با لە پرسیارێکەوە دەست پێ بکەین؛ Is واتە (ـە) وەکوو کردارێک(ئەمە دەرگای”ە” It is a door) لە زمانی ئینگلیزیدا یەکێک لە باوترین و بەکارهێنراوترین وشەکانە. (ـە) بە شێوەیەکی بەردەوام بە بێ ئەوەی سەرنجێکی ئەوتۆی بدرێتێ لە ناو ڕستەکانی ئێمەدا بە شێوەیەکی بەرفراون بەکار دەبرێت. قسەکردن، نووسین و بیرکردنەوە بە بێ ئەم وشە یان کردارە بەڕاستی ئەستەمە. بۆیە دەبێت بپرسین(ـە)چییە؟ هایدگێر؛ کەڵە فیلسووفی ئاڵمانی(١٨٩٩-١٩٧٦)، دەڵێت کەم کەس ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو و ئەمەش غەفڵەت و پشتگوێخستنێکی سەرسووڕهێنەر بووە. ئەمە تەنها پشتگوێخستنی یەک وشە نییە، بەڵکوو پشتگوێخستنی زایەڵە و نەوایەکە کە ئەم وشەیە دەشیت هەیبێت کە خۆی لە بنەمادا پەیوەستە بە (بوون)ەوە. بوونی چییە؟ (ـە) یان (هەیە) یەکێک لە شێوەکانی کرداری (بوون) یان (هەبوون)ە، واتە کرداری هەبوونیانە. ئەم پرسیارە کە (هەیە چییە؟) وەکوو گەڵاڵەکردنی پرسیاری بوونە. ئەم پرسیارە سەرەکیترین داڵغە و کەڵکەڵەی هایدگێر بوو. دەکرێت بپرسین ئەمە چ جۆر داڵگەیەکە؟
بەڵام هایدگێر خاڵێکی زۆر جیاواز و سەیری دەخستە ڕوو. ئەو دەڵێت:- بیرکردنەوەی ڕۆژئاوایی پرسیارکردن لە مانای بوونی، بیرچووەتەوە، ئەمەش نەک لە سەردەمەکانی دواییدا بەڵکوو لە پرۆسێسێکی پشتگوێخستن کە ٢٥٠٠ساڵ درێژەی کێشاوە. ئەرکی هایدگێر گەڕانەوە بۆ ئەم پرسیارە بوو. چۆنچۆنی دەتوانین لە مانای(بوون)تێبگەین؟ ئایا دەکرێت لەگەڵ (بوون) بکەوینە جۆرە پەیوەندییەکی نوێوە تاکوو ڕێچکە و ئاڕاستەکانی دوو هەزار ساڵی پێش ئێستە بگۆڕین؟ بۆ هایدگێر ئەوەی وا لەم پرۆسەیەدا کەوتبووە مەترسییەوە، کۆی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوایی بەمانا گشتی و باوەکەی بوو، نەک تەنها فەلسەفەکەی بەڵکوو زانستە سرووشتییەکان، زانستە مرۆییەکان و تەنانەت ئاخاوتن و مژاری ڕۆژانەشی. ڕووکردنەوە لای جەمسەری(بوون) بەم مانایە بوو: پشتکردن لە داڵگە نەریتییەکانی زانست و گوتارەکان، پرسیارئاژۆکردنی میتۆدەکان، شێوازەکان، چەمکەکان و گریمانە بنەماییەکانیان. ئەمەش بەواتای خستنەڕووی (بیرکردنەوە)یەک کە بە شێوەیەکی دیکە دەجووڵێتەوە. کەمتر فیلسووفێک تاکوو ئێستا ئاوەها دڵەڕاوکێیەکی ڕیشەیی و بنەمایی بەرداوەتە هەناوی فەلسەفەوە. ئەم هەوڵ و تێکۆشانە، هایدگێری بەرەو کۆمەڵێک پانتای نامۆ و مشتومڕهەڵگیرسێن ڕاکێش کرد کە لە یەک کاتدا هەم کۆنسێرڤاتیستانە بوون هەمیش شۆڕشگێڕانە، هەم ناسووتی بوون و هەمیش لاهووتی، هەم ئەمجیهانی بوون و هەمیش ئەوجیهانی، دژەنەریت بوون بەڵام لەخۆگری ڕەگ و ڕێشەی قووڵیش بوون، چاودێر و شایەتحاڵی ڕابردوو بوون بەڵام لە هەمان کاتدا بیرکردنەوەیەکی بۆ داهاتوو دەخستە ڕوو کە سنوورەکانی هێشتاش بۆ کەس دیار و بینراو نییە.
کامە هایدگێر؟ زۆر سەیر و سەمەرە نییە کە “هایدگێر” لە پێگەی دانەر(مٶلف) بە شێوەی جۆراوجۆر خراوەتە بەر سەرنج. بەزۆری دەڵێن: کۆمەڵێک هایدگێر یان هایدگێری زۆر و زەبەندمان هەیە.
– هایدگێرێکی پەیوەست بە فەلسەفەی ئایدیالیستیی ئاڵمانیی کە مێشک و زەینی لەگەڵ پرسە لێڵ و پێڵ، بەڵام بنەماییەکانی پەیوەست بە کات، مەرگ و دڵەڕاوکێ (Angest) کە لە ناخی ژیانی مرۆڤدا خۆیان حەشار داوە، دەستەویەخەیە.
– هایدگێرێکی زانستخواز، کە “ناوەندی فەلسەفەی ئەوروپی”، خاڵی پێکگەیشتنی ڕەوتە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی سەدەی بیستەمە کە دەستی داوەتە هەڵکۆڵین و بەدەنگئانین و لێپرسینەوە لە “نەریتە مەزنەکان”ی فەلسەفە.
– هایدگێرێک لە پانتای تیۆلۆژی یان ئیلاهیات کە بڕیارە بنەمایەکی فەلسەفەی بۆ بیرکردنەوەی مەسیحی لە چاخی نوێدا دامەزرێنیت.
– کۆمەڵێک هایدگێری دیکە کە ئەوانەی پێشووتر ڕەت دەکەنەوە:- هایدگێرێکی تەواو ئەم جیهانی و قایل بە جیاکردنەوەی دین و دنیا لە یەکدی، هایدگێرێکی دیکە لە پانتای کەلامی نوێ و بواری میتافیزیک کە وەڵامی پرسیاری (مەرگی خودا) دەداتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەست دەداتە هەڵکۆڵین لە پاشماوەکانی بیرکردنەوەی ئایینی لە نەریتە عیرفانییەکان، ئایینەکان و ڕێبازە ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەم بابەتانە.
دژبەرانی هایدگێر:- زۆر دوور نییە ئەو هایدگێرەش کە لێوانلێوە لە ئاڵۆزی، ڕازاویبوون، فامهەڵنەگری و داپۆشراوی، مڵۆزمی فەلسەفەی (شیکاری)ی ئینگلیزی زمان؛ هایدگێرێک بە بیرکردنەوەی ناسک و وردەوە دەپەرژێتە سەر کۆمەڵێک پرس کە بەشێوەیەکی مەترسیدار پاساو هەڵناگرن؛ هایدگێرێکی ئەهلی سۆفیگەری و شهوودبێژییەکان؛ ڕوونکردنەوەی شتە ڕوونەکان و ڕوونبێژیی فێڵبازانە، خۆبەزلزان و نغرۆبوون لە کۆمەڵێک پرس و کێشە کە خۆی بەرهەمی هێناوە.
فەیلەسووفی شیکاری بەریتانی واتە ئێی. گی، ئێردێر(١٩٨٢) لەم بارەیەوە دەڵێت:- پرسیارکردن لە بوون؟ پرسیارێکی بێمانایە لەبارەی شتێک کە دەبێت وەکوو گریمانەیەکی بێ گرێ و گۆڵ و بێ مەرج وێنای بکەین. ئەگەر لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا وەکوو پرسیارێک مامەڵە بکەین، ئەوا هیچ ڕێگایەکمان بۆ وەڵامدانەوە پێی نابێت، ئەوەی وا لە هایدگێردا بەڕوونی دەبینرێت، دەرکەوتەکانی خڵەفاوییەکی سەرسووڕهێنەر، بەلاڕێدابردنێکی نائەخلاقیانەی ڕاستییەکان و ئەو شتەیە کە ئەگەر بەویژدانەوە قسە بکەین دەتوانین بڵێین فریوکاری و تەڵەکەبازییە هەروەتر فیلسووفی کۆنسێرڤاتیستی بەریتانی واتە ڕاجێر ئێسکرۆتۆن(١٩٩٢) دەڵێت:- نووسینەکانی هایدگێر لەخۆگری دوا تڵت و پاشماوە خەمۆکئامێزەکانی فەلسەفەی ڕٶمانتیکی ئاڵمانە. کتێبە گەورەکەی ئەو واتە بوون و کات زۆر دژوار و ئاڵۆزە و ڕەنگە هەر لە بنەوەڕا مانایشی نەبێت کە ئەگەر وابێت ئەوا بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە خوێندەوەی ئاسان و سووکە. هێشتا بەدڵنیاییەوە ناتوانم بڵێم دەبێت چۆنچۆنی لەسەری بڕیار بدرێت و ڕاستییەکەی تا ئێستەش نەمبینیوە ڕاڤەکارێک تەنانەت هەنگاوە سەرەتاییەکانی بپ تێگەیشتن لەم کتێبە و ڕۆچوونە ناو دنیای مانا و مەبەستەکانی هەڵگرتبێت.
بەرگریکارانی هایدگێر:- هەندێک تاقم کۆمەڵێک تەئویل و ڕاڤەی ئەرێنیتر لەبارەی هایدگێریان خستووەتە ڕوو. بۆ نموونە دەڵێن ڕزگارکەری دیاردەناسیی (باڵێک لە فەلسەفەی ئاگایی) لەو کۆت و پێوەندانەی کە خۆی لە ملی خۆی هاڵاندبوو. کەسانێکی دیکە دەڵێن ئەو یارمەتیدەری زانستی ڕاڤە یان تەئویل یان هێرمێنۆتیکی مۆدێرن (شیوازێک لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لەم بارەیەوە کە ئێمە چٶناوچٶن دەست دەکەین بە ڕاڤە و تەئویل)، کەبووە کە گرینگترین کاریگەریی لەسەر بیرداڕێژی سەرەکیی زانستی هێرمنۆتیک واتە هانس گیۆرگ گادامێر بەجێ هێشتووە. هەندێکی دیکە دەڵێت هایدگێر بە قووڵترین شێوە لەسەر فەلسەفەی وجوودی یان ئیگزیستانسیالیسمی سەدەی بیستەم و سیما دیار و درەوشاوەکانی وەکوو موریس میرلۆ پێنتی و ژان پۆل سارتێر کاریگەریی داناوە.
تاقمێک باس لە هایدگێرێکی پاش-پێکهاتەخواز دەکەن کە پێش لەوەی کە ناوی ئەم ڕێبازە بکەوێتە سەر زاران، لە هەوڵی ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی نوێترین و داهێنەرانەترین گۆڕانکارییە فەلسەفی و بیردۆزییەکانی ئەم دەیانەی دوایی بوو و کاریگەرییەکی بەهێز و سازێنەری لەسەر بیرمەندەکانی پاش خۆی هەبووە تەنانەت ئەوانەی کە لە ناو ڕێباز و ڕێچکەیەکدا بوون کە جیا بوون لەوەی ئەو لەوانە دەتوانین ئاماژە بە ناوەکانی یۆرگێن هابێرماس، هێربێرت مارکووزە، میشیل فۆکۆ و زۆری دیکە بدەین. دەستەیەکیش باس لە هایدگێرێکی پێکهاتەشکێن و هەڵوەشێنەر دەکەن کە گرینگترین سەرچاوەی ئیلهامی دیارترین دەمڕاست و نوێنەری ئەم ڕیبازە واتە ژاک دیریدا بووە.
لێرە و لەوێ باس لە هایدگێرێکی (کۆمەڵایەتی) دەکرێت کە دەپەرژێتە سەر ڕەخنەکاری و ڕەخنەگرتنی کۆمەڵگا و کولتوور. ئەو هایدگێرەی کە ڕەخنەگری کۆمەڵگەی پیشەیی مۆدێرن، کولتوورە ڕەشۆکییەکەی و، هەروەها شیوازەکانی بیرکردنەوەی بوونیاتنراو لەسەر تەکنەلۆژیایە. هەروەها هایدگێرێکیشمان هەیە کە کۆنسێرڤاتیست و خوازیاری ژیانێکی گوندەکییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەونی “ڕابردوو و سەردەمی کشتوکاڵ” و لە شێوازە نەریتییەکانی ژیانی ئەو سەردەمە و دابونەریتە بەگوڕ و متمانەپێکراوەکەی دایە.
هایدگێری سبەینێ:- هەندێک دەڵێن هایدگێر کۆمەڵێک سیما و ڕەهەندی هێشتا نەدۆزراو و نەناسراوی هەیە. بەشیکی زۆر لە هەڵقوڵین و تەقینەوە زۆر و زەبەندەکانی قەڵەمی هایدگێر تا ئێستەش بڵاو نەبووەتەوە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٤ لە ئامادەکردنی کۆمەڵێک نوسخەی کۆی بەرهەمەکانی و چاپ و بڵاوکردنەوەیان هاوکاریی کرد. لەگەڵ ئەمەشدا تا هەڵەچنی و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەموو نووسینەکانی ڕێگایەکەی زۆر و درێژ لە بەردەمە. لە ڕاستیدا ئەم (هایدگێر-ە تا ئێستەش نەناسراوەیە) کە چاوەڕوانینی لە داهاتوو و سبەینێوە زیاتر بیناسین. کۆمەڵیک یادداشت و دەستنووسی شەخسیی هایدگێر لە ئەرشیڤی ئەدەبی ئاڵمانیی لە زانکۆی مارباخ پارێزگاریی لێ دەکرێت و دەستپێڕاگەیشتن پێیان کارێکی ئاسان نەبوو…ئێمە دەشێت چاوەڕوانی هایدگێرێکی تایبەتی بکەین کە بەزۆری لەبەرچاون ون و شاراوە بوو.
هایدگێر و نازیسم:- هەر بەم هۆیانەی فرە سیمایی و فرەلایەنی هایدگێر، دەشێت لەگەڵ ناوهێنانی ئەم فیلسووفەدا دەرگای کۆمەڵێک ئەگەر و شیمانەی مشتومڕهەڵسێن و ترسناک بکرێتەوە، لە هەموانیش مشتومڕهەڵگیرسێنەتر پەیوەندیی نزیکی هایدگێر لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیۆنال-سۆسیالیستی ئاڵمانە. خاڵی جێگەی سەرنجیش ئەمەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشوازیی زۆر و زەبەندی خەڵک و خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هایدگێر هەر ئەمە بووە، خاڵی جێگەی ناکۆکی لێرەدا هەمان جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و باوەڕە سیاسییە فەلسەفییەکانە-واتە دەکرێت بڵێین ئەو دەستە لە هۆکار و هێزە سیاسییەکان کە لە فەلسەفە، گرێدراوێتییەکان و دەربەستییەکانیان لەکاردان و کاریگەرییان هەیە. لە ڕوانگەی زۆرێک لە خوێنەرانەوە پەرژانەسەر ئەم بابەتە کەڵکەڵەیەکی تەواو مێژوویی نییە. ئەم بابەتە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ پەرچەکردارەکانی ئێمە لە هەمبەر ئەو نازیسمانەی کە لە سەردەمی نوێی ئێمەدا سەریان هەڵداوە و لە ژێر تیشکی کۆمەڵێک ناو و سەردێری نوێدا بڵاو بوونەوە، هەڵبەت بە بێ نیشانی خاچی شکاوەوە.
هایدگێری سیاسی، کۆمەڵێک ڕووخسار و وێنەی هەیە. ئەو لە دەیەی ١٩٣٠ یەکێک لە هۆگرە پڕ جۆش و خرۆشەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنال سۆسیالیسم ئاڵمان بوو، هەرگیزیش بە شێوەی تەواو ئەو ڕوانگانەی کە لەو ساڵانەدا و لە بەردەم ڕای گشتیدا هێنایە زمان، وەرنەگرتەوە و ڕەتی نەکردنەوە. دەکرێت بپرسین ئایا ئەم هۆگرییە جۆرێک لە ڕێکەوتنی کاتی و بەپێی مەسڵەحەتی ئەوە بووە کە ئەو لە زانکۆ وانەی دەوتوە-واتە هایدگێرێک کە لە ژێر زەختی بارودۆخدا، ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە تووشی یاریپێکران بووبێت؟ و یان شتێکی قووڵتر و ڕیشەدارتر لە کایە بوو کە لەگەڵ فەلسەفەکەیدا پەیوەندییەکی توند و تۆڵی هەبوو؟
سەرچاوە: هایدگر، قدم اول، جف کالینز، هاوارد سلینا، ترجمە صالح نجفی، تهران، پردیس دانش ١٣٨٤
نووسەران؛ جێف کالینز و هاوارد سێلینا
وەرگێڕان: حەبیب ساڵحی