“پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کتێبەکە”
کتێبی “چڵی زێڕین The Golden Bough” له نووسین و لێکۆڵینەوەی سێر جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر (١٨٥٤ – ١٩٤١)، سامانێکی هێجگار گه‌ورەی ئه‌فسانه و ئایین و تابووه کومه‌ڵایه‌تییه‌کان و باوه‌ڕ و نه‌ریت و عاده‌تی باو بووه له ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌ی کولتووره‌کانی جیهاندا. نووسه‌ری ئه‌م لێکۆڵینه‌وه قووڵ و به‌رفراوانه زانایه‌کی مرۆڤناسیی (ئه‌نترۆپۆڵۆجیی) ناودار بووه و له بواری توێژینه‌وه له میلله‌ته سەرەتاییه‌کان و شێوازی ژیانی مادی و ڕۆحییان گه‌لێ کار و توێژینه‌وه‌ی به‌نرخی ئه‌نجامداوه و کتێبی چڵی ئاڵتوونی ئه‌م توێژه‌ره پێگه‌یه‌یه‌کی جیهانیی گه‌وره‌ی هه‌یه. توێژه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ی بێجگه له پسپۆریی خۆی ساڵانێکی زۆری خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونی بە سەربردووه و بۆ کاره‌که‌شی توێژه‌رانێکی دۆست و ناشنای و که‌سانی نێرده مسیۆنێره‌کانی مه‌سیحی راسپاردووه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بابه‌تی داب و نه‌ریت و ئاین و باوه‌ڕی میلله‌تانی بۆ کۆبکه‌نه‌وه. فرەیزەر له زانکۆی به‌ناوبانگه‌کانی بەریتانیا خوێندنی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی ته‌واوکردووه و ئه‌و ده‌مه به‌ریتانیای وڵاته‌که‌ی ئه‌و خۆر له قه‌ڵه‌مڕه‌وی وڵاته کۆلۆنییه‌کانی ئاوا نه‌بووه و له هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م دنیایه باڵوێز و کونسوڵ و نوێنەرایەتیی مسیۆنیری مه‌سیحی و نێردەی زانستیی بواری جۆراوجۆر و بازرگانی و سەربازی و هەواڵگری لێبووە بۆ ئیدارەدانی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریتانیای مه‌زن و ئه‌مه به باشە و سوودی گەورە گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ توێژینەوهکەی، چونکه له هه‌موو سووچ و که‌لێنێکی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌وه بابه‌تی لە سەر مه‌سه‌له‌کانی لە سەره‌وه باسمانکرد بۆ کۆکراوەتەوە، بێجگە لە گەڕان و پشکنینی خۆی.
نووسه‌ر له کتێبه‌که‌یدا زۆر لە سەر دابونه‌ریتی ئه‌وروپای چه‌رخی بتپهرستتی پێش مه‌سیحییه‌ت وه‌ستاوه و یه‌که‌مجار له ساڵی 1890 کتێبه‌که بڵاوکراوەتەوە و هه‌را و پرۆتێستێکی زۆری ناوەتەوه له ناوه‌نده‌کانی کریستیانی کاسۆلیکدا و به‌وه تۆمه‌تبار کراوە که به لای په‌رستنی دار و بتپه‌رستیدا دایشکاندووە و فشاری ئاینیی زۆری کەوتووەتە سەر. ەبەر ئەوە ناچار بووه له چاپه‌کانی دواتردا کاره‌که‌ی کورتبکاته‌وه و هه‌ندێ بابه‌تی دژه مه‌سیحییه‌تی تێدا بسڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده خۆی له پێشه‌کیی چاپێکی ساڵی 1922دا زۆر داکۆکیی له زانستی و بابه‌تیی کاره‌که‌ی کردووه و هه‌ر خۆیشی کورتی کردووه‌ته‌وە و سه‌رجه‌می سه‌رچاوه و بیبلۆگرافی و په‌ڕاوێزه‌کانی لابردووه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ به که‌می نه‌بێت ده‌سکاری ناوه‌رۆکه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی نه‌کردووه (هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وه‌رگێڕانه کوردییه‌ش له‌م ده‌قه کورتکراوەیه). ئه‌و له دووبه‌رگی نزیکه‌ی نۆسه‌د لاپه‌ڕه‌ی چاپی یه‌که‌می کتێبه‌که‌دا (1980) سه‌رچاوه و په‌ڕاوێزی تێدا چهسپکردووه له چاپه ئۆرجیناڵه‌که‌دا و به مه‌به‌ستی کورتکردنه‌وه‌ی له چاپه‌کانی دوای ئه‌وه‌دا خۆی لایبردوون و داوای کردووه که هه‌ر که‌سێک مه‌به‌ستی بێت ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر چاپه بنه‌ڕه‌تییه‌که. و ئێمه ئه‌و پێشه‌کییه‌ی ساڵی 1922ی نووسه‌رمان له‌م وه‌رگێڕانه کوردییه‌دا داناوه که جۆره پاکانهیهکیشی تێدایه بۆ خه‌ڵکه ئاسییەکه و توندڕه‌وه ئاینییه‌کانی مه‌سیحی گوایه مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م تێنه‌گه‌یشتوون. بایه‌خی ئه‌م کتێبه له‌وه‌دایه که‌وا کاریگه‌رییه به‌ربڵاوه‌که‌ی سنووری توێژینه‌وه‌ی میسۆلۆجیای تێپه‌ڕاندووه و گه‌یشتووه‌ته ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و دەروونناسی و کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی به‌جێهێشتووه لە سەر ژماره‌یه‌کی زۆری نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند، له‌وانه جه‌یمس جۆیس و ت. س. ئیلیۆت و ویلیه‌م بیتله‌ر یایتس و دی. ئێج. لۆره‌نس و ئه‌زرا پاوه‌ند و ڕۆبەرت گریڤز و ماری ڕینۆ و چه‌ندینی تریش. به‌ڵام ئه‌و له‌م کتێبه‌یدا مه‌سه‌له‌ی ئاینی تا ڕاده‌یه‌ک به شێوه‌یه‌کی نوێ مامه‌ڵەی کردووه، به‌و واتایه‌ی که به بابه‌تێکی دنیایی وه‌ریگرتووه. هه‌روه‌ها بواری داوه به خوێنەر که بەراوەد بکات له نێوان بنیاتی مه‌سیحییه‌تی به‌رایی و باوه‌ڕ و سرووت و ڕێوڕه‌سمی ژماره‌یه‌کی زۆر له خێڵه سەرەتاییه بتپه‌رست یان وهسهنییهکاندا. لێره‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ری ڕاکێشاوە به لای ئه‌و هاوشێوه‌ییه گه‌وره و بگره هه‌ندێ جار دهقاودهقەش له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکانه‌دا که له ئاینه‌کاندا هاتوون و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وەی که کتێبه‌که شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایی گه‌وره به‌رپا بکات و به دژایه‌تیی مه‌سیحییه‌ت له قه‌ڵه‌م بدرێت.
پزیشکی ده‌رونناسی ناودار سیگمۆند فرۆید ئه‌م کاره‌ی زۆر به‌رز نرخاندووە به‌و زانیارییه سیمبۆڵییانهی که لهخۆییگرتوون و سوودیان بووه بۆ په‌ره‌پێدانی تیۆرییه‌کانی له بواری شیکاریی دەروونیدا. هه‌روه‌ها پزیشکی دەروونیی سویسری کارڵ یۆنگ کاریگه‌ر بووه به سه‌رنج و تێبینییه‌کانی فرهیزەر و به کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی دانا و زۆری لە سەر بنیاتنا له بواری ڕۆحانیدا بۆ پاڵپشتی کردنی تیۆرییه‌که‌ی له کۆنه‌ستدا، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پاڵنه‌ری ئاینیی گشتگیره‌وه وه‌ک ئه‌و ناوی لێده‌نێت لای سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی. به هه‌مان شێوه‌ش جۆزێف کامپڵ پشتی به فره‌یزه‌ر به‌ستووه له تێڕوانینی بۆ میسۆلۆجیا و کۆمه‌ڵگه و نه‌فسی به‌شه‌ری. ڕێنێ جیراردی فه‌یله‌سوفیش تیۆرییه‌که‌ی خۆی له بواری لاساییکردنه‌وه له سه‌ر “چڵی زێڕین” بنیاتناوه. بێگومان کاره‌که‌ی فره‌یزه‌ر کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی به‌جێهیشتووه لە سەر نه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی میسۆلۆجییهکان بێجگه له به‌ڵگاندن و توێژینه‌وه‌ی ئاینی و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لای میلله‌ته سەرەتاییه‌کان به‌و جیاوازی و توخمه هاوبه‌شانه‌ی که تێیاندایه و ده‌سنیشان کردنی ئه‌و هێزانه‌ی که دروستیان ده‌که‌ین و به‌و پێیەش دروستمان ده‌کات. که‌واته به شێوه‌یه‌کی نوێ تا ڕاده‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئایندا کردووه کاتێ که بە بابه‌تێکی ئاینیی له‌قه‌ڵه‌میداوه
زاناکانی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیا زۆرێک له گریمانه به‌نرخه‌کانی فره‌یزه‌ر و ئه‌نجامگیرییه‌کانیان به ناته‌واو له‌قه‌ڵه‌مداوه. هه‌روه‌ها زاناکانی شوێنه‌وارناسی ئیددیعاکانیان رەتکردووهتەوه سەبارەت به نه‌ریتی ساڵانه‌ی کوشتنی پاشا له کولتووره کۆنه‌کاندا. زانستی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیای کولتووریش سه‌لماندوویه‌تی که‌وا کۆمه‌ڵگه‌کانی مرۆڤایه‌تی یه‌ک ڕێچکە و ڕێگەی نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ پەرەسەندن و گه‌شه کردن، واته ته‌نها شێوازی داروینیی کۆمه‌ڵایه‌تی ناگرێته‌به‌ر که وای له فره‌یزه‌ر کردووه ئه‌و گریمانانه دابڕێژێت. هه‌رچه‌نده جادووی هاوسۆزی تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشمان په‌یڕه‌وی کراوە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشتی پێبه‌ستووه له بابه‌تی تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕەگهزهکانی مرۆڤ و کولتووره‌کان له گه‌یشتن به ئه‌نجامه‌کانی، به ناته‌واو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ملکه‌چی حه‌ز و ئارەزووی کۆڵۆنیالیسته سپی پێسته‌کانه که کۆیان کردووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی فره‌یزه‌ر ئه‌نجامیداون، به چڵی زێڕینیشهوه، ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی بوێرانه‌یه و بواری ڕه‌خساندووه بۆ داهێنانی زۆر. ئێمه ده‌توانین فره‌یزه‌ر به توێژه‌ڕێک له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین له قووڵایی کو‌لتوور و ڕۆشنبیرییه‌که‌یدا، له تێڕوانینی بەراوەدکردنیەوه بۆ سیسته‌مه‌کانی باوه‌ڕداری له کاتێکدا که باوه‌ڕێکی گشتی زاڵبووه و نه‌ریت و باوه‌ڕه‌کانی تر به دام و ده‌زگای ناته‌واو داده‌نێت که‌وا پێویستیان به ڕیشه‌کێش کردنه. به هه‌مان ئه‌و دڵگەرمییهی که تێیدا نێرده مژده‌ده‌ره مه‌سیحییه‌کان هه‌وڵیانداوه داب و نه‌ریته‌کانی تر بسڕنه‌وه، فره‌یزه له “چڵی زێڕیندا” هه‌وڵیداوه پشتیوانی له گێڕانه‌وه‌ی وهسهنییهت بکات. ڕوونکردنه‌وه‌ی ئیتنۆگرافیی ورد بۆ کولتووره‌کانی خێڵه نامه‌سیحییه‌کان و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سم و نه‌ریته ئه‌وروپییانه‌ی بەستراون به سروشتی په‌رستنی خواژنهوه بووه به سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ هه‌ر که‌سێک که بخوازێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وە بنیات بنێته‌وه که مه‌سیحییه‌ت خستوویەتیە لاوە و بگرە سڕیویهشیەتیهوه.
سه‌رباری ئەو ناڕه‌زاییه‌ی کە له ناوه‌نده بیرتهسکهکاندا ته‌شه‌نه‌ی کرد، لە سەر ئەم کار و لێکۆڵنەوانەی، که‌چی له ساڵی 1915دا نیشانه‌ی سوارچاکی بهخشڕایە فره‌یزه‌ر له‌به‌ر هاوکاری و ڕۆڵ بینینی له زانستی بنه‌چه‌ی مرۆڤ و پەرەسەندنیدا و له زانکۆی کامبریج جێگیر بوو و به‌رده‌وام بوو لە سەر توێژینه‌وه‌کانی به چالاکی و ئیراده‌یه‌کی به‌رزه‌وه تا دوا ساڵانی ژیانی. هه‌رچه‌نده ڕووداوێک بوو به هۆی خوێنبه‌ربوونی چاوی له ساڵی 1930دا و تا ده‌هات چاوه‌کانی کز ده‌بوون تا به‌ته‌واوی نابینابوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌رگیز له کاره‌که‌ی سارد نه‌بووه‌وه و به یارمه‌تیی هاوکارانی بەردەوام بوو که‌وا یارمه‌تییان ده‌دا له‌و کارانه‌دا که پشتیان به ده‌ست و چاو ده‌به‌ست. به‌تایبه‌تی لیلیی خێزانی که ژیانی خۆی له‌گه‌ڵیدا بەسەربرد و هانیده‌دا بۆ په‌ره‌پێدانی کاره‌که‌ی. سێر جه‌یمیس فره‌یزه‌ر له حه‌وتی مایسی 1941دا کۆچی دوایی کرد، له ته‌مه‌نی نزیکه‌ی هه‌شتا و حه‌وت ساڵیدا و دوای چه‌ند کاتژمێرێکیش خانمی هاوسەری فره‌یزه‌ر کۆچی دوایی کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی که تۆتهمێکی په‌یوه‌ست بووبێت پێیه‌وه و هه‌ردوکیان پێکه‌وه له گۆڕستانی سانت جێڵ له کامبریج نێژران.
ئێمه کاتێ ئه‌م کتێبه ده‌خوێنینه‌وه هه‌ڵویستمان له وشه یان تێرمی سەرەتایی ده‌گۆڕێت، هه‌رچه‌نده فره‌یزه‌ر له کتێبه‌که‌یدا به Savage گوزارشی لێوه کردووه که له ئینگلیزییه‌که‌دا زیاتر به مانای کێوی دێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌ستی زیاتر له‌وه بووه که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی پێش ئێمه ژیاون کو‌لتوور و شێوازی ژیان و نه‌ریت و باوه‌ڕی خۆیان هه‌بووه و مه‌به‌ستی گاڵته پێکردن یان سووککردن یان ڕقلێبوونیان نه‌بووه. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌ک خوێنه‌ری ئه‌م باسه، که ڕێژەیه‌کی زۆر سەرەتایی له خۆشمان‌دا هه‌یه و ئه‌گه‌ر به‌و چاوه‌وه سه‌یری خه‌ڵکی سەرەتایی پێش خۆمان بکه‌ین پێویسته له‌یادمان بێت که نه‌وه‌کانمان له پاشه‌ڕۆژدا ڕەنگە نازناوی سەرەتاییمان لێبنێن له‌گه‌ڵ بزه‌یه‌کی گاڵته پێکردندا کاتێ بیر له‌وه ده‌کەنه‌وه کە ئێمه چۆن ژیاوین و چ ئهقڵییهتێکمان بووه که چووینه‌ته ئه‌و هه‌موو جه‌نگانه‌وه و دواتر ده‌رکه‌وتووه هه‌مووی بێهووده بووه. ئاخۆ دۆخی مرۆڤی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک له پاشه‌ڕۆژێکی دووردا چۆن ده‌بێت یان ئاخۆ نابێته ته‌نها گاڵته‌جارێک یان بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له ڕۆژگارێکدا. ئاخۆ به تێگه‌یشتنی ئه‌و ڕۆژگاره ئێمه‌ش نابینه سەرەتایی؟ له بواری وه‌سف کردنی نه‌ریت و سرووت و ڕێوڕەسمهکاندا خوێنه‌ر تیبینیی ئه‌وه ده‌کات که سێر جه‌یمس فره‌یزه‌ر زۆر لە سەر ورده‌کاریی باسه‌که‌ی ده‌ڕوات و خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات که ناوه‌رۆکی تێگه‌یشتووه و پێویست به‌وه ناکات. وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که فره‌یزه‌ر بۆ ناوه‌ندێکی دیاریکراو یان کولتووڕێکی تایبه‌ت نه‌ینووسیوه و بەڵکو ڕێوڕەسمهکانی وه‌ک خۆی باس کردووه و با خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت لێی وه‌ربگرێت و به ڕێگە و شێوه‌ی خۆی شیبکاته‌وه. له‌وانه‌یه خوێنهڕێک ورده‌کارییه‌کی بێهووده‌ی تێدا ببینێت و یهکێکیتریش له‌وپه‌ڕی گرنگیدا بیبنێت و هەر یه‌که‌یان بە پێی کو‌لتوور و بۆچوونی خۆی.
سێر جه‌یمس فره‌یزه‌ر ساڵی 1854 له شاری گڵاسکۆی سکۆتلاند له‌دایکبووه، باوکی دەرمانساز و دایکیشی کچی جۆرج بوگڵ بووه که کونسوڵی به‌ریتانی بووه له تیبت و له ساڵی 1774دا پاش ئه‌وه‌ی بوگڵ وه‌ک نێرده‌یه‌ک له هندستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا کاری ده‌کرد بوو به یه‌که‌می ئه‌و به‌ریتانییانه‌ی گه‌شتی وڵاته ته‌ریک و دووره‌ده‌سته‌کانی کردبوو. جه‌یمس فره‌یزه‌ر له ژینگه‌یه‌کدا گه‌وره بووه که پڕ بووه له حیکایه‌ت و چیرۆکی گه‌شت و دابونه‌ریتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی میلله‌تان و توخم و ڕه‌گه‌زه‌کانی تر، بێجگه له فێربوون و ده‌قگرتنی به ڕاسپاردە و ڕێنماییه‌کانی که‌نیسه‌ی ئازادی سکۆتلاندییه‌وه به کاریگه‌ریی باوکی. کاتێ که منداڵ بووه فێری زمانی لاتینی و گریکی بووه و پاشان له‌م دوو زمانه‌دا قووڵبووه‌ته‌وه کاتێ که لە سەر خوێندنه‌که‌ی به‌رده‌وام بووه له زانکۆی گڵاسکۆ، که له‌وێ فیزیکی خوێندووه به سه‌رپه‌رشتی لۆرد کاڵڤن. ساڵی 1878 بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسی وەرگرتووه له زمانی یۆنانی و ڕۆمان و ئهدهبییاتیاندا له زانکۆی کامبریج. ساڵێک دوای ئه‌وه شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتیی ئه‌لفای وه‌رگرتووه کاتێ که تێزه‌که‌ی لە سەر ئه‌فلاتوون پێشکه‌ش کرد. پاشان لە سەر حه‌ز و داوای باوکی یاساشی ته‌واو کردووه، به‌ڵام له بواری پارێزەرهڕایەتیدا کاری نه‌کرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ کامبریج و نوقمی ئه‌و کاره‌بوو که شه‌یدای بووبوو، ئه‌ویش لێکۆڵینه‌وه بوو له نه‌ریت و ئه‌فسانه‌کان. لێره‌وه که‌وته وه‌رگێڕانی چیرۆک و سه‌رنجه‌کانی بایسنیاسی گه‌ڕیده‌ی گریکی که له سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایندا ژیاوه و له‌به‌ر گه‌وره‌یی ئه‌م کاره ته‌نها توانی تا ساڵی 1898 شه‌ش به‌رگی لێ ته‌واو بکات. فره‌یزه‌ر زۆر که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ریی کتێبی ”کولتووری سەرەتایی” نووسه‌ر ئێدوارد تایلهرهوه.
له بواری کاره‌که‌یدا نامه و نامهکارییهکی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ مامۆستایان و کارمه‌ندانی نێرده مسیۆنێرهکاندا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بۆ ده‌ستکه‌وتنی زانیاری لە سەر میلله‌ته ڕەسەنه‌کان یان نهیتیڤهکانی که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیان هه‌بوو. ئه‌مه ئەو خه‌ڵکه ڕەسەنانهی هه‌ردوو ئه‌مریکا و ئوسترالیا بوون کە له ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاوادا به ئهبۆرجیناڵ یان به‌هه‌ڵه به هندییه سوورپێسته‌کان ناوده‌بران. پاش ئه‌وه‌ی فره‌یزه‌ر سامانێکی له زانیاری و باس‌وخواس کۆکرده‌وه له‌باره‌ی گه‌ڕیده و دۆزه‌ره‌وه کۆنه‌کان، بێجگه له‌و زانیارییانه‌ی له‌ملا و له‌ولا دهستیکهوتبوون وه‌ک کاره‌کانی بایسانیاسی گه‌ڕیده له ساڵی 1890دا کتێبی چڵی زێڕینی بڵاو کرده‌وه، ئه‌و کاره‌ی که سامانێکی گه‌وره‌ی ئه‌فسانه و ئاین و تابووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و داب و نه‌ریتی باوی تێدایه له ژماره‌یه‌کی به‌رفراوانی کو‌لتووردا و ئه‌مه بوو به گه‌ڵاڵه کردنی تێڕوانینێکی نوێ بۆ سروشتی کۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی. هه‌روه‌ها ئه‌م کاره ناوازه‌یه تیشکی خستووه‌ته سه‌ر گه‌لێ بابه‌تی گرنگ چه‌شنی له‌دایکبوون و پەرەسەندن و مردن و سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوونه‌وه و بایهخیانی ده‌رخستووه له ژماره‌یه‌کی هێجگار زۆری فەرهەنگ و کولتووری جیهانیدا.
کتێبی چڵی زێڕین The Golden Bough بریتییه له توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌باره‌ی جادووگه‌ری و ئاینه‌وه و تێیدا ڕوونیکردووه‌ته‌وه که زۆرێک له ئه‌فسانه و ڕێوڕەسمه ئاینییه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕۆژگاری په‌یدابوونی کشتوکاڵ له چه‌رخی پێش مێژودا و پەرەسەندنی ئه‌قڵی مرۆڤ به سێ قۆناخ‌دا تیپه‌ڕیوه که بریتیین له: جادووگه‌ریی سەرەتایی و ئاین و زانست. له کتێبه گرنگه‌کانی تری ”تۆته‌میزم و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بێگانەدا” Totemism and Exogamy و هه‌روه‌ها تۆتهمییهت یان تۆتەمیزم Totemism له‌باره‌ی سیسته‌می تۆتهمی له کۆمه‌ڵگه سەرەتاییهکاندا که بە شێوەیەکی ئه‌ده‌بیی سه‌رنجڕاکێش نووسراوه. کاره‌کانی فره‌یزه‌ر کاریگه‌ریی زۆریان هه‌بوو لە سەر پەرەسەندنی زانستی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیا و لە سەر زانای دەروونناسی گه‌وره سیگۆند فرۆید که به ئیلهامی ئه‌و کتێبی ”تۆته‌م و تابووی” نووسیوه.
چاپی یه‌که‌می “چڵی زێڕین” له ساڵی 1890دا له دوو به‌رگ پێکهاتبوو، چاپی دووه‌م لە ساڵی 1900دا بوو به سێ به‌رگ. چاپی سێیه‌میش له ساڵی 1915دا بوو که له دوانزه به‌رگ پێکهاتبوو، له ساڵی 1936 به‌رگی سیانزەهەمیشی خڕایە سه‌ر. له ساڵی 1922دا چاپێکی دوو به‌رگیی لێ بڵاو کرایەوه و ئه‌مه‌یان نووسەر خۆی و له‌یدی فره‌یزه‌ری ژنی ئاماده‌یان کردووە و هه‌ندێ زانیاریی دژه مه‌سیحییان لێ لابردووە. لێرەدا هه‌ندێ به‌رهه‌می به‌ناوبانگی نووسەر دەخەینەڕوو-:
– خولقاندن و پەرەسەندن له گه‌ردوونی سەرەتاییدا (1935).
– ترس له مردووان له ئاینی سەرەتاییدا (1933- 1936).
– له باره‌ی پەرەسەندنی ئه‌قڵی مرۆڤه‌وه (1933).
– گورزه هه‌ڵگیراوه‌کان (1931).
– ئه‌فسانه‌کانی ڕەگ و ڕیشەی ئاگر (1930).
– داکۆکیکردنی شه‌یتان (1928).
– تابوو و مه‌ترسیی ڕۆح (1911).
– په‌رستنی سرووشت (1926).
– مرۆڤ و خواوه‌ند و نه‌مری (1927).
– باوه‌ڕی نه‌مری و په‌رستنی مردوو (1913- 1924)، 3 به‌رگ.
– فۆلکلۆر له پەیمانی کۆندا (ته‌ورات) (1918).
– تۆته‌میزم و هاوسه‌رگیریی بێگانه (1910).
– چڵی زێڕین (چاپی3) (1916- 1915)، 12 به‌رگ.
– چڵی زێڕین دوو به‌رگی کورتکراوە (1922)، کە سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانەیە.
– باسوخواسی یۆنان لەلایەن پاسانیاسهوه (وه‌رگێڕان و تێبینیی)، 6 به‌رگ.
– چڵی زێڕین: توێژینه‌وه‌یه‌ک لە سەر جادووگه‌ری و ئایین (1890).
– تۆته‌میزم (1887).
دوا تێبینی:- حه‌ز ده‌که‌م سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه ڕابکێشم که زۆرێک له‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی فره‌یزه‌ر ئیشارەتی پێداون له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا وه‌ک گینیای نوێ و به‌ریتانیای نوێ و ئه‌فریقای ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، ئیندیسی ڕۆژهه‌ڵات و هندستانی ڕۆژهه‌ڵات و ده‌یان ناوی تر له ئوسترالیا و ئاسیا و ئه‌مریکای باشوور و چەندین هەرێم و دوورگە و شوێنی جۆراوجۆر کەوا کاتی خۆی و هەندێکیان تا ئێستاش کۆڵۆنیی به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا و ئیسپانیا و وڵاته‌کانی تری ئه‌وروپا بوون و ئه‌مڕۆ گه‌لێکیان سه‌ربه‌خۆن و ناوی نوێیان هه‌یه و ئه‌و ناوانەی جاران نه‌ماون و خوێنه‌ر ده‌توانێ له نه‌خشه جوگرافییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بیاندۆزێته‌وه. من لەم وەرگێڕانەدا بۆ زیاتر ئاشنا کردنی خوێنەر بە هەندێ بابەت و زاراوە کەوانەیەکم بۆ کردووەتەوە و بە پێی تێگەیشتنی خۆم ڕوونکردنەوەیەکم داوەتێ و لە هەندێ شوێنیش‌دا زاراوە ئینگلیزییەکەشم داناوەتەوە بە مەبەستی ئەوەی خوێنەر وەک بابەتێکی ڕووکەش بەسەریدا نەڕوات و هەڵوەستەی خۆیشی هەبێت لە ئاستیدا.
زۆربەی زۆری ڕووماڵی نووسەر لەبارەی نەریت و کولتووری خێڵ یان گەلانی سەرەتاییەوەیە لە شیوێنی جیاجیای دنیا و بە تایبەتی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا و ئەفریقا و هەردوو ئەمریکا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە نەیتیڤ و ئەبۆرجیناڵ و زۆر جاریش هندییەکان ناویان دێنێت کە مەبەستی ئەو زاراوە هەڵەیەیە کە بە هندییە سوورەکان ڕۆیشتووە و لە گەلێ شوێندا کە دەڵێ هندییەکان، کە مەبەست خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو وڵاتانەیە، بێجگە لە باس و خواسی خێڵ و تایفە جۆراوجۆرەکانی نیمچە کیشوەری هندستان خۆی، من لە کەوانەیەکدا وشەی (سوورەکانم) بۆ زیاد کردووە وەک ئیشارەتێک بۆ ئەو خەڵکە ڕەسەنانەی ئەو وڵاتانە، کە لە چەند سەدەی ڕابوردوودا خاک و وڵاتیان داگیر کرابوو لە لایەن سپی پێستە ئەوروپییەکانەوە، پاش گەشە کردنی سەرمایەداری لە ئەوروپادا و پێویستییەکانی بە کەرەستەی خاو و ساغکردنەوەی کاڵای سەرمایەداری لەو وڵاتانەدا. لەبەر ئەوە میللەتانی کۆڵۆنی کراوی یەو وڵاتانە بەر ستەمێکی بێئامانی لەناوبردنی کو‌لتوور و شوناس کەوتن. نووسەر لەم کتێبەیدا، هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و هەمەڕەنگە لە داب و نەریتی ئەو میللەتانە، بەڵام بەدەر نییە لە جۆرە تێڕوانینێکی کۆڵۆنیالیستانە کاتێ بە خەڵک و خێڵی سەرەتایی و بەربەری و تارادەیەک کێوییش ناویان دەبات، هەرچەندە ئەم بە سەرەتایی ناوهێنانە بۆ گەلانی کۆنی ئەوروپای سەردەمی بتپەرستیش هەر وایە. لەم باسە ناوی گەلێ چەشن و جۆری ڕووەک و ئاژەڵ و باڵندە هاتووە کە هەندێکیان نامۆن بە وڵاتی ئێمە و هەندێکیشیان زەحمەت و بگرە مەحاڵیشە ناوی کوردی‌یان هەبێت و من بە ناچاری لە قامووسدا گەڕاوم بۆ ناوێکی عەرەبیم لە بەرانبەر هەندێکیاندا داناوە پاش ئەوەی ئینگلیزییەکەشم لەپاڵدا نووسیوە و هەندێ جار ناوە زانستییەکەشی بەپێی ئەوی کە دەستمکەوتووە. بۆ کۆمەڵێک ناوی کوردیش پەنام بردووەتە بەر قامووسە کوردییەکان و چەند دۆستێکی بەڕێزی شارەزاش کە بە سوپاسەوە بە هانامەوە هاتوون.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئیشارەت بۆ تەوەڕێکی سەرەکیی ئەم کتێبە بکەم کە ئەویش چڵی زێڕین یان ئاڵتوونییە و کتێبەکەی بەناوەوە کراوە و لە بنەڕەتدا ناوی ڕووەکێکی مشەخۆری هەمیشە سەوزە و هەر جوار وەرزی ساڵ گەڵایەک سەوز و قاوەیی باوی هەیە و لە سەر چەندین جۆری دار دەژی وەک داربەڕوو، دارکاژ، دارسێو.. تاد. لێرەدا ئەوەی مەبەستە ئەو جۆرەیانە کە لە سەر داربەڕووە و بە درێژایی سەدان و ڕەنگە چەند هەزار ساڵێکیش لای گەلە ئاریاییەکانی باکووری ئەوروپا بە پیرۆزی تاماشای ئەم ڕووەکە و داربەڕووشیان کردووە و بگرە هەردوکیشیان وەک خواوەند پەرستوون لە چەرخی بتپەرستیدا و دنیایەک سرووت و ئەفسانەی لە سەرە و پێیان سەیر بووە ڕووەکێک نە ڕەگی لە زەویدا هەیە و نە لە ئاسمان و بەسەر داربەڕووەوە هەر چوار وەرزی ساڵ دەگەشێتەوە و ورشەی دێت. ئەم ڕووەکە بە ئینگلیزییەکەی ناوی میستلێتۆیە mistletoe و ناوە زانستییەکەشی لە پۆلێن کردنی زیندەوەرزانیی جیهانیدا”Viscum album”ە و کاتێ ڕووماڵێکی گووگڵم بۆ کرد بۆم دەرکەوت زیاد لە ١٥٠٠ جۆری هەیە، بە ڕەنگی گوڵ و گەڵای جۆراوجۆرەوە و هەر لە دێرین زەمانەوە تا ئێستاش جێی مشتومڕە بۆ چارەسەری گەلێ نەخۆشی، بە شێرپەنجەشەوە. ئەوجا هەرکەسێکیش دەتوانێت ئەو زانیارییانە بەئاسانی بەدەستبێنێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا. لە قامووسدا تەماشام کرد بە عەرەبی ناوی هدال یان دبقە و بە فارسی دارواش، بەڵام بە کوردی نەمدۆزییەوە و پەنام بردە بەر ئەو برادەرانەی خەریکی ئەم بوارەن و قامووسێکی زیندەوەرزانیی بەرفراوانیان بە زۆربەی زارە کوردییەکان تازە چێ کردووە و هێشتا هیچ لایەکیان دەست نەکەوتووە بۆیان چاپ بکات. کاریان ڕاست بێت دە دوانزە ناوی کوردی‌یان دامێ بۆ ئەو ڕووەکە هاوشێوەی میستلێتۆی کە لە سەر داربەڕووی وڵاتی ئێمە دەژی وەک دەمووکانە، مێژۆکە، دەمووکە، دمکانە، دەکانە، دەنووکە، دێکانە، بەردەمووکە، بەردەمووکان، دەبووقان، موخۆرکە، هۆداخ، ملە کەوێ (ملوانکەی شین)، کە لە ناوچە و زارە جیاجیاکانی کوردستان باوە. هەڵبەت بە بیروڕای گەلێ لە دۆستانی شارەزا کە پرسم پێکردوون لە سەر ئەوە گیرساینەوە کە وشە یان زاراوەی دەمووکانەی بۆ دابنێین و ئەمەیان باوترە لە ناوچەکانی قەرەداخ و شارباژێڕ و هەندێ شوێنی تری کوردستان کە دارستانی خۆڕسکی بەڕوویان زۆر تێدایە.
دوا وته‌م که بێڵێم ئه‌م کاره ناوازه و زانستییه‌ی سێر جه‌یمس فره‌یزه‌ر ڕووماڵێکی که‌م وێنه‌یه بۆ ئه‌فسانه و ئاین و باوه‌ڕه کۆنه‌کانی مرۆڤایه‌تی و ئه‌م ”چڵی زێڕینه”ی ئێستا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی زمانه‌کانی دنیا و ده‌یان و بگره زۆر زیاتریش چاپی لێکراوە لە دەزگا و دامەزراوە ناودارەکانی جیهاندا وەک کامبریج و ئۆکسفۆرد و چەندین خانەی بڵاوکردنەوەی بەناوبانگی تر و تا ئێستاش هەر به‌رده‌وامه و ئه‌گه‌ر بڕوانیته تۆڕی ئینته‌رنێت و به‌تایبه‌تی به زمانی ئینگلیزی ”چڵی زێڕینThe Golden Bough ” بنووسیت ئه‌وسا بۆت ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م کتێبه چ بایه‌خێکی جیهانیی گه‌وره‌ی هه‌یه و بێگومان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه که ئێمه وه‌رمانگێڕاوه بۆ کوردی و بۆ زانینیش چاپه ئینگلیزییه‌که‌ی ساڵی 1922مان هه‌ڵبژارد که فره‌یزه‌ر و ژنه‌که‌ی خۆیان کورتیان کردووه‌ته‌وه به‌ڵام بێئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی کاره زانستییه‌که بشێوێنن.
“ناوەرۆکی کتێبەکە”
– وتەیەکی نووسەر بۆ چاپی کورتکراوەی کتێبەکە.
– پێشه‌کیی نووسه‌ر بۆ یه‌که‌م چاپی کتێبی ”چڵی زێڕین”.
– پێشەکیی وەرگێڕ.
– به‌شی ١: پاشای دارستان.
1- دیانا و ڤیربیوس.
2- ئهرتیمس و هیپولاتیس.
3- چاوپێداخشاندنه‌وه‌یه‌کی کورت.
– به‌شی ٢: پاشا کاهینه‌کان.
– به‌شی ٣: جادووگەریی هاوسۆزی.
1- سەرەتا و پره‌نسیپه‌کانی جادووگه‌ری.
2- جادووی هاوسۆزی هه‌موار یان جادووی لاساییکردنه‌وه.
3- جادووی تووشبوون یان گواستنه‌وه.
4- پەرەسەندنی جادووگه‌ر.
– به‌شی ٤: جادووگه‌ری و ئایین.
– به‌شی ٥: کۆنترۆڵی جادوویی که‌شوهه‌وا.
1- جادووگه‌ری گشتیز
2- کۆنترۆڵی جادوویی باران.
3- کۆنترۆڵی جادووی خۆر.
4- کۆنترۆڵی جادووی با.
– بەشی ٦: جادووگەران وەک پاشا.
– به‌شی ٧ : جادووگه‌ران وه‌ک پاشا.
– به‌شی ٨ : پاشا پسپۆڕه‌کانی سروشت.
– به‌شی ٩ : په‌رستنی دار
١- ڕۆحه‌کانی دار
2 – هێزی ڕۆحه باشه‌کانی دار
– به‌شی ١٠: ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی له په‌رستنی دار ماونه‌ته‌وه له ئه‌وروپای هاوچه‌رخدا
– به‌شی ١١: ئاسه‌واری هه‌ردوو ڕەگهزی نێر و مێ لە سەر سه‌وزایی
– به‌شی ١٢: هاوسه‌رگیری پیرۆز
1- دیانا وه‌ک خواژنی پیست و فه‌ڕ.
2- هاوسه‌رگیریی خواوه‌نده‌کان.
- به‌شی ١٣: پاشاکانی ڕۆم او ئه‌لبا.
- نوما و ئێگهریا.
2- پاشا وه‌ک جۆپیته‌ر.
– به‌شی ١٤: میراتی پاشایه‌تی له لاتیۆمی کۆندا.
– به‌شی ١٥: په‌رستنی داربه‌ڕوو.
– به‌شی ١٦: دیانۆس و دیانا.
– به‌شی ١٧: بارگرانیی پاشایه‌تی.
1- تابووهکه ههنووتی و پاشایه‌تییه‌کان.
- جیابوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحی له ده‌سه‌ڵاتی دنیایی.
- به‌شی ١٨: مه‌ترسییه‌کانی ڕۆح.
- ڕۆحی مانیکان.
- دیارنه‌مانی ڕۆح و گێڕانه‌وه‌ی.
- ڕۆح وه‌ک سێبه‌ر یان ڕەنگدانهوه
- به‌شی ١٩: کرده‌وه تابووه‌کان
- تابووی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی نامۆدا
- تابووی خواردن و خواردنه‌وه
- تابووی ده‌رخستنی ده‌موچاو
- تابووی ده‌رچوون له ماڵ
5- تابووی جێهێشتنی پاشماوه‌ی خواردن
– به‌شی ٢٠: که‌سه تابووه‌کان
1- تابووی سه‌رکرده و پاشاکان
- تابووی شێوەنگێرو لاوێنهرهوهکان
- تابووی ژنان له‌کاتی سووڕی مانگانه و منداڵبوندا
- تابووی جه‌نگاوه‌ران
- تابووی مرۆڤکوژه‌کان
- تابووی ڕاوچییان
– به‌شی ٢١: شته تابووه‌کان
1- مانای تابوو
2- تابووی ئاسن
- تابووی چه‌کی تیغ
- تابووی خوێن
- تابووی سه‌ر
- تابووی قژ و پرچ
- تابووی قژبڕین
- خۆ دهربازکرێت له قژی بڕاو و نینۆک
٩- تابووی تفکردن١٠
١٠- تابووی خواردن١١
١١- تابووی گرێ و ئه‌نگوستیله
– به‌شی ٢٢: وشه تابووه‌کان
1- تابووی ناوی که‌سه‌کان
2- تابووی ناوی خزم و که‌سوکار
- تابووی ناوی مردووان
- تابووی ناوی خواوه‌نده‌کان
5- تابووی ناوی خواوه‌نده‌کان
– به‌شی ٢٣: قه‌رزی خه‌ڵکه سەرەتاییه‌کان لە سەرمان
– به‌شی ٢٤: کوشتنی پاشای خواوه‌ند
1- مردن و له‌ناوچوونی خواوه‌نده‌کان
2- کوشتنی پاشاکان له‌لاوازیدا
3- کوشتنی پاشاکان له کۆتایی ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا
– به‌شی ٢٥: پاشا کاتییه‌کان
– به‌شی ٢٦: قوربانیدان به کوڕی پاشا
– به‌شی ٢٧: بۆماوه‌یی یان میراتگریی ڕۆح
– به‌شی ٢٨: کوشتنی ڕۆحی دار
1- ئاماژە بێدەنگەکانی جەژنی ویتسونتاید
2- ناشتنی کەرنەڤاڵ
- جێبه‌جێ کردنی حوکمی له‌سێداره‌دان
- هێنانی هاوین
- شه‌ڕی هاوین و زستان
- مردن و زیندووبوونه‌وه کوستهر پونکو
- مردن و زیندو بوونه‌وه‌ی سه‌وزایی
- ڕێوڕەسمه هاوشێوه‌کان له هندستان
9- به‌هاری جادوویی
– به‌شی ٢٩: ئه‌فسانه‌ی ئه‌دۆنیس
– به‌شی ٣٠: ئه‌دۆنیس له سووریا
– به‌شی ٣١: ئه‌دۆنیس له قوبرس
– به‌شی ٣٢: ڕێوڕەسمهکانی ئه‌دۆنیس
– به‌شی ٣٣: باخچه‌کانی ئه‌دۆنیس
– به‌شی ٣٤: ئه‌فسانه‌ی ئاتیس و ڕێوڕەسمهکانی
– به‌شی ٣٥: ئاتیس- خواوه‌ندی سه‌وزایی
– به‌شی ٣٦: نماینده‌کردنی ئاتیس به مرۆڤ
– به‌شی ٣٧: ئاینه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان له ڕۆژئاوا
– به‌شی ٣٨: ئه‌فسانه ئۆسیریس
– به‌شی ٣٩: ڕێوڕەسمهکانی ئۆسیریس
١- ڕێوڕەسمه میللییه‌کان
٢- ڕێوڕه‌سمه فه‌رمییه‌کان
– به‌شی ٤٠: سرووشتی ئۆسیریس
1- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی گه‌نم
2- ئۆسیریس وه‌ک ڕۆحی دار
- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی پیت و فه‌ڕ
4- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی مردووان
– به‌شی ٤١: ئیزیس
– به‌شی ٤٢: ئۆسیریس و خۆر
– به‌شی ٤٣: دایۆنیسوس
– به‌شی ٤٤: دێمێتەر و پێرسیفۆن
– به‌شی ٤٥: دایکی گه‌نم و خانمی گه‌نم له باکووری ئه‌وروپا
– به‌شی ٤٦: دایکی گه‌نم له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی زه‌ویدا
1- دایکی گه‌نم له ئه‌مریکا
2- دایکی برنج له ئه‌ندیزی ڕۆژ هه‌ڵات
- ڕۆحی گه‌نم وه‌ک به‌رجه‌سته له بوونه‌وه‌ره به‌شه‌رییه‌کاندا.
4- به شه‌خس کردنی دوولایه‌نه‌ی گه‌نم وه‌ک دایک و کج
– بەشی ٤٧: لیتیرسیس
1- گۆرانیی درهوهنییهکانی گه‌نم
2- کوشتنی ڕۆحی گه‌نم
- قوربانییانی به‌شه‌ری له پیناوی به‌روبوومدا
- به‌شی ٤٨: ڕۆحی گه‌نم له شێوەی ئاژه‌ڵدا
- به‌رجه‌ست ئاژه‌ڵییه‌کانی ڕۆحی گه‌نم
- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی گورگ یان سه‌گدا
- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی که‌ڵه‌شێردا.
- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی که‌روێشکه کێویدا
- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی پشیله‌دا.
- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی بزندا
- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی گا یان مانگادا
- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی ئه‌سپ و مایندا
- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی بەرازی نێر و مێدا ( یه‌کانه و ده‌ڕ)
- به‌رجه‌سته ئاژه‌ڵییه‌کانی ڕۆحی گه‌نم.
- به‌شی ٤٩: خواوه‌نده کۆنه‌کانی ڕووەک له شێوه‌ی ئاژه‌ڵدا
- دایۆنیسوس، بزن و گا
- دێمێتهر، بەراز و ئه‌سپ
- ئاتیس و ئه‌دۆنیس و بەراز
- ئۆسیریس و بەراز و گا
5- ڤیربیوس و ئه‌سپ
– به‌شی ٥٠: خواردنی خواوه‌ند
1- پیرۆزیی یه‌که‌مین به‌رو بووم
2- خواردنی خواوه‌ند لای ئه‌زه‌تیک
3- نان زۆره له ئاریسیا
– به‌شی ٥١: جادووی هه‌موار له گۆشتخواردندا
– به‌شی ٥٢: کوشتنی ئاژه‌ڵی خودایی
1- کوشتنی باز
2- کوشتنی به‌رانی پیرۆز
3- کوشتنی ماری پیرۆز
4-کوشتنی کیسه‌ڵه پیرۆزه‌کان
5- کوشتنی ورچی پیرۆز
– به‌شی ٥٣: ڕازیکردنی ڕاوچییان بۆ ئاژه‌ڵه کێوییه‌کان
– به‌شی ٥٤: جۆره‌کانی نهێنییه پیرۆزه‌کانی ئاژه‌ڵ
1- پیرۆزیی میسرییه‌کان و ئاینۆ
2- که‌ژاوه‌ی ئاژه‌ڵه پیرۆزه‌کان
- به‌شی ٥٥: گواستنه‌وه شه‌ڕخوازی و خراپه
- گواستنه‌وه شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ شته نازیندووه‌کان.
- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ ئاژه‌ڵ.
- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ خه‌ڵک.
- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه له ئه‌وروپا.
- به‌شی ٥٦: ده‌رکردنی شه‌ڕخوازی و خراپه‌ی گشتی.
- گشتێتیی بوونی شه‌یتان و جنۆکه‌کان.
- ده‌رکردنی شه‌ڕخوازیی و خراپه‌ی جۆراوجۆر
- ده‌رکردنی خولاوی (ده‌وریی) شه‌یتان و جنۆکه‌کان.
- به‌شی ٥٧: قۆچی قوربانی گشتیی
- ده‌رکردنی جنۆکه و شه‌یتانه به‌رجه‌سته‌کان
- ده‌رکردنی جیاجیای ئه‌و شه‌یتان و جنۆکانه‌ی لە سەر که‌ره‌سته‌ی مادین
- ده‌رکردنی خولاوی شه‌یتان و جنۆکه‌کان لە سەر ئامرازێکی مادی
- به گشتی له‌باره قۆچه قوربانییه‌کانه‌وه
- به‌شی ٥٨: قۆچی قوربانی
- قۆچی قوربانیی به‌شه‌ری له ڕۆمای کۆندا
- قۆچی قوربانی له یۆنانی کۆندا
3- ساتورنالیای ڕۆمانی (جه‌ژنی به‌ره‌ڵایی و بێپه‌رده‌یی)
– به‌شی ٥٩: کوشتنی خواوه‌ند له مه‌کسیک
– به‌شی ٦٠: له نێوان ئاسمان و زه‌ویدا
1- به‌ر زه‌وی ناکه‌وێت.
- خۆر نابینێت
- دابڕین و ته‌ریککردنی کچان له کاتی باڵقبووندا.
4- هۆکاری دابڕان و ته‌ریککردنی کچان له‌کاتی باڵقبووندا.
– به‌شی ٦١: ئه‌فسانه‌ی باڵده‌ر
– به‌شی ٦٢: ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر له ئه‌وروپادا.
1- ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر بە شێوەیەکی گشتی
2- ئاگره‌کانی ڕۆژووگرتن
- ئاگره‌کانی جه‌ژنی هه‌ڵسانه‌وه (ئیسته‌ر)
- ئاگره‌کانی بیڵتهین
- ئاگره‌کانی ناوه‌ڕاستی هاوین
- ئاگره‌کانی جه‌ژنی هه‌موو سانتهکان (قدیسه‌کان)
- ئاگره‌کانی ناوه‌ڕاستی زستان.
- ئاگری پێویستی.
- به‌شی ٦٣: لێکدانه‌وه‌ی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر.
- ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر بە شێوەیەکی گشتی
- تیۆریی هه‌تاوی بۆ ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر.
- تیۆریی پاکژکردنه‌وه و خاوێنکردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌کانی ئاگر
- به‌شی ٦٤: سووتاندنی بوونه‌وه‌ری به‌شه‌ری له ئاگردا.
- سووتاندنی په‌یکه‌ر له ئاگردا
2- سووتاندنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ له ئاگردا
– به‌شی ٦٥: باڵده‌ر و دەمووکانە
– به‌شی ٦٦: ڕۆحی ده‌ره‌کی له چێرۆکه میللییه‌کان
– به‌شی ٦٧: ڕۆحی ده‌ره‌کی له داب و نه‌ریته میللییه‌کاندا
1- ڕۆحی ده‌ره‌کی له شته نازیندووهکاندا
- ڕۆحی ده‌ره‌کی له ڕووه‌کدا.
- ڕۆحی ده‌ره‌کی له ئاژه‌ڵدا
4- سرووت ڕێوڕەسمی مردن و ژیانه‌وه
– به‌شی ٦٨: چڵی زێڕین
– به‌شی ٦٩: ماڵئاوا نێمی
تێبینی: ئەم کتێبە لە کتێبخانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەست دەکەوێت.