تێڕوانینی مێژوویی بۆ فەلسەفە و بەگشتی بۆ هەموو دەستکەوتە مرۆییەکان، لە ڕابردوودا کەمتر بایەخی دراوەتێ. پێشتر پێگە و بایەخێکی ئەوتۆیان بۆ مێژووی فەلسەفە دانەدەنا و لە بنەمادا سەرنجێکی ئەوتۆیان نەدەدایە کە ڕا و بۆچوونە فەلسەفییەکان چۆن و لە چ کەش و ژینگەیەکدا سەرهەڵدەدەن و هەل و کاریگەری و کارتێکەرییە مێژوویەکان لە گەشە و دەرکەوتن و هاتنە پێشەوەیان کامانەن. بەڵام ئێستە ئێمە کەسێک وا ناسیاوەتییەکی لەبارەی مێژوو نییە بە “خوێندەوار” نازانین. ئێمە هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە مرۆڤ دەبێت شتێک لەبارەی مێژووی وڵاتەکەی خۆی، پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکەی، هەروەها سەرکەوتنە هونەری و ئەدەبییەکانی بزانێت و باشتر وایە تاڕادەیەک و لە ژینگەیەکی گەورەتردا تەنانەت لەبارەی مێژووی جیهان شتانێک بزانێت.
بەڵام ئەگەر لە کەسێکی ئینگلیزی زمانی خوێنەوار و بە کولتوور چاوەڕوانیمان دەبێت کە ناسیاوەتییەکی لەگەڵ ئالفرێدی مەزن و ئێلیزابێت، لەبارەی کراموول و مارێلبورو و نێلسۆن، و لەبارەی هێرشی نۆرمانەکان، بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی و شۆڕشی پیشەسازیی هەبێت، هاوکات ڕوونیشە کە دەبێت چاوەڕوانیی ئەوەشمان هەبێت کە شتانێک لەبارەی ڕاجەر بەیکەن و دانز ئێسکۆتس، لەبارەی فرانسیس بەیکەن و تۆماس هابز، لەبارەی لاک و بێرکلی و هیوم، لەبارەی ئێستوارت میل و هێربێرت ئێسپێنسێریش بزانێت. سەرەڕای ئەمەش ئەگەر لە مرۆڤێکی خوێندەوار چاوەڕوانیی ئەوە هەیە کە لەبارەی یۆنان و ڕۆم ناشارەزا و نەزان نەبێت، ئەگەر بۆ ئاوەها مرۆڤێک سەخت و ناخۆشە کە دان بەمەدا بنێت شتێک لەبارەی سوفوکلووس یان ویرژیل نەبیستووە و هەروەها شتێک لەبارەی بنەما و کۆڵەکە و سەرچاوە کەلتوورییەکانی ئەورووپا نازانێت، بە هەمان شێوەش چاوەڕوان دەکرێت کە شتێک لەبارەی ئەفلاتوون و ئەرەستوو، واتە دوو کەس لە گەورەترین بیرمەندانێک کە تاکوو ئێستە دنیا بەخۆیەوە بینیونی، بزانێت، تەنانەت ئەگەر شتێکی کەم و کورتیش بێت.
1. مرۆڤێکی خاوەن کولتوور و خوێنەوار کەمێک لەبارەی دانتە و شێکسپییەر و گۆتە، لەبارەی فرانسیس ئاسیزی و فرا ئانجێلیکو، لەبارەی فریدریکی مەزن و ناپلیۆنی یەکەم دەزانێت کەواتە بۆچی چاوەڕوانیی ئەوەمان نەبێت کە شتێکیش لەبارەی ئاگوستینووس و تووماس ئاکیوناس، ڕینیە دیکارت و ئێسپینووزا، کانت و هیگل بزانێت؟ شتێکی بێمانا و ناڕەوایە ئەگەر باوەڕمان وابێت کە دەبێت لەبارەی براوەکان و وێرانکارانی گەورەی مێژوو ئاگایی و زانیاریمان هەبێت بەڵام لە داهێنەران و بەدیهێنەرانی گەورە و ئەو کەسانەی کە یارمەتیی کەلتووری ئێمەیان داوە شتێک نەزانین. بۆیە کەس وا بیر ناکاتەوە کە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی شیکسپییەر بەفیڕۆدانی کاتە و کەس چاولیکردن لە بەرهەمە هونەرییەکانی میکێل ئانژ بە کارێکی بێهوودە نازانێت چونکە ئەمانە خۆیان لە خۆیاندا نرخ و بایەخیان هەیە ئەگەرچی ساڵانێکە لە مەرگی داهێنەران و بەدیهێنەرانیان تێدەپەڕێت، بەو حاڵەش لە بایەخ و گرنگییان کەم نەبووەتەوە. هەربۆیە خوێندنەوەی بیر و هزرەکانی ئەفلاتوون یان ئەرەستوو یان ئاگووستین نابێت بە فیڕۆدانی کات بزانین چونکە داهێنانەکانی ئەوان لە باوری هزر و ئەندێشەدا وەکوو پێشکەوتن و سەرکەوتنی دیاری ڕۆحی مرۆیی نەمر و ئەبەدییە. هەر بەم شێوەیەش ئەگەر بۆ هەموو کەسێکی خوێندەوار و خاوەن کەلتوور وا باش و خوازراوە تا ئەو شوێنەی بۆی دەلوێ شتێک لەبارەی مێژووی هزری فەلسەفی بزانێت، بۆچی بۆ هەموو خوێندکاران و توێژەرانی فەلسەفە و تەنانەت کەسانی ئاساییش ئەم خواستە، خوازراو و حەزلێکراو نەبێت. ڕاستییەکەی ئەمە وەڵامی ئەو بۆچییەیە کە ئێمە لەمەڕ خوێندنەوەی مێژوەی فەلسەفەوە دەبێت وەریگرین.
2- پەیوەست بە چۆنێتی خوێندنی مێژووی فەلسەفەوە یەکەمین خاڵێک دەبێت گرنگی بدەینێ پێویستیی ئێمە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمە فەلسەفییەکان لە کەش و ژینگەیەکی پێکەوە گرێدراو و پەیوەندیدار لەگەڵ یەکە. ئەمە شتێکی ڕوونە کە ئێمە تەنها کاتێک دەتوانین حاڵەتی زەینیی فیلسووفێکی دیاریکراو و هەروەها هۆکاری بوونی فەلسەفەکەی بەڕادەی پێویست فام بکەین کە سەرەتا ئاخێز و خاڵی گۆڕانسازی مێژوویی فەلسەفەکی بزانین. بۆ نموونە لەبارەی کانتەوە: ئێمە تەنها کاتێک دەتوانین حاڵەتی زەینیی ئەو لە سەرهەڵدان و پێگەیشتنی بیردۆزەکەی لەبارەی “ئوولا” یان “سەرەتاییترین” فام بکەین کە ئەم فهیلسووفە لە دۆخی مێژوویی خۆیدا و لە هەمبەر فەلسەفەی ڕەخنەکارانەی دەیڤید هیووم، مایەپووچبوونی زەقی ڕێبازی ئەقڵخوازی لە کیشوەری ئەورووپا و هەروەها دڵنیایی و متمانەی ئاشکرا لەمەڕ ماتماتیک و فیزیکی نیۆتونیدا ببینین. هەروەها ئێمە کاتێک دەتوانین فەلسەفەی زیندەوەرزانیی هێنری بێرگسۆن فام کەین کە ئەم فەلسەفەیە لە پەیوەندیی لەگەڵ بۆ نمونە بیردۆزە میکانیستییەکانی پێشوو و پێگەی لە هەمبەر “ڕێبازی ڕەسەنایەتدانانی ڕۆح” دابنێین کە پێش لەو لە فەرەنسە هەبوو.
3- بۆ خوێندنەوەی سوودمەندانەی مێژووی فەلسەفە هەروەها پێویستی بە جۆرێک “هاوسۆزیی” واتە جۆرێک نزیکایەتی و دەستەویەخەبوونی دەروونناسانەش هەیە. حاڵەتی خوازراو ئەمەیە کە مێژوونووس لەبارەی فهیلسووفەوە وەکوو مرۆڤێک ئاگاداریی هەبێت “کە هەڵبەت ئەمە لەبارەی هەموو فهیلهسووفەکانەوە دەست نادات”، چونکە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت تاکوو مێژوونووس ڕێبازەکەی ئەو لە سیستەمێکدا کە باسی لێوە دەکات باشتر هەست بکات و لە ناوەوەڕا بیبینێت و تام و بۆن و هەروەتر تایبەتمەندییەکانی وەرگرێت. ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین خۆمان بخەینە جێگەی فهیلهسووفەکەوە و هەوڵ بدەین بیرکردنەوەکانی لە ناوەوەڕا و لە قووڵاییەوە ببینین. سەرەڕای ئەمە، ئەم هاوسۆزی یان ئەم هاوبینییە خەیاڵکردە بۆ فهیلهسووفێکی قوتابخانەیی کە دەیەوێت لە فەلسەفەی نوێ بگات گرنگ و بنەماییە. ئەگەر کەسێک بۆ نموونە زەمینەی ئایینیی کاتۆلیکیی هەبێت، سیستەمە نوێکان، یان لانیکەم هەندێکیان، بە ئاسانی لە ڕوانگەی ئەوەوە وەکوو بابەتانی سەیر و سەمەرە کە شیاوی بایەخپێدانێکی ئەوتۆ نین دەردەکەون. بەڵام ئەگەر بکرێ و تا ئەو شوێنەی بۆی دەلوێ “هەڵبەت بە بێ ئەوەی پشت لە بنەما و دیسیپلینەکانی خۆی بکات” ئەو سیستەمانە لە ناوەوەڕا ببینێت، بەخت و چانسێکی زۆر زیاتری هەیە تاکوو لە مەبەستی فیلسووفەکە تێبگات.
4- لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نابێت زەینی ئێمە بەڕادەیەک لەگەڵ دەروونناسیی ئەو فهیلهسووفە دەستەویەخە ببێت کە ڕاستەقینە یان هەڵەی بیرکردنەوەکانی، کە دەبێت لە بنەمادا لەبەرچاو بگیرێن، یان پەیوەندیی لۆژیکیی سیستەمە فەلسەفییەکەی ئەو لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، نەدیو بگرێت و لە چەقی سرنجی دوور کەونەوە. دەروونناس ڕەنگە لەسەر حەق بێت کە خۆی لە ناو ڕوانگەی یەکەم ببینێتەوە و تێیدا نغرۆ بێت، بەڵام بۆ مێژوونووسی فەلسەفە ئەمە نابێت وا بێ. بۆ نموونە نزیکبوونەوە و دەستەویەخبوونی دەروونناسانەی خەست و خۆڵ ڕەنگە ئێمە بەرەو ئەوە ببات کە لەمەڕ سیستەمی فەلسەفیی ئارتوور شووپێنهاوەرەوە بڵێین کە ئەم سیستەمە داهێنراوی پیاوێکی ڕەشبین و مۆن و بێهیوا و ناوچاوگرژە، کە لە هەمان کاتدا خاوەنی تواناییەکی ئەدەبی و خەیاڵێکی هونەری و تێڕوانینێکی جوانیناسانەیە نە هیچی دیکە؛ کە گوایە فەلسەفەکەی ئەو تەنها و تەنها دەربڕ و دەرخەری حاڵەتە دیاریکراوە دەروونییەکانن. بەڵام ئەم ڕوانگەیە ئەم راستییە نەدیو دەگرێت کە سیستەمی ئیرادەمەندیی ڕەشبینانەی ئەو تا ڕادەیەکی زۆر دژکردەوەیەکە لە هەمبەر ڕێبازی ڕەسەنمەندێتیی ئەقڵی گەشبینانەی هیگل، تا رادەیەک کە ئەم ڕاستییە لەبەرچاو ناگرێت کە بیرۆدزی جوانیناسیی شووپێنهاوەر ڕەنگە خۆی لە خۆیدا بەبایەخ بێت، واتە بەدەر لەو پێناسەیەی کە بۆ “چەشنی مرۆڤ”ی دەکات، و هەروەها کۆی پرسی شەڕ و ئازار کە سیستەمی شووپێنهاوەر دەیخاتە ڕوو کە بابەتێکی زۆر گرنگە و نابێت فەرامۆش بکرێت، ئیتر با شووپێنهاوەر مرۆڤێکی نائومێد و ناکام بووبێت یان نا. هەر بەم شێوەیەش، ئەگەرچی ئاگاداریی لەمەڕ سەربوردەی ژیانی فریدریک نیچە یارمەتییەکی گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی ئەو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بیرکردنەوە و باوەڕەکانی ئەو دەشێت بەشێوەی جیا و جودا لە کەسێک کە بەرهەمی هێناون بیری لێ بکرێتەوە.
5- هەوڵدان بۆ چوونەناو سیستەمی هەر بیرمەندێک، و تێگەیشتنی تەواو نەک تەنها لە وشە و دەستەواژەکانی، بەڵکوو هەروەها جیاوازیی وردی مانایی کە دانەر مەبەستێتی بیگوازێتەوە(تا ئەو شوێنەی دەلوێت)، بینینەوەی وردەکارییەکانی سیستەمەکە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆی سیستەمەکە، وەرگرتنی تەواو و چڕ و پڕی شێوازی دروستبوون و پێویستییەکان، هەموو ئەم پرۆسەیە کاری چەند ڕۆژێک نییە. کەواتە سرووشتییە کە پسپۆڕێتی لە بواری فەلسەفە دەبێت بنەما و یاسا سەرەکییەکە بێت، بە هەمان شێوە کە لە بوارەکانی زانستە جۆراوجۆرەکاندا وەهایە. بۆ نموونە مەعریفەیەکی پسپۆڕانە لەبارەی فەلسەفەی ئەفلاتوون، سەرەڕای ئەوەی پێویستیی بە زانینی تەواوەتی زمانی یۆنانی و مێژووی یۆنان هەیە، پێویستیشی بە ئاگاداربوون لەسەر بیرکاریی یۆنانی، ئایینی یۆنانی و شتانی دیکە هەیە. هەربۆیە کەسی پسپۆڕ پێویستی بە کۆمەڵێک گەورە لە ئامرازەکانی زانست و زانستمەندییە؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت مێژوونووسی ڕاستەقینەی فەلسەفە بێت، نابێت لە بنەمادا بەشێوەیەک لە ئامراز و میکانیزمەکانی زانست و زانستمەندی و هەروەها وردەکارییەکاندا نغرۆ بێت کە نەتوانێت و بۆی نەلوێت بچێتە هەناوی ئەو فەلسەفەیەوە کە بڕیارە باسی لێ بکات و لە نووسین و وانەکانی خۆیدا زیندووی کاتەوە. شیتەڵکاریی زانستیی پێویستە بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەس و تەواو نییە.
سەرچاوە: تاریخ فلسفە، فریدریک کاپلستون، ترجمە جلال الدین مجتبوی-تهران: شرکات انتشارات علمی فرهنگی سروش، چاپ ششم.
نووسین: فریدریک کاپلێستۆن
وەرگێڕان: موحسین عەلیڕەزایی