ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن) زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری “ژیریی دەستکرد و زیرەکی قووڵ” ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتوومڕ نییە. دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لە میانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)وە ڕایگەیاند:” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە، کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.” ئەم لێدوانەی “جیفری ھینتۆن” دەمان باتەوە بۆ دووسەدە لەمەوبەر، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو کە پەیوەست بێت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین: (خەیاڵی زانستی) بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی (ماری شێلی) دەرکەوتوو کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاو کردەوە و تێیدا جیهانی شۆکرد و بۆ سەدان ساڵ، ناوی بەزیندووی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.
لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بەکەرەستەی (بێ گیان و مردوو) ڕووح لەبەرێک درووست دەکات و دوای درووستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی درووستکەرەکەی نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت. ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی سەرگوشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) ڕووح لەبەرێکی وەک ئادەم درووست دەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت. ئەگەر ورد تر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێن، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین) ی (ماری شیلی) بچوێنین، بە شتێک کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بەخاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات. ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لەدەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچێژ و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی ژیری دەستکرد بڵێیت: ” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە، کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دوا ڕۆژی مرۆڤ. لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەکەی فرانکشتاین چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی درووستکردنی مرۆڤێک موو بەموو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بەموو خانە بەخانە مرۆڤێکی دیکە درووست دەکات) مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەسێت و دەڕوات و دەجوڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتایینەوە بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە درووستیکردووە و ناتوانێت لە کۆنتڕۆڵ خۆی قوتار بکات. کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لەخۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن لەئێمە خۆیان ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئالەتە بکەین؟
لەماوەی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: “جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوە ناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەندە و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە”. کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەردەستی مرۆڤایەتییە لە چاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟ لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی(یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی: “Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI”
دەڵێت: پێشینیانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەست بهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین. ئەو دوو نموونەی ئەفسانەی یۆنانی دەهێنێتەوە یەکەمیان:- ئەفسانەی(فایتۆن)ە باس لە کوڕێک دەکات کەدەزانێت کوڕی خودای خۆرە(هیلیۆس) بۆئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەست دەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.
دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەناو ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد. “یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە” هۆنراوەیەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بەناونیشانی “شاگردە جادووگەرەکە” نووسی. بالادەکەی گۆتە “لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بەمیکی ماوس بیناسین” باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بە تەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێ دەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجام بدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بەگسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە پێی دەتوانێت گسکەکە بوەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی درووستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتی لێ دەکات “گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحییەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم” جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بوەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:-
“هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت” ئەم دوو چیرۆکەی “فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە” کە “یۆڤاڵ نوح هەراری” وەک نموونە دەیان هێنێتەوە بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆمان لەبیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پرووسکی مرۆڤدا بڕۆن.