تۆماس کۆهن (١٩٢٢ – ١٩٩٦) ئۆهایۆ – (USA) فەیلەسوفێکی ئەمەریکییە، یەکێک لە بەرهەمە فکرییەکانی لە بواری فیزیا و فەلسەفەی زانست (The structure of scientific revolution) کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکانە و چەمکی پارادایم و گۆڕانی پارادایمی ناساند کە چۆن شۆڕشە زانستییەکان ڕوودەدەن و تیۆرە باوەکان لە لایەن بیرۆکە نوێیەکانەوە تەحەدا دەکرێت. کتێبی پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان لە (١٢) بەش پێکهاتووە باسی هەریەکە لە چەمکە سەرەکییەکانی پارادایم و زانستی ئاسایی و شۆڕشە زانستییەکان دەکات:-
- سەرەتا چەمکی پارادایمەکان دەناسێنێت، باس لەوە دەکات چۆنیەتی ڕوودانی پێشکەوتنی زانستی لە ڕێگای شۆڕشەکانەوەیە نەک گۆڕانی لەسەرخۆ.
- زانستی ئاسایی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن کۆمەڵگا زانستی پارادایم پێکدەهێنن و لە چوارچێوەیەکی ئاسایدا کار دەکات.
- زانستی ئاسایی وەکو چارەسەرکردنی مەتەڵ دەبینێت، كە چۆن زاناکان سەرنجیان لەسەر کێشە تایبەتییەکانە نەک خودی پارادایمەکە بخەنە ژێر پرسیار و تاقی کردنەوە.
- زانستی ئاسایی و ئاریشە و کێشەکانی ئەم بەشە باس لە سنووردارکردن و ئاڵنگارییەکان دەکات، کە بەهۆی زانستی ئاسایی سەرهەڵدەدەن و دەبێتە هۆی ناتەواوی و زاناکان ڕووبەڕوی دەبنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
- پێشینەی پارادایمەکان؛ کۆهەن زۆر جەخت لەسەر گرنگی پارادایمی نوێ دەکات لە ڕێنماییکردنی توێژینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی ئەو تیۆرانە.
- ناتەواوی و سەرهەڵدانی دۆزینەوە زانستییەکان لەم باسەدا پێمان دەڵێت کە چۆن کەم و کورتی و ناتەواوییەکان وامان لێ دەکات کە دۆزینەوەی نوێ بکەین و هەوڵ بدەین کەم و کورتییەکان چارەسەر بکەین بە پارادایمێکی نوێ.
- قەیران و سەرهەڵدانی شۆڕشە زانستییەکان؛ قەیرانەکان دەبنە هۆکاری شۆڕشێکی زانستی کە زانا و پسپۆڕەکان بەدوای چارەسەرکردنی ئاریشە بێ نەزمییەکانەوەن، ئەمەش دەبێتە شۆڕشێکی زانستی گەورە.
- گۆڕانی ڕووانگەی جیهان بە هۆکاری شۆڕشەکان؛ سەرهەڵدانی تێڕوانین و ئایدیای نوێ بۆ زانست کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و تەواو لە خۆ دەگرن.
- پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان؛ کۆهەن بیرۆکە سەرەکییەکانی کارەکانی و کاریگەری تیۆرەکان بۆ فەلسەفەی زانست کورت دەکاتەوە.
- پێشکەوتن لە ڕێگەی شۆڕشەکانەوە کە چۆن دەبنە هۆکاری پێشکەوتنی زانستی سرووشتی و مرۆیی.
- دەرئەنجامی بیرکردنەوەکانی کۆهەن و کاریگەرییەکانی لە بواری تێگەیشتن لە زانست و پێشکەوتنی زانست کۆتایی بە بەرهەمەکە دەهێنێت.
“ڕوانگەی تۆماس كۆهەن بۆ پێشكەوتنی زانست 1962”
پارادایم دڵێكە زانست پێی دەژی و دەمێنێتەوە، زانستی ئاسایی گەشە دەكات پێی دەڵێن پارادایم و دواتر قەیرانی كێشە دروست دەبێت، كە تیۆرە ئاساییەكان هیچ وەڵام و چارەسەرێكیان پێ نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی شۆرشی زانستی و بوونیادی شۆرش، دەبێت لە چوار چێوەیەكی زانستی سەیری تیۆرەكان بكەین كە توێژەر دەبێت وەڵامی گومان و پرسیارەكان بداتەوە و گۆڕانكاری جەوهەری بكات تا زانستی نوێ لەدایك بێت. بیروڕای كۆهەن دەڵێت مێژوو لە حاڵەتی دابڕان و پچڕاندایە و ناتوانێت شۆرشی زانستی دروست بكات، باوەڕی بە ڕههاگەرایی نییە و پێی وایە ناتوانین هیچ پارادایمێك لەگەڵ یەك بەراورد بكەین و، بە تەواوەتی جیاوازی تیۆری سەركەوتوو ئەوەیە كە چارەسەری بەشی و گشتی پێیە بۆ چارەسەری قەیرانەكان. شۆرشی زانستی لە ئەنجامی گۆڕانی بەردەوامی پارادایمەكانەوە ڕوودەدات کە ئەمەش شتێکی شتێکی مەحاڵ نیە و دەتوانرێت ڕاستی زانستی بدۆزرێتەوە كە ئەوەش دووبارە لە ژێر تاقیكردنەوە و فشاری ڕەخنەگراندایە كە تا ماوەیەك دەتوانێت بەردەوام بێت. زۆربەی تیۆریستەكان باوەڕیان وایە ڕۆژێك تیۆرەكانیان ڕاڤەی تازەی بۆ بكرێت كە ئەمەش شتێكی ئاساییە لە پێشكەوتنی زانست.
“شۆڕشی زانستی چیە لای تۆماس کۆهەن؟”
ئەستەم و زەحمەتە بتوانین کاتێک دیاری بکەین بۆ سەرات و دەست پێکردنی شۆڕشی زانستی، چونکە زانست داینەمیکییە و لە گەشە و گۆڕانکاریدایە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە سەرەتای دەرکەوتنی فکرەکانی دیکارت و دۆزینەوەکانی گالیلۆوە کە ئەقڵی مرۆڤایەتیان پێشخست ئەمە سەرەتایەکی ناڕوون بێت بۆ ئەو باسە، بەڵام دەبێت بزانین کە مێژووی زانست بە سێ قۆناخی کاریگەردا ڕاگوزەراوە. سەرهەڵدانی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ململانێی نێوان چینەکان، هەوڵی مرۆڤ لە پێناو کار و پیشەسازی و بەرهەمهێناندا، زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سرووشتدا ڕێگای کاری زانستی، تۆماس کۆهەن لە تیۆرەکەیدا زۆر گرنگی بەبواری کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریەکانی نەداوە، بەڵکو لە ڕێگای فیزیای کلاسیک و شیکردنەوەی تێگەیشتنی زانستی چۆن گەشە دەکات.
شۆڕشەکانی سیاسی، هونەری، ئابووری، هزری کە لە پێشوودا مرۆڤ ئەنجامی دەدات جیاوازن لە شۆڕشی زانستی سەردەم و دۆزینەوەی ئەلکترۆن و ئەتۆم….هتد، کەواتە ئەمە گەشەکردن و گەشەسەندن نی یە بەو خێرایی و شێوەیە، ئەمە شۆڕشە کەواتە شۆڕش ڕۆڵی هەیە لە تێگەشتن لە مێژووی زانستیدا، ئەو شۆڕشانەی وای کرد کە لە بە درۆخستنەوە و ڕەتکردنەوەی گریمانە و تیۆرەکانی پێشوو، یەکەم کەس باسی لە مێژووی زانست وشۆڕشە زانستییەکان کرد تۆماس کۆهەن بوو لە کتێبی “پێكهاتهی شۆڕشی زانستی”، لەو ڕێگایەوە تێگەشتنمان دەداتێ چۆن زانست پێشکەوت، تیۆرەکەی دەربارەی شۆڕشە زانستیەکان پەنای بردووەتە بەر مێژووی زانست، کە ئەوەمان پێدەڵێت ڕاستیە گەردوونیەکان و تیۆرە زانستیە ڕەهاکان بوونیان نییە، پێویستیان بە گۆڕانکاری و پێداچوونەوە هەیە، کە زۆربەی زاناکان بەو ڕاستیە گەشتوون کە ڕۆژێک دێت ڕاڤەی تازە بۆ تیۆریەکانیان دەکرێت، لەوانە نیوتن لە تیۆری کێشکردن و ئەنیشتاین لە تیۆری ڕێژەیی، کەواتە تیۆریەکان پیرۆزنین و ئەوانە تەنیا زانیاریمان دەدەنێ دەربارەی بوون و سروشت نەک حەقیقەتی ڕاستی بن، کە هیچ تیۆرێک ڕاستی ڕەهای نیە.
بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتنمان لە بووندا، کۆهەن جیاوازی دەکات لە نێوان شۆڕشی زانستی و شۆڕشی سیاسیدا کە هۆکاری ئەوەیە کە جیاوازی و کەلێنی زۆر دروست دەبێت لە نێوان فەرمانڕەوی و خەڵکدا، هەرکاتێک کەسی سیاسی یان سەرکردەیەک نەیتوانیبێت گرفت و کێشەکان چارەسەر بکات ئەوا شۆڕشی سیاسی دەست پێدەکات، ئەمە بۆ شۆڕشی زانستی هۆکارگەلێک هەن وەکو هەستکردنی زاناکان و بیرمەندان کە تیۆرێک ناتوانێت وەڵامی کێشە و گرفتەکان بداتەوە، هەروەها کاتێک پارادایمی زانستی ڕۆڵی خۆی نابینێ ئەمانە هۆکارن بۆ شۆڕشی زانستی، هەردوو شۆڕشەکە چی زانستی چی سیاسی دووبەرەی دژ بە یەک سازدەکات بۆ ڕزگاربوون لە قەیران و ناڕوونیەکان، گروپێک داکۆکی لە پارادایمە کۆنەکان دەکات، گروپێک بەرگری دەکات لە پارادایمی نوێ دەکات کە هەوڵی ڕزگاربوون دەدات لە کێشە و گرفت و قەیرانەکان بەمەش دەوترێت شۆڕش. کەواتە هۆکاری شۆڕشەکان دەتوانین بڵێین هۆکاری سیاسی دەرکەوتنی ململانێی هەرێمیەکان و دەوڵەتیەکانە، هەروەها دەرکەوتنی ئەو گۆڕانکاریەی لە کۆمەڵگاکان هاتەکایەوە لە دەرەبەگایەتیەوە بۆ دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و دواتر بۆ دەسەڵاتی سەرمایەداری دووەم هۆکاری ئابوری و دۆزینەوەی بازاڕ و سێیەم جەنگی ئاینی کۆتا هۆکار ئەو پێشکەوتنی هزریە بە تایبەت لە ئەوروپا ساڵی (١٥٠٠) لە بواری کیمیای کارۆموگناتیسی.
کەواتە ڕۆڵی تاکەکان و زیرەکی داهێنانیان شۆڕشی زانستی دروست دەکات کە دوبارە خوێندنەوەیەکی تازە دروست دەبێت جیاواز لەوەی پێشتر، بۆ نمونە ئەگەر دووجار سەیری وێنەیەک بکەین هەمان ئەو فۆڕم و وێنەیە نابینینەوە کە جاری یەکەم بینیومانە وەکو وایە جاری دووەم چاویلکەیەکمان لە چاو کردبێت بینینمان دەگۆڕێت و شتی جیاواز دەبینین، کەواتە شۆڕشەکان لای کۆهەن واتە گۆڕانکاری لە بینین و تێڕوانینەکان، لە هەمانکاتدا دوو کەس بە جیاواز وێنەکە بە جیاواز وێنەکە دەبینن. شۆڕشەکان لە بواری زانستە، بریتیە لە جیاوازی گۆڕانکاری لە بینینی دیاردە و حاڵەتەکان، کەواتە ئێمە نەگەشتووین بە تێڕوانینێکی باش و پەسەند چی بە تێڕوانینە کۆنەکان و چی بە تێڕوانینە نوێیەکان، کەواتە هەڵبژاردنی تیۆریەکی باش هەڵبژاردنێکی خودیە نەک بابەتی، کە باکگراوندی ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا ڕەنگ دەداتەوە کە سەرهەڵدانی ناکۆکی لێرەوە دەست پێدەکات، هەرکەسەو بەرگری لە تیۆر و بیرکردنەوەکانی خۆی دەکات، بۆنمونە هەندێک باوەڕیان وایە گەردوون تەختە، هەندێکیان لەو باوەڕەن گەردوون چەماوەیە، ئەمەش وەرچەرخان دروست دەکات کە بریتیە لە وزەی هزری جیاواز بۆ فیزیای کۆن و تێڕوانینی تازەی گۆڕانکاریەکان، کەواتە شۆڕشی زانستی ئەوەیە کە وەچەرخانێک یان پێشکەوتنێک لە زانستە کلاسیکیەکان ڕووی داوە لە کات و شوێنی جیاوازدا کۆی ئەو پڕۆسە و پێشکەوتن و گۆڕانکاریانە پێی دەوترێت شۆڕشی زانستی ، واتە گۆڕانی پارادایمێکی تازە و نوێ کە زانستێکی نا ئاساییە و بەردەوام لە جوڵە و گۆڕاندایە.