پاش چەند هەفتەیەک کارکردن لەگەڵ گروپێک لەخوێندکارەکانم لە بەشی کیمیا لەزانکۆی ستهۆکهۆڵم، بۆمان ئاشکرابوو کە نزیکەی ٢٠% ئەو مێرووکوژانەی لەنێو توێکڵی لیمۆدان، دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاو کاتێک قاشی لیمۆ دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە.
ئیمازەلیل یەکێکە لەباوترین مێرووکوژەکان کە لە کشتوکاڵی بەرهەمهێنانی مزرەمەنییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە لیمۆشدا زۆرینەی لە توێکڵەکەیدا دەمێنێتەوەو بەشێکی زۆر کەمی دەگاتە نێو لیمۆکە، واتە ئەم مادە زیانبەخشە بە سروشتی لە لیمۆکەدا نییە، یان لەو لیمۆیانەدا نییە کە لەنێو باخی ماڵاندایە و مێروو کوژ بەکارناهێنن، ئەم مێرووکوژانە لە کێڵگە گەورەکاندا بەکاردەهێنرێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئیمازەلیل (Imazalil) (C14H14Cl2N2O) مادەیەکی ژەهراوی (Toxic)ە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و کاریگەرییەکانی دورودرێژن و ئەگەر هەیە ببێتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبونی شێرپەنجە لەمرۆڤدا.
ئیمازەلیل لە ئەوروپادا ڕێگەپێدراوە لە کشتوکاڵدا و لە مزرەکەنییەکاندا پێویستە ٥ میلیگرام بۆ هەر یەک کیلۆ لە مزرەمەنی تێتەپەڕێنێت، زۆرینەی ئەم بڕەش لە توێکڵی مزرەمەنییەکاندا کۆدەبێتەوە. هەروەها ٥ میلیگرامی تریش بۆ مێرووکوژەکانی تر ڕێگەپێدراوە کە تێکڕا دەبێت لە ١٠ میلیگرام بۆ هەر کیلۆیەک مزرەمەنی تێنەپەرێت.
با بێینەوە سەر توێژینەوەکەمان و بزانین ئەنجامەکان چیمان پێ دەڵێن و تا چەند ترسناکن بۆ سەر تەندروستی؟
لە تاقیکردنەوەکەدا ئەو جۆرە لیمۆیەمان بەکارهێنا کە لەنێو بازاڕەکانی ئەوروپادا دەفرۆشرێن، دوو ڕێگامان گرتە بەر پێش ئەوەی لیمۆکە قاش بکەین و بیخەینە نێو ئاوی خواردنەوەوەو بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەجێی بهێڵین، بۆ ئەوەی زۆرترین ئەنجام ببینین.
٢٥٠ گرام لە لیمۆمان تەنها بە ئاوی بەلوعە شتەوە، ٢٥٠ گرامی تریش بە ئاو و زاهی قاپشتن شتمانەوە، واتە دوو گروپ لە لیمۆمان دەستکەوت. بۆ هەر ٢٥٠ گرامێک لە لیمۆ نیو لیتر لە ئاوی خواردنەوەکان بەکارهێنا.
پاش دۆزینەوەو پەرەپێدانی ڕێگاکانی شیکاریی ئاوەکە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە لەو لیمۆیەی کە تەنها بە ئاو شۆراوەتەوە نزیکەی ٢ میلیگرام لە مێروو کوژ چووەتە ناو ئاوەکە، بەڵام لەو لیمۆیەی کە بەزاهی قاپشتن شۆراوەتەوە پێش بەکارهێنانی نزیکەی ١ میلیگرام لە مێرووکوژ چووەتە ئاوەکەوە کە زۆینەی ئەم بڕانە ئیمازەلیل بوون کە مادەیەکی ژەهراویی شێرپەنجەییە.
بۆ بەرچاوڕونی، ٢ میلیگرام واتە گەر کیلۆیەک لەو مادە ژەهراوییە هەزار بەش بێت، ٢ میلیگرام واتە دوو بەش لەو هەزار بەشە.
ئەم بڕە لەمێرووکوژ کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەجێبهێڵێت، بەتایبەت لە شوێنی جیم و ریستۆرانتەکان کە بڕێکی زۆر لیمۆ لەنێو ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنن و ماوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە و ڕۆژانەش سەردانەکان دووبارە و دەبارە لێی دەخۆنەوەو ئەم ژەهرە لەجەستەیاندا کەڵەکە دەبێت.
وەڵامی پرسیارە باوەکان:
پرسیار: ئایا ئەم مادانە بە سروشتی لە لیمۆ و مزرەمەنییەکاندا هەیە؟
وەڵام: نەخێر، لەکاتی بەرهەمهێنانی لە کیڵگەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستی لە مێروو و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان.
پرسیار: ئایا چارەسەر چییە کە من زۆر حەزم لە لیمۆیە لەئاوی خواردنەوەدا؟
وەڵام: چارەسەرەکەی ئاسانە، توێکڵکەی لێبکەرەوەو قاشی لیمۆ بێ توێکڵ بەکاربهێنە، لەم حاڵەتەدا مەترسی ژەهرەکە نامێنێت.
پرسیار: ئایا بەکارهێنانی لیمۆ بە توێکڵەوە بۆ نێو چا ش هەمان شتە؟
وەڵام: بەڵێ و بگرە زیاتریشە، چونکە توانەوە بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زیاد دەکات، بەم پێیەش ئەو مێرووکوژانە زوتر و زیاتر دەچنە نێو چاکەوە بە بەراوردی ئاوی ساردی خواردنەوە.
پرسیار: ئەی بەکارهێنانی لیمۆ بەسرە، هەمان زیانی هەیە؟
وەڵام: گەر لیمۆکە سروستی نەبێت و هەمان ئەو لیمۆیانە بێت کە لە کێڵگەکاندا بەرهەمدەهێنرین، بەدڵنیاییەوە مادە زیانبەخشەکان زووتر دەچنە نێو خواردنەکەوە، چونکە پلەی گەرمی زۆر بەرزدەبێتەوەو بەئاسانی مادە زیانبەخشەکان دەتوێنەوە.
پرسیار: خاوەن جیم و رستیۆرانتەکان دەپرسن، ئاخر لیمۆ بێ توێکڵ زۆر ناشرینە لەنێو ئاوەکەدا، چارەسەر چییە؟
وەڵام: بڕی لیمۆکە کەمبکەرەوە لە کیلۆیەکەوە بۆ دوو لیمۆ، ماوەی مانەوەی لە ئاوەکەدا بە ٢٤ کاتژمێر و ١٢ کاتژمێرەوە کەمبکەوە بۆ ٦ کاتژمێر، پێش ئەوە لیۆمەکەش قاش بکەیت بە ئاوی گەرم و زاهی قاپشتن جوان بیشۆرەوە، بەم شێوەیە بڕی مادە زیانبەخشەکە زۆر کەمبدەبێتەوە، بەڵام بە تەواوەتی لەناو ناچێت لە ئاوەکەدا.
پرسیار: باشە من یەک قاش لیمۆ بەکاردەهێنم بۆ یەک پەرداخ ئاو، ئایا هەمان زیانی هەیە؟
وەڵام: لەبەرئەوەی ئەم مادە ژەهراویانە لە نێو لەشدا کەڵەکە دەبێت، بۆیە گەر تۆ ئەم کارە خوی ڕۆژانەت بێت، ئەوا ئەگەر هەیە کە زیان بە تەندروستیت بگەیەنێت.
بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان