“پێشەکی”
ئالڤین لویس تافلێر(١٩٢٨-٢٠١٦) نووسەر و لێکۆڵەری بواری داهاتوو یان داهاتووبینی ئەمریکی بوو. ئەو بەهۆی بەرهەمەکانی لە بوارەکانی شۆڕشی دیجیتاڵ، شۆڕشی پەیوەندییەکان و تایبەتمەندبوونی تەکنەلۆژیاوە دەناسرێتەوە. تافلێر وەکوو یەکێک لە لێکۆڵەرانی ناوداری بواری داهاتوو یان داهاتووبینی ناوی ڕۆشتووە. ئەو جووڵەی کۆمەڵگای پیشەیی لە قۆناغی بەرهەمهێنانی کاڵاوە بۆچاخی پەیوەندییەکان و زاڵبوونی کۆمپیوتەر بەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشبینی کرد و بەختەوەرانە یان خەمخۆرانە زۆرێک لە پێشبینییەکانی بەڕاست دەرچوون و لایەنە نەرێنی و ئەرێنییەکانی دەرکەوتن.
یەکێک لە کتێبە ناودارەکانی تافلێر(شەپۆلی سێهەم) بوو. تافلێر لەم کتێبەدا باس لە سێ جووڵەی گشتی لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی مرۆڤدا دەکات کە هەر کامەیان وەکوو شەپۆلێکی بەهێز، قۆناغی پێشوویان تێپەڕاند و قۆناغێکی نوێیان بەدیهێنا. (شەپۆلی یەکەم) شۆڕشی کشتوکاڵ بوو کە کۆتایی بە قۆناغی ڕاووشکار هێنا، شەپۆلی دووهەم هەر ئەوەیە کە زانایانی مێژووی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە شۆڕشی پیشەیی ناوی دەهێنن و لە کۆتاییشدا شەپۆلی سێهەم کە بە باوەڕی تافلێر لە دەیەی ١٩٥٠ دەستی پێ کردووە، پردی چوونە ژوورەوەیە لە کۆمەڵگای پیشەیی بۆ ناو چاخی پیشەیی. ئەم بەشەی لێرەدا هاتووە لە یەکێک لە کتێبە دیار و گرنگەکانی تافلێرەوە هەڵبژێردراوە ئەویش کتێبی “شۆکی داهاتوو”وە کە ساڵی ١٩٧٠ بڵاو بووەتەوە، واتە نزیکەی پەنجا ساڵ زیاتر پێش ئێستە، ئەگەر سەرنجی هەر ئەم بەشە کورتەی کە لێرەدا هێنامانە بدەن توانایی و بەرچاوڕوونی ئەم نووسەر و بیرمەندە لە بینینی ئاسۆکانی داهاتوومان بۆ دەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لایەنی ئەخلاقی و شارستانیی گۆڕانکارییەکانیشی دەستنیشان کردووە و کۆمەڵگای مرۆیی وشیار کردووەتەوە و هۆشداریشی داونەتێ.
“ئابووری و تەندروستیی دەروونی”
ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەیی ئێستەنفۆرد لە ڕاپۆرتێکدا کە (بەشی خزمەتگوزارییە درێژخایەنەکان) خستوویەتییە ڕوو، ڕایگەیاندووە کە کۆڵەکەی ئابووریی داهاتوو بەکورتی ئەمەیە: “پێداگریی لەسەر پێویستییە مەعنەوییەکان و پێداویستییە مادییەکانی کەسەکان و گرووپەکان”. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەروەها لای وایە کە پێداگریی تازە لەسەر ئەم دوو پێویستییە نەک تەنها پیشاندەری پێداویستییەکانی مەسرەفکەر یان بەرخۆرە، بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا ڕوونکەرەوەی حەوجێی خودی ئابووریشە تاکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات. “لەو وڵاتانەی کە هەموو پێویستییە سەرەکی و مادییەکان ڕەنگە تەنها لەڕێگەی سێ بەش لە چوار بەش یان تەنانەت نیوەی توانایی بەرهەمهێنانی ئەو کۆمەڵگایە دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی کە بتوانین ئاوەها ئابوورییەک تەندروست ڕاگرین پێویستە بەشێوەیەکی بنەمایی سەر لە نوێ بەم ئابووریدا تێهەڵچینەوە واتە داڕشتنەوەیەکی نوێی گشتیی بۆ بکەین”.
هاوکۆکی (Convergence) و هاونەوایی ئەم زەختانە، کە هەم لە لایەن بەکارهێنەر(بەرخۆر)ەوەیە و هەمیش لە لایەن ئەوانەی خوازیاری گەشەی ئابوورین، دەبێت هۆی ئەوەی کە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕووێ تەکنەلۆژییەوە پێشکەوتوون بەرەو بەرهەمهێنانی ئەزموون، واتە بەرهەمهێنانی دنیای داهاتوو بڕۆن. هەڵبەت دەشکرێ ڕۆشتن و جووڵان بەرەو ئەم ئاقارە پاش بخرێت. ڕەنگە خەڵکی هەژار و دەستەنگی جیهان هەروا بێدەنگ دانەنیشن تاکوو چاودێریی بکەن و ببینن کە کۆمەڵێک کەسی دەسڕۆیشتوو و ورگزل بۆ خۆیان بە عیشوە و لەنجەوە ڕایبوێرن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و قولداکێشاندا بپەرژێنە سەر بابەتە دەروونناسانەکان. ئەمە حاڵەت و دەرکەوتەیەکی قێزەنە کە دەستەیەکی فراوان لە خەڵک بەدوای تێرکردنی خواستە دەروونییەکانیان و هەروەها چێژە نوێ و ناسکەکاندا بن، لە حاڵێکدا زۆربەی خەڵکی و مرۆڤەکانیش لە هەژاری و بەشمەینەتی یان برسێتیدا بە کوللەمەرگی بیبەنە سەر. ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕووێ تەکنەلۆژییەوە پێشکەوتوون دەتوانن ئەم شێوەزە لە (ئەزموونگەرایی) دوا بخەن، و بەشێوەی سرووشتی و بە هەمان شێوازی ناسراوی ئابووری دۆخەکە بپارێزن، بەرهەمهێنانی کۆنباو بگەیەننە چڵەپۆپەی خۆی و سەرچاوەکان لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی کوالێتیی ژینگە و کەشی گشتی بەکار بهێنن و پاش ئەمە هەستن بە جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکان بە ئاڕاستەی نەهێشتنی هەژاری و یارمەتیگەیاندنی وڵاتانی دەرەکی برەو پێ بدەن.
کارگەکان بە هەڵگرتن و نەهێشتنی زیادە قازانجی خۆیان و لە ڕاستیدا بە دەستهەڵگرتن لەو قازانجە دەتوانن درێژە بەکاری خۆیان بدەن، بەرهەمە زیادە کشتوکاڵییەکان بەکار بهێنرێن و کۆمەڵگا دەتوانێت هەوڵ بدات پێدوایستییە مادییەکانی خۆی دابین بکات. بۆ نموونە ململانێ و خەباتێکی پەنجا ساڵە بۆ ڕیشەکێشکردنی برسێتی لە جیهان نەک تەنها کردەوەیەکی ئەخلاقیی بەرزە، بەڵکوو بۆ کۆمەڵگا تەکنەلۆژیاییەکان دەرفەت و هەلێک دەڕەخسێنێت کە بۆ گواستنەوەڤی سادەتری بۆ ناو ئابووریی داهاتوو زۆر پێویستیان پێیەتی. ئەم لەسەر وەستانە و هەڵوێستەیە ئەم دەرفەتەمان دەداتێ تاکوو لەبارەی کاریگەری و بەدواداهاتە فەلسەفی و دەروونناسانەکانی بەرهەمهێنانی ئەزموون بیر بکەینەوە و قووڵ ببینەوە. ئەگەر بەشێوەیەک لە شێوەکان بەکارهێنەران ئیدی نەتوانن بەشێوەیەکی ڕوون لە نێوان بابەتە واقیعییەکان و ناواقیعیی یان هاوشێوەکراوەکان جیاوازیی بکەن، بەشێوەیەک کە بکرێت هەموو ژیانی کەسیك لەڕووێ بازرگانییەوە پلانی بۆ دابڕێژرێت، دەکرێت بڵێین ئەوکات ئێمە پێمان ناوەتە ناو پانتای زنجیرەیەک کێشەی دەروونی-ئابوورییەوە کە ئاڵۆزییەکەیان بەڕادەیەکە کە هەناسەی مرۆڤایەتی دەچنێت. ئەم کێشانە بەشێوەیەکن کە نەک تەنها بنەماییترین باوەڕ و بیرەکانی ئێمە لەبارەی دیموکراسی یان ئابووری بەڵکوو ڕوانگە و باوەڕداریی ئێمە لەبارەی ماهییەتی عاقڵمەندی و تەندروستیی دەروونیش بەبارە نەرێنییەکەیدا تێدەپەڕێنێت.
یەکێک لە پرسە گەورە و گرینگەکانی سەردەمی ئێمە کە هێشتا نەخراوەتە ڕوو دەگەڕێتەوە بۆ هاوسەنگیی نێوان ئەزموونە نێونجدارەکان و ئەزموونە بێ نێونجەکان لە ژیانماندا. هیچ جیلێک تاکوو ئێستە تەنانەت لەگەڵ یەک لە دەی ئەو ئەزموونە نێونجدارانەی کە ئێمە و منداڵەکانمان لەگەڵیدا ڕووبەڕووین ڕووبەڕوو نەبووەتەوە و هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێک کەمترین وێنای واقعیی لەبارەی کاریگەریی ئەم گۆڕانە مەزنە لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ نەبووە. منداڵانی ئێمە لەڕووی جەستەییەوە بەنیسبەت ئێمەوە زووتر باڵا دەکەن و دەگەنە تەمەنی باڵقبوون. تەمەنی یەکەمین سووڕی مانگانەی کچان هەر دە ساڵێک نزیکەی چوار تا شەش مانگ کەمتر دەبێتەوە. هێندەی پێ ناچێت کە باڵای خەڵک زیاتر هەڵدەکشێت. بێگومان زۆرێک لە گەنجانی ئێمە کە خۆیان بەرهەمی تەلەڤیزیۆن و دنیایەک زانیارین کە ئانوسات دەستیان پێڕادەگات، زیاتر لە سنوورە ناسراو و باوەکەی دەگەنە گەشەی فیکری. کاتێک ڕێژە و ئاستی ئەزموونە نێونجدارەکانی ئێمە بەنیسبەت ئەزموونە واقیعی و بێ نێونجەکانمان زیاتر دەبێت، گەشەی عاتیفی و سۆزدارانەی ئێمە دەکەوێتە چ دۆخێکەوە؟ ئایا زیادبوون و چوونەسەرەوەی ئەزموون نێونجدارەکان یارمەتیی ئێمە دەدات کە بگەینە باڵقبوونی عاتیفی؟ و یان لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی دواخستنی؟
دەکرێت پەیوەست بە ئابووریشەوە پرسیارێکی هاوتەریب گەڵاڵە بکەین، کاتێک ئابووریی وڵاتێک لەکاتی گەڕان و تەقەللا بۆ دۆزینەوەی ئامانجێکی نوێ بە هەموو گوڕ و توانایەوە لە پێناوی بەرهەمهێنانی ئەزموون بەبۆنەی خودی ئەزموونەوە هەوڵ دەدات، واتە ئەو ئەزموونانەی کە جیاکاری و هێڵی نێوان بابەتە نێونجدارەکان و بابەتە بێ نێونجەکان، بابەتە هاوشێوەکراوەکان و بابەتە واقیعییەکان دەڕووشێنێت، ئەوکات چ بەڵایەک بەسەر ئاوەها ئابوورییەکدا دێت؟ یەکێک لە پێناسەکانی تەندرووستیی دەروونی توانایی تێگەیشتن و جیاکردنەوەیە لە نێوان بابەتی واقیعی و بابەتی ناواقیعی. بە سەرنجدان بەم دۆخ و نەزمە تازەیە ئایا ئێمە پێویستمان بە پێناسەیەکی نوێ هەیە؟ دەبێت لەبارەی ئەم پرسانەوە بیر بکەینەوە، هەڵوێستە بکەین و قووڵ بینەوە، چونکە ئەگەر وا نەکەین( و تەنانەت ئەگەریش وا بکەین) بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاری لە دواجاردا بەسەر بەرهەمهێنانی پیشەیی، و بەرهەمهێنانی ئەزموون بەسەر بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاریی زاڵ دەبێت. گەشەکردنی بەشی بەرهەمهێنانی ئەزموون ڕەنگە دەرئەنجامی ناچاریی خۆشگوزەرانی و فراوانی بێت. چونکە کاتێک پێداویستییە مادی و سەرەتاییەکانی مرۆڤ دابین دەکرێن ئەو بەدوای دۆزینەوەی چێژە نوێ و ناسکەکانی دیکەوە دەبێت. ئێمە ئێستاکە لە حاڵی گۆڕانکاری و تێپەڕین داین لە ئابووریی خۆراکەوە بۆ ئابووریی دەروونی، ئەگەرچی هێشتاش لە جیهاندا کەسانی زگبرسی زۆرن. سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە بە خێرایی بە ئاڕاستەی کۆمەڵگایەکدا دەڕۆین کە تێیدا شمەک و کاڵا و بیناکان بەشێوەیەکی زێدەڕۆیانە ناجێگیر و کاتی دەبنەوە و ئەم حاڵەتە ناجێگیرییە نەک تەنها لەبارەی پەیوەندیی مرۆڤ بە کاڵا و شمەکەوە، بەڵکوو لەبارەی پەیوەندی خودی شمەک و کاڵاکانیشەوە هەر ڕاستە. ڕەنگە بەم هۆیەی کە ئەزموونەکان تەنها بەرهەمانێکن کە کاتێک بەکارهێنەر خستییە ژێر ڕکێف و خاوەندارێتیی خۆیەوە ئیدی ناتوانرێت لی وەربگیرێتەوە و ناتوانرێت ئەزموونەکان وەکوو بوتڵە بەتاڵەکانی خواردنەوە یان گوێزانی ڕیشتاشین تووڕ بدرێت.
بۆ چینە باڵادەست و ئەریستۆکراتە کۆنەکانی ژاپۆن، هەر گوڵێک، هەر کاسەیەک، هەر قاییشێک، سەرباری ئەوەی کە بۆ بەکارهێنانە لێوانلێویشە لە مانا و ناوەرۆک. هەر کام لەمانە پڕن لە مانا و ناوەرۆکی سیمبولی و ئایینی. جووڵان بە ئاڕاستەی لایەنە دەروونییەکان لە کاڵا بەرهەمهاتووەکان، ئێمە بە ڕێگای مانا سیمبولی و ئایینییەکاندا دەبات و بەرەو ئەو ڕێچکەیە دەمانجووڵێنێت. بەڵام ئەم پرسە لەگەڵ چەمکی ناجێگریی کە تێیدا شمەکەکان بەشێوەیەکی خەست خەساریان بەر دەکەوێت یەک ناگرێتەوە و دژایەتیی هەیە. هەر بۆیە ئاسانتر وایە بۆ ئێمە کە لەباتی بەشی بەرهەمهێنان، مانای سیمبولی بدەین بە بەشی خزمەتگوزاری. و بەم شێوەیەش لە قۆناغی ئابووریی خزمەتگوزارانە یان خزمەتکارانە و سنووری وێناکردنەکانی ئابووریزانانی ئێستە سەرووتر دەڕۆین و ئێمە لە مێژوودا دەبین بە یەکەمین کلتوورێک کە تەکنەلۆژیای باڵای بۆ بەرهەمهێنانی ناجێگیرترین و لە هەمان کاتدا جێگیرترین و پتەوترین بەرهەمەکان واتە بەرهەمهێنانی ئەزموونی مرۆیی، بەکار دەهێنێت.
سەرچاوە: شوک آیندە/ آلوین تافلر؛ حشمت اللە کامرانی؛ با پیشگفتاری از شهیندخت خوارزمی.-تهران: علم، ١٣٧٩.
نووسین: ئالڤین تافلێر
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن