بەرز ڕاگرتنی یادی راپەرین و شەهیدان ئەرکێکی مۆرالی و نەتەوەییە، کە بە خوێنی سوور و گەشیان ئازادییان بۆ کوردستان بە دەستھێنا، پێویستە یادی شەهیدان بەرز و شکۆدار ڕابگرین، وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەییمان. بەرزو پیرۆز بێت یادی ڕاپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، سەربەرزی و نەمری بۆ سەرجەم شەھیدانی خاک و ئازادی کوردستان. ساڵی ١٩٩١ جەماوەری سەربەرز و بە شەرەفی کوردستان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان بە پیر و گەنج و لاوان ڕاپەرین، ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی بەرگریکردن لە شەرەف و شکۆ، لە ئازادکردنی شاری سلێمانی و ڕاماڵینی بنکە و بارەگاکانی حیزبی بەعس بەتایبەتی دەزگای ئەمنە سورەکەی سلێمانی، کە ترسناکترین و سامناکترین شوێن بوو بۆ لە سێدارەدان، ئەشکەنجە و ئازاردان، ھەروەھا ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی کورد، چەوسانەوەی ژن و مناڵی بێتاوان بە دڕندانەترین شێواز، ئەمەش بووە ھۆکاری ئەوەی زۆربەی جەماوەری ڕاپەریووی کوردستان ڕووبکەنە ئەو شوێنە، تۆڵە و ئازارەکانیان ساڕێژ بکەن، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاونیشتمانیان گیانی پیرۆزی خۆیان کردە قوربانی کورد و کوردستان.
ڕاپەرین وەرچەرخانێکی مەزنی مێژوویی بوو لە خەباتی گەلی کورد دژی ڕژێمی بەعسی ئێراقی. دوای چەندین ساڵ لە ستەمکاری، کۆمەڵکوژی ئەنفال، بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لە شاری ھەڵەبجە، وێران کردنی شار و لادێکانمان، خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ئازایانە راپەڕین. ڕاپەرین بووە بناغەی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان. ئەم راپەڕینە نیشانەی خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد بوو. ئاڵای کوردستان کە بە خوێنی شەهیدانی کورد رەنگین بوو دووبارە شەکایەوە لە ئاسمانی وڵاتدا ھەتا ئێستاش بە گەشی و جوانی باڵای بەرزتر دەبێ .راپەڕین سەلماندی کە کاتێک گەلی کورد یەکگرتوو و یەک دەنگ بێت، دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، جیاوازی بیروڕا لەلایەک دانرا و خەڵک بۆ ئامانجێکی هاوبەش یەکیان گرت. ڕاپەڕین لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی جەماوەری بوو کە نیشانی دا گەل دەتوانێت ڕابەری گۆڕانکاری بێت کاتێک خۆی رێکدەخات.
هەلومەرجی نێودەوڵەتی راپەڕین لە کاتێکی گونجاودا ڕوویدا کە ئێراق لە جەنگی کەنداو دا لاواز بوو. ئەمەش وانەی ئەوەمان فێر دەکات کە گرنگە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمی بخوێنینەوە بە وریاییەوە، ڕاپەڕین فێری کردین کە سەرکەوتن بە تەنها بەس نییە، بەڵکو پاراستنی دەستکەوتەکان گرنگترە. ڕاپەرین لە ئێستادا بەوە مانادارتر دەبێت، ڕۆحی شەھیدەکان بەوە ئاسودە دەبێت کە یەکگرتوو بین لەناوخۆدا، واز لە ململانێی نابەجێ و ناشرین بھێنین، ئامانجمان بەھێزکردنی لایەنە ھاوبەشەکان بێت، واز لە قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان بھێنین برینە کۆنەکان نەکولێنینەوە، ئەزموون لە ھەڵە و کەموکورتی ڕابردوو وەربگرین، کار لەسەرپاراستنی بەھا باڵاو پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان بکەین وەکو خاک، زمان، ئاڵا، کولتوور، بیروباوەڕ، نەریت. نیشتمانیانە و کوردستانیانە کار بکەین بۆ بەھێزبوونی رۆحیەتی ھاوبەشی کارکردن و خزمەت کردنی خەلکی کوردستان بەبێ جیاوازی ئاوەدانکردنەوەی زیاتر بکەینە ئامانجمان، کاربکەین بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی ھەروەھا سەرخستنی نەتەوەکەمان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ھەوڵی خێرا بدەین بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەھێز و خزمەتکارو چالاک، یەک دەست و یەک دەنگ لە ناوەوە و لە دەرەوە دژی هەرەشە و مەترسییەکان بوەستینەوە، کارکردنی باشتر بۆ پیادەکردنی سەروەری یاسا و بەھێزکردنی دامودەزگای حکومی خزمەتکار، کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافییەت، بتوانین بە یەکگرتوویی و یەک دەستی ئاڵنگارییەکانی سەر وڵات و خاکمان تێبەرێنین لە مەترسییە دەرەکی و ھەرێمییەکان، سەیری گۆرانکارییە خێراو تازەکان بکەین و ستراتیژی بەھێزمان ھەبێت بۆ داهاتوو.
پێکەوە کار بکەین بۆ بەدەستھێنانی مافی گەل و وڵاتمان لەسەر ئاستی جیهان، ھاوکاری و ھەماھەنگی نەتەوەکەمان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان با پێشینەی کارەکانمان بێت، با دەرفەتەکان لەدەست نەدەین با یەک بگرین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، با گیانی لێبوردەیی و گەورەیی نواندن ڕەفتار و بیرو باوەڕمان بێت، با خاک و نەتەوە پەرست بین، با بوونمان ھەبێت با لە دایک بین با ھاووڵاتی بین با مرۆڤ بین، با کەرامەت و شکۆمان پارێزراو بێت، با ڕزگارمان بێت لە نەبوونی شەرەفی ناسنامە و بێ وڵاتی با سەربەخۆیی کوردستان لە رۆح و گیانماندا بێت با کار بکەین بێ ووچان تا دەگەین بە مەبهست، ڕاستە ڕێگا سەخت و دژوارە بەڵام کورد وتەنی هەر دەبێت بگەینە جێی مەبەست.