“دهربارهی فیلمی دوورگەی شەتەر (Shutter Island)”
“دوورگەی شەتەر” بە یەکەم نۆتەکانی مۆسیقا و پیشاندانی لۆگۆی پاراماونت فیلمەکە دەست بە کاریگەرییەکەی دەکات، تەنانەت پێش ئەوەی دەست پێبکات، میوزیکەکە پڕمەترسی و هەڕەشە ئامێزە، فیلمەکەش بە هەمان شێوە. ئەمە شێوازی مارتن سکۆرسێزییە بۆ دەربڕینی ئەو ترسەی کە تووشی دەبین، لەو کاتەی فیلمە ترسناکەکان مانایەکی قووڵتریان لەسەرمان هەیە. کاتێک فیلمەکان تەنها پشت بە دیمەنە ئەکشنەکان نابەستن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. بە شێوازی خۆی فیلمێکی هەنتد هاوسە (ژانرایەکی ترسناکە) بگێڕێتە، یان ویستوویەتی چیرۆکی فیلمەکەی بکاتە ناو قەڵاییەکی هەنتد. “دوورگەی شاتەر” دوورگەیەکی دوور و بەردینە لە نزیک شاری بۆستن، کە قەڵایەکی سەردەمی شەڕی ناوخۆیە کراوەتە زیندان بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونییان هەیە و تاوانیان ئەنجامداوە. بە بەلەم لێی نزیک دەبینەوە لەژیر ئاسمانێکی تەمومژاوی و تاریک، هەستێکە وەک نزیکبوونەوە لە دوورگەی کینگ کۆنگ (ناونیشانی فیلمێکە): دوورگەکە لە تاریکی دەریادا دەدرەوشێتەوە، وا لە سەردانیکەران دەکات هەست بە ترس بکەن. دوو لێکۆڵەری ئەمریکی تێدی دانیێڵز (لیۆناردۆ دیکاپریۆ) و هاوپیشەکەی چاک ئول (مارک ڕەفلۆ) گەشت دەکەن بۆ ئەو دوورگەیە.
ڕووداوی فیلمەکە لە ساڵی ١٩٥٤دایە، دانیێڵز و ئول ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی منداڵکوژێک (ئێمیلی مۆرتیمەر). وا دەردەکەوێت هیچ ڕێگەیەک نەبێت بۆ ئەوەی بەزیندووی لە دوورگەکە بگەڕێنەوە. ڕەنگە دیارنەمانی زیندانیەک پێویستی بە بوونی دوو لێکۆڵەر نەبێت کە ئاشنای دۆخەکەن، بەڵام ئێمە هەرگیز ئەو پرسیارە ناکەین. نە دوای دەرکەوتنی دیوارە ترسناکەکانی زیندانەکە، نە دوای ئەوەی سەردانکەرەکان دەبرێنە ئۆفیسی بەڕێوەبەری پزیشکی زیندانەکە، دکتۆر کاولی: کە بێن کینگسلی بە شارەزایی ناوازەکەی لە دەربڕینە پڕسۆز و ترسناکەی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت. ڕوونە کە تێدی هیچ بیرۆکەیەکی نییە کە خۆی دەخاتە ناو چ گێژاوێکەوە، تێدی – ناوێکی بێ زیان لە ژینگەیەکی ئاوا تاریکدا. سکۆرسێزی کار لەسەر ڕۆمانێکی دێنیس لیهانەوە دەکات، پێدەچێت لێرەدا چیرۆکێکی تا ڕادەیەک سادە بگێڕێتەوە؛ ژنەکە ون بووە، تێدی و چەک بەدوایدا دەگەڕێن. بەڵام دیوارە خۆڵەمێشییە ساردەکان بەوانەوە دەچەسپێن و ئۆفیسەکەی کاولی و هاوکارەکانی کە پێشتر بۆ ئەفسەرانی شەڕی ناوخۆ درووستکراوە، پێدەچێت لە چیرۆکێکی ئێدگار ئاڵن پۆ وەرگیرابێت.
هونەری سکۆرسێزی وردە وردە واقیع لە قاڵب دەدات، فلاشباکەکان ئاماژە بە تراوماکانی تێدی لە دەیەی دوای جەنگی جیهانی دووەمدا دەکەن. ئەو ڕووداوانەی کە لە سەرەتا و کۆتایی جەنگەکەدا ڕوویاندا، پاشخانێکی تاریکی فیلم نوای کلاسیکی دەڕەخسێنێت. ئەو کاتە زاراوەی “نیشانەکانی شۆکی پۆست-تراوما” بەکار نەدەهێنرا، بەڵام نیشانەکانی لە پیاواندا دەبینرا کە هەوڵیان دەدا بە چاکەت و پانتۆڵە شێواو، بۆینباخی ڕەنگ تاریک، جگەرەکێشانە زۆرەکانیان متمانە بەخۆبوو دەربکەون. دیکاپریۆ و ڕەفلۆ هەردووکیان هەوڵدەدەن لەو جۆرە پیاوانە بچن، بەڵام دیکاپریۆ هەوڵدەدات بە شێوەیەک دەرکەوێت کە ئازارەکانی بشارێتەوە. کاریگەری فیلمەکە لەسەر هەستەکانە، هەموو ئاماژەکان یەک دەگرن و دەبنە سێبەرێکی نائارام و ترسناک. ئەم ژنە چۆن لە زیندانێکی وا تۆکمەدا دەربازی بوو، کە دیوارەکانی ئەوەندە بەهێزن بەرگەی موشەک دەگرن! بۆچی پێدەچێت کاولی و هاوکارە ترسناکەکەی دکتۆر نایرینگ (ماکس ڤۆن سیدۆ، ئامادەیە یاری شەترەنج لەگەڵ مەرگ بکات) شتێک بشارنەوە؟ بۆچی تەنانەت کەسێکی وەک جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسەکان بە شێوەیەکی قەناعەت پێکەر دۆستانە نییە؟ (ئەو ڕۆڵی جۆن کارۆل لینچ، هاوسەری مارج لە فیلمی “فارگۆ”دا ڕۆڵی گێڕاوە، بۆیە هەست دەکەیت چەندە کەسێکی شیرینە). بۆچی زیندانەکە وا لە تێدی دەکات کەمپی نازیەکانی بیر بهێنێتەوە؟
ئەم جۆرە پرسیارانە لە دڵی فیلم نووا دایە، پاڵەوان هەمیشە کەموکوڕی تێدایە. سکۆرسێزی فیلم نووایەکی بەناوبانگی بە ناوی Out of the Past کە لە ١٩٤٧بەرهەم هێنرا بوو، نیشانی ئەکتەرەکانی دا، کە هەر ناونیشانەکەی بابەتێکی نووا بوو: تەنانەت کارەکتەرەکانیشی ئەزموونی ڕابردوو و ململانێ سۆزدارییەکانی خۆیان دەهێننە ناو چیرۆکەکەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کردار و بڕیارەکانیان دەبێت. ئەوان بەدەست کێشە چارەسەرنەکراوەکان و تراوما نێژراوەکانیانەوە دەناڵێنن. کەواتە، بەڵێ، ڕەنگە تێدی لە ڕووی ئاکارەوە لێکۆڵەرێکی ڕاستگۆی نەبێت، بەڵکو کارەکتەرێکی ئاڵۆز و شاراوەی هەبێت. بەڵام بۆچی ئەوانی تر ئەوەندە نامۆن؟ بە تایبەتی کینگسلی کە هەمیشه خەندەکانی هەڕەشه ئامێز دەردەکەون. لە فیلمی “دوورگەی شەتەر”دا دیمەنی هەستبزوێن زۆرن. فیلمێکی دیکە کە سکۆرسێزی پیشانی کاستەکەیدا، فیلمی “ڤێرتیگۆ”ی هیچکۆک بوو، ئێمە هەست بە دەنگدانەوەکانی ترسی پاڵەوانی فیلمەکە لە شوێنە بەرزەکەدا دەکەین. ئەگەری ئەوە هەیە کە ژنە هەڵهاتووەکە لە ئەشکەوتێکدا، یان لەناو منارەیەکدا خۆی حەشاردابێت. هەردوو شوێنەکە گەیشتن پێیان ئەستەمە، لەبەر ئەوەی کە شوێنەکە بەردەڵانەو شەپۆلی دەریاکە بە هێزێکی زۆر دەیدا بە بەردەکاندا ئەمەش کارەکە دژواتر دەکات. ئەگەری زریانێکی بەهێز هەیە، ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە دەردەکەوێت، با دەنگی ماتەمی هەیە، وەک دەڵێن شەوێکی تاریک و زریاناوییە. ئەوەش ئەوەیە کە فیلمەکە باسی دەکات: کەشوهەوا، نیشانە نەخوازراوەکان، لەدەستدانی متمانەی تێدی و تەنانەت ناسنامەکەی، هەموو ئەمانە بە توانای دەرهێنانی بێ کەموکوڕی ئەنجام دەدرێن. سکۆرسێزی بە هەندێک دیمەن هەوڵیدا ترسی زیاتر لە کارەکەیدا بخاتە ڕوو.
هەندێک لە پێداچوونەوەکان دەڵێن کۆتایی فیلمی “دوورگەی شهتەر” زۆر کتوپڕە، ئەم سەرلێشێواوییە ڕەنگە لە یەکەم بینینی فیلمەکەدا چێژێکی وەها نەبەخشێت بە تەواوی قورس بێت. وا هەستدەکەم ئەگەر بۆ جاری دووەم تەماشای بکەیتەوە ڕەنگە باشتر بێت. ڕەنگە هەندێک پێیانوابێ فیلمەکە هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر ماناداریش بێت، لەوانەیە بەرەوپێش چونی ڕووداوەکانیان لا پەسەند نەبێت. لە خۆمم پرسی: باشە، کەواتە، چۆن دەبێت کۆتایی بێت؟ چی لەوە زیاتر جێگەی ڕەزامەندی دەبێت؟ بۆ ناتوانم لەو ڕەخنەگرانە بم کە بە دەرهێنەر بڵێم دەبوو لەبری ئەوە شتێکی جیاوازتری بکردایە؟ ئای، من ساتی لەو جۆرەم زۆرە، هەموو بینەرێکی فیلم ئەو جۆرە پرسیارە دەکات، بەڵام لە فیلمی “دوورگەی شەتەر”دا نا. ئەم فیلمە هەمووی یەکانگیرە، تەنانەت ئەو بەشانەی کە پێناچێت لەگەڵیدا بگونجێن. مرۆڤ ئارەزووی ئەوەی هەیە کە بە وردی تێبینی ئەوە بکات پێشتر چی ڕوویداوە و، دەرەنجامە لۆژیکیەکان کەشف بکات. بەڵام – چی دەبێت ئەگەر نەتوانیت بە تەواوی ئاماژە بەوە بکەیت پێش ئەوە چی ڕوویداوە؟ چی دەبوو ئەگەر شتێک لەبارەی کاولی و ستافە سەیر و سەمەرەکەیەوە هەبێت کە پێشتر شاراوە بووبێت؟ چی دەبێ ئەگەر گێڕەرەوەیی فیلمەکە متمانەپێکراو نەبێت؟ ئەی ئەگەر بۆچوونەکەی گشتگیر نەبێت، بەڵکو پارچە پارچە بێت؟ هەموو ئەمانە دەکرێت بەرەو کوێ بڕۆن؟ مانای چییە؟ ئێمە پرسیار دەکەین، تێدیش پرسیار دەکات.
“دوورگەی شەتەری” سکۆرسێزی ژانرا ترسناکە تەقلیدییەکان تێدەپەڕێنێت، بینەران نوقم دەکات لە گێژاوێکی دەروونیدا کە هیچ شتێک وەک خۆی دەرناکەوێت. کەشی دەوڵەمەندی فیلمەکە بە دیمەن و میوزیکە ترس هێنەرەکانی جەختی لەسەر دەکرێتەوە، خزمەت بە گەورەکردنی گرژییەکانی تێدی دانیێڵز و لێکۆڵینەوەکانی دەکات. لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردووی پڕ لە کێشە و مەترسییە شاراوەکانی دوورگەکە، چیرۆکەکە بە هەستکردن بە درووستبوونی مەترسی گەشە دەکات. نارەیتڤە باوەڕپێنەکراوەکە بە شێوەیەکی زیرەکانە بەکار هاتووە، تاوەکو بینەرەکان بەجێبهێڵێت کە واقیع بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش هەستێکی قووڵی نائارامی دروست دەکات. لە کۆتاییدا: دوورگەی شەتەر تەحەدای تێڕوانینەکانی عەقڵ و ڕاستی دەکات، بینەران بانگهێشت بۆ لێکۆڵینەوە لە قووڵایی دەروونی مرۆڤ و، ئاڵۆزییەکانی هەستکردن بە تاوانباری دەکات. فیلمەکە پرسیاری گرنگ دەکات سەبارەت بەوەی مرۆڤەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا دەکەن کە ڕووبەڕووبوونەوەیان زۆر ئەستەمە، تا چەند دەڕۆن بۆ ئەوەی خۆیان لە ئازارە دەروونییەکان بپارێزن.
سەرچاوە: https://www.rogerebert.com/reviews/shutter-island-2010
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا