پۆڵ کارڵ فایرابند- (١٩٢٤ – ١٩٩٤)؛ فەیلەسوفێکی زانستییه، خەڵکی (نەمسا – ڤیەننا)یە، سەرەتا لە زانکۆی ڤیەننا کۆمەڵناسی و مێژووی خوێندووە دواتر سەرنجی خۆی گواستەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە فیزیا و فەلەکناسی، پاشان دکتۆرای لە فەلسەفە بە دەستهێناوە، کەسایەتییەکی گەورەی زانستی هەبووە، هەمیشە داکۆکی کردووە لە ئازادی فیکری و زانستی، سەرەتا باوەڕی بە پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی بووە، بەڵام دواتر بوو بە ڕەخنەگرێکی سەرسەخت لێی. ڕەخنە و مشتوومڕ زۆرن دەربارەی فکر و بەرهەمەکانی، بەهۆی کە هەوڵی داوە بۆ پەرەپێدانی ناعەقڵانیەت لە زانستدا و هەوڵی تێکدانی دەسەڵات و چوارچێوەی زانستی داوە هەرچەندە لایەنگرانی دەڵێن ڕێبازی “فایرابند” ڕێبازێکی کراوە و گشتگیری زانستیە کە کاریگەری فەلسەفەکەی ڕەنگی داوەتەوە لە کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی، توێژینەوەی زانستی، گرنگترین بەرهەمەکانی (دژە میتۆد، زانست لە کۆمەڵگەیەکی ئازادا، ماڵئاوایی لە ئەقڵ، ئەنارشیزمی زانستی).
دژە میتۆد بەرهەمێکە زۆرترین قسە و باسی لەسەر کراوە لە ساڵی (١٩٧٥) بڵاو بووەتەوە کە سەرەتایەکە بۆ دژایەتی کردنی تێڕوانینێکی ئەرێنی و باوی زانست وەکو شێوازێکی ئەقڵانی و بابەتی و پێشکەوتنی زانستی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دوو پرسە، ئەو پێی وایە زانستیش وەکو فۆڕمەکانی تری زانین “ئایین و ئەفسانە” وایە و باڵا نییە کە سوود و زیانیان هەیە لە یەک کاتدا، ئەو دەڵێت ناکرێت میتۆدێکی زانستی یەکگرتوو و گشتگیر هەبێت زانست بەو ڕێگایە گەشەناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە زانست دەخنکێنێت و داهێنان لە ناو دەبات، ئەوە ڕێبازی ئەنارشیزمیە کە ململانێ و هاندان دەکات، کە زاناکان و توێژەرەکان پارادایمە کۆنەکان و تەقلیدیەکان تێبپەڕێنن و ڕزگارمان بکەن بۆ داهێنانێکی نوێ. دژە میتۆد کتێبێکی ئیستفزازی و ئارگیومێنت خوازانەیە کە مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، سەرەڕای ڕەخنەی زۆر بەڵام کاریگەریەکی گەورە و بەرچاوی هەیە لە تێگەیشتنمان بۆ زانست و ڕۆڵی کۆمەڵگا.
“ئهنارشیزمی ئیپستمۆلۆژی”
لە ڕوانگەی ئەم بەرهەمەوە؛ ناوبراو پێشکەوتنی زانستی زۆر جار پێویستی بە پلەیەک لە ئەنارشیزم هەیە، کە ئامادە بکرێت بۆ شکاندنی نۆڕمەکانی دامەزراوه و گەڕان بە دوای ئەگەر و چارەسەرە نوێیەکان. دۆزینەوەکانی گالیلۆ بە تەلسکۆبەکەی تەحەدای تازەی کرد، کە پێیان وابوو زەوی چەقی گەردوونە، ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ شکاندنی نۆرم و بەها کۆنەکان، چەمکی ئەنارشیزمی ئیپستمۆلۆجی هەڵوێستێکی فەلسەفیە کە بیرۆکەی یەک میتۆدی زانستی ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر گرنگی فرەمیتۆدۆلۆجی و نەرم و نیانی و لێکۆڵینەوەی زانستی دەکاتەوە هەروەها پەیڕەو کردنی یاسا و چوارچێوەی دیاری کراو بۆ زانست ڕەت دەکاتەوە، کەواتە دژی دۆگماتیزمی میتۆدۆلۆجی بووە، ئەمەش وادەکات داهێنان و زانست بخنکێنێت، پێویستە توێژەر و زاناکان ئازاد بن لە بەکارهێنانی ڕێبازە جیاوازەکان، تەنانەت ئەگەر دژیش بوون لەگەڵ نۆرم و یاسا دامەزراوە بنەڕەتیەکان.
زۆر گرنگی دەدات بە ڕۆڵی خەیاڵ و داهێنان لە پێشکەوتنی زانستی پێویستە توێژەر لە بازنەیەکی فراوانتر خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی ڕێکبخات دەبێت ئەو ئاستەنگ و داخراویە تێپەڕێنێت بۆئەوەی زانستێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، زۆر گرنگی بە ڕۆڵی کۆنتێکستی مێژووی و کۆمەڵایەتی دەدات، زۆرجار تیۆریەک لە چوارچێوەیەک کاردەکات بە پێچەوانەی ئەوانەیتر کە جیاوازن، دەبێت زاناکان ئازاد و ئازا بن، هەرشتێک ڕوودەدات قبوڵی بکەن بێ گوێدانە ئەوەی کە لەگەڵ یاسا و دامەزراو دەگونجێت یان نا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە هەموو شت قبووڵکراوە، پێویستە لەوە تێبگەین ئەنارشیزمی “فایرابند” هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕی تەواو لە زانستدا، بەڵکو ئەو دان دەنێت بە پێویستی ڕێسا و یاسا و ڕێنمایی، بەڵام دەبێت نەرمونیان و کراوە بین بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی داینەمیکی، مەبەستی ناوبراو ئەوەیە سنووردارکردنی شێوازە زانستیە کلاسیکییەکان لەسەر بنەمای لۆژیکی و ڕەق و نەگۆڕ واز لێبهێنین، دەبێت بگەڕێن بە دوای شێوازی نوێ کە پێی وایە زۆرێک لە دۆزینەوە زانستیە نوێیەکان لە ڕێگای سەرچاوە چاوەڕوان نەکراوەکانەوە هاتوون، واتە گرنگیدان بە ڕێکەوت، چونکە زانست هەمیشە شتە ئاڵۆز و گرانەکان نییە، بەڵکو زۆرجار دۆزینەوەکان بە ڕێکەوت و بەخت دروست دەبن کە لە چاوەڕوانی کەسدا نییە، کەواتە پێویست نییە پابەندبوونی ڕەها بە یاسا و ڕێساکان لە زانستدا.
لای “فایرابند” هەڵەی زانستی نییە، هیچ میتۆدێک گەرەنتی نییە کە ڕاست بێت یان هەڵە، داوای کرانەوەی زیاترى دەکرد لەو بوارەدا و هەڵە کردن هانی زاناکان دەدات زیاتر داهێنانی نوێ بکەن و بیرۆکەی نوێیان بۆ بێت، کەواتە فرەیی ڕێبازەکانی میتۆدۆلۆجی بۆ پێشکەوتنی زانست پێویستیەکی گرنگە بۆ بینینی ڕوانگەی فراوان و جیاواز لە جیهانی زانست بۆ بڵاوبوونەوەی تیۆرە جیاوازەکان کێبڕکێ دروست دەکات و جیاوازیەکان یارمەتیدەرە بۆ باش کردنی تێگەشتنمان لە ڕاستی زانستی. دەبێت تیۆریستەکان بە دوای تیۆری دژایەتیدا بگەڕێن کە پێی دەڵێن “دژە ئیندێکتیڤ” بۆ تێکشکاندنی پارادایمە دامەزراوەکان و دۆزینەوەی ڕێگای نوێ. فایرابند زۆر دژی بابەتگەرایی بوو لە زانستدا ئەو ڕاستیە زانستیانە کاتین و گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، پێویستە تێگەیشتنمان فراوان بکەین لە ژێرکاریگەری لایەنگری بەهاو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان دەرچین و ئەفسانەیی بابەتگەرایی زانستی ڕەت دەکاتەوە. داوای ئازادی زیاتری دەکرد لە ڕەهەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستیەکان، زۆر جار بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات و ئابووری زانست لە قاڵب دەدەن. دەبێت ڕێگری بکرێت لەوە و ڕێبازێکی ئازادانەتر و دیموکراسیانەتر پەیڕە و بکەین بە دیموکراسیکردنی زانست، بەم هۆکارە ناوبراو تاوانبار دەکرێت کە ئەنارشیزمی میتۆدۆلۆجی ناوبراو بەرەڵایی لە نێو زانست بڵاوکردووەتەوە و هەموو تیۆرەکان ڕەت دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی توخمە نازانستیەکان وەکو کاریگەری کولتووری، کۆمەڵایەتی، بەرز دەنرخێنێت.
لە کۆتایدا دژەمیتۆد خوێندنەوەیەکی تازەمان دەخاتە بەردەم دەربارەی تێڕوانینە کلاسیکیە زانستیەکان کە ڕێبازی لێکۆڵینەوەی زانستی میتۆدۆلۆجی پێویستی بە شێوازێکی کراوەتر و نەرمترە بۆ هاندان بۆ داهێنان و ڕەتکردنەوەی یاسا و نۆرمە چەسپاو و باوەکان، هەبوونی ڕۆڵی ئازادی لە پێشکەوتنی زانست و پەرەپێدان زۆر گرنگ و گەورەیە.