بێگومان ئەم بابەتەی من قسەی لەسەر دەکەم ئێوەیش زۆرتان بینیوتانە، من بەهۆی کارەکەمەوە هەفتانە لە کۆڕ و کۆبوونەی جۆراوجۆردا بەشداریی دەکەم. هەندێک لەوکەسانەی بەشداری دەکەن، بابەتی قسەکانیان بۆ من سەرنجڕاکێشە. قسە لەسەر ئەوە دەکەن بۆ نموونە: بیلگەیتس سەروەت و سامانەکەی چەندە، جیم پەتیسۆن سەروەتەکە چەندە و چەندی قازانج کردووە، چیی کڕیوە و چیی فرۆشتووە، پشکەکانی فرۆشتووە و.. کە بیریان لێ دەکەمەوە سەرم سوڕ دەمێنێت چۆن ئەمانە بە سەعات دادەنیشن وەکوو ژمێریارەکان بە وردی هەموو شتێکی ئەم و ئەو حساب دەکەن! فڵان کەس چەندی هەیە و فیسار کەس چەندی هەیە و ئەم چەندی زەرەر کرد و ئەو چەندی قازانج کرد! ئەم قسانەیشیان کردووە بە نوقڵی مەجلیس. لە کاتێکدا زۆر بابەتی گرنگتر هەن کە دەتوانین قسەیان لەسەر بکەین.
لەم کۆبوونەوانە هەقە کەسێکی خاوەن ئەزموون باسی ئەزموونەکانی خۆیمان بۆ بکات، باسی شێوازی ژیانی خۆیمان بۆ بکات، باسی پەروەردە و فێربوونەکانیمان بۆ بکات، باسی ئەو کتێبانە بکات کە خووێندوونییەتەوە، باسی چیرۆکی ئەو فیلمە بکات کە بینیویە، ئێمەیش بیر و بۆچوونی خۆمان بڵێین یان کەسێک کێشە و گرفتی هەیە بۆمان باس بکات تا بە هەموومان هاوکاری بکەین. لەم جۆرە شوێنانە چەندین جار هەوڵم داوە باسەکە بگۆڕم، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. بەلای منەوە زۆر سەیرە کەسانێک هەن بێ ئەوەی هیچ پارەیەک وەربگرن، بێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارییەتێکیان هەبێت، بێ ئەوەی کەسێک داوای لێ کردبن، تەواوی کات بیریان لای ئەوەیه کێ چەند پارەی دەستکەوتووە و چەندی زەرەر کردووە و چەن قازانجی کردووە! من ئەم کەسانەم ناو ناوە ژمێریرانی بێ مووچە. زۆر جار ڕەنگە ئێمەیش لەبری ئەوەی بە کاری خۆمانەوە خەریک بین و بەرپرسیاری لەبەرچاو بگرین، لەبری ئەوەی بزانین ڕۆڵمان چییە لە کۆمەڵگەدا، بزانین دەتوانین چی بکەین بۆ خۆمان و هاوسەر و منداڵەکانمان، کە هەزاران ڕێگای باش هەیە بۆ کاری باش. لەجیاتی ئەوەی خۆمان بە شتێکی بەسوودەوە خەریک بکەین، دێن بە باسی ئەم و ئەوەوە خۆمان سەرقاڵ دەکەین. ئەم کارە مەترسییەکی گەورەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە من و تۆ وەکوو ئینسان، سەرمایەیەکی زۆر سنووردارمان هەیە، هەرکەسێکیش لەم دونیایەدا هەر شتێک بە دەست دەهێنێت بەم سەرمایە بەدەستی دەهێنێت. ئینسانەکانیش بەنزیکی سەرمایەکانیان وەکوو یەکە. هەریەک لە ئێمە تەنیا
(یەک بیرکردنەوە، یەک کات، یەک وزە)مان، هەیە. ئێستا من کە لە خزمەتی ئێوەدام و خەریکی نووسینی ئەم بابەتەم، تەنیا یەک بیرکردنەوەم هەیە کە تەرخانم کردووە بۆ نووسینی ئەم بابەتە بۆ ئێوەی خۆشەویست تا کارێک بکەم هەم شتێک فێر ببن، هەم چێژی لێ وەربگرن. یەک کاتم هەیە کە تەرخانم کردووە بۆ قسەکانم. یەک وزەیشم هەیە کە لەم فیکرەدا سەرف دەبێت. من لەم چرکەیەدا دەتوانم بڕۆم کارێکی تر بکەم، دەتوانم ئەم بابەتە ئامادە نەکەم، دەتوانم بە جۆرێکی تر بیربکەمەوە. بەڵام من هەڵمبژاردووە کە ئەم بابەتە بنووسم و قسەی لەسەر بکەم. تۆیش تەنیا یەک بیرکردنەوە و یەک وزە و یەک کات و هەیە. ئێستا ئەم وزە و بیرکرنەوە و کاتەت لای ئەم نووسینەیە، ئیتر ناتوانیت کارێکی تر بکەیت، ناتوانیت بیر لە شتێکی تر بکەیتەوە وزەیشت لێرە سەرف دەبێت. ئەقڵی ساغڵەم دەڵێت ئەم فکر و وزە و کاتە سەرفی کارێک بکە لەبەرژەوەندیی خۆت و کۆمەڵگاکەت بێت، ئەم سەرمایەت سەرفی کارێک بکە بتکات بە کەسێکی باشتر، سەرفی کارێکی بکە دەوروبەرەکەت و خێزانەکەت ژیانیان باشتر بێت و کێشەیا کەمتر بێت. بەداخەوە ئێمە کەمتر ئەم کارە گرنگانە دەکەین. کاتەکانمان یان بۆ حساب و کتابی ماڵی ئەم و ئەو، یان بۆ داوەریکردنی یەکترییە. سەرنج بدەن کاتێک دوو سەیارە دەعم دەکەن چۆن دەڕژیێنە سەرجادە و هەر لە خۆوە دەست دەکەین بە قەزاوەتکردن، خەتای ئەم بوو، خەتای ئەو بوو. لە کاتێکدا ئێمە نە کارناسین، نە دەرسی ئەم بابەتەمان خووێندووە، نە هیچی لێ دەزانین، نە بۆ ئەم کارە مووچەیەک وەردەگرین و نە مافی ئەم کارەیشمان هەیە. ئەسڵەن ئەگەر مافیشت هەبێت بۆچی کاتی خۆتی پێوە دەکوژیت؟ مەگەر وەزارەتی هاتوچۆ پارەت پێ دەدات؟ مەگەر ئیمزای ئێمە حوکمی هەیە؟ مەگەر بانگهێشتیانکردوویت؟ بەڵام بەداخەوە خەریکین ئەم یەک فکر و یەک وزە و یەک دەرفەتە لە کارێکدا سەرف دەکەین نەک هیچ سوودێکی نییە بەڵکوو زەرەریشی هەیە، چونکە بەم کارە ترافیک قەرەباغتر دەکەین، هەستی بەرانبەرەکان ئازار دەدەین، خۆیشمان شتێکی بەسوودمان دەست ناکەوێت.
یان بۆ نموونە بیردەکەینەوە ئاوەڵزاواکەم چیی هەیە، ژنخوشکەکەم چیی هەیە.. بەداخەوە لە هەندێک مەجلیسدا دەبینین کەسانێک کە منداڵەکەیان لە قوتابخانە نمرەی باشی وەرگرتووە یان ئالەتێکی مۆسیقا دەزانێت، بەم و بەو دەڵێن ببورە فاتمە خان، کاک محمەد.. نمرەی منداڵەکەتان چەندە؟ بۆیە ئەم پرسیارە دەکات چونکە نمرەی منداڵەکەی خۆی باشە. ئەم پرسیارە جگە لە گچکاندنی ئەو منداڵە و دایک و باوکی چ سوودێکی هەیە؟ تۆ بەم پرسیارەە فکر و کات و وزت خستۆتە خزمەتی کاری غەڵت. فکر و وزە و کاتی ئەو مەجلیسەش بەرەو کاری غەڵەت ئاڕاستە دەکەیت، ئامانجت لەم پرسیارەت چییە؟ دەتەوێت هەست بکەیت گرنگیت؟ هەست بکەیت بەسوودیت؟ بۆ ئەم کارە هەزاران ڕێگا هەیە. دەتەوێت منداڵەکانت هان بدەیت؟ هەزاران ڕێگا هەیە. دەتوانیت منداڵەکەت فێری بکەیت لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدات لەوان لەبەرتر بێت، هەوڵ بدا باشتر بێت، باشتر بێت لە کێ؟ لە خۆی. فێری بکە چۆن بە خواستەکانی بگات و هەست بە توانا و شادومانی و چێژ بکات، بەبێ ئەوەی کەسانی تر بچووک بکاتەوە. لە ئێستا بەدواوە پێش ئەوەی بچیتە نێو مەجلیسێکەوە، بڵێ لەم مەجلیسەدا دەتوانم چی بکەم کە باشترین سوود لەم کات و وزە و فکرەم وەربگرم؟ ئەگەر پلانت بۆ هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک هەبێت، دەتوانیت چۆنت بوێت وا ئاڕاستکەی دیاری بکەیت. زۆربەی کۆڕ و مەراسیمەکان لە لایەن کەسێکەوە بەڕێوە دەچێت کە پێشتر بەرنامەی هەبووە. ئەگەر هیچ کەس بەرنامەی نەبێت، یەکەمین کەس کە قسە دەکات ئیتر قسەکەی ئەوە دیاری دەکات ئەو فکر و وزە و کاتەی ئەو خەڵکە بەرەو چ ئاڕاستەیک بڕوات.
ئەم ژیانە زۆر کورتە، خەیام دەڵێت هاتن و چوون لەم ژیانە وەکوو هاتن و چوونی گیزەی مێشێک وایە. حەیفە کە ئەم یەک فکر و یەک وزە و یەک کاتە، لە کارێکدا سەرف بکەین کە نەک تەنیا هیج سوودێکی نییە بەڵکوو زەرەریشی بۆ خۆمان و ئەوانیتر هەبێت. بیر بکەوە چۆن دەتوانیت باشترین کەڵک لەم کات و وزە و فکرەت وەربگریت؟ کارێک بکە شادتر و تەندروستتر و بەسوودتر بژیت. ئەگەر ئەم نووسینە بەکەڵکت نایەت، مەیخووێنەوە. تەنیا بۆ ئەوەی کات بکوژیت مەیخووێنەرەوە، بڕۆ بەدوای کارێکی دیکەدا، بڕۆ بەدوای کارێکدا کە بتکات بە کەسێکی باشتر و کاریگەرتر. ئامانج لەم نووسینە هەر بۆ ئەمەیە. دەبێت چاوەکانمان بشۆرین و بە جۆرێکی تر ببینین. دەبێت بزانین کە چ سەرمایەیەکمان هەیه و ئەم سەرمایە بەکوێمان دەگەیەنێت. ئەوکەسانەی کە لە باڵاترین پلەدان و ئەوکەسانەی کە لە نزمترین پلەن لە ڕووی زانست، سیاسی، هونەری، وەرزشی، ئابووری… هتد. جیاوزیان لەوەدایە کە چۆن کەڵک لەم کاتە سنووردار و لەم فکرە سنووردار و وزە سنووردارە وەردەگرن. مەبەست لە فکری سنووردار، ئەو توانستەیە کە لە هەر چرکەیەکدا دەتوان فۆکس لەسەر یەک شتێک بکەین.
کەسێک کاتەکانی تەرخانکردووە بۆ مەشق و خووێندن خەریکە بەم کارانە دەست بە کاتەتەوە دەگرێ و پاشەکەوتی دەکات، دواڕۆژ بەهۆی کارامەییەکەیەوە دەگات بە قۆناغێکی باڵتر، داهاتی زیاتر دەکات، پلەی کۆمەڵایەتی زیاتر وەردەگرێت.. لە کاتێکدا هاوپۆلەکەی کاتی بە بەتاڵی و کاری لاوەکییەوە دەکوژێت. ئێمە دەڵێن فڵان کەس زیرەکترە، شانسی هەیە، خێزانی فڵانە و پشتگیریی هەیە.. کەسێک بزانێت چیی دەوێت، هەموو دنیا دەبێت بە پشتگیری. (بانگ بکە، گوێت لە جواب دەبێت.) هەموو ئەم گەردوونە ئامادەیە وەکوو دێوەکەی عەلی بابا کە داوای شتێکی لێ بکەیت. تا زیاترت بوێت خۆشحاڵتر دەبێت. کەواتە تۆ یەک فکرت هەیە، یەک وزەت هەیە و یەک کاتت هەیە. بزانە چۆن دەتوانیت باشترین سوودی لێ وەربگریت. هەندێک جار باشترین کار ئەوەیە لەگەڵ منداڵەکەت دانیشیت و ببینیت، گوێ لە هاوسەرەکەت بگریت، خانمان پێیانخۆشە دەردەدڵ و قسه بکەن. بەڵام پیاوان هەر ئەیانەوێت ئامۆژگارییان بکەن. نا کە ئەوان قسە دەکەن بۆ ئەوە نییە کە نەسیحەتیان بکەین. بەم کارە خەریکین وزە و کات بەفیڕۆ دەدەین. پێویستە تەنیا گوێ بگرین، خانمان هەر ئەوەندەی قسەیان کرد ئارام دەبنەوە. هەندێک جار مناڵەکەت حەزەکات یاریی لەگەڵ بکەیت، دەی یاری لەگەڵ بکە! کۆمەکی بکە ئەو براوە بێت، بهێڵن مندڵان براوە بن.
وەرزش بکە با پڕ وزە بیت، تەواوی مرۆڤە سەرکەوتووەکانی دونیا پڕوزەن. جگەرە و مەشروب تەرک بکە، وزەت زیاد دەکات. جەستەت وەکوو ئۆتۆمبیلە هەم پێویستی بە بەنزین و هەم بە هەوای پاکە. هەرکامیانی نەبێت ئیش ناکات. بزانە بەچی حۆشحاڵ دەبیت، فکر و کات و وزەتی بۆ تەرخان بکە. لەوانەیە بەخوێندن خۆشحاڵ بیت یان بەشداری سیمینارێک.. بزانە ناخت چیت پێ دەڵێت. چۆن دەتوانیت لە خۆت کەسێکی باشتر دروست بکەیت.
بیرت نەچێت ئێمەی مرۆڤ چ سەرکەوتوو، چ دۆڕاو، (یەک فکر، یەک وزە، یەک کات)مان هەیه. وزە، پێویستی بە هاوسەنگی وەرزش و خەو و خواردنی باشە. گەشەی فیکر پێویستی بە خوێندنەوەی کتێبی باش، خوێندنەوەی ژیانی کەسانی سەرکەوتوو، بینینی پڕۆگرامی باش هەیە، هەر شتێک حاڵت خراپ دەکات سەیری مەکە! هیچ ناچار نیت. هونەری کات بەڕێوەبردن فێر ببە. هەر کارێک دەکەیت بیکە، ئەوپەڕی سوود لە کاتت وەربگرە با کە مردیت کاتێک ئاوڕ لە ڕابردووت دەدەیتەوە خۆشحاڵ بیت. بڵێیت تەمەنم بەفیڕۆ نەچوو، هاتن و چوونم سوودێکی هەبوو، هەم بۆ خۆم هەم بۆ ئەوانی تر. خۆتت خۆش بوێت، هەوڵ بدە تا ئەوانی تریش زیاتر خۆیان خۆش بوێت.
پێویستە چاوەکانمان بشۆین و بە جۆرێکی تر ببینین؛ تا قسەکردن لەسەر بابەتێکی دیکە، ئارەزووی دڵێکی شاد و لێوێکی پڕلەخەندەتان بۆ دەخوازم.
نووسینی؛ مەحموود موعەزەمی
وهرگێڕانی؛ شاهۆ لەتیف