“ئایا فیلمەکان باش یان خراپن؟”
هێنری بێرگسن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گوێرەی گۆڕانی بەردەوامی شتەکان و بیرۆکەکان، بۆچوونێکی فەلسەفی تایبەتمەندی بە جووڵەی پێشنیار کرد، دواتر ژیل دولۆز ئەم چەمکانەی لە سینەمادا بەکارهێنا. فەلسەفە عادەتی بە باسکردنی ڕەوشی ژیانەوە گرتووە، وەکو چۆن شتەکان بێ بڕانەوە، یان لە ساتێکی دیاریکراودا هەن. هەردووک ئەم حاڵەتانە؛ ڕاستییە هەمیشەییەکان و بارودۆخە کاتییەکان ژێرخانێکی لاوازی گریمانەییان هەیە. ئەمەش مانای وایە؛ شتەکان شێوازێکی دیاریکراویان هەیە، یانژی شتەکان هەمیشە لە شوێنێکی دیارکراودان، ئیدی خاڵی دەسپێکی فەلسەفە بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و تێر و تەسەل دەربارەی سەرکۆنە و دۆخەکانیان دەستپێدەکات. هێنری بێرگسن لەباتی ئەوە دەربارەی جیهانێکی پڕ لە گۆڕان و جوڵە نوسیوێتی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تەنها دەتوانێت خەیاڵ و ئاشتییەکی ساختە پێشکەش بکات. بێرگسن دەڵێت؛ بۆ ئەوەی بیر لە جیهان بکەینەوە بە بێ ئەو وەهمانە، پێویستیمان بە فەلسەفەیەکی تازەیە کە پڕاکتیک و میتۆدەکەی لە جوڵە ڕاستییەکە نزیکمان بکاتەوە.
“مێژووی جووڵە لە ئەرستۆوە بۆ هێنری بێرگسن”
فیزیای ئەرستۆ چەندین پاڕادۆکسی پەیوەند بە جووڵە و فرەییەوە تۆمارکرد، بەگشتی ئەو پاڕادۆکسانە دەگەڕێنەوە بۆ زینۆی ئێلیایی، کە پەیوەندە بە جووڵەی تەنەکان و هەموو ئەو کێشانەی لە دابەشبوونی جووڵەوە سەرهەڵدەدەن. بۆنموونە؛ “ئەگەر هەموو شتێک لە ساتی وەستاندا بۆشایی(فەزا) بە یەکسانی داگیربکات، ئەوا کە لە جووڵەدایە لە هەرستێکدا بێ ئەو بۆشاییە داگیردەکات. کەواتە تیرە فڕیووەکە لەو کاتەدا یان لە کاتی داهاتوودا بێ-جووڵەیە؛ بەڵام گەر بێت و هەردوو کاتەکە یان ساتی بەردەوامی کاتەکە وەربگیرێت ئەوا تەنەکە لە جوڵەدایە.” فیزیایی ئەرستۆ. پاڕادۆکسی زینۆ زۆربەی جار دەربارەی پەیوەندی بێسنور دەدوێ، بەڵام دەست بۆ کێشەیەکی دیکەش درێژ دەکات، یەکێکیان ئەوەیە؛ کاریگەری لەسەر زۆرینەی کارە فەلسەفییە گەورەکانی بێرگسن دانا. کێشەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کەچی لەنێوان بچوکترین بەشەکانی جوڵەی تەنێکدا ڕوودەدات. لە هەمانکاتدا پارمێندس (هەمان ناوی کتێبێکی دیالۆگەکانی ئەفلاتوونە) بە گوێرەی ئەم پاڕادۆکسە جوڵە وەهمە، بێرگسن دەر-ئەنجامێکی پێچەوانەی بەدەستهێنا، جووڵە هەموو ئەوەیە کە هەیە و، وەستان وەهمە. گرنگ نیە ئەو ماوەیە چەند کەمە کاتێک ئێمە تێبینی تەنێکی جووڵاوی تێدا دەکەین، بەردەوام شتێک لەو نێوەندەدا هەیە، شتێک کە هیچ کام لەو ساتانەدا نیشان نادرێ، یان تەنانەت لەو ساتەنەی پێکەوەن. ئەوەی لە نێوان شتەکاندا ڕوودەدات جوڵەیە، خەوشی جوڵەیە (یان جووڵانەوە”) بێرگسن لە کتێبی پەرەسەندنی داهێنەرانەدا ( ١٩٠٧). کۆشش دەکات، تاکو ڕێگەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ تیۆریزەکردن و ڕێنوێنی کردنی جووڵەی بێخەوش،هەروەها ئەوەش ڕەتدەکاتەوە وا پێشتر نواندنەوەی جوڵەی دەکرد.
“بوون بە هەمیشەیی (هەرمانی)”
هێنری بێرگسن هەڵەیەکی جەوهەری لە فەلسەفەدا بە مەیلێک بۆ وەسفکردن و بوونیادنانەوەی ڕاستی دەناسێنێت، ئەو ناسینەش لە ڕێی سڕکردنی زنجیرەیەک لە وەستاوی ساتەکان و، “ماوە” هەڵگیراوە. زارەوەی بێرگسن بۆ لێشاوی بەردەوامی گۆڕانکارییەکانە، کە ‘ڕاستی’ بە تێپەڕبوونی کات بەسەریدا دێت. لەکاتێکدا زۆرگونجاوە و تەنانەت زۆر حاشاهەڵنەگرە بۆ ئێمە پشت بە یادەوەری و وێنە وەستاوەکان ببەستین، (کاتێک تەنیا کردار لە ژێر پرسیاردایە). بێرگسن درێژەی پێدەدا و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەم شێوازە لە بیرکردنەوەیە لەکوێدا هەڵە دەکەوێتەوە:- بەڵام کاتێک ئێمە بیر لە سرووشتی شتە ڕاستییەکان دەکەینەوە، بەردەوام بەرژەوەندییە کردارییانەکانمان دەخوازێ لێی تێبگەین، ئێمە ناتوانین تێیبگەین و سەیرورەیەکی ڕادیکاڵ بین. لە سەیرورەدا ئێمە تەنیا دۆخەکان دەبینیین، لەو ماوەیەدا تەنها ساتەکانن و، تەنانەک کاتێک دەربارەی ماوە و سەیرورە قسەدەکەین، ئێمە بیر لە شتێکی دیکە دەکەینەوە.
بێرگسن دەڵێت؛ ڕاستی دەتوانرێ بە دروستی وەک “سەیروەرەیەکی هەمیشەیی” بیری لێبکرێتەوە. خۆی بوونیاد دەنێت، یانژی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. بەڵام هەرگیز هیچ شتێک دروستناکات. گرنگی ئەم نەزەرییە لە چەندین ڕووەوە ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکانەیە، کە وا لە کتێبەکەی ئەلفرێد نۆرس واید ڕەچاوکراوە، بە ناوی ‘ئۆپێراسیۆن و ڕاستی’ (١٩٢٩). دەتوانین بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەموو جۆرە کێشیەکی فەلسەفی ئاڵۆسکاو چارە بکەین. پاڕادۆکسی زینۆ ئەوەی خستە ڕوو؛ دەبێ ئێمە لەو بیرۆکەیە تێبگەین کە ڕاستی بەردەوام لە پڕۆسەی سەیرورەدا گیریخواردووە. بێرگسن بەوردی پێشنیاری ئەوەی کردووە، جۆرێک لە ناجێگیری لە بیرکردنەوەدا هەیە، کاتێک بەوردی لێی دەکۆڵینەوە دڵنیادەبینەوە لەوەی هەمیشە دەجوڵێت و. کاتێک دەمانەوێت واز لە بیرکردنەوە بێنین، یان بە شێوەیەکی ناسروشتی لەکاریبخەین. ئێمە تەنیا وەهمێک دەگۆڕین بۆ ڕاستی.
ئەو پرسیارێکی خەتارناک و سواو وەک نموونەیەک دەخاتە ڕوو “لەکوێوە هاتووە و، چۆن دەتوانین لە وجوودی هەر شتێک تێبگەین؟ بۆ چارەسەرکردنی پرسیارەکە، لە تێرمی بێرگسنەوە؛ بۆ تەنها ئاشکراکردنی “کێشەی ساختە” داوامان لێدەکات هەوڵبدەین “هیچ بدۆزینەوە” بۆ شاییەکی تەواو کە هیچ شتێکی تێدا نیە. ئەوەی ئەو ئاماژەی بۆ کردووە ئەوەیە هەوڵبدەین، ئەو بۆ شاییە لە مێشکماندا خاڵیبکەینەوە. هەردەم شتێک هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆ شاییە بە جێماوە دەڕوات، بیرۆکەی نوێ و ئۆبژەی خەیاڵی لەنێوان مێشکمان بازدان دەکات. لەبری ئەوەی زۆرترین کاری فەلسەفی دیکە ئەنجامبدرێت و ئەم سنووردارێتی بیرکردنەوەیە وەلانرێت. بێرگسن وەک تێبێنیەکی گرنگ دەربارەی ڕاستی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بیرکردنەوە تەنها بەشێکە لە ناجێگیری گەردوون. بەگشتی ئۆبێکتێت بە جێگیری نامێنتەوە کاتێک بە ناو بۆ شاییەکاندا دەڕوات. ئەو ئیدعایەی ئێمە بیرکردنەوەی خۆمان لە ساتێکی خەیاڵییدا بە بۆ شاییەکی بەتاڵ ڕاگرتووە، هیچ نیە جگە لەوەی درۆیەکە بە لەگەڵ خۆمانیدا دەکەین. درۆیەک لەوانەیە هەندێک جار سودبەخش بێت بۆ کردار، بەڵام بۆ فەلسەفە ڕێگرە کاتێک کارەکە ئەنجامدەدەیت. ئەوەیە؛ کاتێک هەوڵدەدەین دەربارەی جیهانی وەستاو بیربکەینەوە، کە بۆشاییەکان هەمیشە پڕدەبنەوە، هەروەک چۆن سروشتییانە مێشکمان وێنەکانمان لە جیهانێکدا بۆ پڕدەکاتەوە.
“فیلم وەک نواندنەوە بێ جووڵە”
بۆ گەیشتن بەو جۆرەی لە ئەندێشەی بێرگسندا وەک وەهم بیری لێ دەکرێتەوە، شایەنی ئەوەیە بڕوانینە مشتومڕە نواندنەوە بێجووڵییەکەی؛ سینەما. بێرگسن متمانەی بە فیلمەکان نەبوو، بێمتمانەبوو چوون وابیردەکردەوە ناتوانن جووڵەیەکمان نیشانبدەن، تەنها وەهمێکی قێزەونیان شاردۆتەوە. بێگومان فیلم لە فرەیم پێکهاتووە، بێرگسن ناوی نابوو “بەشە نەجووڵاوەکان” لە جیهان لە یەک چرکەدا جێگیر دەکەن(هەرچەند مرۆڤ پرسیاری ئەوەی دەپشکوێ بێرگسن بیری لە ڕۆڵی شتەر کردبێتەوە، بەڵام بەڕاستی زیاتر باسی ڤیدیۆکانی ئەمڕۆ دەکات). ئەو بەشە بێجووڵانە یەک لە دوای یەک لە فیلمەکدا دەردرەوشێنەوە. بیرگسن لە نێوانی بەشە نەجووڵاوەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە ئێمە وێنای وەهمی جوڵە دەکەین، کە هێزێکی تایبەتمەندی جادووییە تاوەکوو بەشە بێ جووڵەکانی جیهان خۆیان بگۆڕن. بۆ بیرگسن زۆر گرنگە ئێمە دەستمان بە جووڵەی ڕاستەقینەکە بگات، نەک تەنها بۆ بەشە نەجووڵاوەکانی، ئەو هەوڵیدا پێمان بڵێ چۆن دەتوانین جوڵە لە چەند خاڵێکدا وێنا بکەین؛ بۆ نموونە؛ باشترە وێنای تەنێکی لاستیکی بێسنوور بکەین، ئەگەر بکرێتە خاڵێکی بیرکاری حەتمیی. ڕێگە بدە وردە وردە ئەمە بکێشرێت وەکو شێوەک لەهێڵکی بەردەوام درێژبووەوە، با تەرکیزمان نەک لەسەر هێڵێک وەک هێلێک بێ، بەڵکو لەسەر ئەو کردارە بێ وا بەو هۆیەوە شوێن پێی دەگیرێت. لە کۆتایدا با خۆمان لەو بۆ شاییەی ڕزگار بکەین، کە بنچینەی جوڵەیە بۆ ئەوەی تەنها خودی جوڵەکە لەبەرچاو بگرین. جوڵەی تەواو؛ بە کورتی ئەمجارە وێنەیەکی وەفادارترمان دەبێت بۆ پێشخستی تێپەڕبوونی کات. (بێرگسن؛ پێشەکی بۆ مێتافیزک-١٩٠٣)
تەنانەت ئەم هەوڵە زۆر پوخت و تاڕادەیەک بە بەرەنگاری خەیاڵی ناپێویست دادەنرێت. ئەو “ماوە”یە کە مێشک لە تێپەڕبوونی کات و جوڵەدا هەیەتی. هاوکات بە یەکبوون و فرەیی ڕێژەیی دەناسرێتەوە. ئەگەر وێنەی لاستیکی یهکانگیری جوڵەیەک نیشانبدات. ناتوانێت مەودای کوالیتی و ڕەنگەکە لەئەزموونێکەوە بگرێتەوە. بە خەمڵاندنی یەککلاکەرەوەی بێرگسن؛ ژیانی ناوەکی هەموو ئەمانە لە یەکاتدایە؛ جۆراو جۆری کوالێتییەکان، بەردەوامی پێشکەوتن و، یەکانگیری ئاڕاستەکان، ناتوانرێت بە وێنە نیشابدرێت.
“ژیل دۆلوز؛ بەرگری لە بێرگسن”
تیۆرییەکانی بێرگسن دەربارەی جووڵە و نواندنەوە لەگەڵ ئەودا نەمرد. دۆلوز لە سینەما هەڵیبژاردن ١-وێنەی جوڵاو( ١٩٨٣) بە ئاگاییەوە مشتوومڕی پێکرد بە پێچەوانەوەی بێرگسن خۆیەوە؛ وتی فیلمەکان ئۆفەرێک پێشکەش دەکەن بۆ نواندنەوەی جوڵەی خاڵس. تازەگەرییەتی هێندەی تر فیلمەکان تایبەتر دەکات. تازەگەرییەتی؛ کارەکتەری تەکنەلۆژیا توانای نوێمان بۆ بەرهەم هێنانی نواندنەوەی (جوڵەی) وێنەی جوڵاو بۆ دەخاتەڕوو. بۆ بیرگسن فیلمەکە وەک خەونێکی ناخۆش وایە؛ کە زینۆ بینوێتی، زنجیرەیەک تابلۆی جووڵە هیچ شتێک لەنێوانیاندا نیە. ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد هیچ ڕێگەیە نیە بۆ بانگەشەی دەستی گرێدەر؛ “گرنگ نیە چەند بە نائارامی لە نێوان چوارچێوەیەکدا (فرەیم) لەدوای یەکدا بجوڵێین، دەتوانین لە باشترین حاڵەتدا بە چوارچێوەیەکی جێگرتری ببەستینەوە. دۆلوز ئەم هەڵسەنگاندنە “پەلەکراوە”ی بۆ سینەما بە تەنها خەونێکی خراپ ڕەتدەکاتەوە. جەنجاڵی چوارچێوەکان هەمیشە لە نێوان ساتێک بۆ ساتێکی تردان. وێنەیەکی بینراو هەمیشە ئەو کاتە دەدۆزێتەوە “وێنەی جوڵاو” هەمیشە خەونی پێوە دەبینێت. لە هەمانکاتدا چارەسەری فرەیمەکەی بێرگسن بە پاڕادۆکسی زینۆ دادەنێت.
“تیرەکە ئەوەندە دەجوڵێت هەرگیز لە شوێنێکی دیاریکراودا نیە”
بەڵام تیرەکە هەرگیز لەهیچ خاڵێکدا لەسەر ڕێگاکەی نیە، باشترین شت ئەوەیە؛ دەتوانین بڵێین لەوانەیە لەوێ بێت. بەو مانایەی لەوێدا تێدەپەڕێت و لەوێدا دەوەستێت. ڕاستە ئەگەر لەوێ بوەستێت لەوانەیە لەوێ پشووبدات و، لەم حاڵەتەدا چیدییەکە جوڵەیەک نیە کە پێویست بکات کاری لەتەکدا بکەین. ئیدی لێرەوە دەتوانین بڵێین فرەیمەکە هەرگیز پشوو نادات، مەگەر کاتێک لەسەری ڕەوەستابێت، دواتر ناجوڵێت. ڕۆڵەی (شریت) فیلمەکە جووڵەی ماتریاڵی فیلمەکەیە و، هەر فرەیمێک بە درزی شریتی شاتەرەکەوە لوول دەکرێت.
دولۆز ئەو مشتومڕەی لە کتێبی سینەمای یەکەمدا (وێنەی جوڵاو) دەخاتە ڕوو، دەڵێت؛ کاتێک ئێمە سەیری فیلمەکە دەکەین وەک فرەیمێکی سلاید شۆ خودی فیلمەکە چیتر نابینین، بەقەد ئەوەی لەفلاشێکی پشوو دەگەڕێن لەدەمی یەک بەدوای یەکهاتنی ماوەکەدا. بە مانایەکی دیکە “وێنەگرتنی’ فیلمەکان خۆی پشت بە جوڵەی ئەوان دەبەستێت. لەهەمانکاتدا بنچینەی بنەڕەتی فیلمەکە نوێیە، فراوانی چاوی سینەماکە ڕێگە بە زۆری ئەنیمەیشن، دیمەنەکان، ڕەنگەکان، کارەکتەرەکان، شوێنەکان دەدات تێکەڵبن. هەموو کەسێک دەتوانێ بە سەربەخوی و لە یەک کاتدا بجوڵێت ڕێک وەک ئەو شێوازەی بێرگسن فەرزیکردووە. لەکاتێکدا دیارترینی سەدەی بیستەمی ڕابردوو واڵتەر بینامین داکۆکی لە پەیوەندی نوێی سینەما و جیهان کرد،کەچی دۆلوز گرنگی فیلمی بە ژوور سیاسەت و بنیاد نانەوەی جیهانەوە لێکدایەوە. نزیک بوونەی تاقانەیی لەسینەما و ڕاستیدا بە ئەگەرێکی نوێوە بۆ دۆلوز پێشکەوت، سەرەکیترین ئەو بیرۆکانە ڕێگە خۆشکەر بوو تا بیرکردنەوەیەکی نوێ لەسەر؛ کات و کردە و تێگەشتن و گۆڕان ڕەنگبداتەوە. بە کورتی فیلمەکان دەتوانن شێوازێکی باشتر نیشانبدەن بۆ بیرکردنەوە دەربارەی کێشە فەلسەفییەکان بە بەراورد لەزمانی مێتافیزیکی ئاسایی، چیرۆکە خەڵییەکانی فیلم قایلکەرترن لە زادەی ڕەوتە ئەقڵانییەکان.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/henri-bergson-gilles-deleuze-movement/
نووسینی: مۆسس مای هۆبز
وەرگێڕانی: هاوژین محەمەد