوی، بووە بە باو. بەڵام باشتر وابوو ئەم وشەیە لە شکڵی “کۆ”دا بەکار ببردرێت تاکوو بەم شێوەیە بتوانین جیاوازی و تۆفیرەکانی کلاسیسیمە جۆراوجۆرەکان دیاری بکەین. بەڵام ئەم هەوڵەش دەرئەنجامێکی نابێت و ڕەنگە ببێت بە سەرهەڵدانی خراپ تێگەیشتنانێکی گەورەتر لەوەی کە نیازمان سڕینەوەیەتی. هەر بۆیە هیچ ڕێگەچارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە هەمان کلاسیسیمی سەدەی هەڤدەیەمی فەرەنسە کە وەکوو ڕێبازێکی باو ناسراوە، شیبکەینەوە و لە هەمان کاتدا پیشانی بدەین کە چۆن کلاسیسیسمی فەرەنسە بۆ ڕەوتە تازە ئەدەبییەکان لە وڵاتانی دیکە بوو بە چاولێکەری و سەرنموونە و چۆناوچۆنی خۆیشی بە شوێنپێگرتنی سەرکەوتنەکانی کلاسیکەکانی یۆنانی کۆن، هەنگاوی بەرەو پێشەوە هەڵگرتووە.
ئەمە بانگەشە و ئیدەعایەکی نابەجێ و نادروستە گەر بڵێین کلاسیسیسم لە ئینگلیس یان وڵاتانی دیکەدا تەنها کاتێک ڕەسەن و بێخەوش دەبێت کە نزیک بێت لە کلاسیسیسمی فەرەنسی. بەڵام ناکرێت ئەمەش ڕەت کەینەوە کە کلاسیسیسم لە فەرەنسەدا بووژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و لە ئەدەبدا بە قووڵی ڕەنگی دایەوە، بەشێوەیەک کە تەنانەت کلاسیسیسمی ئینگلیس و بەرهەمەکانی “میلتۆن و درایدێن و پۆپ”یش توانایی ململانێیان لەگەڵیدا نەبوو و هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ئەدەبی وڵاتانی دیکە لە قۆناغی داڕمان و پووکانەوەدا دەژیان و هەنووکەش هەرجۆرە باسکارییەکی بەهاکان و دیسیپلینەکانی کلاسیک دەبێت بە سەرنجدان بە بۆچوونەکانی بوالۆ و گرینگتر لەو بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمەکانی ڕاسین، هەروەها لا فۆنتێن و پەخشانی ئەخلاقگەراکان و ئامۆژگارینووسان و مێژوونووسانی هاوچەرخی لوویی چواردەیەم بێت.
باشتر وایە لێرەدا لە ڕووی مێژوویی و لە ڕوانگەی ماناناسییەوە چاوێک بەم بەکارهێنانەی وشەکەدا بخشێنین: لە سەدەی دووەمی زاینیدا ئاڤلۆس-جێلیووس؛ توێژەری ڕۆمی نووسەرەکانی دابەش دەکرد بە سەر دوو دەستەدا: یەکەم نووسەری کلاسیک و دووهەم نووسەری ڕەشۆکی. ئەو نووسەری کلاسیکی بۆ ئەو نووسەرانە بەکار دەهێنا کە بەرهەمەکانیان شایستەی ئەوەن لە لایەن چینە باڵا و سەرووەکانی کۆمەڵگاوە بخوێنرێنەوە. وردەوردە ئەم پێناسەیە مانایەکی بەربڵاوتری پەیدا کرد و بۆ ئەو بەرهەمانە بەکار دەهێنرا کە شیاوی وتنەوە لە چوارچێوەی وانەی پۆلەکان و هەروەتر بەئاراستەی پەروەردەکرنی جیلی نوێ بن. ئەو نووسەرانەی کە بەرهەمەکانیان وەکوو سەرنموونە بۆ قوتابیان پێشنیار دەکرا، بێگومان لە باشترین نووسەرەکان هەژمار دەکران و وشەی کلاسیکیش هاوتایەک بوو بۆ سەرێتی و باڵادەستیی گومانهەڵنەگری بەرهەمەکانیان. بەرهەمە سەرتر و باڵادەستەکان، بەتایبەتی لە ڕوانگەی مامۆستایانەوە، ئەو بەرهەمانەن کە بە تێپەڕینی سەدەکان و قۆناغ و سەردەمەکان بەها و بایەخی خۆیان دەپارێزن و لەڕاستیدا وەکوو فیردەوسیی شاعیر دەڵێت ئەو بینایانەن کە با و باران دەرەقەتیان نایەت، هەر بۆیە لە زۆربەی زمانە هەنووکەییەکانی ئەورووپادا، بەرهەمە کلاسیکەکان هەر ئەو بەرهەمە کۆنانەن. لە پاڵ ئەمانەشدا، نووسەرانێکی نوێش کە بەرهەمەکانیان شیاوی ئەوە هەن بخرێنە ڕیزی بەرهەمە مەزنە کۆنەکانەوە، بە نووسەرانی کلاسیک و بەرهەمەکانیشیان بە کلاسیکەکانی ئەدەبی زمانەکەیان ناو دەبرێت. بۆ نموونە بەرهەمەکانی تۆلستۆی، گۆتە و پرۆست بە کلاسیکەکانی ئەدەبی ڕووسی، ئاڵمانی و فەرەنسی ناو دەبەن.
بەڵام ئەمە تەنها لە سەدەی هەژدەیەم و لە ڕێگەی لاهارپ، ڤۆڵتەر و ئامۆژگارییەکانی ژێزۆئیتەکان و دواتر لە سەدەی نۆزدەیەم لە ڕێگەی زانکۆی ئیمپراتۆری و مامۆستایانی قۆناغی گەڕانەوەی پاشایەتیی و لوویی فیلیپ (کە بە زۆری دژی شۆڕشی ڕۆمانتیکەکان بوون)، بوو کە ئەم ئاوەڵناوەی “کلاسیک” بەشێوەی بەردەوام و گونجاو لەبارەی نووسەرانی فەرەنسیی سەردەمی لوویی سێزدەیەم و چواردەیەم بەکار دەبرا. وشەی کلاسیک لەوە بەدواوە بەدەر لەوەی کە خۆی نیشانەی گرینگی و بایەخ بوو، هاوکاتیش وەکوو سەرزەنشت و لۆمەیەک ئەژمار دەکرا کە دەدرایە پاڵ ئەو نووسەرە ڕۆمانتیکانەی کە وەکوو داهێنەر، لادەر و نەگونجاو ناویان دەبرا. گۆتە بانگەشەی ئەوەی کرد کە بۆ یەکەمین جار ئەو و هاوڕێکەی واتە شیلەر بوون کە ئەم جیاوازییەی نێوان کلاسیک و ڕۆمانتیکیان خستووەتە ڕوو و دوای ئەوانیش برایانی شێلگێل زیاتر پەرژانە سەری. لە ڕەخنەگرانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمی فەرەنسە لەوانە نیزارد، برۆنیر و مووراس و لە وڵاتانی دیکە ئایرونیگ بابیتی ئەمریکی، تی ئەی هۆڵمی ئینگلیسی و تی ئێس ئیلیۆت و ژمارەیەکی دیکە ستایش و ڕێز و هاوکات پێناسەیان زیادکرد بە کلاسیسیسم کە هاوکات خۆی لۆمە و سووکایەتیش بوو بە ڕۆمانتیسم.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەبێت بگوترێت کە هونەری کلاسیکی سەرەکی هەمان هونەری یۆنان و ڕۆمی کۆنە. شاعیرانی سەدەی حەڤدەیەمی فەرنسە، لەپاش هاتنە ئارای ڕەوتێک بەناوی هیومانیزم، ئەم هونەرە کۆنەیان کرد بە سەرمەشق و سەرنموونەی ئیشی خۆیان و بەرهەمەکانی خۆیان بە پێڕەوکردنی یاسا و ڕیسا نەگۆڕ و دیارەکانی ئەدەبی یۆنان و ڕۆم و بەتایبەتی بیر و بۆچوونەکانی ئەرەستوو، دادەهێنا. هەڵبەت ئەم ڕەوتە سەدەیەک بەر لەوەی کە لە فەرەنسە دەرکەوێت و سەر هەڵ بدات، لە ئیتالیا و ئێسپانیادا سەری هەڵدا. ئێسپانییەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر فەرەنسییەکان دانەنا، چونکە لەگەڵ ئەوەی کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەرەستوو لە سەدەی شانزەیەم دەست پێ کردبوو، بەڵام هەوڵیان دەدا ئەم یاسا و ڕێسایانەی ئەرەستوو لەگەڵ ئەو ئەدەبە پڕ و پاراوەی هەیانبوو بگونجێنن و ئەدەبێکی نوێ بخولقێنن، هەر بۆیە سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە پێکهاتەیەکی ئەدەبیی جێگیر و پتەو بەدی بهێنن. بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە تیۆری داڕێژەکانی فەرەنسە لە هەموو خوێندنەوە و یاسادانانەکانیاندا قەرزارباری هیومانیستەکانی ئیتالیان. بۆ ڕوونتربوونەوەی ئەم باسە ئاماژەیەکی خێرا و کورتیش بە هیومانیسم دەکەم.
هیومانیسم وەکوو ڕێبازێک سەرەتا لە ئیتالیادا گەڵاڵە بوو و ناوەکەشی لە ڕۆمییەکان وەرگرتبوو. چونکە کاتی خۆی ڕۆمییەکان بۆ خوێندنەوە و توێژینەوە لەبارەی بەرهەمەکانی یۆنانی کۆن سیستەمێکی ئەدەبی و فەلسەفییان لە ژێر ناوی “خوێندنەوە هیومانیستییەکان” دامەزراندبوو و باوەڕیان وابوو کە “لە ژێر سێبەری خوێندنەوەی بەرهەمە کۆنەکان دەکرێت دەسەڵاتی مەعنەوی و ڕۆحانیی مرۆڤ گەشەی پێ بدرێت و مرۆڤ بەرە و حاڵەتێکی مرۆڤانەتر ئاراستە بکرێت واتە بە مەدەنیتر بکرێت”. وشەی هیومانیسم لە بنەمادا بە مانای “خوێندنەوە ئازاد”ەکان دەهات. لە نیگای یەکەمدا توێژینەوە لەسەر “ئەدەبی مرۆیی” یان “ئەدەبی چەشنی مرۆڤ” ئاماژە بە ئەدەبێکی جیاواز لە “ئیلاهیات/تیۆلۆژی” دەکات. کەواتە و بەم مانایە هیومانیسم واتە خوێندنەوە و توێژینەوە نائایینییەکان. بەڵام خاڵێک کە دەبێت سەرنجی بدەینێ ئەمەیە کە بە هیچ کلۆجێک ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوانیان هیومانیسم و ئاییندا نییە و تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە ئارادا هەبێت ئەوا ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەدەبی نائایینی سەدەکانی ناوەڕاست، کە بەزۆری خاوەنی نرخ و بەهای ئەدەبی نەبوون.
بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەم پرسە بەشێوەیەکی وردەکارانەتر ناسیاوەتی پەیدا بکەین باشتر وایە دەربڕینەکەی “ڤی، ئێل. سولانیر” لە نامیلکەی “ڕۆحی ڕینیسانس” لە کتێبی “مێژووی ئەدەبی جیهان” کە دەزگای پێلیئیاد بڵاوی کردووەتەوە، وەکوو خۆی بهێنینەوە: “ئەگەر لە حاڵەتانێکی تایبەتدا وا ڕۆشتووە کە هیومانیسم مانایەکی دووهەم بەخۆیەوە ببینێت کە بریتییە لە خوێندنەوە و توێژینەوەی ئەدەبیی دەقەکانی یۆنان و ڕۆم واتە بەرهەمەکانی تایبەت بە سەردەمی ئیلحاد بەم هۆیەیە کە تاقانە دەقانێک کە ڕینیسانس توانیبووی دەستی پێێان بگات هەر ئەمانە بوون. هیومانیسم بەپێی پێناسە، جیاواز بوو لە خوێندنەوە و توێژینەوەیەک کە بەڕێوەبەران و باوەڕمەندانی کڵێسا پێڕەویان دەکرد بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ مەبەستێکی بۆ دژایەتیی کردنی کڵێسا و باوەڕەکانی نەبوو و بەپێچەوانەوە دەیوسیت ڕۆشنگەرییەکی نوێ لە خزمەت بە ئیمان و خوێندنەوە و توێژینەوە ئایینییەکان بهێنێتە ئاراوە”.
سەرچاوە: مکتب های ادبی. رضا سید حسینی. مٶسسەی انتشارات نگاه. تهران ١٣٧١
نووسین: ڕەزا سەید حوسەینی
وەرگێڕان: حەبیب ساڵحی